تورکیا ئازادی رۆژنامه‌گه‌ریی له‌سه‌ر کورد به‌رته‌سک ده‌کاته‌وه‌

2018-04-15 11:49:04


هاوڵاتی ڕێكلام

تورکیا له‌ میدیادا هه‌وڵى ناشرینکردنى کورد ده‌دات و رێگه‌ش نادات ببنه‌ خاوه‌ن میدیایەك که‌ به‌ ئازادى باس له‌ کێشه‌کانیان بکه‌ن.
 

هەرێم جەعفەر

تورکیا گه‌وره‌ترین زیندانى ڕۆژنامه‌نووسانه‌ له‌ جیهان، له‌ ئێستادا زیاد له‌ ١٠٠ ڕۆژنامه‌نووس له‌ناو دیواره‌کانى زیندانه‌ سه‌رۆک کۆمارى تورکیاش، ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئۆردوگان، ده‌یه‌وێت ئه‌و وڵاته‌ هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ بهێڵێته‌وه‌. له‌ڕۆژى ١٦ى مانگى دووى ئه‌مساڵدا، دادگاى تورکیا شه‌ش میدیاکارى به‌زیندانى هەتا هه‌تایى سزادا که ‌یه‌کێکیان ڕۆماننووسێکى دیارى ئه‌و وڵاته‌یه ‌ئه‌مه‌ش به‌بیانووى تێوه‌گلان له‌ کوده‌تاکه‌ى ساڵى ٢٠١٦. له‌هه‌مان ڕۆژدا، تورکیا دێنیز یوچه‌لى ئازادکرد که ‌به‌بیانووى تێکدانى په‌یوه‌ندى نێوان ئه‌ڵمانیاو تورکیا ماوه‌ى یه‌ک ساڵ بێ ئه‌وه‌ى هیچ تاوانێکى به‌سه‌ردا سه‌پابێت.


کاتێک ڕۆژنامه‌نووسانى تورکیا دێنه‌ سه‌ر باسی کورد، دووچارى فشار و ته‌نگه‌ژه‌ى زیاتر ده‌بنه‌وه‌. له‌ڕاپۆرتێکى ڕۆژنامه‌ى ئیکانیمیستدا هاتووه‌ که‌ میدیا تورکییه‌کان نه‌یانوێراوه‌ وه‌ک هه‌واڵ و ڕاپۆرته‌کانیان لەشه‌ڕى داگیرکارى عه‌فریندا وه‌ک خۆى بگوازنه‌وه‌. «ڕۆژنامه‌نووسه‌کان ناتوانن به‌شێوه‌یه‌کى ڕه‌خنه‌گرانه‌ ڕاپۆرته‌کانیان بنووسن، چونکه‌ دووچارى تۆمه‌تى خیانه‌تکردن له‌وڵاتیان ده‌خرێته‌ پاڵ» ئیرۆل ئۆندێرۆگلوۆ، نوێنه‌رى تورکیا له‌ ڕۆژنامه‌نووسانى بێ سنوور گووتی.
ته‌نانه‌ت ڕه‌خنه‌گرتن له‌ شه‌ڕى عه‌فرین له‌ ئینته‌رنێت و تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان سزاى خۆى هه‌یه‌. هه‌ر به‌پێى ئه‌و ڕاپۆرته‌ى ئیکانیمیست، زیاد له‌ ٨٠٠ که‌س له‌ماوه‌ى مانگێک له‌تورکیا ده‌ستگیرکراون له‌سه‌ر ڕه‌خنه‌گرتن له‌هێرشى سوپاى تورکیا بۆ سه‌ر عه‌فرین، ئه‌مه‌ش وایکرد بوو که‌ ژماره‌ى کوژرانى هاوڵاتیانى مه‌ده‌نى به‌شێوه‌یه‌کى ته‌واو نه‌زاندرێت.
هه‌ر له‌م مانگه‌دا تاکه‌ ڕۆژنامه‌ که‌ به‌زمانى کوردى به‌ ناوى وه‌ڵات چاپ ده‌کرا و بڵاوده‌کرایه‌وه‌ له‌ تورکیا داخراو ناچار ڕۆژنامه‌نووسانى ئه‌و ڕۆژنامه‌یه‌ که‌ بنکه‌که‌ى له‌ دیاربه‌کر بوو له‌جیاتى چاپکردن په‌نابه‌نه‌ به‌ر ئینته‌رنێت و له‌وێ هه‌واڵه‌کانیان بڵاوبکه‌نه‌وه.‌


به‌ڵام مه‌هموت بۆزارسلان، ڕۆژنامه‌نووسى پێشووترى ده‌یلى سه‌باح و ئه‌لجه‌زیره‌ى تورک، له‌ڕاپۆرتێکیدا که‌ له‌ماڵپه‌ڕى شیکارى ئه‌لمۆنیته‌ر بڵاوکراوه‌ته‌وه‌ باس له‌ڕوویه‌کى دیکه‌ى هێرشى حکومه‌تى تورکیا ده‌کات بۆ سه‌ر کورده‌کان.  کورده‌کان نه‌ک ته‌نها له‌ڕووى سیاسییه‌وه‌ گه‌مارۆى میدیایى زیاتریان له‌سه‌ره‌، به‌ڵکو حکومه‌تى تورکیا له‌ڕێگاى زنجیره‌ دراماکانى ئه‌و وڵاته‌ ده‌یه‌وێت وێنایه‌کى ناشرینى کورده‌کانى تورکیا بداته‌ جیهان.
بۆزارسلان باس له‌ناودارترین دراماى تورکیا ده‌کات به‌ ناوى «دۆڵى گورگه‌کان»   که‌ له‌لایه‌ن کۆمپانیاى پانا فیلمه‌وه‌ به‌رهه‌م هێندراوه‌. له‌و درامایەدا‌ کورده‌کان، یان وه‌کو تیرۆرست یاخود قاچاخچى مرۆڤ وێناکراون. یه‌کێک له‌کاره‌کته‌ره‌کانى ئه‌و درامایه‌ به‌ناوى «مۆرۆ» که‌ به‌جلێکى کۆنى په‌که‌که‌وه‌ ده‌رده‌که‌وێت به‌زمانێکى تورکی-کوردى قسه‌ ده‌کات و پڕوپاگه‌نده‌ ده‌کات بۆ ئه‌ندامانى و له‌گه‌ڵ که‌سێک به‌ناوى موسته‌فا خه‌ریکى بازرگانى نایاساین.
هه‌روه‌ها کاره‌کته‌رێکى دیکه‌ به‌ناوى «زازا دێدی» که‌ ناوه‌که‌ى له‌ زاراوه‌ى زازاى کوردى وه‌رگیراوه‌، ڕۆڵى که‌سێک ده‌بینێت خه‌ریکه‌ به‌ دزیکردن و ده‌ستدرێژیکردن و ڕفاندن و شێوازى قسه‌کردنى وه‌ک مورۆیه‌. دوژمنى سه‌ره‌کى زازاش که‌سێکه‌ به‌ناوى پۆلات ئلێمدار که‌ ڕۆڵى لایه‌نگرێکى دڵسۆزى ئه‌ردۆگان ده‌گیڕێت.


هه‌روه‌ها له‌درامایه‌کى دیکه‌دا به‌ناوی «یه‌ک تورکیا» گونده‌ کوردییه‌کان له‌باشوورى ڕۆژهه‌ڵاتى تورکیا به‌گوندى دواکه‌توو که‌ خه‌ڵکه‌که‌ى دوورن له‌ شارستانى وێنا کراوه‌.
چه‌ندین نموونه‌ى دیکه‌ هه‌ن که‌ باس ناشرینکردنى ناسنامه‌ى کوردى ده‌که‌ن. هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه‌، سێڤیلاڤ چیلێنک، مامۆستاى پێشووى زانکۆى ئه‌نقه‌ره‌ له‌ لێدوانێکیدا بۆ ئه‌ل مۆنیته‌ر وتى «کاتێک باس له‌ڕۆڵى میدیا ده‌که‌ین، ئێمه‌ ته‌نها ئاماژه‌ به‌ هه‌واڵه‌کان ناده‌ین.  هه‌ندێک له‌ بینینى هاوڵاتیان له‌ دراما ته‌له‌ڤزیۆنه‌کان سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت که‌ کورد وه‌ک نموونه‌یه‌کى نه‌رێنى که‌ سه‌رچاوه‌ى نا ئارامین و به‌زمانى سه‌ربازى قسه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌کرێت».
ئه‌مه‌ له‌ کاتێکدایه‌ دراما تورکییه‌کان وه‌رده‌گێڕدرێنه‌ سه‌ر چه‌ندین زمانى جیاوازو له‌وڵاتانى جیاواز بڵاوده‌کرێنه‌وه‌.
له‌ سه‌روبه‌ندى ئه‌نجامدانى ڕیفراندۆمدا له‌ کوردستانى باشوور، چه‌ند میدیایه‌کى تورکى و خودى ئه‌ردۆگان کورده‌کانى باشووریان به‌پاڵپشتى ئیسرائیل و  سیخوورى جووله‌که‌کان نیشان ده‌دا
له‌ دیمانه‌یه‌کى ته‌له‌ڤزیۆنیدا ئه‌ردۆگان ئاماژه‌ى به‌وه‌دا که‌ ئه‌و ده‌زانێت ته‌نیا ئیسرائیل پاڵپشتى له‌ کورد ده‌کات و ده‌وڵه‌تى کوردى وه‌ک پڕۆژه‌یه‌کى ئیسرائیل سه‌یر ده‌کرێت.
مامۆستاى زانکۆکه‌ى تورکیا پێیوایه‌ که‌ ده‌بێت کورده‌کانیش خۆیان وێناى خۆیان بکه‌ن و خاوه‌نى ده‌زگاى میدیاى پێشکه‌وتوو بن، به‌ڵام له‌ تورکیا ئه‌وه‌ مه‌حاڵه،‌ چوونکه‌ ئه‌و کاره‌ پێویستى به‌ پاره‌ى زۆر و پاڵپشتى حکومه‌ته‌، ئه‌مه‌ش جیا له‌وه‌ى نه‌بوونى ئازادى ڕۆژنامه‌گه‌رى ڕێگا نادات که‌ کورده‌کان ببنه‌ ده‌زگایه‌کى میدیاى که‌ به‌ ئازادى باس له‌ کێشه‌کانیان بکه‌ن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار