هەڵبژاردنێکی بێ هاوشێوە لە مێژووی تورکیادا

6 ساڵ لەمەوپێش



بەکر شوانی

ڕۆژی یەکشەمەی داهاتوو، ٢٤/٦/٢٠١٨، لە تورکیا هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و ئەندامانی ئەنجوومەنی گەورەی میللەتی تورک «پەرلەمان» بەڕێوە دەچێت. لەم هەڵبژاردنەدا دوو بەرەی سەرەکی کێبەرکێ دەکەن: بەرەی پشتیوانیکەر لە ئەردۆغان بۆ چەسپاندنی سیستەمی سەرۆکایەتی و بەرەی هەوڵدەر بۆ بە دۆڕاندانی ئەردۆغان یان بە دەستهێنانی زۆرینەی پەرلەمانتاری. شرۆڤەکاران و چاودێرانی سیاسیش پێیان وایە پارتی دیموکراتیی گەلان (هەدەپە) سەنگی مەحەکی هەڵبژاردنەکانە و دەنگی دەنگدەرانی ئەم پارتە ئەنجامەکان یەکلایی دەکاتەوە. بە شێوەیەکی گشتی هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی تورکیا کۆمەڵێک پێشهات و پێدراوی هێناوەتە ئاراوە کە جاری یەکەمە لە مێژووی کۆماری تورکیادا ڕوودەدەن، بە تایبەتیش پێکهێنانی هاوپەیمانی لە نێوان حزبەکاندا لە قۆناغی پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردندا.
پەرلەمانی تورکیا لە مانگی ئاداری ڕابردوودا پرۆژە یاسایەکی هاوبەشی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) و پارتی گەلی میللیی نەتەوەپەرست (مەهەپە)ی پەسەند کرد کە تایبەت بوو بە مۆڵەتدان بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی لە نێوان حزبەکاندا بەر لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن. بەپێی ئەو یاسایە، حزبەکان بۆیان هەیە وەک هاوپەیمان بچنە هەڵبژاردنەوە، بەڵام ناوی هەر حزبێک وەک خۆی لەسەر پسوولەی دەنگدان دەمێنێتەوە. وەک چاودێران لە تورکیا و دنیای ڕۆژئاوا بۆی دەچن، ئەم یاسایە بۆی هەیە دواڕۆژی تورکیا بە شێوەیەکی جیاواز لەوەی کە هەیە، دابڕێژێتەوە. 
گەورەترین تەگەرەی ناو سیستەمی هەڵبژاردنەکانی تورکیا کە مەرجی بە دەستهێنانی ١٠٪ی دەنگەکان و بەرەو سەرەوەیە بۆ گەیشتن بە پەرلەمان، وەکو خۆی ماوەتەوە و ئەمەش وەک هەمیشە مایەی ڕەخنەی توندی پارتەکانی ئۆپۆزسیۆنە. ئۆپۆزسیۆنی تورکی کە پارتی کۆماریی گەل (جەهەپە) ڕابەرایەتیی دەکات، چاوی لەوە بڕیوە کە هەدەپە بتوانێت بەربەستی ١٠٪ تێپەڕێنێت، ئەگەرچی ئامادە نەبوو هاوپەیمانیی لەگەڵدا دابمەزرێنێت. هۆکاری خۆ بەدوورگرتنی جەهەپە لە هەدەپە  دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی بەرنامە و ستراتیژییەکی ڕوون و بەرچاو لای جەهەپە بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە باکوری کوردستان.
دەستپێشخەری یەکەم و سەرەکی بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکارییەکانی سیستەمی هەڵبژاردن دەوڵەت باخچەلیی سەرۆکی مەهەپە بوو کە تا دوو ساڵ لەمەوبەریش دژبەرێکی سەرسەختی ئەردۆغان و ئاکەپە بوو، بەجۆرێک جاری وا هەبوو ئەردۆغان و باخچەلی لە ناوهێنانی یەکدیدا جنێوی بازاڕییان بە یەک دەدا، بەڵام باخچەلی لە کودەتاکەی ساڵی ٢٠١٦دا پشتی ئەردۆغان و ئاکەپەی گرت و لە ڕیفراندۆمەکەی نیسانی ساڵی ڕابردوویشدا پشتیوانێکی گەورە بوو بۆ گۆڕینی سیستەمی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتی. تەگەرەیەکی گەورە کە لەم کاتەدا ڕووبەڕووی مەهەپە، جیابوونەوەی گرووپێک پەرلەمانتاری مەهەپە بوو بە سەرۆکایەتیی مێراک ئاکشێنەر کە پارتێکی تری نەتەوەپەرستیان بە ناوی «ئیی پارتی – پارتی باش» دامەزراند و ئەم هەنگاوە مەهەپەی هێنایە سەر ئەو باوەڕەی کە ڕێژەی دەنگەکانی دادەبەزێت بۆ ژێر ١٢٪. هەر بۆیە باخچەلی هیچ دوودڵییەکی نەنواند بۆ سازدانی هاوپەیمانی لەگەڵ ئەردۆغان و ئاکەپەی دوژمنی دوێنێ و دۆستی ئەمڕۆیدا. باخچەلی سەرەتا ڕایگەیاندبوو کە پارتەکەی ئەو پاڵێوراو بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار دەستنیشان ناکات، بەڵام لەبەرامبەر ئەوەدا مەرجی ئەنجامدانی گۆڕانکاریی لە یاسای هەڵبژاردندا خستبووە بەردەم ئاکەپە. بە چاوگێڕان بە وتار و شرۆڤەکانی ڕۆژنامەنووسان و چاودێرانی تورکیادا بۆمان دەردەکەوێت کە بە ڕوونی نازانرێت داخۆ نزیکبوونەوەی باخچەلی لە ئەردۆغان تاکتیکە یان ستراتیژ، بەڵام ئاکەپە لە دۆخێکدایە کە ناچار بووە بە سنگی فراوانەوە پێشوازی لە هاوپەیمانی لەگەڵ مەهەپە دا بکات. 
لە ڕیفراندۆمی هەموارکردنی دەستووردا کە ساڵی ڕابردوو ئەنجام درا، تەنیا ٥١،٣٪ی دەنگدەران دەنگی «بەڵێ»یان دا و ئەمەش بە ڕای چاودێران بەشی ئەوە ناکات کورسیی سەرۆکایەتیی کۆمار بۆ ئەردۆغان زامن بکات. هاوکات سازدانی هاوپەیمانی لەگەڵ مەهەپە بە شێوەیەکی خۆبەخۆ ڕێ خۆش دەکات بۆ ئەوەی کە ئاکەپە ڕێژەیەک لە دەنگی دەنگدەرانی کۆنەپارێزی باکوری کوردستان لە دەست بدات. هەڵوێستی دوژمنکارانەی مەهەپە و باخچەلی لەمەڕ پرسی کورد لە باکور و پارچەکانی تری کوردستان ناسراوە. باخچەلی لە سەروبەندی شەڕی داگیرکردنی عەفریندا داوای دەکرد «یان شارەکە بە تەواوی وێران بکرێت، یان تیرۆریستان تیایدا بسووتێنرێن»، چونکە وەک دەزانرێت، بە بڕوای باخچەلی و دەوڵەتی تورک، پارتی یەکێتیی دیموکراتی (یەپەگە) لە ڕۆژئاوای کوردستان درێژکراوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یە و ئەمەش، بەپێی بۆچوونی ئانکارا، هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی تورکیا پێکدەهێنێت. هەر ئەم خاڵەش، واتە هەڕەشە لە تورکیا، خاڵی سەرەکیی کۆکەرەوەی هەردوو پارتی ئاکەپە و مەهەپەیە لە هاوپەیمانییەکدا بەناوی «هاوپەیمانیی گەل» کە هەردوو لایان بە تاکە چارەسەری دەزانن بۆ تورکیا و دژبەرانی خۆیانیش لە هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن بە خزمەتکردنی «بەرژەوەندییەکانی دوژمنان» تاوانبار دەکەن.
خاڵێکی تری سەرنجڕاکێش ئەوە بوو حزبی سەعادەتی ئیسلامی بانگەوازی «هاوپەیمانیی گەل»ی ڕەت کردەوە و چووە بەرەی ئۆپۆزسیۆنەوە. ئەم حزبە گرفتی تێپەڕاندنی بەربەستی بەدەەستهێنانی ١٠٪ی دەنگەکانی هەیە و لەبەر ئەو هۆیەش لە پەرلەمان نوێنەری نییە، بۆیە چاوی لەوەیە دەنگی ئەو دەنگدەرە دیندارانە بە دەست بهێنێت کە لە ئاکەپە تووڕە و بێزارن. حزبی سەعادەت ماوەیەک هاوکاری جەهەپە و پارتی باشی کرد بۆ دەستنیشانکردنی پاڵێوراوێکی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، بەڵام بە هۆی کەمیی کات و سازش نەکردن لەسەر هەندێک خاڵ بۆ یەکدی، لەو هەنگاوەدا سەرکەوتوو نەبوون، وەلێ توانییان گردبوونەوەیەک بە ناوی «هاوپەیمانیی نەتەوە» پێک بهێنن. هەرچی میدیا و ناوەندە سیاسییەکانی ئاکەپەیە، «هاوپەیمانیی نەتەوە»ی ئۆپۆزسیۆن بە «هاوپەیمانیی تووڕەیی» ناو دەبەن و پێیان وایە تاکە ئامانجی بەرەی ئۆپۆزسیۆن دژایەتیکردنی ئەردۆغانە. گەورەترین کێشەی ئۆپۆزسیۆن هەبوونی زیاد لە پاڵێوراوێکە بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی کۆمار کە ئەمەش وا دەکات پاڵێوراوەکان نەک هەر دژی ئەردۆغان، بەڵکو پێویستە دژی یەکدیش بێنە مەیدان و ئەمەش ئەگەری گەیشتنیان بە خوولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لاواز دەکات. بەڵام ئۆپۆزسیۆن بیر لەوە دەکاتەوە ئەگەر پۆستی سەرۆکایەتیی کۆماریش بەدەست نەهێنێت، ئەوا هەوڵ دەدات زۆرینەی پەرلەمان بەدەست بخات. 
بەڕای چاودێران، هەموو ئەو سیناریۆیانە پەیوەستە بە ئەنجامەکانی هەدەپەوە کە ئەگەر وەک هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٥ بەربەستی ١٠٪ی دەنگەکان تێپەڕێنێت کە ئەمەش بەپێی ڕاپرسییەکان ئەگەرێکی بەهێزە، ئەوا ئاکەپە کێشەی زۆرینەی پەرلەمانتاریی دەبێت. بە هەرحاڵ ئێوارەی ڕۆژی یەکشەمەی داهاتوو ڕوون دەبێتەوە داخۆ خۆری ئەردۆغان و ئاکەپە بۆ چەند ساڵێکی تریش بە ئاسمانی سیاسەتی تورکیاوە دەدرەوشێتەوە، یان ڕوو لە ئاوابوون دەکات!

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار