ڕووداوه‌کانى پشت هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى هێرشه‌که‌ى ئه‌مریکا بۆ سه‌ر ئێران

2019-06-22 10:07:19



کاکه‌لاو عه‌بدوڵا
جۆن بۆڵتن، ڕاوێژکارى ئاسایشى تره‌مپ و مایک پۆمپێیۆ، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ و جینا هاپسڵ به‌ڕێوبه‌رى سى ئاى ئه‌ى له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ بوون که‌ تۆڵه‌ له‌ ئێران بکرێته‌وه‌ و هێرش بکرێته‌ سه‌ری.

دواى خستنه‌خواره‌وه‌ى فڕۆکه‌ بێ فڕۆکه‌وانه‌ى ئه‌مریکا له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ له‌رۆژى پێنجشه‌ممه‌ى ڕابردوو، ئێواره‌ى هه‌مان ڕۆژ ئه‌مریکا ویستى به‌ هێرشى ئاسمانى تۆڵه‌ بکاته‌وه‌ به‌ڵام تره‌مپ له‌دوا ساته‌کاندا هێرشه‌که‌ى هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌ که‌ ده‌وترێت چه‌ند هۆکارێکى شاراوه‌ له‌پشت بڕیاره‌که‌ى تره‌مپه‌وه‌ن.
به‌پێى راپۆرتێکى ئه‌ى بى سى نیوزى ئه‌مریکى جۆن بۆڵتن، ڕاوێژکارى ئاسایشى تره‌مپ و مایک پۆمپێیۆ، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ و جینا هاپسڵ به‌ڕێوبه‌رى سى ئاى ئه‌ى له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ بوون که‌ تۆڵه‌ له‌ ئێران بکرێته‌وه‌ و هێرش بکرێته‌ سه‌ری.

دواى کۆبونه‌وه‌یه‌کى چر و پڕ له‌ کۆشکى سپى له‌نێوان دۆناڵد تره‌مپ و به‌رپرسانى ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یى و سه‌رکرده‌ دیاره‌کانى کۆنگرێس و لیژنه‌ى کاروبارى ده‌ره‌وه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نى پیران له‌سه‌ر چۆنیه‌تى وه‌ڵامدانه‌وه‌یان بۆ هێرشه‌که‌ى ئێران، تره‌مپ دوا بڕیارى بۆ هێرشکردنه‌ سه‌ر سێ  پێگه‌ى ئێرانى په‌سه‌ندکرد، به‌ڵام له‌دوا ساته‌کاندا بڕیاره‌که‌ى هه‌ڵوه‌شاندوه‌وه‌ چونکه‌ یه‌کێک له‌ جه‌نه‌ڕاڵه‌کانی، که‌ ناوى نه‌هێنراوه‌، پێى ڕاگه‌یاندووه‌ که‌ ١٥٠ هاوڵاتى ئێرانى ده‌که‌ونه‌ مه‌ترسییه‌وه‌ ئه‌گه‌ر هێرشه‌که‌ ئه‌نجام بدرێت.

هه‌رچه‌نده‌ سایتى ڤۆکسى ئه‌مریکى ئه‌م هه‌واڵه‌ به‌ڕووکه‌ش داده‌نێت و هۆکارى تر ده‌خاته‌ روو بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى هێرشه‌که‌.
به‌پێى ڕاپۆرتێکى سایته‌که‌، به‌رپرسێکى ئه‌مریکى رایگه‌یاندووه‌ که‌ ئه‌و فڕۆکه‌ جه‌نگیانه‌ى که‌ تواناى خۆدزینه‌وه‌یان هه‌بووه‌ له‌ سیسته‌مى به‌رگرى ئێرانى له‌کاتى ده‌رکردنى بڕیاره‌که‌دا ئاماده‌ نه‌بوون بۆ ئه‌نجامدانى هێرشه‌که‌ به‌ که‌مترین زیان بۆ سه‌ر خه‌ڵکى سڤیل.

به‌رپرسێکى دیکه‌ش ده‌ڵێت که‌ تره‌مپ ترساوه‌ له‌وه‌ى هێرشه‌که‌ نرخى نه‌وت دابه‌زێنێت و ئابورى ئه‌مریکا بخاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌.

دۆناڵد تره‌مپ جگه‌ له‌وه‌ى راوێژ به‌ ڕاوێژکاره‌کانى ده‌کات له‌ کۆشکى سپى، به‌ڵام ته‌که‌ر کارلسن، بێژه‌ى که‌ناڵى فۆکس نیوز له‌م چه‌ند هه‌فته‌ى دواییدا له‌ سه‌روبه‌ندى قووڵبونه‌وه‌ى گرژییه‌کان تره‌مپى ئاگادارکرده‌وه‌ته‌وه‌ له‌ زیانه‌کانى  هه‌ڵگیرسانى جه‌نگ له‌گه‌ڵ ئێران و له‌م هه‌فته‌یه‌شدا به‌نهێنى قسه‌یان له‌گه‌ڵ یه‌کتر کردووه‌ و کارلسن به‌توندى هێرشى کردووه‌ته‌ سه‌ر نه‌یاره‌ سه‌رسه‌خته‌کانى ئێران، له‌وانه‌ جۆن بۆڵتن و به‌ قوڵترکردنه‌وه‌ى گرژییه‌کان به‌ ئه‌نقه‌ست تۆمه‌تبارى کردووه‌. 

له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا، جاک کین، به‌رپرسێکى پێشووى سوپا که‌ زۆرجار قسه‌ له‌گه‌ڵ تره‌مپ ده‌کات، به‌ نیۆرک تایمزى راگه‌یاندووه‌ هه‌واڵى به‌ده‌ست گه‌شتووه‌ ئێرانییه‌کان له‌ناوخۆیاندا بێزار و تووڕه‌بوون له‌ یه‌کێک له‌و فه‌رماندانه‌ى که‌ بڕیارى هێرشه‌که‌ى ده‌رکردووه‌ بۆ سه‌ر فڕۆکه‌ بێ فڕۆکه‌وانه‌که‌ و وتوویانه‌ که‌ زیاد له‌ ئاستی خۆى ڕۆشتووه‌.


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار