هه‌فته‌یه‌ک له‌به‌رده‌م هه‌رێم ماوه بۆ راده‌ستکردنى نه‌وت

مانگى داهاتوو دۆسیه‌ى نه‌وتى هه‌رێم له‌لایه‌ن دادگاى فیدراڵییه‌وه‌ یه‌کلایی ده‌کرێته‌وه‌

2019-02-21 09:19:45


هاوڵاتی ڕێكلام

ئارا ئیبراهیم

یه‌کى ئازار کۆتا مۆڵه‌ته‌ بۆ هه‌رێمى کوردستان تا پابه‌ندبوونى خۆى رابگه‌یه‌نێت به‌ راده‌ستکردنى 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى رۆژانه‌ به‌ به‌غدادو چاوه‌ڕوانیشده‌کرێت حکومه‌تى هه‌رێم پرسه‌که‌ له‌ماوه‌ى هه‌فته‌یه‌کدا یه‌کلایی بکاته‌وه‌.

به‌پێى یاساى بودجه‌ى عێراق بێت هه‌رێمى کوردستان له‌ حاڵه‌تى راده‌ستکردنى نه‌وتدا بڕى 10 ترلیۆن و 800 ملیار دینارى له‌ساڵى 2019 بۆ ده‌نێردرێت له‌به‌رانبه‌ر راده‌ستکردنى 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى رۆژانه‌ به‌به‌غداد.

به‌پێى به‌دواداچونى ‌هاوڵاتى، مه‌سعود بارزانى سه‌رۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان ده‌یه‌وێت نه‌وت راده‌ستى به‌غدا بکرێت تا مه‌سرور بارزانى کاندیدى پارتى بۆ سه‌رۆکى حکومه‌ت کێشه‌ى دارایى و نه‌وتى بۆ دروست نه‌بێت و له‌ئێستاشه‌وه‌ تا 1ى ئازار تاوتوێى ئه‌وه‌ ده‌که‌ن و هێشتا بڕیارى کۆتایى له‌سه‌ر نه‌دراوه‌.

بڕیاریشه‌ دادگاى فیدڕاڵى له‌سه‌ره‌تاى مانگى داهاتوودا دوا بڕیارى خۆى له‌سه‌ر دۆسیه‌ى هه‌نارده‌کردنى سه‌ربه‌خۆى نه‌وتى هه‌رێمى کوردستان بدات، دواى ئه‌وه‌ى ساڵى رابردوو چه‌ند دانیشتنێکى له‌و باره‌یه‌وه‌ ئه‌نجامدا، به‌بێ ئه‌وه‌ى پرسه‌که‌ یه‌کلایی بکاته‌وه‌.

بڕیارده‌رى لیژنه‌ى دارایى له‌په‌رله‌مانى عێراق ده‌ڵێت 1ى 3ى 2019 هه‌رێمى کوردستان ده‌بێت خۆى یه‌کلایبکاته‌وه‌ بۆ راده‌ستکردنى نه‌وت به‌به‌غدا یان نا، چونکه‌ له‌دواى ئه‌وکاته‌وه‌ دادگاى فیدڕاڵى بڕیار له‌سه‌ر نه‌وتى هه‌رێم ده‌دات و چیتر دواى ناخات.

ئه‌حمه‌د حاجى ره‌شید له‌لێدوانێکدا به‌‌هاوڵاتى وت، له‌ئێستادا هه‌رێم له‌تاوتوێى ئه‌وه‌دایه‌ نه‌وت راده‌ستى به‌غدا بکات یا نا، «یه‌کێک له‌وانه‌ى پرسى پێکراوه‌ به‌نده‌ بووه‌و پێم راگه‌یاندوون نه‌وت راده‌ست بکه‌ن باشتره‌ مۆڵه‌ته‌که‌ بۆ یه‌ک ساڵه‌ بۆ خۆتان باشه‌و بۆ ئەو رێکه‌وتنه‌ى کردوتانه‌ وا ده‌که‌ن بۆ ساڵى داهاتوو باشتربێت دیاربوو نه‌رمیان نواند».

به‌پێى وته‌ى ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌، ئه‌گه‌ر هه‌رێمى کوردستان رۆژانه‌ 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت ته‌سلیمى به‌غدا بکات و له‌به‌رانبه‌ردا لەساڵی ‌2019 بڕى 10 ترلیۆن و 800 ملیار دینار بدرێته‌ هه‌رێم» وه‌ک ئه‌وه‌ وایه‌ هه‌ر به‌رمیلێک نه‌وت بفرۆشن به‌ 118 دۆلار ئه‌مه‌ش بۆ هه‌رێم زۆرباشه‌، به‌ڵام قه‌ناعه‌تم نییه‌ نه‌وت ته‌سلیمى به‌غدا بکه‌ن، چونکه‌ جۆرێک له‌ شه‌فافییه‌ت ده‌رده‌که‌وێت».

حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان پێشوازى له‌ په‌سه‌ندکردنى بودجه‌ى عێراق کردووه‌ له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌، به‌ڵام ئاماده‌یی ده‌رنه‌بڕیوه‌ بۆ راده‌ستکردنى نه‌وت به‌به‌غدا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا جه‌ختیکردووه‌ته‌وه‌ که‌ ده‌یانه‌وێت سه‌رجه‌م کێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌کانیان له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌ر بکه‌ن.

ئه‌حمه‌د حاجى ره‌شید ده‌ڵێت دوایین سه‌ردانى نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆکى حکومه‌ت له‌حه‌وتى ئه‌م مانگه‌دا بۆ به‌غدا  بۆ پرسى نه‌وت بووه‌ و»پێى راگه‌یاندوون که‌ ناتوانن بۆ ئه‌مساڵ نه‌وت راده‌ستى به‌غدا بکه‌ن».

به‌پێی یاساى بودجه‌ى عێراق، له‌حاڵه‌تى راده‌ستنه‌کردنى نه‌وتدا موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و پێشمه‌رگه له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ بۆ هه‌رێم ده‌نێردرێت بۆ ئه‌وه‌ى دووباره‌ کێشه‌ له‌نێوان به‌غداو هه‌ولێر روونه‌داته‌وه‌ له‌سه‌ر دۆسیه‌ى دارایى.

ئه‌حمه‌د حاجى ره‌شید وتى «جۆرێک له‌ رێکه‌وتن له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا بۆ راده‌ستنه‌کردنى نه‌وت هه‌یه‌ و ئه‌سڵى یاساى بودجه‌ش بۆیه‌ وا دانراوه‌ بۆ ئه‌مساڵ نه‌وت راده‌ستى به‌غدا نه‌کرێت».

باسى له‌وه‌شکرد، یه‌کێک له‌ گرفته‌کانى به‌رده‌م راده‌ستنه‌کردنى نه‌وت ئه‌وه‌یه‌ که‌ گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌کانى هه‌رێم ئاشکراده‌بێت «ئه‌مه‌ش به‌گه‌وره‌ترین مه‌ترسى ده‌زانن، چونکه‌ له‌کۆى 58 گرێبه‌ستى نه‌وتى هه‌رێم هه‌شتیان که‌سى سێیه‌مى تێدایه‌ که‌ له‌بنه‌مادا گرێبه‌ست ده‌بێت ته‌نها له‌نێوان دوولایه‌ندا بێت».

هه‌فته‌ى رابردوو یاساى بودجه‌ى عێراق که‌وته‌ بوارى جێبه‌جێکردنه‌وه‌، به‌ڵام تائێستا به‌غدا به‌پێی یاساکه‌ پشکى بودجه‌ى بۆ هه‌رێم نه‌ناردووه‌ و دیاریش نییه‌ که‌ به‌شه‌ بودجه‌ى هه‌رێم ده‌نێرێت.

وته‌بێژى سه‌رۆکایه‌تى کۆمار جه‌ختله‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌ که‌ سه‌رۆکایه‌تى کۆمار له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دایه‌ یاساى بودجه‌ وه‌ک خۆى جێبه‌جێ بکرێت و هیچ لایه‌ک پێشێلى نه‌کات.

حه‌سه‌ن جیهاد، له‌لێدوانێکدا به‌‌هاوڵاتى وت» ئه‌وه‌ په‌یوه‌ندى به‌ حکومه‌تى هه‌رێم و به‌غداوه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام یاساى بودجه‌ ده‌بێت وه‌ک خۆى جێبه‌جێ بکرێت».

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار