موچه‌ى خانه‌نشینى په‌رله‌مانتاران به‌ چوار ملیۆن دینار جێگیر کرا

2018-06-11 13:04:18



ئارا ئیبراهیم
دوو ئه‌ندامى لیژنه‌ى یاسایى له‌ په‌رله‌مانى کوردستان ده‌ڵێن موچه‌ى خانه‌نشینى په‌رله‌مانتار له‌ پرۆژه‌یاساکه‌دا جێگیر کراوه‌ که‌ رێژه‌ى له‌سه‌دا 50% ى کۆى موچه‌و ده‌رماڵه‌کانى ده‌کاته‌ چوار ملیۆن دینارى مانگانه‌.

ئه‌مڕۆ له‌ نێوان لیژنه‌ى یاسایى و ئابوورى و دارایی له‌په‌رله‌مانى کوردستان، گفتوگۆ له‌سه‌ر چه‌ند بڕگه‌یه‌کى پرۆژه‌ یاساى چاکسازى له‌ خانه‌نشینى و ده‌رماڵه‌کاندا کراو چه‌ند بڕگه‌یه‌ک جێگیر کراوه‌، ئه‌وه‌ش له‌کاتێکدایه‌ که‌ بڕیاره‌ سبه‌ى کاتژمێر 10ى سه‌رله‌به‌یانى په‌رله‌مانى کوردستان دانیشتنێکى داخراو ئه‌نجام بدات بۆ په‌سه‌ندکردنى پڕۆژه‌که‌.

پڕۆژه‌ى چاکسازى له‌ خانه‌نشینى موچه‌و ده‌رماڵه‌کان، له‌لایه‌ن حکومه‌تى هه‌رێمه‌وه‌ ڕه‌وانه‌ى په‌رله‌مانى کوردستان کراوه‌.

ئه‌ندامێکى فراکسۆنى گۆڕان، ڕه‌خنه‌ له‌ جێگیرکردنى موچه‌ى خانه‌نشینى په‌رله‌مانتار ده‌کات و ده‌ڵێت" به‌بێ مه‌رجى ته‌مه‌ن و بڕوانامه‌ به‌ له‌ سه‌دا 50ى موچه‌و ده‌رماڵه‌کان موچه‌ى خانه‌نشینى په‌رله‌مانتار که‌ ده‌کاته‌ چوار ملیۆن دینار جێگیر کراوه‌ و ئه‌وان وه‌ک فراکسۆنى گۆڕان له‌ دژى بوون.

به‌هار مه‌حمود، ئه‌ندامى فراکسۆنى گۆڕان له‌ لیژنه‌ى یاسایى، له‌لێدوانێکدا به‌ سایتى هاوڵاتى وت" موچه‌ى خانه‌نشینى په‌رله‌مانتار به‌بێ مه‌رجى ته‌مه‌ن و بڕوانامه‌ به‌ له‌سه‌دا 50ى موچه‌و ده‌رماڵه‌ جێگیر کرا له‌ کۆبونه‌وه‌ى لیژنه‌ى یاسایى و دارایى ئابورى که‌ مانگانه‌ چوار ملیۆن دینار ده‌کات، هه‌رچه‌نده‌ ئێمه‌ له‌ دژى بووین".

ناوبراو جه‌ختى له‌وه‌کرده‌وه‌، ئه‌م پرۆژه‌ یاسایه‌ که‌ سبه‌ى بڕیاره‌ په‌سه‌ند بکرێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى پێشتر سلبیاتى زیاترى هه‌یه‌ له‌ خانه‌نشینى پله‌ باڵاکاندا.

رۆژى 28/2/2018 په‌رله‌مانى کوردستان یاساى چاکسازى له‌ خانه‌نشینى موچه‌و ده‌رماڵه‌و به‌خشین ئیمتیازاته‌کانى په‌سه‌ند کرد، به‌ڵام پاش ئاشکرا بوونى ورده‌کارى خانه‌نشینى پله‌ باڵاکان له‌ تۆرى کۆمه‌ڵایه‌تى فه‌یسبوک کاردانه‌وه‌ى توندى هاوڵاتیانى لێکه‌وته‌وه‌.

دواى ماوه‌یه‌ک له‌ کاردانه‌وه‌کان، په‌رله‌مانى کوردستان به‌پێى ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ یاساییانه‌ى له‌ سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم وه‌ریگرتووه‌، یاساکه‌ى ره‌وانه‌ى په‌رله‌مان کرایه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى جارێکى تر گفتوگۆى له‌سه‌ر بکرێت.

به‌هار مه‌حمود، وتیشى" پرۆژه‌که‌ى پێشتر که‌ په‌سه‌ند کراو دواتر په‌رله‌مان جارێکى تر هێنایه‌وه‌ بۆ گفتوگۆکردن له‌سه‌ر زۆرى موچه‌ى خانه‌نشینى پله‌ باڵاکان بوو که‌ له‌مه‌دا مه‌رجى ته‌مه‌ن و بڕوانامه‌ دیارى کرابوو ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌ى بڕوانامه‌که‌ى دکتۆرا یان ماجستێر به‌کالۆریس بوایه‌ جیاوازى هه‌بوو، ئه‌وه‌شى ته‌مه‌نى له‌ 50 ساڵ زیاتر بوایه‌و 15 ساڵ خزمه‌تى هه‌بوایه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ى سبه‌ینێ بریاره‌ په‌سه‌ند بکرێت سلبیاتى زیاتره‌ بۆیه‌ دژى ده‌بین".

ئه‌ندامێکى فراکسۆنى پارتى جه‌ختله‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌ که‌ موچه‌ى خانه‌نشینى په‌رله‌مانتار به‌ له‌سه‌دا 50ى موچه‌و ده‌رماڵه‌کانى جێگیر کراوه‌.

شوان شێخ ئه‌حمه‌د، ئه‌ندامى فراکسۆنى پارتى له‌ لیژنه‌ى یاسایى په‌رله‌مانى کوردستان له‌لێدوانێکدا به‌سایتى هاوڵاتى وت" پێش قه‌یرانى دارایى په‌رله‌مانتار به‌ موچه‌و ده‌رماڵه‌وه‌ مانگانه‌ هه‌شت ملیۆن دینارمان وه‌رگرتووه‌، به‌ڵام له‌و کاته‌وه‌ى قه‌یرانى دارایى هه‌بووه‌ بریارى پاشه‌که‌وت دراوه‌ ته‌نها دوو ملیۆن دینارمان وه‌رگرتووه‌".

ناوبراو باسى له‌وه‌شکرد، ئه‌مڕۆ له‌ کۆبونه‌وه‌ى لیژنه‌ى یاسایى و دارایى و ئابوریدا گفتوگۆ له‌سه‌ر خانه‌نشینى پله‌ باڵاکان کراوه‌و خانه‌نشینى په‌رله‌مانتار به‌ رێژه‌ى له‌سه‌دا 50ى کۆى موچه‌و ده‌رماڵه‌کانى جێگیر کراوه‌ که‌ له‌ چوار ملیۆن دینار که‌متر ده‌کات.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ى پارتى ئه‌وه‌شى روونکرده‌وه‌ که‌ سبه‌ى دانیشتنى په‌رله‌مان ده‌کرێت بۆ په‌سه‌ندکردنى پرۆژه‌یاساکه‌.

به‌پێى مادده‌ى سێ له‌ پرۆژه‌ یاساکه‌ که‌ خانه‌نشینى پله‌ باڵاکانه‌، ناکۆکى له‌نێوان ئه‌ندامانى په‌رله‌مان له‌ فراکسۆنه‌ جیاوازه‌کان له‌سه‌ر بووه‌.

شوان، وتیشى" ئه‌و بڕگه‌یه‌ش جێگیر کراوه‌ که‌ هه‌ر په‌رله‌مانتارێک ده‌توانێت دواى ته‌واوبونى کارى په‌رله‌مانى بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر وه‌زیفه‌ى پێشترى یان خانه‌نشینییه‌که‌ى ڕه‌تبکاته‌وه‌ و وه‌رینه‌گرێت".
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار