ترسی هونەرمەندان لەتورک

گۆران هەڵەبجەیی

4 ساڵ لەمەوپێش



گۆران هەڵەبجەیی

کارێک کە کورد وەک میللەت نەک وەک حزب و دەسەڵات تا ئاستێکی باش سەرکەوتووبوو بێت تێیداو کوردانی نیشتەجێی هەندەران و بەشەکانی کوردستان جێگەی خۆیان تێدا گرتبێت مەسەلەی بایکۆتی شمەک و کاڵای تورکیە.

جەنگێکە کە کورد توانای خۆی تێدا ئەزموون کرد و کاریگەریەکانی سنووری کوردستانی بەزاند و گەشتە هەندێک وڵاتی عەرەبی و هاوڵاتیانی ئەوروپیش، خۆشبەختانە ئاکامەکەشی کاریگەرو دڵخۆشکەر بوو.

هەر کەس و لایەن و حزبێکیش هەوڵی بێنرخ کردنی ئەو بڕیارە شارستانیەی دابیت ئەوە هیچی نەچنیوەتەوەو کاروان هەر بەردەوامە.

من وەک تاکێکی کورد، وەک خەمخۆرێک بۆ نەتەوەکەم، وەک پاڵپشتێک بۆ هەڵمەتی بایکۆت بیرۆکەیەکم بۆهات، بڕیاری پراکتیز کردنیم دا.

بیرۆکەکە بریتی بوو لەهاندانی هونەرمەندانی کورد (ستران بێژان) تا ئەوانیش لەڕێگەی کوورتە کلیپێکەوە هانی خەڵک بدەن بۆ پەیڕەوکردنی بایکۆتی کاڵاو شمەک و سەفەرنەکردن بۆ تورکیا، واتە هەرچی سوودی ماددی بەدەوڵەتی تورکیا دەگەیەنێت.

ئەم کارە هیچ تەکلیفێکی دارایی لەسەر هونەرمەندەکە ناکات، لە دوو سێ خولەک بەولاوە کات زیاتر نابات، تەنها قسەکردنە،هیچ جۆرە ستۆدی و کامیراو ئامێرێکی پێویست نیە،لەماڵەوە لەکاتی پشودا، لەکاتی لێخوڕینی سەیارەدا، لەکاتی کاردا، ل دەمی دانیشتن لەتەک برادەراندا، لەهەموو ئەم شوێنانە  بەکامێرای مۆبایل کارەکە جێبەجێ دەکرێت.

لەسەرەتادا پەیوەندیم کرد بەژمارەیەک لەو هونەرمەندانەی کەساڵانێکە یەکتر دەناسین و پەیوەندی پڕ ڕێز لەنێوانماندا هەیە.

بەداخەوە هەندێکیان بێباکانەو لوتبەرزانە رەتیان کردەوە بەشداری بکەن، هەندێکیشیان زۆر بەخێرایی و دڵسۆزانە هاتنە پێشەوە.

پاشان لەڕێگەی سۆشیال میدیاوە پەیوەندم لەگەڵ ئەو هونەرمەندانەدا گرت کەکەمتر پەیوەندیم هەیە یا هەر نیمە.

ئەوانیش دوو جۆر هەڵسوکەوتیان هەبوو بەشێکیان بەخێرایی وەڵامیان دایەوەو ئامادەییان نیشانداو کارەکەشیان ئەنجامدا، کە وەک بەندە زۆر زۆر سوپاسیان دەکەم، یەک دووانێکیشیان بەنامە وەڵامیان دامەوە کە ناخوازن ئەو کارە بکەن

هەندێکیشیان ت ئێستاشی لەگەڵدابێت وەڵامیان نەداومەتەوە.

قسەم لەسەر ئەوانە نیە ک وەڵامیان نەداومەتەوە، چونکە پێدەچێت نامەکەی منیان نەدیبێت، یا لەوانەیە ئەو پەیجانەی نامەکەم ناردووە بۆ یان هی خۆیان نەبێت و کەسی دیکە وەک هەوادار بیانبەن بەڕێوە.

ئەز لێرەدا تەنها ئاماژەو لێکدانەوە بۆ پاساوەکانی ئەوانە دەکەم کە نەرێنی وەڵامیان دامەوەو رەتیان کردەوە ئەو کارە نەتەوەیی و ئینسانیە بکەن.

پاساوەکانیان لەم خاڵانەدا خۆی دەبینێتەوە

•کاتم نییە و زۆر سەرقاڵم

•دەمەوێت ماوەیەک دووربکەومەوەو نامەوێت هیچ کارێک ئەنجام بدەم

•حەز لەخۆدەرخستن ناکەم

•نەخۆشم و پەتایەکی تووندم گرتوە، باوەڕناکەم بەم زووانە چاک ببمەوە

•من بەجۆری تر خزمەتی نیشتمانەکەمم کردووەو ئەمە بەگرنگ نازانم

•بڕوام بەم جۆرە کارانە نیەو سودی ئەوتۆیان نابێت

•شارەزاییم لەکلیپی مۆبایلدا نیە

ئەم خاڵانە گرنگترین پاساوەکانی ئەو هونەرمەندانە بوون کەهێندە کورتن هێندە نالۆژیکن هێندە بێمانان تا بەرپێی خۆشیان بڕناکەن. ئەمانە بەم بەهانەیەیان تەنها مەبەستیان خۆدەربازکردن بوو لەو ئەرکە گچکە ئینسانی و نیشتمانیە.

ئەوەی  مایەی سەیرو تاڕادەیەکیش شۆک بوو پاساوی چەند دانەیەک لەو هونەرمەندانە بوو کە بەکورتی ئەمانەن:

+مووچەی خانەنشینیەکەم کەمە ئیترچۆن تاقەتی کاری وام هەبێت؟

راستیەکەی تێنەگەشتم کە کلیپیکی دوو خولەکی بۆ خزمەتی دۆزێک چ پەیوەندی بەکەمی مووچەوە هەیە؟

+با ئەو کەسانە  باسی بایکۆت بکەن کە بەناوی هونەرمەندەوە مووچەی  بندیوارو ئیمتیازاتی زۆر وەردەگرن.  دیسان لەم برادەرەش تینەگەشتم کە بۆ ئەم کارەی بەستەوە بەئیمتیازاتی هەندێک هونەرمەندەوە، کە لەهەندران دەژی و کێشەی ماددی نیە؟

هاوکات هەر هەمان کەس باسی پاڵەوانیەتی خۆی کرد کە لە ئەوروپا چی بۆ کورد کردووە،  وەک ئەوەی تەنها ئەو خەباتی بۆ گەلەکەی کردبێت.

+ خانمێکیش گووتی من لەسەرەتاوە بایکۆتم کردووەو بەردەوامم، جا گەر ئێستا ئەوە بکەم خەڵک وادەزانێت ئێستا خەبەرم بووەتەوە. دوو جار نووسیم بۆی خانم من باسی خۆت ناکەم کەبایکۆت بکەیت بەڵکو مەبەستم هاندانی خەڵکە. بەڵام دیا بوو هەر لێم تێنەگەیشت، یا نەیویست تێبگات.

+ یەکێکیشیان کە نوێیە ل گۆرانی گووتندا،هێندە بێ ئەدەبە، بەرگەی رەخنەکەمی نەگرت و لەبرادەرایەتی فەیسبووک سڕیمیەوە.  بەداخەوە کە ئەم بێ ئەدەبە هاوشاریمە.

بەبۆچوونی خۆم رەتکردنەوەیان لەم سێ خاڵە بەدەر نیە.

•ترس لەتورک و دەسەڵاتی ئەردۆغان/ ئەم خاڵە بەهۆکاری سەرەکی دەزانم . شارراوە نیە ک زۆرێک لە گۆرانیبێژان، زۆر شانازی بەوەوە دەکەن گەر کلیپێک لە تورکیا سازبکەن یا کارێکی تەکنیکی بۆگۆرانیەکەیان جێبەجێ بکەن.  وەک ئەوەی کوردستان خاوەنی سروشتی جوان و توانای تەکنیکی نەبێت.  جا ئەو گۆرنیبێژانە حساب بۆ ئەوە دەکەن، گەر ب دوو قسە پشتگیری بایکۆت بکەن ئەوە ترسی گرفتی سەفەری تورکیایان دێتە پێش، یاخود پێدەچێت بەترسەوە سەفەر بکەن و لێپرسینەوەو سوکایەتی لەپێش چاویان بێت .جا لێرەدا ئەوەی گرنگە بەلایانەوە مانەوەی دەرگای سەفرە بەکراوەیی لەسەر حسابی ئەرکێکی نیشتمانی و نەتەوەیی.  دەتوانم بڵێم ئەم خاڵە شمولی زۆربەی ئەوانە دەکات کەڕەتیان کردەوە.

•(خۆ بەزل زان) یا لوتبەرزی ئەمە خەسڵەتێکی رۆژهەڵاتی دواکەوتووە، بەوەی کەسێک بەهۆی بەهرەکەیەوە دەگاتە پێگەیەکی دیاریکرا و جۆرێک لەناوبانگ پەیدادەکات، ئیدی لەخۆی بایی دەبێت و دونیایەکی پڕ وەهم و خەیاڵ و  ناواقیعی لەزهندانی خۆیدا بنیاتدەنێت و بەو هۆیەشەوە لەدۆخێکی دابڕودا خۆی دەبینێتەوە، جا ئەم هەستە نادروستە وای لێدەکات بازنەی پەیوەندیەکانی و تیکەڵاوی بەخەڵکەوە سنوورداربێت و دوورەپەرێز بیت، یاخود بەشداری ناکات لەزۆر چالاکی و بۆنەدا تا نەکەوێتە بەرچاوی خەڵک، چونکە بە بۆچوونی خۆی دەرکەوتن لەم شوێنانەدا لە ئاستی مەزنی و ناوبانگی دێننە خوارەوە، جا ئەز وای بۆ دەچم بەشداری نەکردنی هەندێکیان لەم کارەی مندا دەچێتە هەمان خانەوە، وای لێک دەدەنەوە بەشداریکردنیان لەم بەرنامەیەدا لەئاستی مەزنی و عەزەمەت و شکۆیان دێنێتە خوارەوە.

•ترس لەدەسەڵاتی کوردی (یەکێتی یا پارتی )، نەکا مووچەو ئیمتیازەکانیان ببڕن، یاخود سەرزەنشتیان بکەن، چونکە باش دەزانن ئەو دوو حزبە بەهیچ جۆرێک لەگەڵ بایکۆدا نین. پێدەچێت ئەم خاڵە زۆر گرنگی نەبێت وەک خاڵەکانی یەک و دوو، بەڵام دەبێ بەهەند وەریبگرین.

هەر هونەرمەندێک یا فراوانتر بڵێم هەر بەهرەمەندێک سەرقاڵی هەر بوارێک بێت، گەر لەگەڵ ئازارو خەم و کوژانەکانی خەڵکەکەیدا نەبێت و بەپراکتیک بەرجەستەی نەکات و نەبێتە یەکێک لەپێشەنگەکانی داکۆکیکار لەمیللەتەکەی، ئەوە پێی بزانێت یا نا کەسێکی خۆپەرست، بەرژەوەندیخواز، بێباک، دابڕاو، نادڵسۆز بۆ میللەتەکەی پێناسە دەکرێت.  بۆیە دەڵێم ئەو جۆرە مرۆڤانە باڵیش بگرن، هونەرەکەیان ب بێ هەڵوێست فلسێکی قەڵب ناهێنیت.

هونەرمەند بەهەڵوەستەوە جوانەو تەواوکەری هونەرەکەیەتی، گەر هونەر لەهەڵوێست دابڕا ئەوە دەبێتە هونەریکی وشک و بێ ئەرزش.

شەرمە زۆریش شەرمە هونەرمەندێک لافی نیشتمانپەروەری لێبدات، بەڵام بەهۆی ترس لە تورک، نەوێرێت بەدوو خولەک پشتیوانی خەمی نەتەوەکەی بکات.

دیسان دەڵێم شەرمە زۆر شەرمە هونەرمەندێک هێندە خۆبەزلزان و لووتبەرزبێت خۆی لەسەروی خەڵکی ترەوە دابنێت.

دەزانم و چاوەڕێش دەکەم کە چەند کەسێک لەم هونەرمەندانە لیم زوویر دەبن و لەوانەیە پەیوەندی بکەن پێمەوە، لێ من گوێ بەوە نادەم،پێم باشە لەسەر گووتنی ڕاستی لێم زویر بن، نەک لەشاردنەوەی حەقیقەتدا خۆشیان بوێم .

لەکۆتایدا دەڵێم، ناوی ئەو هونەرمەندانەم لەکن خۆم پاراستوە، گەر رۆژێک لەڕۆژان پۆزی نیشتمانپەروەریان لێداو موزایەدەیان بەسەر خەڵکی دیکەوە کرد، ئەوە دڵنیابن ئەم هەڵوێستە ناشیرین و نامەسئولەیان دەدەمەوە بەڕویانداو بە ناویش ئاشکرایان دەکەم.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار