کردەوەی میلیشیاکان هاوکارییەکانی ئەمریکا دەخاتە مەترسییەوە

4 ساڵ لەمەوپێش



 

هاوڵاتى

بەرپرسانی عێراق لەو شارانەی کە لەدەست گروپی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) نیگەرانی دەردەبڕن لەدەرئەنجامی هێرشەکانی ئەمدواییانە کەئەنجامدران بۆسهر ئامانجهکانی ئەمریکا لەعێراق لەلایەن ئهو میلیشیا عێراقیانهوه کهئێران پشتیوانییان دەکات.

ئەو بەرپرسانە نیگەرانی ئەوەن ئهو کردەوانەی میلیشیاکان ببنههۆی راگرتنی ئەو بەرنامە گرنگانەی لەلایەن ئەمریکاوە دابیندەکرێن کەهاوکارییەکی گەورە لەو ناوچانە پێشکەشدەکەن، وەک پاککردنەوەی زەوییەکان لەمین و لەبواری تەندروستی و پەروەردەشدا.

خالید دولەیمی ئەندامی لیژنەی ئاوهدانکردنهوه لەئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار، وتی «دەیان هەزار عێراقی راستەوخۆ سوودمەندبوون لەهاوکارییەکانی ئەمریکا، کە لەلایەن باڵیۆزخانەی ئەمریکا یان رێکخراوە مرۆییە جیاجیاکانەوە دابینکراون».

باسی لەوەشکرد کەهاوکارییەکانی ئەمریکا یارمەتیدەرێکی باش بوون لەبووژاندنەوەو بونیادنانەوەی نەخۆشخانەکان و ناوەندەکانی تەندروستی و خوێندنگەکان لەسەرتاسەری عێراقدا.

ئاماژەی بەوەشکرد بۆ ئەوەش کەباڵیۆزی ئەمریکا، ماسیو توێلەر بەمدواییانە سەردانی ئەنباری کردو بەردی بناغەی خوێندنگەیەکی دانا کەخزمەت بەهەزار خوێندکار دەکات لەحەبانییە.

ناوبراو وتی چەندین پڕۆژەی دیکەش کە لەلایەن ئەمریکاوە پشتگیریکراون لەفەلوجەو قائیم و رەمادی جێبەجێدەکرێن، «کە هەمووان هیوادارن زیانیان پێنهکهوێنرێت».

دولەیمی وتی «لەوکاتەوەی ئەنبار لەدەست داعش ئازادکرا، زیاتر لە (40) پڕۆژەی هاوکاریی پشتیوانیکراو لەلایەن ئەمریکاوە ئەنجامدراون بهسوودی خەڵکی ئەنبار».

وتیشی «هێزەکانی ئەمریکا یارمەتی دانیشتوانی گوندو شارەکانیان داوە لەپاککردنەوەی ئەو مین و تەقەمەنییە دەستکردانەی لەلایەن داعشەوە چێنراون».

شێخ عەبدولڕەحمان جاسم دولەیمی ئەندامی ئەنجومەنی خێڵەکی ئەنبار، وتی «هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان، کە پێکدێن لەو بەرنامانەی ئەمریکا پشتیوانیی دارایی کردوون، بڕبڕەی پشتی هەڵمەتی گەڕاندنەوەی سەقامگیرین لە روتبەو فوڕاتی سەروو».

وتیشی «بەهێرشکردنەسەر ئەو شوێنانەی هاوڵاتیانی ئەمریکی لێن، میلیشیاکانی سەر بەئێران مەترسی دەخەنەسەر دابینکردنی چەندین جۆری جیاواز لەهاوکاری بۆ خەڵکی عێراق».

ئەو هاوکارییانە پێکدێن لەکەرەستەی پزیشکی و ئاماژەیکرد بۆ ئەوەش کە «چەند رۆژێک پێشتر، ئامێرێکی سۆنەر لەناحیەی حەدیسە لەئەنبار بەهاوکاری ئەمریکا دانرا»، ئەمەش مانای ئەوەیە کەچیتر ژنان پێویست ناکات بچن بۆ بەغدا.

12 ی تشرینی دووەم، باڵیۆزی ئەمریکا لەعێراق یارمەتییەکی دارایی نوێی بەبڕی (500) هەزار دۆلار بۆ زانکۆی ئەنبار راگەیاند بۆ یارمەتیدانی لەخزمەتە پەروەردەییەکان و دامەزراندنی مامۆستاو کارمەندانی نوێ بۆ خزمەتی خوێندکارانی عێراقی.

هەروەها، حکومەتی ئەمریکا بڕیاریداوە بڕی (100) ملیۆن دۆلار بۆ دابینکردنی سەقامگیری لەپارێزگای ئەنبار ببەخشێت.

لەکاتی بۆنەی دانانی بەردی بناغەی خوێندنگەی عەبدولڕەحمان ناسردا لەحەبانییە، توێلەر پابەندبوونی بەردەوامی ئەمریکای دووپاتکردەوە بۆ بووژاندنەوەی دوای داعش لە ئەنبارو ئەو پارێزگایانەی دیکە کەزیانیان بەرکەوتووە.

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەبەغدا لەبەیاننامەیەکدا رایگەیاند «ئەم بەرنامەیە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک ئاو، کارەبا، ئاوەڕۆ، تەندروستی، خانووبهرهو پەروەردە دەگەڕێنێتەوە ئاستی خۆی، کەمەرجی سەرەکین لە بەدەستهێنانی گەشەی ئابووری.»

بەگوێرەی بەیاننامەکە: «ئەمریکا پابەندە بەهێنانەکایەی دۆخێکی دروست بۆ رێخۆشکردن بۆ گهڕانهوهی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان و دووبارە بونیادنانەوەی ژیانیان.»

حوسام تەل کەیفی کارمەندی ئەنجومەنی شاری تەل کەیف، وتی «لەدەشتی نەینەوا، نزیکەی (37) هەزار دانیشتوو سوودیان لەهەوڵەکانی هێزەکانی ئەمریکا وەرگرتووە لەههڵگرتنهوهی مین و تەقەمەنی».

 وتیشی زۆربەی گوندو ناوچە گوندنشینەکان لەتەقەمەنی پاککرانەوە، هەروەها مزگەوت و کڵێساکان و چەندین خوێندنگەو ناوەندی تەندروستی نۆژەنکرانەوە.

هەروەها وتی «ئەو هێرشانەی لەئێستادا لەلایەن میلیشیاکانهوه ئەنجامدەدرێن ئازاری دانیشتوانی شارە ئازادکراوەکان دەدەن کەپێویستییەکی زۆریان بەپێداویستییەکانی رۆژانە هەیە لەهەموو بوارەکاندا، بەتایبەتی بونیادنانەوەی ژێرخانی ئابوری.»

محەمەد عەبد پەرلەمانتاری عێراق، وتی  «هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ یارمەتیدانی دانیشتوانی عێراق پێویستی بە روونکردنەوە نییە، خەڵکیش سوپاسگوزارن.»

وتیشی «ئەو هەوڵە مرۆییانە دەبێت بەردەوامبن، حکومەتی عێراقیش دەبێت دۆخێکی دروست بهێنێتە ئاراوە بۆ کارمهندهکان، لهنێویاندا کارمەندانی ئاژانسە مرۆییەکان و باڵیۆزخانەکان و تەواوی کارمەندانی بیانی و نەتەوەیەکگرتووەکان».

بهرپرسێکی شارۆچکهی فەلوجە، موئهیهد فەرحان بەدیارونای وت سوپاسگوزارە بۆ ئەو یارمەتی و بەرنامانەی لەلایەن رێکخراوە ئەمریکییەکانەوە دابیندەکرێن و ئاماژەیکرد بۆ ئەوەش کە «هاتوچۆی رۆژانە بەناو شارەکەدا ئەو هاوکارییانە بهبیردێننهوه«.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار