سه‌رکردایه‌تیه‌کى یه‌کێتى: پارتى ده‌یه‌وێت له‌به‌غدا تۆڵه‌ له‌ یه‌کێتى بکاته‌وه‌

2018-12-06 14:10:46



ئارا ئیبراهیم
ئه‌ندامێکى سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتى ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات که‌ هه‌موو هه‌وڵێک ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ى وه‌زاره‌تى داد وه‌ربگرن و پێشیوایه‌ ناته‌بایى نێو لایه‌نه‌ کوردییه‌کان واى کردووه‌ ته‌نها سێ وه‌زاره‌ت بدرێته‌ کورد.

ئه‌مڕۆ دانیشتنى په‌رله‌مانى عێراق بۆ متمانه‌دان به‌ هه‌شت وه‌زیرى کابینه‌که‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى دواخرا بۆ رۆژى شه‌ممه‌ و ناکۆکییه‌کان له‌سه‌ر وه‌زاره‌ته‌کانى به‌رگرى لاى سونه‌کان و ناوخۆ لاى شیعه‌کان و وه‌زاره‌تى داده‌ لاى کورد که‌ یه‌کێتى به‌ ئیستحقاقى خۆى داده‌نێت.

فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد، ئه‌ندامى سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتى نیشتمانى کوردستان، له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت" هه‌موو هه‌وڵێک ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ى وه‌زاره‌تى داد له‌عێراق وه‌ربگرین، ئه‌گه‌ر ئه‌و وه‌زاره‌ته‌شمان وه‌رنه‌گرت، دوو کاریگه‌رى خراپى ده‌بێت، په‌یوه‌ندیه‌کانمان له‌گه‌ڵ پارتى خراپ ده‌بێت به‌ دڵنیاییه‌وه‌ و ره‌نگدانه‌وه‌ى خراپى ده‌بێت، چونکه‌ پارتى حه‌قى له‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا نییه‌".

یه‌کێتى نیشتمانى کوردستان خالید شوانى کاندید کردووه‌ بۆ وه‌رگرتنى وه‌زاره‌تى داد، به‌ڵام عادل عه‌بدولمه‌هدى ناوى دکتۆر دارا نوره‌دین خسته‌روو بۆ وه‌رگرتنى وه‌زاره‌تى داد که‌ نزیکه‌ له‌ پارتى دیموکراتى کوردستانه‌وه‌.

ناوبراو ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد که‌ یه‌کێتى رازى بووه‌ پارتى وه‌زاره‌تێکى سیادى و وه‌زاره‌تێکى خزمه‌تگوزارى و جێگرى دووه‌مى سه‌رۆکى په‌رله‌مانى عێراق وه‌ربگرن"ئه‌مه‌ى پارتى ده‌یکات بۆ تۆڵه‌ کردنه‌وه‌یه‌ له‌ یه‌کێتى و هیچ مانایه‌کى نییه‌".

ناوبراو وتیشى" په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدى تێکده‌چێت ومامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و حکومه‌ته‌ ناکه‌ین و  متمانه‌ى خۆمان له‌ عه‌بدولمه‌هدى وه‌رده‌گرینه‌وه‌، به‌دڵنیاییه‌وه‌ به‌ ده‌نگى ئێمه‌ که‌ 21 کورسیمان هه‌یه‌ ناتوانرێت متمانه‌ى لێ وه‌ربگیرێته‌وه‌ و ناروخێت".

فراکسۆنه‌ کوردییه‌کان له‌په‌رله‌مانى عێراق خاوه‌نى 58 کورسین و به‌پێى رێژه‌ى سه‌دى بێت کورد له‌سه‌دا 17.8ى په‌رله‌مانى عێراق پێکده‌هێنێت و ئیستحقاقى چوار وه‌زاره‌تى له‌ کابینه‌که‌ى عادل عه‌بدوبدولمه‌هدیدا هه‌یه‌ وه‌ک په‌رله‌مانتارانى کورد باسى ده‌که‌ن.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ى سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتى ده‌ڵێت کورد له‌ به‌غدا یه‌کگرتوو نییه‌ و به‌غداش ئه‌و ناکۆکیانه‌ى نێو فراکسۆنه‌ کوردییه‌کانى قۆستۆته‌وه‌ سێ پۆستى وه‌زاره‌تى بۆ کورد ته‌رخان کردووه‌، وتیشى" پارتى نایه‌وێت کورد له‌ به‌غدا چوار وه‌زاره‌تى هه‌بێت، ئه‌وکاتیش هه‌ر یه‌کێتى وه‌زاره‌تێکى ده‌بێت، ئێمه‌ وه‌کو یه‌کێتى پێمانباشه‌ چوار وه‌زاره‌تیش زیاتر بێت، ئه‌و ناته‌باییه‌ى له‌نێوان یه‌کێتى و پارتى هه‌یه‌ له‌عێراق و هه‌رێمى کوردستان و ناوچه‌ جێناکۆکه‌کان له‌کۆتایدا هه‌موولایه‌کمان زه‌ره‌ر ده‌که‌ین".
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار