محەمەدی کوڕی سەلمان پێشڕەوی وەرچەرخانێکی مەزن

2018-06-13 09:11:29



  عەبدولڕەحمان عەلی *


لە سەرەتادا بەرلەوەی کە بچمە نێو کرۆکی باسەکە، بە پێویستی دەزانم بۆ ئاشنابوونی خوێنەران بە کەسایەتی شازادەی جێنشین و ڕەوتی بەرەوپێشچوونی لە کایەی سیاسی، لەژێر ئەم ناونیشانەدا کورتەیەک لەمەڕ ژیانی تایبەتی و سیاسی محەمەدی کوڕی سەلمان بخەمەڕوو. 
کورتەیەک سەبارەت
بە محەمەدی کوڕی سەلمان:
محەمەدی کوڕی سەلمان ٣٢ ساڵە، منداڵی سێیەمین هاوژینی پادشای سعودیە ( سەلمانی کوڕی عەبولعەزیز )ە، لە پاش کۆچی دوایی برا گەورەکەی لە چەند ساڵی ڕابردوو، بە گەورەترین منداڵی مەلیک سەلمان هەژمار دەکرێت. دەرچووی کۆلێژی یاسا و ڕامیارییە لە زانکۆی مەلیک سعودی ڕیاز. هاوسەرگیری کردووە و خاوەنی ٣ منداڵە. دووەمین کەسی ماڵباتی شاهانەی سعودیەیە، کە لەکاتی هاتنە سەر حوکمی باوکیەوە بۆ ئەم پۆستە هەڵدەبژێردرێت. بەر لە ئەم، محەمەدی کوڕی نایف جێنشینی مەلیک سەلمان بوو. بەم چەشنە بۆ یەکەمجار لە دیرۆکی سیستەمی شاهانەی سعودیەدا، کوڕی شا بە پلەی جێنشینی دەگات؛ لەبەر ئەوەی شێوازی ٨٦ ساڵەی ماڵباتی شاهانەی ئال سعود لە گەیشتن بە دەسەڵات، بەشێوەی زنجیرەیی و لە سەر بنەمای تەمەن بووە.

شازادە محەمەد سەلمان شازادەی سعودیە


چالاکی سیاسی ئەم شازادەیە لە ساڵی ٢٠٠٩ وە لە ڕێکخستنە کارگێڕییە خۆجێییەکانی ڕیازەوە دەستیپێکرد. لە ساڵی ٢٠١١ پاش دانانی جێنشینی نوێ و دیاریکردنی سەلمانی باوکی وەک جێگری جێنشینی پادشای ئەو دەمەی وڵات، ئەویش وەک ڕاوێژکار چووە نێو حکومەتی ناوەندی. پاش کۆچی دوایی مەلیک عبدللە لە ساڵی ٢٠١٥ سەلمانی کوڕی عەبدولعەزیز بە کورسی پادشایەتی گەیشت و شازادە محەمەدی کوڕی بوو بە وەزیری بەرگری. بەم جۆرە بوو بە گەنجترین وەزیری بەرگری لە جیهاندا. لە مانگی ٦ی ساڵی ٢٠١٧ بە جێنشینی پادشای سعودیە دەستنیشانکرا. 
دەستپێک:
عەرەبستانی سعودی ڕەگێکی درێژی وەهابیەتی تێدا داکوتراوە، ماوەیەکی درێژە کە ئەم بیرکردنەوە مەزهەبیە کە یەکێکە لە لقەکانی ئیسلامی – سەلەفی لەو وڵاتەدا، ڕێچکەی مەزهەبی باڵادەستە. محەمەدی کوڕی عەبدولوەهاب ڕێبەری ئەم ڕێچکەیە، نزیکەی سێ سەدە بەر لە ئێستا فکری وەهابیەتی دامەزراند. محەمەدی کوڕی عەبدولوەهاب یەکێک لە هاوپەیمانە سەرەکییەکانی محەمەدی کوڕی سعود بووە، کە وەک بنیاتنەری سەرەتایی ئال سعود و عەرەبستانی سعودیە دەناسرێت. بە هاتنە سەر کاری شازادەی لاو پەڕەیەکی نوێ لە مێژووی سعودیەدا هەڵدرایەوە. دەستبردن بۆ پرسێکی هەستیار کە کراوەیی و ئازادی جڤاکی زیدەترە، لە نێو کۆمەڵگایەکدا کە بنەڕەتەکەی بۆ ڕێچکەیەکی مەزهەبی کۆنەپارێز دەگەڕێتەوە، بە سەرکێشیەکی مەزن دادەنرێت.

هەنگاوەکانی شازادەی جێنشین بە جۆرێک پێشبینی نەکراو بوو، کە بووە مایەی ئەوەی ببێتە سیمایەکی دیاری جیهانی و

لەئێستادا بەشێوەیەکی بەرفراوان ناوەندەکانی توێژینەوە سیاسی و ئاینییەکانی جیهانی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە

ئەم هەنگاوەی شازادەی جێنشین بە جۆرێک پێشبینی نەکراو بوو، کە بووە مایەی ئەوەی کە ببێتە سیمایەکی دیاری جیهانی و لەئێستادا بەشێوەیەکی بەرفراوان ناوەندەکانی توێژینەوە سیاسی و ئاینییەکانی جیهانی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردووە و خامەی زۆرێک لە شرۆڤەکارانی ناوچەکەی خستووەتە، سەر ناوی خۆی. 
محەمەدی کوڕی سەلمان لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی گاردیانی بەڕیتانی ڕایگەیاند »کە ئیسلامی میانەڕەو دەگێڕینەوە بۆ سعودیە» هەروەها وتیشی کە ماوەیەکی زۆر تەرخان ناکەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو ئایدۆلۆژیا پەڕگیرانە و بەخێرایی لەناویان دەبەن. شازادە هۆکاری فەرمانڕەوایی بناژۆخوازانەی سعودیەی لە ٣ دەیەی ڕابردوودا گێڕایەوە بۆ شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێران و ڕایگەیاند لە پاش شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ خەڵکی هەوڵیاندا، ئەم مۆدێلە لە وڵاتەکانی دیکەشدا پیادە بکەن و یەکێک لەو وڵاتانەش سعودیە بوو. ئێمە نەماندەزانی چۆن لەگەڵ ئەو هەلومەرجەدا مامەڵە بکەین، ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە لەوە قوتارمان ببێت. 
ئەم لێدوانەی شازادەی جێنشین بە فەڕمی ڕاگەیاندنی جەنگە لە بەرامبەر وەهابیەکاندا. ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕێبەرانی پێشووی سعودیە، بەرگری تەواویان لە وەهابیەت کردووە و هەر زانایەکی ئاینی بەرگری لە ئیسلامی میانەڕە و دیموکراسی کردبێت، بە فەرمانی حکومەت ئاخێنراوەتە کونجی گرتووخانە. هەروەها پادشای سعودیە ڕەوایەتی خۆی لە وەهابیەکانەوە وەرگرتووە.
ژمارەیەک لە چاکسازییە جڤاکییەکانی:  
- ڕێگەدان بە شۆفێری ژنان.
- پەخشی میوزیک لە هۆتێل و ڕیستۆرانتەکاندا. 
- سنوورداکردنی دەسەڵاتەکانی دامەزراوەی ئەمر بە چاکە و نەهی لە خراپە ( پۆلیسی مەزهەبی ) کە چاودێری کارکردنی هاوڵاتیانی دەکرد، وەک مۆسیقا، جلوبەرگ پۆشینی ژنان، نوێژکردن .....هتد.
- ڕێگەدان بە چوونی خانمان بۆ نێو یاریگاکان.
- کردنەوەی سینەما، کە لە کاتی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانەوە تا ئێستا داخرابوو. 
- ئازادی سازکردنی کۆنسێرت و پەخشی میوزیک لە تەلەفزیۆنەکاندا. کە بۆ یەکەمجار کۆنسێرتی گۆرانیبێژی ناسراوی میسڕی (ام کلثوم) لە تەلەفزیۆنی حکومی وڵات، لە ٣ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ پەخشکرا. 
- دامەزراندنی ناوەندێکی ئیسلامی، کە ئەرکی پشتڕاستکردنەوەی فەرموودەکانی پەیامبەری ئیسلام لە ئەستۆ دەگرێت.
چاکسازییەکان سێ لایەنی هەیە ( لاوان ، ژنان ، خوێندنەوە و تێگەیشتنی شازادە محەمەد بۆ ئیسلام. )
پاڵنەرەکان:
بۆ شیکردنەوەی پاڵنەرەکانی پشت ئەم چاکسازییانە و بۆ گەیشتن بە تێگەیشتنێکی دروست، دەبێت سەرنجی هەلومەرجی ناوخۆیی و دەرەکی سعودیە بدەین.
- ژینگەی دەرەکی: شەپۆلی ناڕەزایەتی عەرەبی ساڵی ٢٠١١، کە وڵاتانی ڕۆژئاوای ئاسیا و هەندێک لە وڵاتانی ئیسلامی گرتەوە. لە دوو وڵاتی هاوسێی سعودیە (بەحرەین و یەمەن ) ڕەوتی گۆڕانکارییەکان بە چەشنێک بوو، کە حکومەتی ساڵح لە لایەن هاوڵاتیانی ناڕازییەوە ڕوخێنرا و ڕژێمی ئال خەلیفەی بەحرەینیش کەوتە سەروبەندی ڕوخانەوە. تەنانەت لە برێک لە شارەکانی سعودیەش ناڕەزایەتی هاوڵاتیان سەریهەڵدا، بەڵام بە خێرایی لە لایەن حکومەتەوە سەرکوتکرا.

وەهابیەکان لە بەردەم مەتەڵێکی ئاڵۆزدان، ئەگەر بەرەنگاری چاکسازییەکان ببنەوە هەموو شتێکیان

دەدۆڕێنن، ئەگەر لەگەڵ چاکسازییەکان بسازێن هیچ شتێک لە وەهابیەت نامێنێتەوە

- ژینگەی ناوخۆیی: نزیکەی لە سەدا حەفتای دانیشتوانی سعودیە، لە توێژی لاو پێکدێت. کە ژمارەیەکی زۆری ئەم لاوانە خوێندنی زانکۆیان تەواو کردووە. بەگوێرەی هەندێک ئامار نزیکەی ١٨٠ هەزار لاوی سعودی سەرقاڵی خوێندنن لە وڵاتانی ڕۆژئاوا. کە ئەمە بووەتە هۆی ئەوەی کە ئەم لاوانە لە کەشی سونەتی و خێڵەکی سعودیە دووربکەونەوە و خوازیاری کۆمەڵگایەکی کراوە و مۆدێرن بن. هەروەها هۆکارێکی دیکەی بنەڕەتیش بریتیە لە بوونی ژمارەیەکی زۆری بێکار لە وڵاتەکەدا، کە ڕێژەکە دەگاتە نزیکەی لە سەدا ٣٠ لە نێو توێژی چالاکی کۆمەڵگادا. حکومەت دەیەوێت سەرگەرمی بۆ ئەو لاوانە دروست بکات تاوەکو ڕێگری بکات، لە ڕوودانی تەقینەوەیەکی جەماوەری.
ئاستەنگەکان:
شازادە محەمەد هەنگاوێکی گەورەی هەڵناوە، کە ڕێشەکێشکردنی هزری توندئاژۆییە لەنێو لانکەی وەهابیەتەوە کە ئەمە لە پێشتردا ئەزموونی نەبووە. بێگومان ئەم ئاڵنگارییەی وەهابیەکان بەدەر نابێت لە لەمپەر. بوونی گروپێکی بەهێز و دەسەڵاتداری بناژۆخواز لە زانایانی ئاینی کە دژی هەر گۆڕانکارییەکی جڤاکین، بەبێ دڕدۆنگی یەکێک دەبێت لە کۆسپەکانی بەردەم شازادەی جێنشین. ئەگەرێکی تا ڕادەیەک لاواز هەیە، کە ڕەنگە ژمارەیەک لە شازادە ناڕازییەکانی ئال سعود و پێشەوایانی وەهابی، ڕێکبکەون لە سەر بەرژەوەندییەکی هاوبەش، کە ئەویش لادانی شازادە محەمەدە هاوشێوەی سیناریۆکەی دەیەی ٨٠ دووبرە ببێتەوە کە بووە هۆی لابردنی مەلیک سعود.
دەرئەنجام:
- وەهابیەکان لە بەردەم مەتەڵێکی ئاڵۆزدان، ئەگەر بەرەنگاری چاکسازییەکان ببنەوە هەموو شتێکیان دەدۆڕێنن، ئەگەر لەگەڵ چاکسازییەکان بسازێن هیچ شتێک لە وەهابیەت نامێنێتەوە. ئەنجومەنی باڵای زانایانی ئاینی سعودیە، کە ڕۆڵێکی بەرچاوی هەیە لە سیاسەتی وڵاتدا، تەنها لەمەڕ چاکسازییەکان بێدەنگە. وا دێتە پێش چاو کە دژی چاکسازییەکان نەبن. ئەگەر لە مێژووی ململانێ سیاسییەکانی سعودیە بڕوانین بۆمان دەردەکەوێت کە ((هەر کاتێک ناکۆکییەک لەنێوان دامەزراوە سیاسی و ئاینیەکاندا ڕوویدابێت، بەردەوام دامەزراوەی سیاسی سەرکەوتووە)).
- هەنگاوەکانی محەمەدی کوڕی سەلمان تاوەکو ئێستا کە دەربڕی وەرچەرخان و گۆڕانکارییەکی بنەچەیی و هەمەلایەن نییە. هێشتا گوشاری زیاد هەیە لەسەر ڕەنەگرانی حکومەت و دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدان بەردەوامە. هیچ ئاماژەیەک نییە بۆ ئەوەی کە پادشا ئامادە بێت، کەمێک لە دەسەڵاتی ڕەهای خۆی کەم بکاتەوە.
- ئامانج لەم گۆڕانکارییانە ئەوەیە کە هیچ گۆڕانکارییەکی دیکە ڕوونەدات. بە واتایەکی دیکە ئامرازێکە بۆ ڕێگریکردن لە تەقینەوەی جەماوەری ناڕازی.
 
* مافناس و وەرگێڕ 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار