عاشق ئازاره‌کانى مه‌عشوق ماچ ده‌کات

6 ساڵ لەمەوپێش



هیوا غفور شێخ پاڵه‌وانى

له زانستى دهرووناسى دا ئهو کهسهى چێژ له ئازارى کهسانى تر وهردهگرێت، پێى دهوترێت کهسێکى (سادیزم)ه واته پێى خۆشه ئازارى کهسانى تر بدات، ئهو چێژ لهو ئازاردانه دهبینێت، بهپێچهوانهى کهسى (ماسۆشییهت) که حهز به ئازاردانى خۆى دهکات، یان حهزدهکات ئازار بدرێت و چێژ لهو ئازاردانهش دهبینێت. گهر ئهم دوو زاراوه دهروونناسییه بخوازین و له دونیاى عیشق و ئهوینداراندا تهوزیفى بکهینهوه، دهتوانین بڵێین عاشق کهسێکى (ماسۆشییهت)هو ئهو ئازارهى خۆش دهوێت که لهلایهن مهعشوقهکهیهوه پێى ده

چێژرێت، مهعشوقیش کهسێکى (سادیزم)ه و چێژ لهو ئازاره دهبینێت که به عاشقى دهچێژێت، لهم روانگهیهوه ئێمه دهتوانین دوو زاراوهى تر وهربگرین، ئهویش (چێژ و ئازاره).

چێژو و ئازار دوانهیهکى دانهبڕاون، که ههمیشه مهعشوق لهپێناو عاشقهکهى خۆى دا ئازار دهچێژێت و مهعشوقیش چێژ لهو ئازاره دهبینێت.

مهعشوق که وتمان که سایهتییهکى سادیزمى ههیه، چێژ له ئازاردانى عاشق دهبینێت، پێى خۆشه عاشق لهناو ئازاردا بتلێته‌‌وهو چاوى پڕخوێنینى ببینێت، مهعشوق ببینێت و تریقهى پێکهنینى بهرزبکاتهوه، دڵشکانى یار ببینێت و بڵێ سوڵتانى دڵى بیمارى تۆ منم.

مهعشوق، زۆرجار مهبهستێتى عاشقى دڵى خۆى تاقیبکاتهوهوه، بۆ ئهوهى بزانێت تا چهندێک ئامادهى ئازار چهشتنه، گهر سهیرى ئهدهبى کلاسیکى کوردى بکهین، ههمویان زهلیل و بچوکى دهستى مهعشوقن، ههمویان خهریکى خۆ بچوککردنهوهو ئازار چهشتن و لهبهردهم یاردا کهوتنن. سهیرى مهحوى بکه، کاتێک یارهکهى دێت، لهبرى بهپێ رۆیشتن، بهسهر سهر دهڕوات بهرهو رووى یار:

بهپیر ئهو ماههوهچووم و بهسهرچووم

پهرى بوو ئهو نهبوو شهوبوو بهسهرچووم

مهحوى ههر ئهوهنهش نا که بهسهر سهر دهڕوات بهرهو رووى  یار، بهڵکو چێژ له زهلیلبوونى خۆشى دهبینێت و سوپاسى مهعشووقیش دهکات، که نهک رقى لێى نییه و پێى ناخۆش نییه که ئازارى ئهدات، بهڵکو سوپاسى ئهوهشى دهکات که رێى داوه بۆ ئازارهکانى خۆشى بگریت

 

شکور یار ئیزنى دام ههم گرییه کهم ههم قوڕ بهسهردا کهم

بهجارێ شاهى من بهڕو بهحرى بهخشى بهدەروێشێ

یاخود سهیرى نالى کهن له شیعرێکدا دهڵێ:

یار دڵى خوێنین و چاوى پڕگریانى دهوێ

ئارێ ئارێ گوڵ لهباخان ئاوى بارانى دهوێ

ئهها مهعشوق ئهیهوێ دڵى نالى ببێ به خوێن و چاوى ههمیشه پڕ لهگریان بێت، سهرچاوهى ههموو ئهم گریانهى نالى و چاو پڕ لهخوێنهى، دڵبهرهکهى نالى یه که ههمیشه دڵى دهشکێنێت و چێژ لهو دڵشکانهش دهبینێت:

بۆچى نهگریم سهد کهڕهت دڵم دهشکێنى

مهى بۆ نهڕژێ شیشه لهسهد لاوه شکاوه

رهنگه ئهو پرسیاره جێگهى خۆى بێت که بکرێت، کهسێکى وهک نالى و مهحوى ئهم ههموو خۆ بچووکردنهوهیهو ئهم ههموو زهلیلى و خۆ بهکهمزانینه بۆ؟ وهڵامهکهى ئهوهیه له عیشقدا گهورهیی و خۆ به زلزانى نییه. عیشق سوتان و توانهوهیه، جێگهى خۆ به پاڵهوانکردن و خۆ بادان بهسهر ئهودا کردن نیه، بهڵکو جێگهى ئهوهیه ببیت به گهردى پێى یار و مهمنونیش بیت یار پێیهکت پیابنێت، گوێ بداتێ یانهداتێ تۆ دهبێ ئاه و فهریادى خۆت بکهیت، پێ بزانێ یان نهزانێ، تۆ دهبێ بهدڵ یادى بکهیت.

خۆشهویستهکهى شێخى سهنعانیش، ههر ئهوهندەى نهکرد که دڵى شێخى کهمهندکێشکردبوو، بهڵکو واشى لێکرد، له دینهکهى ههڵگهڕێتهوهو دهم و چاوێکى نورانى که شهست ساڵ بوو، خۆى لهژێردا شاردبووهوه، ههڵى دایهوهو دایه بهر ئازارى تانهو تهشهرى خهڵکى، ئاخر خۆ ئهو دهیتوانى بێ ئهوهى شێخى سهنعان واز لهدینهکهشى بهێنێت، ببێته خۆشهویستى و شوى پێبکات، بهڵام واى نهکرد، تا فیداکارى و قوربانى دان و ئازارى شێخى سهنعان ببینێت. شێخى سهنعانیش وایکرد، ئازارى له دین ههڵگهڕانهوهى چهشت، گوێبیستى ههموو نهفرینێکیش بوو که پێى دهوترا، ئهو ههم چێژى لهو ئازاره دهبینى، ههم خۆشحاڵ بوو که دڵى مهعشوقهکهى رازى کردووه.

له رۆمانى (کۆشکى باڵنده غهمگینهکانى) بهختیار عهلیش دا، کارهکتهرى (سهوسهن فیکرهت گوڵدانچى) بهیهکجار سێ له داواکار و عاشقهکانى خۆى دهخاته مهترسى و تهنگ و چهڵهمهوه، ئهو دهیهوێت ئهو سێ داواکارهى هاتوون بۆ داواى تاقییانبکاتهوه. ههموو دونیا بگهڕێن و ئازار بچێژن، ئهوسا شوو به یهکێکیان بکات. ئهو خۆشحاڵ دهبێت دواى ئهوهى ئهوسێ داواکارهى دنیا دهگهڕێن، بگهڕێنهوه لاى. سهوسهن دهڵێت (گهر منیان بیرنهچێتهوه، من بهختهوهر دهبم، چونکه ئهوکات دڵنیادهبم که عاشقى گهورهم ههیه، عاشقێک بینینى دونیا، بینینى ژنهجوانهکانى سهرزهمین، منى بیر نهبردووهتهوه) له شوێکى تریش دهڵێت (ئاخۆ من کچێکم، دواى بینینى دونیاش مرۆڤ ههر دهتوانێت عاشقم بێت) سهرهنجام، ئهو سێ داواکاره به مهرجهکانى رازى دهبن و ههرسێکیان ئامادهن، ئهمسهرى دونیا بۆ ئهو سهرى دونیا له پێناوى مهعشوقهکهیاندا تهى بکهن، ئازار بچێژن و خهم بخۆن، ئهمه ئهو شتهیه که دهڵێن عاشق ئێش و ئازارهکانى که لهلایهن مهعشوقهوه پێى دهچێژرێت، خۆشدهوێت.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار