گۆڕان: بایكۆتی سیاسی عێراق لەلامان ئەگەرێكی كراوەیە 

6 ساڵ لەمەوپێش



جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان دوای كۆبونەوەكەی ئەمڕۆی لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكان بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوەو رایدەگەیەنێت سەرتاپای ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رەتدەكەینەوە، ئەگەر ئەنجامەكان راستنەكرێنەوە یان هەڵبژاردن دووبارە نەكرێتەوە، بایكۆت كردنی پرۆسەی سیاسی عێراقیش ئەگەرێكی كراوەیە لەلایان.

 

ئەمڕۆ شەممە جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان كۆبوونەوەیەكی ئەنجامدا، كۆبوونەوەكەش بۆ قسەكرد بوو لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكان و یەكخستنی بۆچوونی ئەو شەشە لایەنەبوو كە تێبینییان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكان هەیە. 


دوای كۆبوونەوەكەش جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوەو تیایدا هاتووە "رەتکردنەوەی سەرتاپای ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق. لە هەمان کاتدا چاوەڕێی رێکارە یاساییەکان‌و هەوڵە سیاسی‌و دیپلۆماسییەکانین بۆ دوبارەکردنەوەی هەڵبژاردن لە پارێزگاکانی هەرێم‌و پارێزگاکانی کەرکوک‌و موسڵ، یان راستکردنەوەی ئەنجامەکان‌و گێڕانەوەی دەنگە راستەقینەکانی هاوڵاتیانی کوردستان"


لە بەشێكی تری راگەیەنراوەكەدا ئەوەش هاتووە "بەپێچەوانەوە هەمو بژاردەیەک لەبەردەم بزوتنەوەی گۆڕان کراوەیە، بە بڕیاری بایکۆتی سیاسیشەوە، بە راوێژ لەگەڵ یەکگرتوی ئیسلامی، کۆمەڵی ئیسلامی، هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی‌و دادپەروەری، بزوتنەوەی ئیسلامی‌و حیزبی شیوعی کوردستان. هەروەها داوا لە هەمو هێزو لایەنە کوردستانییە نیشتمانییەکان دەکەین بەرەیەکی فراوان دروست بکەن بۆ گۆڕانکاری ریشەیی لە هەرێمی کوردستان"


راگەیەنراوەكەی بزووتنەوەی گۆڕان ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، "ئیدانەکردنی ئەو ساختەکارییە رێکخراوەی یەکێتی‌و پارتی کە بەهۆیەوە دەنگی سەدان هەزار هاوڵاتی کوردستانیان دزی‌و سەرەتاییترین مافی هاوڵاتیانی کوردستانیان پێشێل کرد. جارێکی تریش سەلماندیان کە لە پێناوی بەرژەوەندی حیزبی خۆیان‌ سڵ لە هیچ رەفتارێک ناکەنەوە. بەڵام بەو رەفتارەیان هاوڵاتیانی کوردستانیان رق ئەستورتر کرد بەرامبەر ئەو دەسەڵاتە شکسخواردوو خۆسەپێنە"

 

دەقی راگەیانراوی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان
ئەمڕۆ ٢٦/٥/٢٠١٨ جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان لە مەکۆی سەرەکی کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دا. لە کۆبونەوەکەدا بارودۆخی کوردستان‌و پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق‌و ساختەکارییە رێکخراوو لە رادەبەدەرەکەی پارتی‌و یەکێتی تاووتوێکران.

جڤاتی نیشتمانی سوپاسی هاوڵاتیانی کوردستان دەکات کە بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردنیان کرد. هەروەها سوپاسی هەڵسوڕاوو دەنگدەرانی بزوتنەوەی گۆڕان دەکات کە ماندونەناسانە لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا بە گوڕوتینەوە کاریان بۆ سەرخستنی لیستی گۆڕان کرد.

کۆبونەوەکە بڕیاریدا بە:
یەکەم: ئیدانەکردنی ئەو ساختەکارییە رێکخراوەی یەکێتی‌و پارتی کە بەهۆیەوە دەنگی سەدان هەزار هاوڵاتی کوردستانیان دزی‌و سەرەتاییترین مافی هاوڵاتیانی کوردستانیان پێشێل کرد. جارێکی تریش سەلماندیان کە لە پێناوی بەرژەوەندی حیزبی خۆیان‌ سڵ لە هیچ رەفتارێک ناکەنەوە. بەڵام بەو رەفتارەیان هاوڵاتیانی کوردستانیان رق ئەستورتر کرد بەرامبەر ئەو دەسەڵاتە شکسخواردوو خۆسەپێنە.

دوەم: توندی ئیدانە کردنی پەلامارە ترسنۆکانەکەی چەکدارانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کە لە ئێوارەی ١٢/٥ دا کردیانە سەر مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی.

سێیەم: رەتکردنەوەی سەرتاپای ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق. لە هەمان کاتدا چاوەڕێی رێکارە یاساییەکان‌و هەوڵە سیاسی‌و دیپلۆماسییەکانین بۆ دوبارەکردنەوەی هەڵبژاردن لە پارێزگاکانی هەرێم‌و پارێزگاکانی کەرکوک‌و موسڵ، یان راستکردنەوەی ئەنجامەکان‌و گێڕانەوەی دەنگە راستەقینەکانی هاوڵاتیانی کوردستان. بەپێچەوانەوە هەمو بژاردەیەک لەبەردەم بزوتنەوەی گۆڕان کراوەیە، بە بڕیاری بایکۆتی سیاسیشەوە، بە راوێژ لەگەڵ یەکگرتوی ئیسلامی، کۆمەڵی ئیسلامی، هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی‌و دادپەروەری، بزوتنەوەی ئیسلامی‌و حیزبی شیوعی کوردستان. هەروەها داوا لە هەمو هێزو لایەنە کوردستانییە نیشتمانییەکان دەکەین بەرەیەکی فراوان دروست بکەن بۆ گۆڕانکاری ریشەیی لە هەرێمی کوردستان.

هاوڵاتیانی کوردستان

بزوتنەوەی گۆڕان بڕوای بەو راستییەیە کە ئیرادەی گەلەکەمان لەم هەڵبژاردنەدا سەرکەوتو بوەو ئەو ساختەکارییەی پارتی‌و یەکێتی، باشترین بەڵگەیە کە ئەو رەفتارەیان لە ئەنجامی ئیفلاسی سیاسی‌و جەماوەرییانەوەیە.

دوابەدوای هەوڵەکانی گۆڕان‌و هێزە کوردستانییەکانی تر بۆ ساخکردنەوەی دەنگەکانی هاوڵاتیان چەندین هێزو لایەنی سیاسی عیراقی‌و نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لێکۆڵینەوەی بەپەلە دەکەن لە ساختەکارییەکانی پرۆسەی هەڵبژاردن. هەروەها دروستکردنی لیژنەی لێکۆڵینەوە لەلایەن حکومەتی عیراقەوە هەنگاوێکی ئەرێنی‌و دانپێدانانە بە ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکاندا.

لە کۆتاییدا داوا لە هاوڵاتیانی کوردستان دەکەین بە گوڕوتینەوە خۆیان ئامادە بکەن بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە بڕیارە لە ٣٠/٩ی ئەمساڵ بەڕێوە بچێ. ئەمەش بۆ بەدیهێنانی گۆڕانکاری ریشەیی لە نەخشەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان‌و سیستمی حوکمڕانی‌‌و پوچەڵکردنەوەی پیلانەکانی پارتی‌و یەکێتی. هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی کوردستان سەنگی مەحەک دەبێ بۆ بڕیاردان لەسەر شێوازی خەبات‌ لە پێناوی بەدیهێنانی گۆڕانکاری‌و چاکسازی لە هەرێمی کوردستان.

جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار