دوای ١١ ساڵ، یەکێتی بڕیارێکی تاڵەبانی پێشێل دەکات

یەکێتی تۆمەتبار دەکرێت بەدەستوەردان لەزانکۆ و دادگا دوای زیاتر لەدەیەیەک لەقەدەغەکردنی لەلایەن سەرکردە کاریزماکەیەوە

5 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

یەکیتی نیشتیمانی کوردستان تۆمەتبار دەکرێت بە دەستێوەردان لە زانکۆ و دادگاکاندا، ئەوەش دوای ١١ ساڵ دیت لە بڕیاریکی جەلال تاڵەبانی سکرتێری ئەوکاتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کە دەستێوەردانی لەو دوو دامەزراوەیە قەدەغەکردبوو.

بەپێی بڕیارەکەی تاڵەبانی هەریەکە لە دادگاکان و زانکۆکان، دوو دامەزراوەی سەربەخۆن و نابێت حزب بە هیچ شێوەیەک دەستێوەردان لەکاروبارەکانیادا بکات.

دوای ئەو بڕیارە بارەگاکانی کۆمەڵەی خوێنداکاران و یەکێتی لە ناو زانکۆ دورخرانەوە، بەڵام بۆ جارێکی تر، کۆمەڵەی خوێندکارانی سەر بە یەکێتی دەگەڕێتەوە بۆ زانکۆ، نوێنەرەکانی قوتابیان لە بەبشەکانیان دەردەکات، بە بیانووی ئەوەی کۆمەڵی خوێندکاران و یەکێتی نین.

هەروەها سەردانێکی قادر حەمە جان ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکیتی لێپرسراوی مەڵبەندی سلێمانی ئەو حزبە بۆ دادگا، لە هەفتەی رابردوودا، نیگەرانی بەدوای خۆیدا هێنا، ئەگەرچی حاکم قادر دەڵێت بۆ پشتگیری داد سەردانی کردوون.

بابەتی دەستێوەردان لەبواری دادگا، بابەتێکە قۆناغ بەقۆناغ لەعێراق و لەهەرێمی کوردستانیش، بەپێی ئەو بارودۆخەی کە هەبووە، گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، هەروەها ئەو بەڕێزانەی کە تەمسیلی  ئەو شوێنە ئەکەن، ئەو خەمە گەورەیان نییە بۆ ئەوە، بتوانن  لەناو هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی  سەربەخۆبن، لە رووی ئیداری و لەڕووی کارگێڕی  لەڕووی دارایی  «

هەروەها باسلەوەدەکات کە دەسەڵاتی دادوەری بۆ هەردووحزبی دەسەڵاتدار لەکوردستاندا، بابەتێکی زۆر گرنگ نەبووە

  هەروەک دەڵێت:هەتا هاتنە کایەی هەندێک کەیس کە وایکرد گرنگی پێ بدەن ئەگینا پێشتر زۆر بەلایانەوە گرنگ نەبوو. تەنانەت بیرمان نەچێت لە دروستکردنی  کابینەی نۆی حکومەت،  زۆر بە ئاشکرا لەسەر شاشەی میدیاکان  بەرپرسانی حزبێکی دیاریکراو باسیان لەوەئەکرد، دەسەڵاتی دادوەری شتێکبووە کە تائێستا باسیان نەکردەوە،  واتا بابەتەکە نەگەیشتە خۆیان باسیان نەکرد. 

ئەوپارێزەرە باسلەوەدەکات کە لەکابینەی نۆی حکومەت زۆر بەئاشکرا باسی ئەوە کراوە، کە سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری و دەسەڵاتی دادوەری، پشکی  فڵانە حزب بووە، هەروەک دەڵێت « تەشکیلکردنی ئەنجومەنی دادوەری زۆر بەئاشکرا لە نێوان هەردوو حزبی دەسەڵاتدار بوو»

ئەم بابەتە لەکاتێکدایە کە حاکم قادر سەردانی دادگای سلێمانی دەکات و پشتگیری یەکێتی بۆ سەروەری یاسا نیشان دەدات، کە ئەمەش زۆر رخنە لەدوای خۆیدا دەهێنێت.

حاکم قادر بە هاوڵاتی وت «ئەوە پشتیوانیە بۆ سەروەری یاسا، پێمان راگەیاندوون یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەگەڵ سەروەری یاسایە، لەگەڵ سەربەخۆیی  دەسەڵاتی دادوەرییە».

بەڵام کارزان فازڵ  پارێزەر و جێگری سەرۆکی رێکخراوی  DHRD بە هاوڵاتی وت «»سەردانەکە کارێکی هەڵەبووە، نەئەبوو دادگا وا خۆی نیشان بدات کە پێویستی بە پشتگیری حزبێکی دیاریکراوە»

وتیشی «خراپی سەردانیکردنی حاکم قادر بۆ دادگا ئەوەیە کە نەدەبوو لە میدیا نیشان بدرێت، چونکە ئەوەش دەرگایەک ئەکاتەوە بۆ حزبەکانی تر، ئەمەش کارێکی هەڵەیە و خراپە بۆدادگا».

حاکم قادر لە درێژەی قسەکانیدا بۆ هاوڵاتی وتی ئەو پشتگریی خۆی بۆ دادگا دەربڕیوەو داوای لێکردون کە «ئیجرائاتی یاسایی بەرامبەر هەموو تاوانبارێک بکرێت هەروەها لەگەڵ ئەوانەیین کە ئەوانەی حوکمی ئیعدامیان هەیە،  لەلایەن دادگاوە  جێبەجێ بکرێت».

لەبەرامبەردا کارزان فازڵ  دەڵێت «ئەو قسەیەی ئەو کە ئەڵێ پاڵپشتی دەکات و داوای ئیجرائاتی یاسایی دەکات، نیشانەی ئەوەیە دەستێوەردان هەیەو پێشتر هەبووە».

کارزان فازڵ  وتیشی «نابێ دادگا ئەم وێنەیەی نیشانی خەڵک بدات کە پێویستی بە پشتگیری حزبێکی سیاسییە ئەم کارە زۆر زۆر خراپە، چونکە دادگا نابێت پێویستی بە پشتگیری بێت بەپێی قانون مولزەمە هەرچی حزبی سیاسییە ملکەچی یاسا و بریاری دادگابێت».

ئەمە لەکاتێکدایە کە وتەبێژی دادگا، حاکم عومەر پشتی ئەو سەردانە دەگرێت و بە ئاسایی دادەنێت و دەڵێت «دادگا دەرگای لەسەر پشتە بۆ هەموو کەسێک، کە ئامادەبونی خۆی پێشان بدات بۆ جیبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگا.

حاکم عومەر محەمەد بە هاوڵاتی وت «دادگا پێویستی بە پشتوانی هەموو کەسێکە، بۆیە داوا لەهەموو کەسیش ئەکەین، ئامادەی خۆی دەرببڕێت بۆ پیادەکردنی یاسا و بەکارهێنانی نفوسی خۆی و دەسەڵاتی حزبی خۆی، بۆ ئەوەی یاسا بچەسپێنیت بەسەر ئەوکەسانەی کەئەگەر خۆیان دابێتە پاڵ حزبێک بۆ ئەوەی رادەستی دادگا بکرێن».

سەبارەت بە دەستێوەردانەکانی یەکێتی لە دادگاو زانکۆکان دوای ١١ ساڵ تێپەڕین بەسەر بڕیارەکەی تاڵەبانیدا یەکێتی ئامادە نییە لەو بارەیەوە قسە بکات.

سەبارەت بە دەستێوەردانی کۆمەڵەی خوێندکاران لە زانکۆ و سەردانی حاکم قادر بۆ دادگا، هاوڵاتی پەیوەندی کرد بە لەتیف شێخ عومەر وتەبێژی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بەڵام وتی  «من وتەبێژی حزبێکم پەیوندیم نییە بەو مەسائیلی شەخسییانە، کێ سەردانی کوێ ئەکات و کێ سەردانی کوێ ناکات، کادری حزب زۆرە قسە لەسەر ئەوە بکات، بڕۆن قسەیان لەگەڵ بکەن پەیوەندی بەمنەوە نییە .»

لە چەند رۆژی رابردوودا، کۆمەڵەی خوێندکارانی سەر بەیەکێتی، کچە خوێندکارێک دووردەخاتەوە لە نوێنەرایەتی خوێندکاران لە بەشەکەی خۆی، کە ئەرکی نوێنەرەکە راییکردنی کاروبارەکانی هاوپۆلەکانی بووە لە گروپەکەی خۆیدا.

لانە ستار کە لە لایەن کۆمەڵەی خوێندکارانەوە ڕیگری لێکراوە، دەڵێت کۆمەڵەی خوێندکاران «تۆمەت»یان بۆ هەڵبەستووەو وتویانە هاوڕێکانی شکاتیان لێکردوە بۆیە دوریان خستۆتەوە لە نوێنەرایەتی، بەڵام ئەو دەڵێت تەنها لەبەرئەوە دوریان خستۆتەوە، فەرمانێکی ئەوانی جێبەجێنەکردووە.

 هەڵمەت هۆشیار ئەندامی کۆمەڵەی خوێندکاران لە بەشی راگەیاندن، بەو کچە دەڵێت «هەرکەس یەکێتی، نەبێت ناتوانێت نوێنەر بێت».

سەبارەت بەم بابەتە هاوڵاتی پەیوەندی بە هەڵمەت هوشیار نوێنەری گشتی بەشی راگەیاندن کردەوە، بەڵام ئامادەنەبوو لێدوان بدات.

لانە ستار دووپاتی ئەوە دەکاتەوە کە بەهۆی یەکێتی نەبوونی دوورخراوەتەوە، «وەک یەکەم نوێنەری دوورخراوە، بە مافی خۆمی ئەزانم، ئەو تۆمەتانەی بۆم درووستکراوە، سەرلەبەری ڕەتبکەمەوەو ڕایبگەیەنم، ھۆکاری دوورخستنەوەم تەنها یەکێتی نەبوونم بوو».

وتیشی «سەرجەم مامۆستایانی ھەردوو قۆناغەکەم، ھەموو ھاوڕێکانم لە ھەردوو قۆناغ، زۆربەی نوێنەرەکان ئەو شایەتیەیان بۆ داوم کە چەند کەسێکی ھیلاک و خۆنەویست بووم، چەند بە ئازایانە کارەکانم ڕاپەراندووە. بۆیە ئەمانە جگە لە تۆمەتێک بۆ شاردنەوەی کارەکانی خۆیان ھیچیتر نین».

لانە زیاتر وتیشی «داوا لەسەرۆکایەتی بەشی ڕاگەیاندن دەکەم بەڕێزیان دژی ئەم سوکایەتیە بوەستنەوە کە بە شکۆی بەشەکەمان دەکرێت، چونکە بەشی ڕاگەیاندن ھەمیشە بەشێک بووە لە سەرکەوتنەکانی زانکۆی سلێمانی».

بە تەنها لانە نییە کە دورخراوەتەوە لە نوێنەرایەتی لەبەر ئەوەی کە یەکێتی نەبووە، بەڵکو رێبەرخالید شەریف یەکێکی ترە لەو خوێندکارانە باس لەوەدەکات نوێنەرەکەی خوێندکاران وتوویەتی «هەر کەس یەکێتی نییە دەبێت دووربخرێتەوە لەبەر ئەوەی منیش سەر بەهیچ حزبێک نیم».

لەگەڵ ئەوەشدا رێبەر ئامادە نییە دەستبەرداری کاری نوینەرایەتی ببێت، وتی «بەڵێ نوێنەرم، من ھاوڕێکانم دیارییان کردووم ھەرچەندە نوێنەریی گرنک نییە، بەڵام ھەرکەس لە ھاوڕێکانم بیانووتایە دەبینە نوێنەر، وازم دەھێنا، بەڵام تەنها لەبەرئەوەی کە من کۆمەڵەی خوێندکاران نیم، ئامادەنیم وازبهێنم».

سەروەت عەبدولقادر خوێندکارێکی ترە بە هاوڵاتی وت «هەرچالاکییەک لە ناو زانکۆ بکرێت، دەبێت کۆمەڵەی خوێندکاران رەزامەندبن».

هاوڵاتی پەیوەندی کرد بە دکتۆر سەلام نەسرەدین سەرۆکی بەشی راگەیاندن، بەڵام وتی «من ئاگاداری هیچ شتێک نیم تا ئەوکاتەی لەهەموو شت تێدەگەم، لێدوان نادەم».

بەڵام پڕۆفیسۆر دکتۆر رەزا حەسەن سەرۆکی زانکۆی سلێمانی لەوبارەیەوە بە هاوڵاتی وت «لەوەتەی من لێرەم، نەمهێڵاوە دەستی حزب  تەداخولی ناو ئێشی ئەکادیمی بکات، حزب خۆیشی نەهاتوە تەداخولی ناو زانکۆ بکات، راستە لەوانەیە کۆمەڵەی خوێندکاران نوێنەرێکیان هەبێت و بەشێوەی حزبییانە  ئێش بکات، ئەمە بابەتێکی ترە، بەڵام وەک ئەوەی کە نوێنەرایەتی  خوێندکاران، وەک نوێنەری کۆمەڵەی خوێندکاران ئێش بکات بەهیچ شێوەیەک ئێمە رێگەمان نەداوە».

وتیشی «ئێمە ئیجرائات لەگەڵ هەرکەسێک ئەکەین کە  بیەوێت دەستی حزب بکاتە ناو زانکۆ».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار