مه‌رگێکى بێده‌نگ له‌سه‌ر سنوور

6 ساڵ لەمەوپێش



داخستنى مهرزه لاوهکییهکان دانیشتوانى ناوچه سنورییهکانى ناچارکردووه گیانیان بخهنه مهترسییهوهو تەنها لە ١٨ مانگدا ٨٥ کەسیان بەکۆڵ و بارەوە کوژراون.

هاوڵاتی، ئهحمهد فارس

شهوێکى سەختی زستانی ساڵی رابردوو، عهلی ئهتمان به کۆڵه قورسهکهى پشتییهوه لهگهڵ چوار هاوڕێی تریدا بهسهر بهرزاییهکی سنوور لابهلا ههڵدهشاخان، لهپڕ چواردهوریان بوو به تهقهو له ههموو لایهکهوه ئاگر دادهباری بهسهریاندا.

هیچ دهرفهتێک بۆ ههڵاتن نهما لهبهردهمیاندا، یهکلهدواى یهک فیشهک بهریانکهوت و به کۆڵێکى 80 کیلۆیی سهرشانیانهوه دهکهوتن بهدهمداو لهناو خوێنى خۆیاندا دهتلانهوه.

عهلی ئهتمانی تهمهن 4٥ ساڵ که خاوهنى پێنج مناڵ له ناوچهى سهڵماسی سنووری نێوان پارێزگاى ههولێرو ورمێ کهوته کهمینهوه، وتى «خهریک بوو ئهگهیشتینهوه شوێنی مهبهست و کۆڵهکانمان بگهیەنینه جێ و ڕۆژانهی ئهو رۆژهشمان دهستکهوێت، بهڵام بهداخهوه بههۆی دهستڕیژی گولهکهوه من و سێ لههاوڕێیانم برینداربوین و یهکێک لههاوڕێیانیشم گیانی لهدهستدا که هەرگیز لهیادم ناچێت».

ئهوانهى هاوشێوهى عهلی، کاریان کۆڵبهرییه لهو سنورهدا، بۆ دهستکهوتنى بژێوی، گیانى خۆیان خستووەته مهترسییهوه. لهگهڵ ئهوهى رێگهکهیان سهلامهت نین، دهبێت رێگاى بێچاوپێچ و دۆڵ و شاخ ببڕن به سهرماو گهرماو ناڕهحهتى تا دهگهنه کڕیارهکانیان لهو دیو سنوور، خۆ ئهگهر لهو رێگهیهشدا بکهونه کهمینى پاسهوانانى سنووری ئێرانهوه، به تهماى گیانى خۆیان نامێنن.

زۆرێک لهوانهى به کاری کۆڵبهرییهوه خهریکن، دانیشوانى رۆژههڵاتى کوردستانن، ئهگهرچی حکومهت ئاماری فهرمی لهوبارهیهوه بڵاوناکاتهوه، بهڵام بهپێی ئاماره نافهرمییهکانى رێکخراوهکان، ساڵانه دهیان کۆڵبهر دهکوژرێن و بریندار دهکرێن، یان دهستگیردهکرێن.

بهم دواییانه بازاڕی قاچاخچیهکان له سنووری ناحیهى سیدهکان گهرمبووه، ئهمهش دواى ئهوهى ئێران ههستا به داخستنى مهرزه لاوهکیهکانی حاجی ئۆمهران، ئهوهش له ئهنجامى تووڕهیی ئهو وڵاته بهرامبهر ئهنجامدانى ریفراندۆمى ههرێمى کوردستان له ئهیلولی 2017.

زۆرێک لهو کۆڵبهرانه، کاتێک لهناوخاکی ئێران لهسهر سنور دهدرێنه بهر دهستڕێژی گوله، ئهگهر بتوانن خۆیان ئهخزێنه ناوخاکی ههرێمى کوردستان لهبهر سهلامهتی گیانی خۆیان لهوێ بۆئهوهى دهستگیرنهکرێن توشی لێپێچینهوه نهبن.

بەپێی ئامارێکی رێکخراوی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە ماوەی ١٨ مانگی رابردوودا ٨٥ کۆڵبەرو کاسبی رۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون و ١٠٧ کەسیش بریندار بوون. رێکخراوەکە ناوی تەواوی کوژراو و بریندارەکانی داوە بە هاوڵاتی.

یهکێک لهو کۆڵبهرانهی رۆژههڵاتى کوردستان که گولهیهکی بهرکهوتبوو لهنهخۆشخانهی ئاشتی لهقهزاى سۆران چارهسهر دهکرا، داوایکرد ناوی خوازراوی به ئاکۆ بهێنرێت  بۆ ئهوهى له ئێران ئاشکرا نهبێت.

ئاکۆى تهمهنی 47ساڵ رۆژێک لهگهڵ دوو هاوڕێیدا کۆڵیان پێبووهو ویستویانه سنوور تێپهڕێنن، بهڵام له پڕ دهکهونه کهمینێکى هێزهکانى سنووری کۆماری ئیسلامی ئێران و برینداردهکرێن.

دواتر بهو برینهوه خۆیان دهگهیهننه ناوچهى کێلهشین لهسنوری ناحیهی سیدهکان، لهوێش به بههاوکاری چهند هاوڕێیهکیان دهی گهیهننه نهخۆشخانه بۆ چارهسهر.

ئاکۆ به هاوڵاتی وت «ئهوان ئێمهیان تیمارکرد، دوای چهندڕۆژێکی تر که ڕێوشوێنه ئاساییهکانمان تهواوکرد ئهگهڕێینهوه، بهخوا کاری ئێمه ڕیگای هاتونههاته، ئهگهر ناچارنهبم ئامادهنیم یهک دهقهش ئهو کاره بکهم.»

بهپێی رێکخراوى مافی مرۆڤ له ڕۆژههڵاتی کوردستان، ڕۆژانه زیاتر له100کهس کاری کۆڵبهرى ئهکهن لهنێوان ههرێمی کوردستان و ڕۆژههڵاتی کوردستان. ئهو کهلوپهلانهی که ئهشگوزارێنهوه کهلوپهلی جوانکاری و خورادنهوه کحولییهکان و چهند جۆرێک کهلوپهلی ترن، وهکو تیڤی، سهتهلایهت، شوشهوات، جگهره، قوماش، کهلوپهلی ناوماڵ.

ههروهها زیاتر له 80ههزار خێزان ژیانیان لهسهر کۆڵبهرییه لهشاره سهر سنورهیهکان وهکو (مهریوان، نهوسوود، کامیاران، سهردهشت، پیرانشار، بانه، ورمێ)

عهلی بداغی بهرپرسی ناوهندی مافی مرۆڤ له ڕۆژههڵاتی کوردستان به ‌‌هاوڵاتی ڕاگهیاند «تهنانهت خهڵکی شارهکانی تریش تیایه وهکو سهقز و مههاباد».

تهمهنی ئهوانهى کۆڵبهری دهکهن جیاوازن، له 16ساڵیهوه تێیدایه تاوهکو 60ساڵ، لهناو ئهوانهدا کۆڵبهری ژنیش ههن که هاوکاری مێرد یان براکانیان دهکهن.

کێشی کۆڵبەرەکان لە نیوان ٨٠ – ١٠٠ کیلۆ دەبێت و ٢٠-٣٠ کیلۆمەتر بەسەر شاخ و دۆڵ و کەندەڵان دەبڕن، لەبەرامبەردا ١٠٠-٢٠٠ دۆلار وەردەگرن. بەڵام ئەوانەی کۆڵی خواردنەوە کحولیەکان هەڵدەگرن بۆ هەر جارێک ٥٠٠ دۆلار وەردەگرن، ئەگەرچی هەموو کۆڵبەرێک ئامدە نیە ئەمە بکات بەوپێیەی هەندێکیان بە «حەرام»ی دەزانن ئەمەش بەپێی سەریعەتی ئیسلام.

حکومهت به فهرمی هیچ ئامارێکى کوشتن و بریندارکردنى کۆڵبهرانى لا نیه، بهڵام ههندێک له رێکخراوهکانى مافی مرۆڤ تۆماریان کردووه.

ئیحسان چهلهبی بهڕێوەبهرى ناحیهی سیدهکان به هاوڵاتی وت «ئێمه هیچ ئامارێکی کوژراو و بریندارانی کۆڵبهرانی ڕۆژههڵاتم لانییه چونکه لای ئێمه نین، بهس زۆر جار ئهوانهی به برینداری خۆیان ئهگهیەننه سهر سنور، خهڵک دهیانباته نهخۆشخانهکان».

ههروهها وتى «لهماوهی کهمتر لهمانگێک دوو کهس لهسنوری ئێمه برینداربوون، یهک کهسیش گیانى لهدهستداوه، دواى ڕێوشوێنه یاساییهکان تهرمهکهمان ڕادهستی کهسوکاری کردووه بریندارهکانیش بهههمانشێوه«.

عهلی بداغی بهرپرسی ناوهندی مافی مرۆڤ له ڕۆژههڵاتی کوردستان به هاوڵاتی ڕاگهیاند له لهمساڵدا ژمارهى کۆڵبهران و کاسبکارانی کوژراو برینداربوان و گیراوان بهشێوهیهکى بهرچاو زیادیانکردوه.

ئاماژهى بهوهکرد ساڵى رابردوو  (57) کهس گیانیان لهدهستدا زۆربهیان بهگولە و بۆردمانی پاسداران بوون، بهشێکیشان یان لهشاخ ههڵدێراون لهترسی پاسداران، یان بهژێر بهفرکهوتون رهقبونهتهوه لهسهرما.

ههرلهم ماوهیهدا 29کهس برینداربونه 8 کۆڵبهر و کابکاریش گیراون زیانی زۆری مادیشیان پێکهوتوه.

عهلی بداغی وتى «بهداخهوه ژمارهکه لهسهرهتای شهش مانگی یهکهم لهساڵی 2018زیادیکردوه«.

بهپێی وتهى ئهو، تاوهکو 10- 6 ئهم ساڵ 78 کۆڵبهر و کاسبکار کوژراون و  برینداربون، لهوانه 28 کهس گیانیان لهدهستداوهو که زۆربهیان به تهقهی هێزهکانی پاسداران بوونه یان لهشاخ کهوتونهتهخواره.

بهرپرسی ناوهندی مافی مرۆڤ له ڕۆژههڵاتی کوردستان باسی لهوهشکرد ههر لهمساڵدا 50 کهسی تر بریندار بون، زۆربهشیان برینداری گولهن.

یهکێک لهوانهى که چیرۆکى بهرکهوتنى گولهکهى دهگێڕایهوه، عهلی ئاتمان و چوار هاوڕێکهى بوو، که یهکێکیان گیانى لهدهستدابوو.

عه‌لی و هاورێکانی خۆیان خزانده‌ دۆڵ و بن تاشه‌ به‌رده‌کانه‌وه‌، تا رزگاریان بێت له‌ئاگر بارانى ئه‌و شه‌وه‌، هه‌رچۆنێک بوو خۆیان گه‌یانده‌ شوێنێک که‌ که‌سانێکى تر بتوانن به‌هانایانه‌وه‌ بچن.

عه‌لی ئه‌تمان وتى "به‌هه‌وڵ و کۆششی چه‌ند هاوڕێکانمانه‌وه‌ ئێمه‌ گه‌یه‌نراینه‌ نه‌خۆشخانه‌، دوای چاره‌سه‌ر، ئێستا من دوباره‌ ده‌ستم کردۆته‌وه‌ به‌م کاره‌ چونکه‌ بژێوی ژیانم له‌سه‌ر ئه‌وکاره‌یه‌، خۆتان ئه‌زانن ئێران توشی قه‌یران بۆته‌وه‌".

هه‌روه‌ها وتى "له‌ئێستادا ڕۆژانه‌ توشی هه‌ڕه‌شه‌و سوکایه‌تی و لێدان ده‌بینه‌وه‌، ده‌ستڕێژی گوله‌مان لێده‌کرێت، ده‌ستبه‌سه‌ر کۆڵه‌کانماندا ئه‌گیرێت، به‌س ئێمه‌ دانیشتوانی سه‌ر سنور زۆربه‌ى خێزانه‌ کورده‌کان ڕۆژبه‌ڕۆژ ژیانمان له‌مه‌ترسی دایه‌".

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار