سیاسەتی ئاو، وەك كارتێكی مەترسیدار بۆ درووستكردنی قەیران

6 ساڵ لەمەوپێش



مەعروف مەجید

ئاو وەكو سامانێكی خۆرسك و گرنگ، هۆكارێكی سەرەكی‌و كاریگەری مانەوەی ژیان‌و پێشكەوتنی دەوڵەتانی جیهانە و كاریگەری گەورەی هەیە لەسەر ئاسایشی كۆمەڵایەتی و سیاسی وڵاتانی دونیا.


ئەوەی مەبەستمە لەم وتارە كورتەدا ئاماژەی پێبدەم، ئەو مەترسیانەیە كە هەرەشە لە ئایندەی كۆمەڵگەی ئێمە و دەوڵەتی عێراق‌و حكومەتی هەرێم دەكات و هەریەك لە كۆماری ئیسلامی ئێران و دەوڵەتی توركیا لە رێگەی وشككردن و گرتنەوەی سەرچاوە ئاویەكانەوە دروستی دەكەن.


ماوەی چەند ساڵێكە بە هۆكاری سیاسی و بەبێ‌ ڕەوچاوكردنی ژیانی هەزاران هاوڵاتی و ژیانی سەدان هەزار باڵندە و گیانەوەر و بەتایبەتی ئەو گیانلەبەرانەی لەناو ئاودا دەژین، كۆماری ئیسلامی ئێران، لە وەرزی هاویندا هەڵدەستێت بە گرتنەوەی ئاوی زێی بچوك لە سنوری شاری سەردەشت ( پێشتریش ڕووباری ئەڵوەن لە خانەقین) ئەمەش زیانێكی گەورەی داوە لە هاوڵاتیانی سنوری قەڵادزێ‌ كە تاكە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەیانە. 


بەدەرلەوەی ئێستا توركیا لە رێگەی گرتنەوەی ئاوی ڕووباری دیجلە مەترسی لەسەر بەنداوی موسڵ و پارێزگای نەینەوا و عێراق بە گشتی دروستكردوە، حكومەتی ئێرانیش لەماوەی ساڵانی رابردوودا چەندین جار گرتنەوەی سەرچاوە ئاوییەكانی وەكو كارتی سیاسی بەركارهێناوە و زیانمەندی یەكەمی ئەو سیاسەتەش هاوڵاتیانی هەرێم و چینی جوتیار و ئاژەڵداران بووە، ئەو كارەی ئێران و وڵاتانی دراوسێ لە ڕووی ئاینی و یاسا نێودەوڵەتیەكان و مافەكانی مرۆڤەوە كارێكی نادروست و دژە ئەخلاقییە و پێش هەموو كەس و لایەنێك زیان بە لایەنی گشتی كۆمەڵگا دەگەیەنێت.


لەگەڵ ئەوەی رەخنە و تێبینی زۆرمان لەسەر ئەدای سیاسی و حكومرانانی عێراق و هەرێم هەیە و خودی خۆیان لەماوەی رابردوودا چەندینجار مەدالیای خیانەت و خاكفرۆشتن و تاڵانكردنی وڵاتیان پێبەخشراوە، بەڵام ناچارین بڵێین: پێویستە حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێم كار بكەن بۆ دروستكردنی فشار و لە رێگەی پەیوەندییەكانییەوە بە پەلە هەستن بە بە چارەسەركردنی گرفتی گلدانەوەی ئاو و وشكردنی سەرچاوە ئاوییەكانی هەرێم و چیتر ڕێگە بە ئێران و توركیا نەدرێت وەكو دوو وڵاتی دراوسێ پێشێلی یاسا نێودەوڵەتیەكان بكەن و هەر رۆژەی بە بیانویەك گرفت بۆ هاوڵاتیانی مافخوراو ‌و ستەمدیدەی هەرێم دروست بكرێت و كۆمەڵگا توشی قەیرانێكی گران و تاقەتپڕوكێنی دیكە بكرێتەوە.


هاوكات بە گشتی ئەركی سەرشانی هەموومان، و بەتایبەتی ئەركی خەمخۆران و پارێزەرانی ژینگە و چالاكانی مەدەنی و سەندیكا پیشەیی و جەماوەرییەكانە هەستن بە دروستكردنی فشاری مەدەنی و لە رێگەی كونسوڵخانە و نوێنەرایەتی وڵاتانی جیهان و دەزگاكای راگەیاندنەوە كار بۆ ئیدانەكردنی ئەو كارانەی توركیا و ئێران بكرێت و نەهێڵین ئەم كارەی دوژمنانی ژیان و خاك و سروشت و كۆمەڵگەكەمان بەبێ دەنگی تێپەڕببێت.


#سەرۆكی_رێكخراوی_ئایندە_بۆ_پاراستنی_ژینگە
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار