سەرحەد قادر: حەوت مانگە کەس لێی نەپرسیومەتەوە

2018-05-11 11:08:30



بنار هیدایه‌ت

عه‌مید سه‌رحه‌د قادر، به‌ڕێوه‌به‌ری پێشووی پۆلیسی قه‌زاو ناحییه‌کانی که‌رکووک له‌م چاوپێکه‌وتنه‌ى ‌دا، زانیاری له‌سه‌ر چه‌ند پرسێکی گرنگ ئاشکرا ده‌کات، هاوکات رایده‌گه‌یه‌نێت «د.نه‌جمه‌دین که‌ریم لیستێکی نوێ و سه‌ربه‌خۆ بۆ ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای که‌رکووک دروستده‌کات».

‌هاوڵاتی: له‌ چه‌ند رۆژی رابردوو که‌س و کار و خزمه‌کانت سه‌رپشک کرد بۆ ده‌نگدان به‌ هه‌رلیست و قه‌واره‌یه‌ک، ئه‌مه‌ ناچێته‌ چوارچێوه‌ى نیگه‌رانییه‌کانت له‌پارتی؟

سه‌رحه‌د قادر: رۆژانه‌ زیاتر له‌سه‌د که‌س په‌یوه‌ندیم پێوه‌ده‌که‌ن و پێم ده‌ڵێن ده‌نگ بده‌ین به‌ چ لایه‌نێک، راسته‌وخۆ پێم وتون کێ ده‌توانێت مافه‌ زه‌وتکراوه‌کانتان له‌که‌رکووک بۆ بگه‌ڕێنێته‌وه‌ و به‌رگریتان لێبکات دەنگی پێبدەن، ئه‌مه‌ رای تایبه‌تی خۆمه‌.

‌هاوڵاتی: ئه‌مه‌ ده‌چێته‌ بابی نیگه‌رانییه‌کانت له‌سه‌رکردایه‌تی پارتی؟

سه‌رحه‌د قادر: نیگه‌رانیم له‌پارتی شتێکی جیایه‌، هه‌رکه‌س ئازاده‌ له‌بیروبۆچوونی تایبه‌ت به‌خۆی، هه‌میشه‌ بۆچوونی خۆمم وتووه‌ به‌بێ سڵه‌مین ‌کردنه‌وه‌، له‌ ماوه‌ى 15 رۆژی رابردوودا زۆربه‌ى کاندیده‌کانی لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان هاتوونه‌ته‌ لام و زۆر شتیان خستۆته‌ به‌رده‌مم، به‌ڵام تا ئێستا هیچ وه‌ڵامێکم نه‌داوه‌ته‌وه‌.

‌هاوڵاتی: هیچ لایه‌نێک راسته‌وخۆ پێی وتویت له‌گه‌ڵیاندا کاربکه‌یت؟

سه‌رحه‌د قادر: ئه‌گه‌ر بچمه‌ ناو هه‌ر لایه‌نێکه‌وه‌ و خۆم قه‌ناعه‌ت و باوه‌ڕم پێی نه‌بێت فه‌شه‌لی تێدا ده‌هێنم، ده‌بێت له‌سه‌دا په‌نجا باوه‌ڕم پێی هه‌بێت و له‌سه‌دا په‌نجاکه‌ى تر پۆسته‌که‌ دروست بکه‌م، چونکه‌ بچمه‌ هه‌ر شوێنێک و پۆستێکم بدرێتێ و له‌گه‌ڵ قه‌ناعه‌تما نه‌بێت سه‌رکه‌وتوو نابم.

هاوڵاتی: رۆژێک له‌ رۆژان ئه‌ندامێکی یه‌کێتی بوویت، خه‌ڵک ئه‌و هه‌سته‌ى لای دروستبووه‌ ئێستا له‌م حزبه‌وه‌ زۆر نزیکی، تاچه‌ند راسته‌؟

سه‌رحه‌د قادر: بابه‌ته‌که‌ یه‌کێتی نیه‌، زۆرجار ئه‌و قسه‌یه‌یان پێ وتووم، هه‌موو مه‌کته‌ب سیاسیی یه‌کێتی ده‌ناسم و جه‌نابی مام جه‌لال به‌ڕه‌حمه‌ت بێت هاتۆته‌ که‌رکووک و چوومه‌ته‌ لای و خه‌ڵاتیشی کردووم، سه‌رده‌مانێک ئه‌ندامێکی یه‌کێتی بووم، له‌یه‌کێتییه‌وه‌ نزیکم و له‌بزووتنه‌وه‌ى گۆڕانیشه‌وه‌ نزیکم.

‌هاوڵاتی: ئه‌مه‌ تێکه‌ڵاوییه‌کی حزبایه‌تیی و نزیکبوونه‌وه‌یه‌؟

سه‌رحه‌د قادر: ئه‌گه‌ر وه‌ک هه‌ندێک که‌س حزبایه‌تی بکه‌م بێزم له‌خۆم دێته‌وه‌، بۆیه‌ وه‌ک ئه‌و کۆمه‌ڵه‌ هه‌لپه‌رسته‌ نه‌ حزبایه‌تی ده‌که‌م و نه‌کردوومه‌ و نه‌بیریشم لێکردووەته‌وه‌ و نه‌ قه‌ناعه‌تم پێی هه‌یه‌.

‌هاوڵاتی: له‌دوای 16 ی ئۆکتۆبه‌ره‌وه‌ پارتی هیچ کاتێک سه‌ردانیکردویت و لێیان پرسیویته‌وه‌؟

سه‌رحه‌د قادر: به‌ته‌نها هه‌ر من نیم، ماوه‌ى حه‌وت مانگه‌ ئێمه‌ له‌که‌رکووک نه‌ماوین، نه‌ پرسیارییان لێکردوین و نه‌ لێیان پرسیوینه‌ته‌وه‌، کاتێک شه‌هیدم ده‌دا له‌که‌رکووک و له‌ده‌شتاییه‌کانی حه‌ویجه‌ عه‌مید سه‌رحه‌د بووم، ئێستا کاندید هه‌یه‌ بۆ ده‌نگ کۆکردنه‌وه‌ سه‌ردانی ئه‌و خه‌ڵکه‌ ده‌کات، له‌کاتێکدا خه‌ڵک کاغه‌زی سپی ده‌خوێنێته‌وه‌.

هاوڵاتی: ئه‌م هه‌موو فه‌رامۆشکردنه‌ بەهۆی چییەوەیە؟

سه‌رحه‌د قادر: له‌دوای ساڵی 2003 ه‌وه‌ من له‌که‌رکووک بووم، هیچ میزانییه‌ و خه‌رجییه‌کمان له‌سه‌ر حکوومه‌تی هه‌رێم نه‌بووه‌ و به‌ڵکو له‌سه‌ر حکوومه‌تی عێراق بووه‌، ماوه‌ى 15 ساڵی رێکه‌ پارتی دوژمنایه‌تییم ده‌کات و تۆمه‌تم ده‌خاته‌ پاڵ و کێشه‌م بۆ دروست ده‌کات، به‌شه‌رتێک یه‌ک دینار سودمه‌ند نه‌بووم له‌م حکوومه‌تی هه‌رێمه‌، که‌چی خه‌ڵک وایده‌زانی به‌ لۆری چه‌کی «ئێم فۆڕ» مان بۆ دێت، له‌مه‌جلیسێکدا به‌ به‌رپرسی پێشووی لقی چوارم وت ناتوانم پێنج کیلۆ چا بکڕم وتی ئه‌مه‌ کاره‌ساته‌ وامانزانیوه‌ به‌ فه‌رده‌ دۆلارتان لایه‌، ئه‌مانه‌ و ده‌یان شتی تر که‌ رۆژانه‌ رووبه‌ڕوومان بۆته‌وه‌.

‌هاوڵاتی: به‌نیازی جارێکی تر بگه‌ڕێیته‌وه‌ بۆ که‌رکووک؟

سه‌رحه‌د قادر: زۆر جار براده‌ران ئه‌وه‌یان پێ وتووم بگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ که‌رکووک، من لێره‌وه‌ و له‌هاوڵاتییه‌وه‌ ئاشکرایده‌که‌م جارێکی تر به‌جلی پۆلیسییه‌وه‌ ناگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ که‌رکووک، ئه‌گه‌ر بمویستایه‌ بگه‌ڕامایه‌ته‌وه‌ بۆ که‌رکووک زۆر پله‌ى به‌رزتر وه‌ک به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیس و قائید فیرقه‌یان ده‌دامێ، به‌ڵام دڵنیابه‌ سه‌رحه‌د قادر جارێکی تر به‌جلی پۆلیسی و به‌و سلکه‌وه‌ له‌ناو که‌رکووک نابینرێت.

‌هاوڵاتی: هۆکاری به‌شدارینه‌کردنت له‌که‌رنه‌ڤاڵی پارتی له‌سلێمانی و هاتنی نێچیرڤان بارزانی بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌؟

سه‌رحه‌د قادر: ماوه‌ى حه‌وت مانگه‌ له‌ماڵه‌وه‌ دانیشتووم و هیچ به‌رپرسێکی باڵای پارتیم نه‌بینیوه‌، بۆ که‌رنه‌ڤاڵه‌که‌ش ته‌له‌فۆنیان بۆ کردم وتیان وه‌ره‌، وتم نایه‌م.

هاوڵاتی: ده‌ڵێن لینکی نێوان سه‌له‌فییه‌کان و بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان و هاوپه‌یمانان و شێخه‌ عه‌ره‌به‌کان بویت له‌گه‌ڵ بارزانیدا، چۆن ئه‌م لینکه‌ دروست بووه‌؟

سه‌رحه‌د قادر: ئه‌و کاته‌ى له‌که‌رکووک بووم، مامۆستا عه‌بدول له‌تیفی سه‌له‌فی و سه‌له‌فییه‌کان داوایانکرد بچنه‌ لاى بارزانی، من ئه‌وانم برد، هه‌روه‌ها شێخ و که‌سایه‌تییه‌ عه‌ره‌به‌کانمان بردووه‌، هێزه‌کانی هاوپه‌یمانیم بردووه‌، براده‌رانی گۆڕان له‌که‌رکووک مام رۆسته‌م و ئه‌وان داوایانکردووه‌ بیانبه‌مه‌ لای بارزانی ئه‌وانیشم بردووه‌، من به‌ بروسکه‌ به‌ مه‌کته‌بی سه‌رۆکم وتووه‌ و ئه‌وانیش وتوویانه‌ با بێن، شتێکی تر هه‌یه‌ خه‌ڵک لێی بێ ئاگایه‌، له‌کاتی دووباره‌ بوونه‌وه‌ى بارزانی وه‌ک سه‌رۆکی هه‌رێم، ئه‌وه‌نده‌ى حه‌مه‌ى حاجی مه‌حمود و عه‌بدول له‌تیفی سه‌له‌فی پشتگیرییان له‌مانه‌وه‌ى بارزانی ده‌کرد هه‌ندێک له‌ئه‌ندامانی مه‌کته‌بی سیاسیی پارتی دیارنه‌بوون، ئه‌ندام مه‌کته‌بی سیاسیی پارتی هه‌یه‌ له‌هه‌موو شه‌ڕی داعشدا جارێک جلی کوردی له‌به‌ر نه‌کردووه‌، ئه‌وه‌نده‌ى حه‌مه‌ى حاجی مه‌حمود و عه‌بدول له‌تیفی سه‌له‌فی پشتیوانیان له‌پارتی و بارزانی کردووه‌ که‌سی دیکه‌ نه‌یکردووه‌ و مه‌وقیفییان هه‌بووه‌ به‌رامبه‌ر به‌ پارتی، ئه‌مه‌ حه‌قیقه‌تێکه‌ و ئاشکرایه‌.

‌هاوڵاتی: زۆرێک له‌شه‌هیده‌کانتان له‌سه‌ر رێگای که‌رکووک سلێمانی وێنه‌ى دانراوه‌، پارتی له‌خانه‌واده‌کانیان ده‌پرسێته‌وه‌؟

سه‌رحه‌د قادر: شه‌هید شه‌هیدی هیچ حزب و لایه‌نێک نیه‌، به‌ڵکو شه‌هیدی کوردستانه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌و شه‌هیدانه‌ ئێستا زیندوو ببنه‌وه‌ و سه‌یر بکه‌ن بۆ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌کاریان ده‌هێنن په‌شیمان ده‌بنه‌وه‌ له‌وه‌ی رۆژێک له‌رۆژان خۆیان به‌شه‌هید کردن داوه‌.

‌هاوڵاتی: ده‌نگۆی هاوپه‌یمانییه‌تیه‌ک هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ نه‌جمه‌دین که‌ریم بۆ لیستێکی سه‌ربه‌خۆ له‌ که‌رکووک، تاچه‌ند راسته‌؟

سه‌رحه‌د قادر: دکتۆر نه‌جمه‌دین له‌و باره‌یه‌وه‌ قسه‌ى له‌گه‌ڵ کردووم، به‌ڵام تائێستا خۆم یه‌کلایی نه‌کردۆته‌وه‌ و نه‌ به‌ رازی بوون نه‌ به‌ ناڕازیی بوون، پێی وتووم تورکمان و عه‌ره‌ب و لایه‌ن و که‌سایه‌تیی دیکه‌مان له‌گه‌ڵه‌، به‌ڵام من وه‌کوو ئه‌ندامێکی ئه‌نجوومه‌ن ناچمه‌وه‌ که‌رکووک، که‌ی خۆم یه‌کلایی کرده‌وه‌ بڕیار له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ ده‌ده‌م.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار