عێراقییەکان نازناوی «شەهیدانی وشە» لەڕۆژنامەنووسە تیرۆرکراوەکان دەنێن

شەقامی عیراقی ھاوشێوەی شەقامی کوردی نایەوێت رۆژنامەنووسە تیرۆرکراوەکان لەبیر بکات

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

زۆربوونی تیرۆرکردنی رۆژنامەوانانی عێراق نیگەرانیەکانی زیادکردووە و نازناوی «شەهیدی وشە» لە رۆژنامەنووسە تیرۆرکراوەکان دەنێن هاوشێوەی رۆژنامەنووسە تیرۆرکراوەکانی هەرێم کەنازناوی «شەهیدی قەڵەم»یان لێنراوە.

سێ رۆژنامەوانی عێراقی لەدەستپێکی ئەمساڵەوە کوژراون، ئەمەش نیگەرانی لای رێکخراوەکانی بواری مافی رۆژنامەوانان زیادکردووە لهکاتێکدا گروپە چەکدارهکان هەوڵدەدەن رۆژنامەوانان بێدەنگ بکەن لە رووماڵکردنی ئەو خۆپیشاندانانەی لەتەواوی وڵاتەکەدا لەئارادان.

نزار زەنون، سەرپەرشتیاری گشتی کەناڵی ئاسمانی رەشید، دواهەمین قوربانی بوو  کەکۆمەڵێک چەکدار لەنێو ئۆتۆمبیلێکی بێ ژمارەدا سێشەممە (11ی شوبات) تیرۆریان کرد.

چەکدارەکان بەچەکی بێدەنگ تەقەیان لێکردو کوشتیان لەنزیک ماڵەکەی لەگەڕەکی جامعه، خۆرئاوای بەغدا، پێشئەوەی بڕفێندرێت بۆ ناوچەیەکی نادیار.

بەگوێرەی بەیاننامەیەکی کەناڵەکە، هێزە ئەمنییەکان دەستبەجێ دەستیانکرد بەلێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بۆ دۆزینەوەی ناسنامەی ئەنجامدەران.

هێرشەکە دوای مانگێک دێت لەکوشتنی پەیامنێرێک و وێنەگرێکی کەناڵی ئاسمانی دیجلە، ئەحمەد سەمەدو سەفا غالی لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراوەوە لەبەسره.

سەرۆکی رێکخراوی پاراستنی مافەکانی رۆژنامەوانانی عێراق، ئیبراهیم سەراجی وتی «زەنون سێیەمین قوربانی نێو رۆژنامەوانانه کە لەماوەی مانگ و نیوێکدا کوژراون.»

وتیشی «ئەو زنجیرە تیرۆرکردنەی رۆژنامەوانان بەردەوامدەبێت بەهۆی لاوازیی لێکۆڵینەوەو رێوشوێنەکانی سزادانهوه بۆ راگرتنی خوێنڕێژییەکە».

لایەنە چەکدارەکان تۆمەتبارکراون بەوەی لەپشت ئەنجامدانی ئەو تیرۆرکردنانەوەن، بە ئامانجی سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان و گوشار خستنهسەر میدیاکان تا رووماڵیان نەکهن.

زیاتر لە (100) هێرش لەدژی ناوەندە میدیاییهکان و رۆژنامەوانان ئەنجامدراون لەوکاتەوەی خۆپیشاندانەکان لەتشرینی یەکەمەوە دەستیانپێکردووە.

لهو هێرشانه بریتیبوون لههەڵکوتانەسەر نووسینگەی کەناڵە ئاسمانییەکان لەلایەن لایەنە «ناڕێکخراوەکانەوە»، تێکدانی کەرەستەکانیان و لێدان لەپهیامنێرو وێنەگرەکانیان.

سەراجی وتی زۆربەی رۆژنامەوانان بەشێوەیەکی راستەوخۆ سوکایەتییان پێکراوەو هەراسانکراون، بەڵام لەترسی سەلامەتییان باسیان نەکردووە. ئەوانی دیکە هەڕەشهی کوشتنیان بەدەستگەیشتووە، ئەمەش وایلێکردوون بڕۆن بۆ ناوچەی ئهمینتر.

سەراجی داوای لەحکومەت کرد «بەگرنگییەوە» بڕوانێتە زۆربوونی رووداوەکانی توندوتیژی لەدژی رۆژنامەوانان و ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی شەفافانە کە ئەنجامدەران بەسزای خۆیان بگەیەنێت و تووندوتیژییەکەش بوەستێنێت.

وتی: «دەبێت ژینگەیەکی پارێزراو بۆ رۆژنامەوانان دابینبکرێت کەببێتە هۆی ئاسانکاری بۆ کارهکهیان، رێگەیان پێبدرێت زانیارییان دەستبکەوێت و رووماڵی رۆژنامەوانی بکەن.»

سەراجی وتی بڕیارەکەی وەزیری ناوخۆی عێراق یاسین یاسری لەمانگی رابردوودا بۆ رێگەدان بە رۆژنامەوانان بۆ هەڵگرتنی چەک «چارەسەر نییە».

وتی دەبێت بەکارهێنانی چەک تەنها بۆ هێزە ئەمنییەکان رێپێدراوبێت، لەکاتێکدا ئەوان تەنها لایەنن کە بەرپرسیارن لەپاراستنی تەواوی دانیشتوان بەبێ جیاوازی.

رۆژنامەنووسان لەعێراق و هەرێمی کوردستان بەردەوام رووبەڕووی پێشێلکاری و هەڕەشەی تیرۆرکردن دەبنەوە و بکوژە سەرەکییەکانیان دەستگیرناکرێن.

تەنها لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا  چەندین نووسەرو رۆژنامەنووس لەهەرێمی کوردستان کوژراون، لەوانە، دکتۆر عەبدولستار تاهیر شەریف، سۆرانی مامە حەمە، سەردەشت عوسمان، کاوە گەرمیانی، وەدات حوسێن، ئەمە جگە لەوەی ئامانج بابانی و هاوسەرەکەی لە رووداوێکی تەمومژاوییدا کۆتایی ساڵی رابردوو گیانیان لەدەستدا، پۆلیسی سلیمانی لەمبارەیەوە دەڵی رووداوەکە خۆکوژییە، بەڵام پۆلیسی تاوانەکانی هەرێم دەڵێت مەرج نیە خۆکوژیی بێت.

هاوکات سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، راپۆرتی ژمارە 23ی خۆی سەبارەت بەپێشێلکارییەکانی سەر بەڕۆژنامەنووسان و میدیاکان لەساڵی٢٠١٩ی لەهەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە. تێیدا پێشێلکاریەکانی سەر رۆژنامەنووسان لە هەرێم و شارەکانی تری عێراق تۆمارکردووە.

سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، بەبڵاوکردنەوەی راپۆرتێکی ئاماری کە لەڕێکەوتی 2019.1.1ەوە دەستیپێکردووەو هەتا 2019.12.31ی خایاندووە، پێشێلکارییەکانی سەر رۆژنامەنووسان و دەزگاکانی راگەیاندنی بڵاوکردەوەو هاوکات حاڵەتەکانی پێشێلکاری و پێشگیری لەڕووماڵکردنی دەستنیشان کردووە.

 بەپێی راپۆرتەکەی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، پێشێلکارییەکان دژ بەڕۆژنامەنووسان و میدیاکاران لەساڵی رابردوودا لەهەرێمی کوردستان، بەگشتی (٦٦) حاڵەت بووە کە لەڕاپۆرتە ئامارییەکەدا بەسەر شەش مانگی یەکەم و دووەمدا دابەشکراوەو شەش مانگی یەکەم بەم شێوەیەی خوارەوەیە:

- دەستگیرکردن: (١٠) حاڵەت

- رێگەنەدان بەڕووماڵکردن: نۆ حاڵەت

- هێرش و سووکایەتی: پێنج حاڵەت

- لێدان: یەک حاڵەت

- داخستنی نووسینگە: یەک حاڵەت

- داوای پڕکردنەوەی فۆرمی زانیاری ئەمنی: یەک حاڵەت

- هەڕەشە: یەک حاڵەت

بەپێی راپۆرتە ئامارییەکەی سەندیکای رۆژنامەنووسان کە بەشێوەی خشتەیی تۆمارکراوە، لە شەش مانگی دووەم حاڵەتەکان بەم شوەیەی خوارەوەیە کەسەرجەم (38) حاڵەتی پێشێلکاری تۆمارکراوە، کەکۆی حاڵەتەکانی سەرجەم ساڵی 2019 دەکاتە (66) حاڵەتی پێشێلکاری.

لەڕاپۆرتەکەی سەندیکانی رۆژنامەنووسانی کوردستاندا ئاماژە بەشوێن و جێگەی ئەو شارو شارۆچکانە کراوە کەحاڵەتەکانی پێشێلکاری تێیاندا ئەنجامدراوە کەئاماژە بەموسڵ و بەغداش کراوە، کە لەوێش هەر بەرانبەر رۆژنامەنووسانی کورد پێشێلکاری کراوە بەم چەشنەیە:

سلێمانی: شەش حاڵەت

هەولێر: شەش حاڵەت

دهۆک: شەش حاڵەت

خانەقین: سێ حاڵەت

کەرکوک :چوار حاڵەت

هەڵەبجە: یەک حاڵەت

مووسڵ: یەک حاڵەت

بەغدا: یەک حاڵەت

هەر بەپێی داتاکە زۆرترین توندوتیژی بەرامبەر بەڕۆژنامەنووسانی رەگەزی نێرەو رەگەزی مێ تەنیا دوو حاڵەت بووە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار