ئێران وردەکاری نوێ دەربارەی کوشتنی سولەیمانی دەخاتەڕوو

4 ساڵ لەمەوپێش



کاکەلاو عەبدوڵا

فەرماندەیەکی سوپای پاسداران رایگەیاند ئاگاداری جموجوڵی فرۆکە ئەمریکییەکان بوون لە شەوی کوشتنی قاسم سولەیمانیدا، بەڵام دەربارەی بەرنامەی هاوتوچۆ قاسم سولەیمانی زانیاریان نەبووە، وتیشی "فرۆکە بێ فرۆکەوانە لە کوەیتەوە هەڵفریوە".

ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٣ی کانونی دووەمی ٢٠٢٠ ئاژانسی هەواڵی فارسی ئێران بڵاویکردەوە کە ئەمیر عەلی حاجیزادە فەرماندەی هێزی ئاسمانی سوپای پاسداران رایگەیاند کە یەکەی هێزی ئاسمانی چاودێری ئاسمانی عێراقیان کردووە لە شەوی کوشتنی سولەیمانیدا، بەڵام نەیانزانیوە کە سولەیمانی لە فرۆکەخانەی بەغدادە.

"فرۆکە بێ فرۆکەوانەکانی ئێم کیو - ٩ بە ناوچەکەدا دەسورانەوە کە بەشێوەیەکی سەرەکی لە بنکەی ئاسمانی عەلی سالمی کوەیتەوە هەڵدەفڕن"، حاجیزادە وای وت.

حاجیزادە ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەو هەلیکۆپتەرانەی بەشداربوون لە ئۆپەراسیۆنەکەدا لە بنکەی "تاجی  و عەین ئەسەدی عێراقەوە هەڵفڕیون، ئێمە هەمیشە چاودێریان دەکەین و چالاکییەکانیانمان دەبینی بەڵام نەماندەزانی پلانەکەیان چییە چونکە ئاگاداری بەرنامەی هاتوچۆی حاجی قاسم نەبووین".

حاجیزادە ئاشکراشیکرد کە "زانیمان فەرمانێك دەدەن بە فرۆکە بێ فڕۆکەوانەکە و زانیمان کە کێشەی تەکنیکی تووش بووە لە سیستەمی چەکیدا، بەڵام نەمانزانی ئەمە پەیوەندی بە حاجی قاسمەوە هەیە".

فەرماندەی هێزی ئاسمانی سوپای پاسداران باسی لەوەشکرد  کە فرۆکە بێ فرۆکەوانەکە لەئاسماندا سووتەمەنی وەرگرتووە و لەناوەڕاستی ئۆپەراسیۆنەکەدا چەند فرۆکەیەکی ئێف-١٥ کە ٤٠-٥٠ کم لە فرۆکەخانەی بەغداداوە دوور بوون، خێراییان زیادکرد بۆ ١١٠٠کم لە کاتژمێرێکدا و دواتر دیار نەمان، "کاتێک هەموو ئەمانەمان لێکدا ئیتر زانیمان کە چوار بنکە لەم ئۆپەراسیۆنەدا بەشداربوون".

رۆژی ٣ی کانونی دووەمی ٢٠٢٠ قاسم سولەیمانی هاوڕێ لەگەڵ ئەبو مەهدی موهەندیس بەفەرمانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە فرۆکەخانەی بەغداد کوژران کە بەپێی وتەی ترەمپ و بەرپرسانی ئەمریکا سولەیمانی پلانی هێرشی هەبوو بۆ سەر پێگە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار