"حکومەتی ئەمجارە دوا هەلە بۆ ڕزگارکردنی عێراق"

2018-10-11 13:45:54



یاد قوربانی

هەرچەندە هەڵبژاردنی ئەمساڵی پەرلەمانی عێراق لە لایەن زۆرێک لە لێکۆڵەرەوە سیاسی و میدیا جیهانیەکان بە ئاڵۆز و پڕکێشە ناوزەند کرا، لە ئێستادا دەستنیشانکردنی پۆستە سیادیەکانی عێراق لە لایەن میدیا جیهانیەکانیەوە بە هەنگاوێکی ئەرێنی و نیشانەی داهاتوویەکی گەشتر بۆ عێراق دەبینرێت.

لە ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی (واڵستریت جۆرناڵ)ی ئەمریکیدا بە مانشێتی (هەڵبژاردنەکەی عێراق خراپ دیاربوو بەڵام حکومەتە نوێکە لەمە باشتر نابێت) هاتوە کە بە پێچەوانەی پێشبینیەکانیەوە پۆستە سیادیەکانی عێراق بۆ کەسی لێهاتوو و دوور لە تایەفەگەری بوە.

سەرکردە نوێکانی عێراق لە چاوی جیهانەوە

ڕۆژنامە ئەمریکیەکە بەرهەم ساڵح بە سەرکردەیەکی چالاک و نوێگەر و گۆڕانخواز لەقەڵەمدەدات و دەڵێت وەک سەرکردەیەک بەرهەم ساڵح کاری بۆ پێشخستنی دیموکراسی و دابینکردنی هەلی کار و پێشخستنی ئابوری کردوە.

لە بارەی عادل عەبدولمەهدیی ڕاسپێردراوی سەرۆک کۆمار بۆ پێکهێنانی حکومەتیش، ڕۆژنامە ئەمریکیەکە عەبدولمەهدی وەک دەوڵەتمەدارێکی میانڕەو و عەمەلی و هێور ناودەبات کە "ڕەنگە لە لایەن هەموو هاوڵاتیەکی عێراقیەوە خاوەن ڕێزبێت" کە ئەمەش بە دەستکەوتێکی دەگمەن ناوزەند دەکات لە نێو سەرکردە عێراقیەکاندا.

دوو کێشە بەرۆکی حکومەتە نوێکەی عێراقی گرتوە

ڕۆژنامە ئەمریکیەکە دوو کێشەی خستۆتە ڕوو کە بەرۆکی حکومەتە نوێکەی عێراقی گرتوە، دەڵێت: "گەندەڵی بەربڵاو و پەرلەمانێکی دابەشبوو و کەمی ڕێژەی بەشداربوان وایکرد هەڵبژاردنەکەی مانگی پێنجی عێراق بە ئەرێنی تەماشانەکرێت، بەڵام ئەم دەرئەنجامەی ئێستا دەبێت هیوابەخشبێت بۆ داهاتووی عێراق." دوو کێشە سەرەکیەکەی ڕووبەڕووی حکومەتی نوێش دەبێتەوە ئەم دووانەن:

یەکەم کێشە: گەندەڵی، ناکارایی و بەبەردبوونی حکومەتەکانی عێراق

ڕۆژنامە ئەمریکیەکە ئەوە دەخاتە ڕوو کە ئابوری عێراق هێشتا لە بارێکی دژواردایە و حکومەتی عێراقیش نەیتوانیوە هیچ کردارێکی ئەرێنی هەبێت. بەردەوامیی خۆپیشاندانەکان لە باشوری وڵات ڕەنگە پەنگ بخوات و دەرئەنجامەکەی شۆڕشێکی نوێ یاخود شەڕێکی ناوخۆی نوێبێت لە عێراقدا.

حکومەتەکەی عەبادیش هەرچەندە هەوڵیاندا نەیانتوانی ئەم کێشەیە کەمبکەنەوە، هۆکاری ئەمەش لە لایەن واڵ ستریت جۆرناڵەوە بۆ ئەوە گێردراوەتەوە کە سیستەمی سیاسی لە عێراق خۆی بەرژەوەندە لە گەندەڵی و لەبەر ئەمە هەوڵەکانیان بۆ نەهێشتنی گەندەڵی دژی خۆیانە، "حیزبەکانی عێراق وەزارەتەکان لە نێوان خۆیاندا دابەشدەکەن و دواتر بۆ سپۆنسەر کردن و پاڵپشتی ئەجێندای حیزبەکانی خۆیان بەکاریدێنن و هەر واش سامانی نەوتی وڵات دابەش دەکەن. هەموو حیزبەکان بە ڕاستەوخۆ بەرژەوەندیان لەم ڕێکەوتنانەدا هەیە و لەبەر ئەمە کەس هەوڵی نەهێشتنی گەندەڵی نادات، هەر کەسێکیش ویستی دژە گەندەڵی هەبێت دژایەتی دەکرێت."

تەنها چارەسەریش کە لە لایەن واڵ ستریت جۆرناڵەوە خراوەتە ڕوو ئەوە سەرۆک وەزیرانێکی هێندە بەهێز لە عێراقدا بوونی هەبێت کە بتوانێت بێ گوێدانە بەرژەوەندی حیزبەکان کار بۆ ڕیفۆرمی سیاسی بکات. بەڵام عادل عەبدولمەهدیش وەک سەرۆک وەزیرانەکانی پێش خۆی بەرهەمی تەوافوق و ڕێکەوتنی سیاسیە و دەستکراوە نیە لە کارکردندا.

دوەم کێشە: ئێران

لەمەش وردتر کێشەکە سیاسەتی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکایە بەرانبەر بە ئێران کە فشارێکی ئابوری زۆری خستۆتە سەر تاران. بە پێی ڕاپۆرتەکە واشنتۆن ئەو ڕاستیەی پشتگوێ خستوە کە تا فشاری ئابوری لەسەر ئێران زیاتر بکات ئەو وڵاتە هانا بۆ عێراق دەبات تا ئابوریەکەی بگەشێنێتەوە، ئەمەش بە واتای زیادبونی مامەڵەی دارایی لەگەڵ عێراق کە کاری قاچاغ و ئاڵوگۆڕی نایاسایی دراویش لەخۆ دەگرێت.

"لەبەر ئەم هۆکارەیە کە تاران بەغدادێکی بێ هێز و گەندەڵی پێ باشە، حکومەتێکی گۆڕانخوازی بەهێز ئەم چەواشەکاریانەی ئێران قبوڵناکات. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، پلانێکی باش داڕێژراو بۆ فشارخستنە سەر ئێران دەبێت بەهێزکردنی عێراق لەخۆبگرێت.  بەڵام ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ ئامادەنەبوە عێراق بکات بە بەشێک لە سیاسەتی وڵاتەکەی بەرانبەر ئێران."

بۆ فشارخستنە سەر ئێران ئەمریکا دەبێت ئەم سێ پلانە لە عێراق جێبەجێ بکات

  • جێگیرکردنی پێنج بۆ دە هەزار سەربازی ئەمریکی لە عێراق بۆ دڵنیایی دان بە عێراقیەکان کە هیچ هێزێک بە هێزەکانی سوپای عێراق و هێزەکانی حەشدی شەعبیشەوە ناتوانن توند و تیژی بەکاربێنن بۆ مەرامی سیاسی خۆیان.
  • هاوکاریەکی دارایی بەرچاوی جێگیری حکومەتی عێراق بکات ساڵانە بە بڕی یەک بۆ دوو ملیار دۆلار ساڵانە بۆ ماوەی پێنج ساڵ. ئەم هاوکاریە بەرپرسیارێتی مامەڵەپێکردنی بدرێت بە سەرۆک وەزیران و یارمەتیدەربێت بۆی لە پێناو دژایەتیکردنی گەندەڵی و سستی حکومەت و بتوانێت سودی دارایی شەرعی بۆ هاوڵاتیان دابینبکات.
  • کارکردن لەگەڵ بەغداد بۆ دەستنیشانکردن و جێبەجێکردنی چەند پڕۆژەیەک لە میانەی دوو ساڵی داهاتوودا کە کێشە و گرفتە هەنوکەییەکانی هاوڵاتیانی عێراق بکاتە ئامانج. ئەمە گرنگیەکی تایبەتی هەیە و نیشانی گەلی عێراقی دەدات کە حکومەتە نوێکەی وڵاتەکەیان لە کێشە و گرفتەکانیان تێدەگات و هەوڵ دەدات کوالیتی ژیانیان باشتر بکات. ئەمە تەنها ڕێگەیە بۆ قەناعەتپێکردنی دەنگدەرانی عێراق کە حکومەتەکەیان پێویستی بە کاتی زیاترە تا بەردەوامبێت لە پرۆژە و چاکسازی لەم جۆرە و گۆڕانکاری ڕیشەیی بکات بەرەو وەرچەرخانێکی ئابوری و سیاسی لە عێراق.

 

لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا هاتوە کە ئەمریکا لە دوای ٢٠٠٣ وە چەندین جار سەرکەوتنی سەربازی گرنگی تۆمارکردوە بەڵام دواتر دەستکەوتەکانیان لەدەستداوە چونکە نەیانتوانیوە کێشەکانی ئاشتی چارەسەربکەن، "دووبارە عێراق لە لێواردایە. بە موعجیزە، پرۆسەی سیاسی ئەم جارە سەرکردایەتیەکی خولقاندوە کە دەتوانن هەوڵبدەن وڵاتەکە بەرەو ئاراستەیەکی ڕاستدا بەرن. ئەمەش پێدەچێت دواین و باشترین هەلبێت بۆ ڕزگارکردنی عێراق و ڕێگری لەوەی ئەمریکا دووبارە لەشکرکێشی سەربازی بکاتەوە سەر ناوچەکە. بەڵام لە ئێستادا، عێراقیەکان بێ ئەمریکا ناتوانن بە تەنها ئەم پلانی ڕیفۆرمی سیاسی و ئابوریە جێ بەجێبکەن.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار