19توشبووى کۆرۆنا له‌هه‌رێم ته‌ندروستیان ناجێگیره‌

زه‌نگى مه‌ترسیدارى ڤایرۆسى کۆرۆنا لێیداوه‌و ته‌ندروستى هۆشدارى توند ده‌داته‌ هاوڵاتیان

2020-06-04 17:05:53






شاناز حه‌سه‌ن
وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى حکومه‌تى هه‌رێم زه‌نگى مه‌ترسیدارى ڤایرۆسى کۆرۆنا لێیداوه‌و هۆشدارى توند ده‌داته‌ هاوڵاتیان به‌تایبه‌ت دواى ئه‌وه‌ى رۆژانه‌ حاڵه‌ته‌کانى تووشبون و ڤیان له‌ده‌ستدان له‌ به‌رزبونه‌وه‌دایه‌.
وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى حکومه‌تى هه‌رێم رایگه‌یاند له‌ئێستادا 453 توشبوى ڤایرۆسى کۆرۆنا له‌هه‌رێمدا له‌نه‌خۆشخانه‌کانن و چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرن و له‌و ژماره‌یه‌ 19یان بارى ته‌ندروسیان ناجێگیره‌.
یه‌که‌م حاڵه‌تى تووشبوون به‌ ڤایرۆسى کۆرۆنا له‌هه‌رێمى کوردستان له‌سنورى پارێزگاى سلێمانى له‌ 3ى ئازارى 2020دا تۆمارکرا.
 ‌وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى ئاشکراى کرد کۆى گشتى توشبوانیش به‌کۆرۆنا له‌ هه‌رێمى کوردستان گه‌یشتوه‌ته‌ 910 توشبون و  له‌نێویاندا 16 حاڵه‌تى گیانله‌ده‌ستدان و 441 توشبوو چاکبونه‌ته‌وه‌و له‌ئێستادا 453 توشبوو له‌ژێر چاودێرى پزیشکیدان.

ئه‌و ڤایرۆسه‌ى نابینرێت سه‌دان که‌سى به‌ره‌و نه‌خۆشخانه‌کانى هه‌رێم بردووه‌


تائێستا پارێزگاى سلێمانى 505 تووشبوى تۆمارکردووه‌ و له‌ئێستادا329حاڵه‌تیان له‌نه‌خۆشخانه‌کاندا ماونه‌ته‌وه‌ و له‌و ژماره‌یه‌ 163یان چاره‌سه‌رکراون، 13یان گیانیانله‌ده‌ستداوه‌.
هێرش سه‌لیم، جێگرى به‌رێوه‌به‌رى ته‌ندروستى گشتى سلێمانى له‌ لێدوانێکدا به‌ هاوڵاتى وت"له‌کۆى 329نه‌خۆشى کۆرۆنا له‌نه‌خۆشخانه‌کانى سلێمانیدا 11 یان بارى ته‌ندروستیان ناجێگیره‌ و له‌ژێر چاودێرى وردى پزیشکیدان و دۆخه‌که‌یان له‌مه‌ مه‌ترسیدایه‌".
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد له‌و 11 توشبووه‌ دوو که‌سیان مه‌ترسیان له‌وانى دیکه‌ زیاتر له‌سه‌ره‌و پێویستیان به‌ ئامێرى هه‌ناسه‌دانى ده‌ستکرد هه‌یه‌ و یه‌کێکیان پیاوه‌وه‌و ئه‌وى دیکه‌شیان له‌ته‌مه‌نى گه‌نجێتیدایه‌.
له‌دواى سلێمانى، پارێزگاى هه‌ولێر زۆرترین تووشبوى کۆرۆناى تێدا تۆمارکراوه‌ که‌ تائێستا 292که‌س توشى کۆرۆنا بون و له‌و رێژه‌ییه‌ 230که‌سیان چاکبونه‌ته‌وه‌ 59نه‌خۆش چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرن و سێ هاوڵاتى به‌ کۆرۆنا گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.
دلۆڤان محه‌مه‌د فاتح، به‌رێوه‌به‌رى گشتى ته‌ندروستى هه‌ولێر  له‌ لێدوانێکدا به‌ هاوڵاتى وت" له‌ئێستادا 59نه‌خۆشى کۆرۆنا له‌نه‌خۆشخانه‌ن و له‌ژێر چاودێریدان که‌به‌داخه‌وه‌ ته‌ندروستى چواریان ناجێگیره‌، له‌و چوار که‌سه‌ش دوانیان مه‌ترسى زیاتریان له‌سه‌ره‌ و هه‌ناسه‌ى ده‌ستکردمان بۆ به‌کارهێناون".
به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى ته‌ندروستى هه‌ولێر جه‌ختى له‌بوونى ڤایرۆسى کۆرۆنا کرده‌وه‌و داواى له‌ هاوڵاتیان کرد رێنماییه‌کانى ته‌ندروستى جێبه‌جێ بکه‌ن.
هاوکات، له‌ پارێزگاى دهۆک تائێستا 91که‌س توشى ڤایرۆسه‌که‌ بون و 26یان چاره‌سه‌ریان وه‌رگرتووه‌ و چاکبونه‌ته‌وه‌ و له‌ئێستادا 65حاڵه‌تیان له‌ژێر چاودێرى پزیشکیدان و هیچ حاڵه‌تێکى گیانله‌ده‌ستدان تۆمارنه‌کراوه‌.
حه‌مزه‌ ره‌زیکى، به‌رپرسى راگه‌یاندنى ته‌ندروستى دهۆک، له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت" له‌کۆى ئه‌و 65نه‌خۆشه‌ى وه‌ک توشبووى کۆرۆنا له‌نه‌خۆشخانه‌ن چواریان یان ته‌ندروستیان ناجێگیره‌ و له‌ژێر ئۆکسجیندان، به‌ڵام پێویستیان به‌ هه‌ناسه‌دانى ده‌ستکرد نیه‌".

له‌سه‌ره‌تاى بڵاوبونه‌وه‌ى ڤایرۆسه‌که‌ له‌ پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌دا  22حاڵه‌تى تێدا تۆمارکراوه‌و که‌له‌ئێستادا هه‌مویان چاکبونه‌ته‌وه‌ و نێردراونه‌ته‌ ماڵه‌وه‌ واته‌ هیچ توشبویه‌ک له‌ نه‌خۆشخانه‌کاندا نین له‌و پارێزگایه‌ به‌پێى وته‌ى به‌رپرسانى ته‌ندروستى پارێزگاکه‌.
پێنجوێن ئه‌و قه‌زایه‌ى به‌هۆى تۆمارکردنى 60 حاڵه‌تى کۆرۆناوه‌ زه‌نگى مه‌ترسیدار لێیدا که‌ سنورێکى به‌رفراوانى له‌گه‌ڵ وڵاتى ئێراندا هه‌یه‌ که‌ له‌و وڵاته‌دا رۆژانه‌ ده‌یان که‌س به‌ ڤایرۆسى کۆرۆنا گیان له‌ده‌ستده‌ده‌ن، به‌ڵام به‌رپرسى یه‌که‌مى ته‌ندروستى له‌و قه‌زایه‌ ده‌ڵێت پێنجوێن مه‌ترسى له‌سه‌ر نییه‌.
خالید عه‌بدوڵا به‌رێوه‌به‌رى فه‌رمانگه‌ى ته‌ندروستى قه‌زاى پێنجوێن، له‌لێدوانێکدا  به‌هاوڵاتى وت" به‌داخه‌وه‌ له‌م دوو رۆژه‌دا 60حاڵه‌ت له‌سنورى پێنجوێن تۆمارکرا به‌خۆشحاڵیه‌وه‌ له‌ئێستادا له‌نه‌خۆشخانه‌کانى سنوورى سلێمانى چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرن و بارى ته‌ندروستیان جێگیره‌".
هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ى دووپاتکرده‌وه‌ که‌ تۆمارکردنى حاڵه‌ته‌کانى ڤایرۆسى کۆرۆنا له‌ پێنجوێن به‌راده‌یه‌کى زۆر په‌یوه‌ندى به‌ سنوره‌کانه‌وه‌ هه‌یه‌.
به‌رێوه‌به‌رى فه‌رمانگه‌ى ته‌ندروستى قه‌زاى پێنجوێن ئه‌وه‌شى روونکرده‌وه‌ که‌ له‌ئێستادا پشکنینیان بۆ 400 که‌سى نوێ کردووه‌و چاوه‌ڕوانى ئه‌نجامى پشکنینه‌کانن.
سه‌ره‌راى ئه‌وه‌ى رۆژانه‌ وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى هه‌رێمى کوردستان ئامارو پشکنینه‌کانى تایبه‌ت به‌ ڤایرۆسى کۆرۆنا بڵاوده‌کاته‌وه‌، به‌ڵام هێشتا به‌شێک له‌ هاوڵاتیان ئاماده‌نین رێنماییه‌کانى ته‌ندروستى جێبه‌جێ بکه‌ن له‌کاتێکدا ئه‌وانه‌ى تووشى ڤایرۆسه‌که‌ ده‌بن هاورێى و هاوزمان و هاوشارییه‌و بۆیه‌ جێبه‌جێکردنى رێنماییه‌کان له‌پێناو پاراستنى سه‌لامه‌تى  ته‌ندروستى خۆمان و خزم و که‌سوکارو دراوسێ و گه‌ره‌ک و شاره‌کان و هه‌رێمى کوردستانه‌.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار