سەدر؛ ئەو پیاوەی هەژارەکان سەریان خست

6 ساڵ لەمەوپێش



براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکانی عێراق، وەڵامی عێراقییەکان بۆ ئەمریکا و ئێران دەکاتە نەخێر.

هەرێم جەعفەر

ئەگەرچی چاوی میدیاکان لەسەر براوەکانی شەری داعش بوو کە لە هەڵبژاردندا سەربکەون، بەڵام ئەوەی چاوەڕوان نەدەکرا ئەوە بوو کە موقەدا سەدر نەیهێشت تامی دەرکەوتنەکانیان بکەن. سەدر لە چەند ساڵی رابردوودا سەودا و کاری هەمیشە لەگەڵ چینی هەژارەکان بووە.

لە ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ هاتووە کە هەردوو وڵاتی ئەمریکا و ئێران کاریگەریان لەسەر هەڵبژاردنەکانی عێراق هەیە. چاوەڕوان دەکرا سەرۆک وەزیرانی ئێستا، حەیدەر عەبادی، کە پشتگیری ئەمریکای هەیە و کاندیدەکانی دیکە کە لە ئێران نزیکن ببنە خاوەن زۆرترین دەنگ، بەڵام سەدر بە هاوپەیمانی لەگەڵ کۆمۆنیستەکان توانی لە هەردوو بەرە بەرێتەوە.

سەدر ڕۆژانێک لە ڕێگای سوپاکەی بە ناوی میلیشیاکانی مەهدی دژی ئەمریکیەکان دەجەنگاو لە شەڕی تائیفی عێراق بەشدار بوو، بەڵام دواتر بووە خاوەن پەیامێکی نەتەوەیی هەردوو بەرەی ئێران و ئەمریکای ڕەتکردەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە سەدر هەرگیز هیچ پۆستێکی سیاسی نەبووە و بە ناڕاستەوخۆ بەشداری سیاسەتی عێراقی کردووە، بەڵام لە دەستنیشانکردنی سەرۆک وەزیرانی داهاتوو، پشکی شێری بەردەکەوێت.

وەک سەرکردەیەکی شیعە، لەگەڵ هەندێک لە سوونەکانی هاوڕێی ئەمریکا پەیوەندی هەبووە بە تایبەت لەگەڵ سعودیە. هەروەها پشتگیری لە حەیدەر عەبادیش کردوە کە شەڕی دژی داعش دەکرد.

سەدر پەیوەندی لەگەڵ ئێران باش نیە بەوەی پێشتر وتبووی کە دەبێت بەشار ئەسەد واز لە کورسی دەسەڵات بهێنێت و میلیشیا ئێرانیەکان لە عێراق دوور بخرێنەوە. ئەو دژی ناردنی خەڵکی عێراقیشە بۆ جەنگی سووریا لە ژێر ناونیشانی بەرەی بەرگری کە ئێران سەرپەرشتی دەکات.

ئەمەش وایکردوە کە سەدر زیاتر لە عەبادی، هاوپەیمانەکەی ئەمریکا نزیک بێت. لەبەر ئەوەی تاکو ئێستا سەدر بەشداری لە هیچ پۆستێکی حکوومی نەکردوە، نازاندرێت کە سیاسەتی ئەو حکوومەت چۆن دەبێت کە سەدر دروستی دەکات، بەڵام ڕەنگە ئەوە ڕوون بێت کە ئامانجی ئەمریکا لە عێراق کەمکردنەوەی هەژموونی ئێران.

ئالا سەعید، پرۆفیسۆری زانکۆ و شیکاری سیاسی لە زانکۆی بەغداد، وتی «ئەو بەشەی عێراق کە نزیک بوو لە بەرژەوەندییەکانی ئێران شەڕی هەڵبژاردنیان دۆڕاندوە و بەشەکەی دیکە سەرکەوتوە».

سەدر پێشتر ڕابەڕایەتی چەندین خۆپیشاندانی کردوە. دوو ساڵ لەمەوبەر هاوئاوازەکانی لە خۆپیشاندانی دژی گەندەڵی چوونە ناوچەی سەوز و پەڕلەمان لە بەغداد. ئەو خۆپیشاندانانە بوونە سەرەتایەک بۆ سەدر کە ببێتە کەسێکی بەهێزتر لە عێراق.

هەروەها سەدر یەکێکە لەو سیاسییە کەمانەی ئەمجارەی هەڵبژاردنی عێراق کە سوودیان لە بەشداری کەمی دەنگدەران بەهۆی نەمانی متمانە بە چینی سیاسی عێراق بینیوە.

فێرخوازێکی تەمەن ٢٤ ساڵان لە بەغداد، ڕەزاق حوسەین، کە یەکێک بووە لە خۆپیشاندەرانی ناوچەی سەوز و دەنگی بە سەدر داوە بەم جۆرە سەبارەت بە سەرکەوتنی سەدر بۆ وۆڵ ستریت جۆرناڵ دوا «سەدر پێشبینیەکی هەبوو کە هاتە دی. ئەو وتی کە خەڵک بەسەر سیاسیە گەندەڵەکاندا سەردەکەون و ئەوەش ڕوویدا».

«دوای ئەو قسەیە خەڵک چوونە ناوچەی سەوز بەرپرسە گەندەڵەکانیان ترساند. ئێستا هاوپەیمانی سائیرون سەرکەوت.

سەدر سەودا و کاری هەمیشە لەگەڵ چینی هەژار و نزمەکان بووە، ئەم نەریتەشی لە باوکیەوە هەڵگرتوە کە کاتی خۆی دژی دیکتاتۆری سەدام حوسەین بوو و لەسەر شەقامێک تەقەی لێکراو و کوژرا.

لە هەڵبژاردنی پیشوودا، سەدر توانی ٣٤ ئەندام بنێرێتە پەڕلەمان، بەڵام نەیهێشت هیچیان خۆیان کاندید بکەنەوە، چونکە دەیزانی دەنگدەران لە دەمووچاوە کۆنەکان بێزارن.

ئێستا سەرکردەکانی عێراق ئەرکی زۆریان لەسەر شانە، وەک دووبارە دروستکردنەوەی شارە ڕووخاوەکانی دەستی داعش و نەهێشتنی ئەو گروپە بە تەواوی. بە وتەی بانکی جیهانی، عێراق بۆ چاککردنەوەی زیانەکانی داعش، پێویستی بە ٨٠ ملیار دۆلار هەیە، ئەمەش لەکاتێکدایە وەبەرهێنەری دەرەکی خۆیان بە دوور دەگرن لە عێراق.

ئەگەری کەمە کە موقتەدا سەدر خۆی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی بپاڵێوێت، بەڵکو دەیەوێت وەک سەرکردەیەکی ڕۆحی بمێنیتەوە.

ئەو دەبێت لە نێوان عەبادی و کاندیدی هاوپەیمانی فەتح کەسێک هەڵبژێرێت بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق. بەڵام ئەوەی نزیکە کە ئەو پۆستە لە لایەن سەدر وەربگرێت، زیاتر حەیدەر عەبادیە چونکە جگە لەوەی هاوپەیمانی فەتح نزیکن لە ئێران، پێشتر لە چاوپێکەوتنەکانیدا، سەدر ستایشی عەبادی کردبو  و ڕاشی گەیاندبوو کە ئەو پشتگیری دەکات بۆ وەرگرتنەوەی پۆستەکەی، چونکە عەبادی توانیویەتی داعش تێکبشکێنێت و ڕیفراندۆمەکەی کوردیشی بێ خوێن ڕشتن چارەسەر کرد.

موقتەدا سەدر سەر بە خێزانێکی شیعیە کە بنەچەیان دەگەڕێتەوە بۆ وڵاتی لوبنان. ئەو کوڕی چوارەمی  ئایەتوڵا موحەمەد سەدیق ئەل سەدرە کە یەکێکە لە کەسایەتیە گەورەکانی شیعە لە جیهان.

محەمەد سەدیق لەگەڵ دوو لە کوڕەکانی لە لایەن سەدام حووسەینەوە کوژران. موقتەدا سەدر جیا لە باوکی ڕاستەقینەی خۆی، زرباوکەکەشی، ئایەتوڵا باقر سەدر لە ساڵی ١٩٨٠ لە لایەن ڕژێمی پێشوی عێراقەوە کوژرا.

پێش کوژرانی باوکی، سەدر زانستە ئیسلامییەکانی دەخوێند، بەڵام بە وتەی ڤالی ناسر، مامۆستایەکی شیعی، نەیتوانیوە خوێندن تەواو بکات.

دوای هێرشی سەر عێراق لە لایەن هاوپەیمانانەوە، سەدر لە ڕێگای سوپای مەهدی دژیان وەستایەوە و چەند جارێکیش پێکدادانیان لە نێوانیان ڕوویداوە.

موقتەدا سەدر دژی بوونی هێزەکانی ئەمریکا بوو لە عێراق دەیگووت، کە مەبەستی سەرەکی سوپای مەهدی گەڕانەوەی سەقامگیرییە بۆ عێراق.

 

لە جەنگی نێوان لایەنگرانی سەدر و ئەمریکا و سوپای عێراق، سەدان کەس گیانیان لەدەستداوە و هەزارانیش بریندار بوون.

شارەزایان پێیان وایە کە موقتەدا سەدر هەوڵی بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی دینی داوە و هیوای بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی ئیسلامی دیموکراسی هەیە.

بەهۆی دژایەتی بەرامبەر بە حکومەتی عێراق، لە ساڵی ٢٠٠٨ چالاکی چەکدارانی سەدر قەدەغەکرا و بەهۆیەوە سەدر چووە شاری قومی ئێران.

لە ساڵی ٢٠١٠ بەهۆی بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی پەڕلەمان، گەڕایەوە عێراق و لە شاری نەجەف نیشتەجێ بوو.

لە دوای ساڵی ٢٠١١، لایەنگرانی سەدر چەندین خۆپیشاندنی بەرفراوانیان ئەنجام داوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار