‌ئه‌نجومه‌نى سیاسى عه‌ره‌بى له‌که‌رکوک: قبوڵمان نییه‌ هێزى پێشمه‌رگه‌ بگه‌رێته‌وه‌

وته‌بێژى ئه‌نجومه‌نه‌که‌: رێگر نابین ئه‌نجومه‌ن پارێزگارى که‌رکوک هه‌ڵبژێردرێت

2019-02-09 12:11:26



سه‌روه‌ر خه‌لیل.که‌رکوک

وته‌بێژى ئه‌نجومه‌نى سیاسى عه‌ره‌بى له‌ که‌رکوک ده‌ڵێت:" قبوڵمان نییه‌ هێزى پێشمه‌رگه‌ له‌ شاره‌که‌ بوونى هه‌بێت"، ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌دات رێگر نابین له‌دانیشتنى ئه‌نجومه‌ن بۆ هه‌ڵبژاردنى پارێزگارى نوێ.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ ئه‌نجومه‌نى سیاسى عه‌ره‌بى له‌که‌رکوک به‌سه‌رۆکایه‌تى راکان سه‌عید رێکخه‌رى گشتى ئه‌نجومه‌نه‌که‌ که‌ هاوکات پارێزگارى که‌رکوکه‌ به‌وه‌کاله‌ت کۆبووه‌وه‌و تاوتوێى دۆخى سیاسى که‌رکوک و پرسى گه‌ڕانه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌یان بۆ شاره‌که‌ کرد.

پرسى پێشمه‌رگه‌
حاتم تائى وته‌بێژى ئه‌نجومه‌نى سیاسى عه‌ره‌بى له‌لێدوانێکدا بۆ هاوڵاتى ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد له‌کۆبوونه‌وه‌که‌دا هه‌ڵوێستى خۆیان روونکرده‌وه‌ که‌ دژى گه‌ڕانه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ن و سوورن له‌سه‌ر هێشتنه‌وه‌ى دۆسیه‌ى ئه‌منى به‌ده‌ستى حکومه‌تى ئیتیحادییه‌وه‌، وتیشى" ئێمه‌ قبوڵمان نییه‌ که‌ هێزى پێشمه‌رگه‌ له‌که‌رکوک بوونى هه‌بێت و پێویسته‌ دۆسیه‌ى ئه‌منى به‌ده‌ستى حکومه‌تى ئیتیحادییه‌وه‌ بێت چونکه‌ نوێنه‌رایه‌تى سه‌رجه‌م پێکهاته‌کانى گه‌لى عێراق ده‌کات به‌کوردیشه‌وه‌".

تائى جه‌ختى له‌وه‌کرده‌وه‌ که‌ هێزى پێشمه‌رگه‌ش به‌پێى یاسا تایبه‌ته‌ به‌پاراستنى هه‌رێمى کوردستانه‌وه‌ و "که‌رکوکیش به‌شێک نییه‌ له‌هه‌رێم".

هه‌ڵبژاردنى پارێزگار له‌ که‌رکوک

له‌باره‌ى پرسى هه‌ڵبژاردنى پارێزگارێکى بۆ شاره‌که‌ حاتم تائى ئه‌وه‌ى خسته‌روو ئه‌و بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندى به‌ئه‌وانه‌وه‌ نییه‌ و به‌لایانه‌وه‌ گرنگ نییه‌ به‌ڵکو ئه‌وه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ یه‌کێتى و پارتى که‌ پڕۆژه‌یان هه‌یه‌ بۆ هاندانى ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌ن بۆ کۆبوونه‌وه‌ و هه‌ڵبژاردنى پارێزگار" ئه‌و پرسه‌ پرسێکى یاساییه‌ بۆیه‌ پێویسته‌ سه‌رجه‌م مه‌رجه‌ یاساییه‌کانى تێدا بێت و هه‌ر کاتێکیش ئه‌و مه‌رجانه‌ى تێدا بوو رێگر نابین له‌دانیشتنى ئه‌نجومه‌ن بۆ هه‌ڵبژاردنى پارێزگارى نوێ و شێوازێکى نوێ بۆ ئیداره‌ى که‌رکوک"، وته‌بێژى ئه‌نجومه‌نى عه‌ره‌بى که‌رکوک واى وت.

له‌باره‌ى راکان سه‌عیدیشه‌وه‌ باسى له‌وه‌کرد راکان سه‌عید پارێزگار نییه‌ به‌ڵکو به‌وه‌کاله‌ت له‌و پۆسته‌یه‌، ئه‌ویش که‌سێکى یاساییه‌ و پابه‌ند ده‌بێت به‌ڕێکاره‌ یاساییه‌کانه‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌نجومه‌نى پارێزگا به‌رپرسه‌ له‌هه‌ڵبژاردنى پارێزگا که‌ ئه‌نجومه‌نێکى "ئیفلیجه‌"و به‌هۆى ناکۆکییه‌کانه‌وه‌ ناتوانن کۆببنه‌وه‌.

ده‌ستگیرکراوه‌کانى عه‌ره‌ب لاى یه‌کێتى
حاتم باس له‌وه‌ ده‌کات که‌ کۆبوونه‌وه‌که‌ ستایشى ئه‌و هه‌وڵ و په‌یوه‌ندییانه‌ى کردووه‌ که‌ له‌گه‌ڵ یه‌کێتى ئه‌نجامدراون بۆ چاره‌سه‌رکردنى دۆسیه‌ى ده‌ستگیرکراوه‌کان که‌ له‌زیندانه‌کانى سلێمانیدان، ئه‌و ده‌ڵێت "بڕیاره‌ سبه‌ى یه‌کشه‌ممه‌ وه‌جبه‌ى یه‌که‌مى ئه‌و ده‌ستگیرکراوانه‌ که‌ ژماره‌یان هه‌شت بۆ ده‌ که‌سه‌ راده‌ستى به‌رپرسانى که‌رکوک بکرێته‌وه‌"

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شى رونکرده‌وه‌ ئه‌و رێککه‌وتنه‌ى ئه‌نجامدراوه‌ بۆ ئازادکردنى ئه‌و ده‌ستگیرکراوانه‌یه‌ که‌ هیچ تاوانێکیان به‌سه‌ردا ساغنه‌بووه‌ته‌وه‌.

پاش روداوه‌کانى 16ى ئۆکتۆبه‌ر، حکومه‌تى عێراق راکان جبورى راسپارد پارێزگارى که‌رکوک به‌وه‌کاله‌ت وه‌ربگرێت تا ئه‌و کاته‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگا کاندیدێک دیارى ده‌کات و ده‌نگى له‌سه‌ر ده‌دات بۆ پارێزگارى شاره‌که‌.

ئه‌م پرسه‌ هێشتا له‌نێوان یه‌کێتى و پارتى رێکه‌وتنى له‌سه‌ر نه‌کراوه‌و بریاره‌ 18ى شوبات بۆ دیارى کردنى کاندیدێک و رێکه‌وتن له‌سه‌ر له‌ شارى هه‌ولێر کۆببنه‌وه‌.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار