چوار هۆکار کە بەشار ئەسەدیان لە دەسەڵات هێشتۆتەوە

6 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ماوەی حەوت ساڵە بەشار ئەسەد، سەرۆکی سوریا، توانیویەتی پێگەکەی لەدەست نەدات سەڕەڕای فشارە زۆرە نێودەوڵەتیەکان، ئەمەش بەهۆی چەند هۆکاریکەوە کە پیگەی ئەویان بە بەهێزی هێشتۆتەوە، کە دیارترینیان پشتگیریی دەرەکیە.

 

ئەگەرچی بۆردوومان و هێرشەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی رەنگە هەوڵی ئەسەد بۆ یەکخستنی سووریا لە ژێر دەسەڵاتی خۆی لاواز بکات، بەڵام ئاماژەکان وا دەردەکەون کە ئامانج لەو هێرشانە کۆتایی هێنان نەبێت بە بەشار ئەسەد.

لەسەرەتای دروستبوونی جەنگی ناوخۆی سووریا، گروپ و چەکدارە ئۆپۆزسیۆنەکان توانیان ناوچەی بەرفراوان بخەنە ژێر ڕکێفی خۆیان، بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ ڕوودەدات پێچەوانەیە. ئەسەد توانیویەتی چەند ناوچەی گرنگ لە دیمەشق تا باکووری حەلەب بخاتەوە ژێر ڕکێفی خۆی.

 

ئاژانسی هەواڵی ئەلجەزیرە چوار هۆکار بۆ مانەوەی ئەسەد لەسەر کورسی دەسەڵات دوای حەوت ساڵ جەنگ دەخاتە ڕوو.

 

پشتگیری دەرەکی

لە ڕۆژێکی هاوینی ٢٠١٢، بۆمبێک دیمەشقی پایتەختی هەژاند و چەندین بەرپرسی باڵا بە وەزیری ناوخۆ کوژران و برینداربوون کە زڕ برایەکی بەشار ئەسەدیش لە نیوانیاندا بوو.

لەو ڕۆژەدا ئۆپۆزسیۆن بڵاویکردەوە کە سەرکەوتنی یەکجاری بەسەر بەشار ئەسەدا زۆر نزیکە، بەڵام ئێران خێرا کەوتە جوولە دەستی کرد بە دەستێوەردان.

میدیا ئێرانیەکان لەو کاتەدا بڵاویان کردەوە کە تاران دەیان هەزار سەربازی بۆ پشتگیری بەشار ئەسەد ناردوە.

هەروەها لە مانگی نۆی ساڵی ٢٠١٥، مۆسکۆ دەستی کرد بە بۆردومان کردنی نەیارانی ئەسەد لە سووریا کە وایکرد گروپە یاخیبوەکان حەلەب لەدەستبدەن و بەشار ببێتە فەرمانڕەوای.

 

ناکۆکی نێوان یاخیبوەکان

ئەسەد سوودی زۆری لە بوونی چەندین گروپی جیاوازی شەڕکەر لەناو سووریا بینیوە.

کاتێک یەکەمجار داعش دروست بوو ئۆپۆزسیۆنی سووریا پێشوازی لێکرد، بەڵام زۆری نەبرد جەنگی نێوانیان دەستی پێکرد و داعش توانی ڕەقە داگیر بکات.

بەم جۆرەش جەنگی نێوان ئەو گروپە جیاوازانە، جەنگی بەرامبەر بە بەشار ئەسەد لاواز کرد.

لە ئێستادا بە دەیان گروپی چەکداری جیاواز لە سووریا هەن بە هۆکاری نەتەوەی، سیاسی، دینی جیا بوونەتەوە و کاری جیاواز بۆ خۆیان دەکەن.

 

بێ هێزی پێگەی نێودەوڵەتی

ئەگەرچی وڵاتانی وەک تورکیا و سعودیە لە سەرەتاوە دژی بەشار ئەسەد بوون و داوای لابردنیان دەکرد، بەڵام هیچیان بە کردەوە دوای ئەو ئامانجە نەکەوتن.

هەروەها جیاواز لە لیبیا، ئەمریکا دەستێوەردانی سەربازی تا ئەم ساتەش لە سووریا بەشێوەیەکی کاریگەر و بەرفراوان ئەنجام نەداوە.

جگە لەوەی ئەمریکا ئەو دەستێوەردانەی ئەنجام نەداوە، بڕیاریشیدا کە چەک نەنێرێت بۆ گروپە ئۆپۆزسیۆنەکان، چونکە پێیوابوو ئەو چەکانە دەکەونە دەست داعش و دژی رۆژئاوا بەکاردەهێندرێن.

مانگی سێی ٢٠١٧، باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتوەکان ڕایگەیاند کە لابردنی ئەسەد چیدیکە ئامانجی سەرەکی ئەمریکا نیە لە سووریا.

پشتگیری ناوخۆ

سەڕەڕای زۆری ئۆپۆزسیۆن، ئەسەد بەردەوام پشتگیری دەکرێت لەناوخۆی سووریادا.

خێڵ و عەشیرەتەکانی سەر بە عەلەویەکانی سوریا کە یەکێکن لە مەزهەبەکانی شیعە و چەندین گروپی سووننی جیاواز هێشتا دەستیان لە ئەسەد هەڵنەگرتوە و بەهۆی ئەو سوودە ماددییەی دەستیان دەکەوێت، جەنگ بۆ ئەسەد دەکەن و پشتگیری لێدەکەن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار