گۆڕان جێگرى سه‌رۆکى هه‌رێم و سێ وه‌زاره‌ت وه‌رده‌گرێت

مه‌سعود بارزانى بریار له‌سه‌ر داواکارییه‌کانى یه‌کێتى ده‌دات

2019-02-17 13:54:13


هاوڵاتی ڕێكلام

ئارا ئیبراهیم
ئه‌مڕۆ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان خۆى به‌ته‌واوى یه‌کلایده‌کاته‌وه‌ بۆ بڕیاردان له‌سه‌ر ئه‌و رێکه‌وتنه‌ى له‌گه‌ڵ پارتى کردویه‌تى تا سبه‌ینێ 18ى شوبات واژى بکات و یه‌کێتیش چاوه‌رێى وه‌ڵامى داواکارییه‌کانى ده‌کات که‌ مه‌سعود بارزانى سه‌رۆکى پارتى بریارى له‌سه‌ر ده‌دات.

گۆڕان چى له‌حکومه‌تدا وه‌رده‌گرێت
چالاک موهه‌ندیس، ئه‌ندامى جڤاتى نیشتمانى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌لێدوانێکدا به‌ هاوڵاتى وت"جڤاتى گشتى له‌کۆبونه‌وه‌دایه‌و دواتر جڤاتى نیشتمانى کۆده‌بێته‌وه‌و ئه‌ندامانى وه‌فدى دانوسانکار به‌شدارى کۆبونه‌وه‌که‌ ده‌که‌ن و خاڵ به‌خاڵى رێکه‌وتنه‌که‌ له‌گه‌ڵ پارتى ده‌خوێندرێته‌وه‌و گفتوگۆى له‌سه‌ر ده‌کرێت".

ناوبراو جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه‌ ئه‌گه‌ر رێکه‌وتنه‌که‌ له‌قازانجى خه‌ڵکى کوردستان و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانى میلله‌تدا بوو ئه‌وه‌ متمانه‌ى پێ ده‌ه‌دین و به‌شدارى حکومه‌ت ده‌که‌ین،"ئه‌گه‌ر بشزانین سووى نابێت بۆ خه‌ڵک ده‌نگى پێناده‌ین".

ئه‌و ئه‌نجامه‌ى جڤاتى نیشتمانى ئه‌وه‌شى ئاشکرا کرد که‌ پۆستى جێگرى سه‌رۆکى هه‌رێم یه‌کلایبۆته‌واو داواى هه‌ریه‌ک له‌وه‌زاره‌ته‌کانى (دارایى و ئابوورى، په‌روه‌رده‌، ده‌سته‌ى وه‌به‌رهێنان و کشتوکاڵ‌و سه‌رچاوه‌کانى ئاو)یان کردووه‌"ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت هه‌ر پۆستێک که‌ له‌ حکومه‌ت وه‌ریده‌گرین خزمه‌ت به‌ خه‌ڵکى کوردستان بکرێت، پۆسته‌کان به‌قه‌د ئه‌وه‌ به‌لامانه‌وه‌ گرنگ نییه‌ که‌ چ وه‌زاره‌تێک ده‌بێت"، ئه‌ندامه‌که‌ى جڤاتى نیشتمانى واى وت.

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شى روونکرده‌وه‌ که‌ پۆستێکى به‌رێوه‌به‌رى گشتیان له‌په‌رله‌مانى کوردستان وه‌رده‌گرن و له‌ ئه‌نجومه‌نى ئاسایش ئه‌ندامى باڵایان ده‌بێت.
بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌هه‌ڵبژاردنى 30ى ئه‌یلولى 2018دا  دوانزه‌ کورسى په‌رله‌مانى کوردستانى به‌ده‌ستهێناوه‌.

یه‌کێتى چاوه‌ڕێى واژۆى مه‌سعود بارزانییه‌

یه‌کێتى نیشتمانى کوردستان له‌ 5ى شوباتى 2019 دا سه‌رجه‌م داواکارییه‌کانى خۆى خسته‌ به‌رده‌م پارتى و ده‌یه‌وێت پرسى پارێزگارى که‌رکوک و وه‌زیرى داد له‌ حکومه‌تى عێراقى ببه‌ستێته‌وه‌ به‌ پێکهێنانى حکومه‌ته‌وه‌و وه‌ک یه‌ک پاکێج ته‌ماشایان ده‌کات.

سامان گه‌رمیانى، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتى له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت"داواکارییه‌کانى ئێمه‌ له‌ 5ى شوبات دراونه‌ته‌ براده‌رانى پارتى و ناکرێت بمانه‌وێت له‌هه‌رێمى کوردستان ته‌با بین و له‌پرسى که‌رکوک و به‌غدا یه‌ک هه‌ڵوێست نه‌بین بۆیه‌ به‌ یه‌ک پاکێج ته‌ماشامان کردووه‌".

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد که‌ حکومه‌تى هه‌رێم یه‌ک جێگرى ده‌بێت و ئه‌و پۆسته‌ش بۆ یه‌کێتى یه‌کلایبۆته‌وه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆکى په‌رله‌ماندا.

هاوکات، جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه‌ که‌ حزبه‌که‌ى پێنج وه‌زاره‌تى ده‌بێت له‌کابینه‌ى نۆیه‌مى حکومه‌تى هه‌رێمدا.

به‌پێى به‌دواداچونى هاوڵاتى، پارتى به‌ فه‌رمى به‌ یه‌کێتى راگه‌یاندووه‌ داواکارییه‌کانتان ده‌خرێته‌ به‌رده‌ستى مه‌سعود بارزانى سه‌رۆکى پارتى و ده‌بێت بریارى له‌سه‌ر بدات.

پارتى ده‌یه‌وێت له‌دانانى پارێزگارى که‌رکوکدا که‌سێک ئه‌و پۆسته‌ وه‌ربگرێت که‌ پارتى پێى رازى بێت و باس له‌ کاندیدکردنى رزگار عه‌لى ئه‌ندامى مه‌کته‌بى سیاسى یه‌کێتى ده‌کرێت و باس له‌وه‌ ده‌کرێت که‌ پارتى به‌و داواکارییه‌ رازى بووه‌.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار