پاکتاوى نه‌ژادى کورده‌کان له‌لایه‌ن ئه‌ردۆغانه‌وه‌ ئێستاش به‌رده‌وامى هه‌یه‌

بۆ ئەوە دەبێت ســوپاسی ترەمــــــپ بکەین؟

4 ساڵ لەمەوپێش



 

وتاری:

پاتریک کۆکبێرن لەئیندیپێندنت

وەرگێڕانی: کاکەلاو عەبدوڵا

وەدەرنانی بەکۆمەڵ یان لەناوبردنی بەرجەستەیی کۆمەڵگەیەکی نەژادی یان ئاینی - پاکتاوی نەژادی - لەلایەن میدیاوە بەدوو شێوازی جیاواز مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت: یان سەرنجی تەواوەتی پێدەدرێت و وەک چیرۆکێکی ترسناک پیشاندەدرێت کەدەبێت جیهان گرنگی پێبدات و شتێک بکات لەبارەیەوە، یان فەرامۆش دەکرێت و هەرگیز ناگات بە بەرنامە (ئەجێندا)ی هەواڵەکان.

لەسەرەتاوە وادەرکەوت کەپاکتاوی نەژادی کوردەکان لەلایەن تورکیاوە دوای داگیرکارییەکەی بۆ باکوری سوریا لە ٩ی تشرینی یەکەم کەوتبێتە بازنەی جۆری یەکەمەوە.  ئیدانەی بەهێز هەبوون سەبارەت بەدەرکردنی بەزۆری (190) هەزار کوردی دانیشتووی نزیک سنوری تورکیا-سوریا لەگەڵ ئەوەی سەربازانی تورکیا بەپێشەنگی سوپای نیشتمانی سوریا، کە لەڕاستیدا میلیشیای دژە کورد و بێ زەبتوڕەبت، بەرەو ناوچەکانی ژێردەستی کوردەکان پێشڕەوییان دەکرد.

چەند ڤیدیۆیەک راکردنی مەدەنییە کوردەکانی پیشاندەدا کە لەئۆتومبیلەکانیانەوە رادەکیشرانە دەرەوەو لەسەر شەقامەکە دەکوژران و ئەو پەیامنێرانەی سەردانی نەخۆشخانەکانیان دەکرد منداڵیان دەبینی بەهۆی کاریگەری فسفۆڕی سپی لەمردندا بوون کەدەچێتە نێو گۆشتەوە و گومان دەکرا لەڕێگەی بۆمب یان گوللە هاوەنەوە لەئاسمانەوە هەڵدرابێت یان لەلایەن هێزەکانی تورکیاوە تەقێنرابێت.

خەڵک بیردەکەنەوەو دەڵێن دەبێت بۆچی سوپایەکی تەواو باڵادەست پەنا بباتەبەر بەکارهێنانی چەکێکی ترسناک کەهەم نایاساییە لەژێر رۆشنایی یاسا نێودەوڵەتییەکان و هەم بەلایەنی کەمەوە گرەنتی ناوبانگێکی خراپ دەکات بۆ بەکارهێنەکەی. وەڵامەکەی ئەوەیە کە زۆرجار چەکە «ترسناکەکان» بە ئەنقەست بەکاردەهێنرێن تا دانیشتوانی مەدەنی بتۆقێنرێن و هەوڵی دەربازبوون و راکردن بدەن.

لەکەیسی داگیرکارییەکەی تورکیا بۆ سەر سوریا لەمانگی رابردوودا، نیازەکە جێی ئەوە نییە کە گومانی لێبکرێت: ویلیام رۆوبەک، دیپلۆماتکارێکی ئەمریکی کە ئەوکاتە لە باکوری سوریا لەئەرکدا بوو، یاداشتێکی ناوخۆیی نووسی بۆ وەزارەتی دەرەوە دەربارەی ئەوەی چی بینیوە. دواتر یاداشتەکە دزەی پێکرا. ئەو یاداشتە یەکێکە لەباشترین شیکاری پڕ زانیاری کە چی روویداوە لەوێ و سەردێڕەکەی ئەمە بوو: «ئامادەییم هەیە لەکارەساتەکەدا: بەبێ جووڵە وەستاوین لەکاتێکدا تورکەکان پاکتاوی کوردەکان دەکەن لەباکوری سوریاو ئۆپەراسیۆنی دژی داعش ناجێگیر دەکەن لەباکوری رۆژهەڵاتی سوریا».

رۆوبەک، بەوپێیەی دەستی دەگات بەهەواڵگری ئەمریکا لەسەر نیازەکانی تورکیا، هیچ گومانێکی نییە کەئەنقەرە دەیەوێت ئەو یەک ملیۆن و (800) هەزار کوردە وەدەربنێت کە لەژێر سایەی حکومەتە نیمچە سەربەخۆکەی «ڕۆژاڤا» دەژین. ئەو نووسیویەتی: «ئۆپەراسیۆنی سەربازی تورکیا لەباکوری سوریا، بەپێشڕەوی گروپە ئیسلامییە چەکدارەکان، گوزارشت لەهەوڵێک دەکات بۆ پاکتاوی نەژادی، پشت دەبەستێت بەململانێی سەربازی فراوان کە بەشێکی چەقی خاکی کوردەکان بەدرێژایی سنور بەئامانجگرتووە، هەروەها سوود وەردەگرێت لەچەند دڕندەییەکی تۆقێنەرو بڵاوکراوە کەئەو هێزانە ئەنجامییانداوە».

دواتر لەیاداشتەکەدا، رۆوبەک ئاماژە بەوە دەدات کەمیلیشیاکانی سوپای نیشتمانی سوریا پێشتر هاوپەیمانی قاعیدەو داعش بوون، هەروەها رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا بەڕاشکاوی لەوتارەکەی نەتەوەیەکگرتووەکاندا نیازی تورکیای خستەڕوو لەپڕکردنەوەی ناوچە کوردییەکان بەعەرەبە سورییەکان کەخەڵکی بەشەکانی تری سوریان و ئێستا وەک پەنابەر لەتورکیان. ئاماژەکەی رۆوبەک بە پەیوەندی جیهادییە توندڕەوەکان بە سوپای نیشتمانی سوریا بەدڵنیاییەوە راستە چونکە سەربازەکانی ڤیدیۆی خۆیان تۆمار کردووە، کەتێیدا حاشا لەکوردە موسوڵمانە سوننیەکان، یەزیدییەکان، مەسیحیەکان دەکەن و بەبێ دین  و کافر ناویان دەبەن، جگە لەوەی کە هەڕەشەی کوشتنی ئەندامانی یەکینەکانی پاراستنی گەڵ (یەپەگە) دەکەن کە (10) هەزار کەسی شەڕکەریان لەدەستدا لەهاوپەیمانیەتیان لەگەڵ ئەمریکا لەشەڕی دژی داعش.

هەموو ئەمانە هیچ گۆڕانکارییەکی وایان دروستنەکرد بۆ سەردانەکەی ئەردۆغان  بۆ واشنتن و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک ترەمپ لەچوارشەممەی رابردوودا. تەنانەت ئەردۆغان نامەکەی ترەمپی گەڕاندەوە کە لەکاتی داگیرکارییەکادا بۆی ناردبوو کەتێیدا سەرۆکی ئەمریکا بەسەرۆکی تورکیای وت: «مەبە پیاوێکی تووندو گەمژە مەبە!».

لەپراکتیکدا، هێرشە سەربازییەکی ئەردۆغان گەمژانە دەرناکەوێت لەگەڵ ئەوەی هاوسەنگی رادەگرێت لەنێوان ترەمپ و ڤلادیمیر پوتن و سەرمەشقی شەپۆلێکی نیشتمانپەرەوەری دەکات لەخودی تورکیادا.  گلەیی و گازندەکان دەربارەی دڕندەیی تورکیاو هێزە بریکارەکانی باون، بەڵام تەرکیز لەسەر ئامانجە گرنگترەکە کەپاکتاوی نەژادی کوردەکانە لە سنوری تورکیاوە لێڵی تێدەکەوێت و کەمتر باس دەکرێت، هەرچەندە ئێستاش بەردەوامە. دەگونجێت قورسکردنی ژیان بۆ دانیشتوانی مەدەنی شێوەی کاریگەرتر بەڵام کەمتر درامی وەربگرێت وەک لەوەی فسفۆری سپی و کوشتنی سەر سەقامەکان بەکاربهێنیت.

نمونەی جۆرێک لەم فشارە بڕینی ئاوی خواردنەوەی (400) هەزار کەسە، کە زۆربەیان کوردن، کە بۆ ئاو خواردنەوە پشت دەبەستن بە وێستگەی ئاوی عەلوک لەسەرێکانی، وێستەگەیک کە لەکاتی داگیرکارییەکەدا زیانی بەرکەوت و ئێستا لەژێردەستی هێزە بریکارەکانی تورکیادایە کە ناهێڵن چاکبکرێتەوە. نەتەوەیەکگرتووەکان لەهەوڵدایە تا ئاوی عەلوک چاکبکرێتەوە، بەڵام تا ئێستا شکستی خواردووە. نەتەوەیەکگرتووەکان باس لەوەشدەکات تەنانەت پێش ٩ی تشرینی یەکەم (900) هەزار لە سێ ملیۆن دانیشتوانی باکوری رۆژهەڵاتی سوریا لەدۆخێکی سەختدا بوون و لەوکاتەوە بارودۆخەکە خراپتر بووە.

رەخنەگران دەڵێن هەموو ئەو سەرنجانەی دراوە بەپاکتاوی نەژادی کوردەکان لەلایەن تورکەکانەوە لەباکوری سوریا لەکاتی داگیرکارییەکەوە وادەرناکەوێت کە سوود بگەیەنێت بەقوربانییەکان. بەڵام ئەو باجەی تورکیا دەیدات لەئیدانەی نێودەوڵەتیدا دژە هاوسەنگی پەیدادەکاتەوە بەهۆی ئەو دەستکەوتانەی بەدەستیهێناوە لەڕێی پەیوەندییە نزیکە شەخسییەکەی نێوان ئەردۆغان و ترەمپ. وەدەرنانی بەکۆمەڵ و کوشتوبڕ لەلایەن بریکارەکانی قاعیدەوە ئەنجامدانی سەختتر دەبێت کاتێک دەبنە فاکتەرێک لەجەنگە سیاسییەکانی نێوان کۆشکی سپی لەلایەک و بەشێکی زۆری کۆنگرێس و میدیای ئەمریکاو دامەزراوەکانی سیاسەتی دەرەوە لەلایەکی ترەوە.

ئێمە دەزانین  فشاری تورکیا بۆ سەر کوردەکان تا رۆژئاوا جێبهێڵن رەنگە زۆر خراپتر بێت، چونکە ئەمە پێشتر لەعەفرین روویداوە کەتورکیا لەسەرەتای ٢٠١٨ داگیریکرد. ئەمە نمونەی ئەو جۆرە پاکتاوی نەژادییەیە کە پێشتر باسکراو هەرگیز لەهەواڵەکان باس ناکرێت. زۆربەی دانیشتوانی (200) هەزاری رەسەنی عەفرین ئێستا ئاوارەن و ئەوانەشی ماونەتەوە لەلایەن هەمان ئەو میلیشیا عەرەبانەوە پێشێلکارییان بەرامبەر دەکرێت  و بێزار دەکرێن کە کۆبوونەوە و هێزی داگیرکارییان پێکهینا لەڕۆژهەڵاتی فورات لەتشرینی یەکەم.

زانیاری وەدەستخستن لەعەفرینەوە سەختە، بەڵام ئەو هەواڵانەی دەردەچن باس لەوەدەکەن کوردەکان خانوو زەوی و مەکینەکانی کشتوکاڵیان لەدەستدەدەن و لەژێر بەزەیی میلیشیا عەرەبە سوریەکاندان کەتورکیا هەڵیاندەسوڕێنێت. روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، یەکێک لەو رێکخراوانەی کەزانیاری لەسەر عەفرین هەیە، بڵاویکردەوە کە لەگوندێک، لەو رۆژەی ئەردۆغان و ترەمپ لەواشنتن کۆدەبوونەوە، شەش دانیشتوان رفێندراون و براون بۆ بەندیخانەیەکی تایبەت لەلایەن چەکدارە میلیشیاکانەوە. لەسەرەتای ئەمساڵەوە، میدیا ناوخۆییەکان بڵاویانکردەوە کەکوڕێکی (10) ساڵانی تووشبوی نیشانەی داون (مەغۆلی) لەگەڵ باوکی و باپیریدا رفێندراوە. دواتر هەرسێکیان کوژراون کاتێک کەسوکاریان نەیانتوانیوە (10) هەزار دۆلار بدەن بۆ ئازادکردنیان.

ئەم جۆرە دڕندەییانە بەکردارەکی پاکتاوی نەژادییە و ئەوەیە کەترەمپ گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵکرد کاتێک دەرگای کردەوە بۆ داگیرکارییەکەی تورکیا بۆ نێو سوریا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار