پوتین نزیکه‌ له‌سه‌رکه‌وتن له‌ سوریا به‌سه‌ر نه‌یاره‌کانیدا

2018-06-13 08:57:18



ئه‌گه‌ر ئه‌مریکا به‌ پشتکردنه‌ کورده‌کان بتوانێت ئه‌نقه‌ره‌ رازی به‌ کشانه‌وه‌ بکات له‌ سووریا، ئهوا پوتین هه‌نگاوێکی دیکه‌ له‌ سه‌رکه‌وتن نزیک ده‌بێته‌وه‌.

 

هه‌رێم جه‌عفه‌ر

ڤلادمیر پوتین، سه‌رۆکی روسیا چه‌ند جارێک ئه‌وه‌ی دووپات کردووه‌ته‌وه‌ که‌ ده‌توانێت دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆکی ئه‌مریکا، رازی بکات به‌وه‌ی که‌ هێزه‌کانی له‌ سووریا بکشێنێته‌وه‌ و تره‌مپیش پێشتر وتبووی که‌ ئه‌و حه‌ز به‌و کشانه‌وه‌یه‌ ده‌کات.

بڕیاره‌ له‌ داهاتویه‌کی نزیکدا، هه‌ردوو سه‌رۆکی ئه‌مریکاو روسیا کۆببنه‌وه‌، کێشه‌کانی سووریاش ده‌بنه‌ بابه‌تی یه‌که‌می دانووستانه‌کانیان.

رووسیا له‌ سووریا یارییه‌کی ناڕوون ده‌کات چونکه‌ په‌یوه‌ندییه‌کی پێناسه‌نه‌کراوی له‌گه‌ڵ هێزه‌کانی ناو سووریا هه‌یه‌، وه‌ک حکوومه‌تی سووریا و ئێران و  تورکیا و ئیسرائیل.

له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌دا، پوتین له‌ مۆسکۆ پێشوازی کرد له‌ محه‌مه‌د بن زاید ئال نه‌هیان، شازاده‌ی جێنشینی ئه‌بو زه‌بی و سه‌رۆکی هێزه‌ چه‌کداره‌کان، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌یه‌ که‌ په‌یوه‌ندییه‌کانی خۆی له‌گه‌ڵ وڵاتانی که‌نداویش به‌جۆرێک بێت که‌ گڕوتینێکی تێدابێت.

به‌ گوێره‌ی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی ئه‌ل مۆنیته‌ر، رووسیا پێویستی به‌ یارمه‌تی ئه‌مریکایه‌ بۆ سه‌قامگری سووریا، به‌ڵام سه‌قامگیری سووریا ده‌بێت هێزێک باجه‌که‌ی بدات. جا ئه‌و هێزه‌ ره‌نگه‌ ئه‌نقه‌ره‌، تاران یان دیمه‌شق خۆی بێت.

مۆسکۆ سوودی له‌ کشانه‌وه‌ی ئه‌مریکا بینی له‌ هاوپه‌یمانی پلان و کردار تایبه‌ت به‌ چاره‌سه‌ری کێشه‌کانی سووریا و هه‌ژموونی تارانی به‌و هۆیه‌وه‌ زیادکرد که‌ زۆر نزیکه‌ له‌خۆی. له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌ جه‌نگی بازرگانی نێوان ئه‌مریکا و ئه‌وروپا، بۆ مۆسکۆ ڕێگای زیاتر خۆش کردووه‌.

به‌گوێره‌ی راپۆرته‌که‌ی ئه‌ل مۆنیته‌ر "به‌ دروستکردنی پرد له‌ نێوان پاریس و مۆسکۆ له‌سه‌ر پرسی سووریا، فه‌ره‌نسا ده‌یه‌وێت خۆی دوور بگرێت له‌ سیاسه‌تی ئه‌مریکا له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست. هه‌روه‌ها کشانه‌وی تره‌مپ له‌ رێکه‌وتنامه‌ی ئه‌تۆمی به‌ ته‌واوی بیانووی داوه‌ته‌ فه‌ره‌نسا که‌ ئه‌وه‌ ستراتیژیه‌ جێبه‌جێبکات".

ئه‌وه‌ی که‌ تا راده‌یه‌ک بۆ مۆسکۆ ئێستا کێشه‌یه‌، گرژییه‌کانی نێوان ئیسرائیل و ئێرانه‌.  ئێستا حکومه‌تی سووریا ده‌یه‌وێت هێرشبکاته‌ سه‌ر شاری دارای سووریا که‌ به‌ده‌ست هێزه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌کانه‌، به‌ڵام ئه‌م هێرشه‌ بۆ ئیسرائیل مایه‌ی نیگه‌رانیه‌، چونکه‌ ده‌بێته‌ هۆی به‌هێزکردنی ئێران و هێزه‌کانی سه‌ر به‌ئێران وه‌ک حزبوڵا.

بۆ ئه‌مه‌ش مۆسکۆ ده‌یه‌وێت وا له‌ ئیسرائیل بکات که‌ تێبگات بۆچی حکوومه‌تی سووریا پێویستی به‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌یه‌ و له‌ هه‌مان کاتیشدا ده‌یه‌وێت گره‌نتی ئه‌وه‌ بداته‌ که‌ هێزه‌کانی سه‌ر به‌ ئێران له‌و ناوچانه‌ بوونیان نامێنێت، به‌ڵام ئایا تاران به‌وه‌ ڕازی ده‌بێت که‌ هێزه‌کانی بکشێنێته‌وه‌؟

وه‌ڵامی ئه‌مه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر دیپلۆماسی مۆسکۆ بۆ رازیکردنی تاران و دۆزینه‌وه‌ی جێگیرێک له‌ جیاتی ئه‌و ناوچانه‌.

که‌واته‌ مۆسکۆ ده‌یه‌وێت جارێکی دیکه‌ سوپای سووریا له‌و وڵاته‌ به‌هێز بکات بۆ ئه‌مه‌ش ته‌نها پێویستی به‌وه‌یه‌ تره‌مپ رازی بکات له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆغان.

مۆسکۆ ده‌یه‌وێت جارێکی دیکه‌ سوپای سووریا له‌و وڵاته‌ به‌هێز بکات بۆ ئه‌مه‌ش

ته‌نها پێویستی به‌وه‌یه‌ تره‌مپ رازی بکات له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆغان

له‌ راستیدا ئێستا تورکیا کێشه‌ی سه‌ره‌کی سووریایه‌. فه‌هیم تاستێکین، ڕۆژنامه‌نووسی سووری، له‌و باره‌یه‌وه‌ وتی "ئێستا تورکیا هێزه‌کانی له‌ ئیدلب هه‌ن، ناوچه‌یه‌ک که‌ بۆته‌ جێگای جیهادییه‌کان له‌ باکووری رۆژئاوای سووریا. چه‌ند جارێکیش حکومه‌تی سووریا ئه‌و ناوچانه‌ی بۆردومان کردووه‌ و ئه‌گه‌ری جه‌نگی درێژخایه‌ن هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌ ".

ئه‌و ڕۆژنامه‌نووسه‌ وتیشی "تورکیا ده‌یه‌وێت ڕژێمی سووریا دوور بێت له‌و ناوچه‌یه‌، چونکه‌ له‌ داهاتوودا ئیدلیب له‌ لایه‌ن تورکیاوه‌ وه‌ک کارتێک دژی ئه‌مریکا به‌کار دێت".

وه‌لید موعه‌لیم، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سووریا، له‌ باره‌ی هێزه‌کانی تورکیا له‌ سووریا ڕایگه‌یاند «تورکیا دووژمن و داگیرکه‌ره‌ نه‌ تورکیا و نه‌ ئه‌مریکا مافی ئه‌وه‌یان نیه‌ دانووستانمان له‌گه‌ڵ بکه‌ن له‌سه‌ر ئه‌وه‌. ئێمه‌ بست به‌ بستی خاکی سووریا ڕزگار ده‌که‌ین».

ئه‌مریکا ده‌توانێت دژی تورکیا بوه‌ستێته‌وه‌ به‌وه‌ی که‌ ئه‌نقه‌ره‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ڕێکخراوی تیرۆرستی ئه‌حرار ئه‌لشام هه‌یه‌، خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌مریکا بتوانێت نه‌رمی بنوێنیت له‌گه‌ڵ مۆسکۆ و دژی تورکیا له‌ سووریا بوه‌ستێته‌وه‌ ئه‌وا پلانه‌که‌ی پوتین له‌ سووریا سه‌رده‌که‌وێت که‌ چه‌ندین قۆناغی باشی بڕیوه‌.

ئێستا هه‌ردوو ئه‌مریکا و تورکیا له‌سه‌ر رووداوه‌کانی سووریا له‌ گفتوگۆدان، پێشتریش ئه‌نقه‌ره‌ ئه‌وه‌ی بڵاوکرده‌وه‌ که‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا ڕێکه‌وتن که‌ هێزه‌ کوردیه‌کانی وه‌ک یه‌په‌گه‌ له‌ مه‌نبج هاوشێوه‌ی عفرین وه‌ده‌ربنێن.

به‌ڵام به‌ نه‌مانی ده‌سه‌ڵاتی کورده‌کان له‌ ناوچه‌ سنوورییه‌کانی تورکیا بیانووی ئه‌نقه‌ره‌ بۆ مانه‌وه‌ی له‌ سووریا چی  ده‌بێت؟

خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌مریکا به‌هۆی پشتکردنه‌ هێزه‌ کوردییه‌کان بتوانێت ئه‌نقه‌ره‌ به‌ کشانه‌وه‌ له‌ سووریا رازی بکات ئه‌وا هه‌نگاوێکی دیکه‌ له‌ سه‌رکه‌وتنی دیپلۆماسی پوتین نزیک ده‌بنه‌وه‌.

به‌ڵام دواجار ئه‌وه‌ی زۆر گرنگه‌ بۆ پوتین، هه‌ڵکردنی گڵۆپی سه‌وزه‌ له‌ لایه‌ن ئه‌مریکاوه‌ و رازیکردنی ئه‌مریکایه‌ به‌ دووباره‌ به‌هێزکردنه‌وه‌ی حکوومه‌تی ئه‌سه‌د، چونکه‌ ئه‌مریکا بێ به‌رامبه‌ر سووریا بۆ رووسیا و ئه‌سه‌د چۆڵ ناکات، که‌واته‌ دیداری داهاتووی نێوان تره‌مپ و  پوتین یان کێشه‌کانی سووریا چاره‌سه‌ر ده‌که‌ن یاخود ئه‌و وڵاته‌ زیاتر ده‌بێت جێگای جه‌نگی ئه‌و هه‌موو هێزه‌ جیاوازه‌.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار