راستییەکی تاڵە له‌ناو حزبه‌کاندا ته‌حەڕوشى سێکسى بەرامبەر ئافرەتان هەیە

ئه‌مه‌ل جه‌لال ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى باڵاى خانمان بۆ ‌هاوڵاتى :

4 ساڵ لەمەوپێش



سازدانی: شاناز حهسهن

ئهمهل جهلال ئهندامى ئهنجومهنى باڵاى خانمان ئاماژه بهوهدهکات بهشێک لهو ژنانهی که لهسهرکردایهتی حزبهکاندان، لهبنهڕهتدا باوهڕیان بهپرسى ژن نییهو ههڵگرى ههمان خهسڵهت و ئایدیاى پیاوانهى ههیه بۆ مافهکانى ژنان، بۆیه چاوهڕوانى هیچى لێناکرێت.

ئهمهل جهلال لهم چاوپێکهوتنهی لهگهڵ هاوڵاتى جهختى لهوهکردهوه ئهنجومهنى باڵاى خانمان ههنگاوى کردارى ناوه لهدانانى سیاسهت و ستراتیژى نیشتمانى بۆ پهرهپێدانى تواناى ژنان و دانانى یهکهکانى یهکسانى جێندهرى لهوهزارهتهکانى حکومهتى ههرێم.

بهشێک لهو ژنانهی که لهسهرکردایهتی حزبهکاندان، لهبنهڕهتدا باوهڕیان بهپرسى ژن نییه

هاوڵاتى : رۆڵى ئهنجومهنى باڵاى خانمان چى بووه بۆ یهکسانى جێندهرى؟

ئهمهل جهلال: کاتێک باس لهپرسێکى گرنگى وهک جێندهر دهکهین، دهبێت لهڕووى بهرپرسیارێتییهوه فراوانتر سهیرى بکهین نهک تهنها لهچوارچێوهى دهزگایهکى وهک ئهنجومهنى باڵاى خانماندا وابهستهى بکهین، بهڵکو دهبێت بۆ چهسپاندنى ئهم چهمکه ههنگاوه کردارییهکانى ببینین، ئێستا ئهنجومهن وهک پرۆژهیهکى هاوبهش لهگهڵ لایهنه پهیوهندیدارهکان دهستیپێکردووه بهدابهشکردنى رۆڵ و بهرپرسیاریهتیهکان لهتێکهڵکردنى چهمکى جێندهر بهتهواوى سیاسهت و پرۆگرامهکانى خوێندن و رهنگدانهوهى لههێڵه گشتییهکانى دهستورو یاسا بهرکارهکان، سهرئهنجام لهفهلسهفهى سیاسى و حوکمڕانیدا بکرێته بنهماو بهرنامهى دهسهڵاته تهشریعى و حکومى و قهزایی و لهههمانکاتدا وابهستهکردن و پهیوهستکردنى دامهزراوه میدیاییهکان و ناوهندهکانى ئهکادیمى و لێکۆڵینهوه بۆ شیکردنهوهى رهگوڕیشهى ئهو بهربهست و رێگرییانهى کهبوونهته لهمپهر لهچهسپاندنى ئهم بنهمایه بهئامانجى بهکلتورى کردنى ئهم بههاو چهمکانهو رهنگدانهوهیان لهئاکارو رهوشتى تاک و کۆمهڵ.

ئهنجومهنى باڵاى کاروبارى خانمان رۆڵى خۆى گێڕاوهو ههنگاوى کردارى ناوه لهدانانى سیاسهت و ستراتیژى نیشتمانى بۆ پهرهپیدانى تواناى ژنان و دانانى یهکهکانى یهکسانى جێندهرى لهوهزارهتهکانى حکومهتى ههرێم له (9) وهزارهت وهک قۆناغى یهکهم، ئێستا ههنگاوى دووهممان ئهوهیه کهتهواوى وهزارهت و دهستهو پارێزگاکانى ههرێم ئهو یهکانه دابنێین و ههنگاوى دواتر کارکردنه لهسهر پهرهپێدانى تواناى کارمهندانى ئهو یهکانهو لهڕێگهى راهێنان و لێکۆڵینهوهو خوێندنهوه دهبێت.

هاوڵاتى : ئایا رۆڵتان ههبووه لهوشیارکردنهوهى رهگهزى مێینه بهرانبهر بهمافهکانیان بهشێوهى گشتى؟

ئهمهل جهلال: بهدڵنیاییهوه بهڵام جیاواز لهو رۆڵهى  رێکخراوهکانى کۆمهڵى مهدهنى دهیکات، رێکخراوهکان کار بۆ هۆشیارى تاک و کۆمهڵ دهکهن لهڕێگهى پرۆژهکانیانهوه، بهڵام ئێمه لهچوارچێوهى داڕشتنى سیاسات و ستراتیژى نیشتمانى و دانانى پلانى پێویست بۆ ئهو ستراتیژانه دواى پهسهندکردنى لهلایهن سهرۆکایهتى ئهنجومهنى وهزیرانهوه، بههاوکارى هاوبهشه نێودهوڵهتى و ناوخۆییهکان، واته کارى ئێمه بهدامهزراوهکردنى چهمکى جێندهرو تهواوى بههاکانى مافهکانى ژنانه لهڕێگهى بههێزکردنى دامهزراوهکانى ههرێمى کوردستانه.

له‌ئێستادا هه‌ڵمه‌تێکى ناڕه‌وا ده‌کرێت به‌رامبه‌ر چالاکوانان و دامه‌زراوه‌کانى ژنان

هاوڵاتى : تاچهند پێتانوایه رێکخراوهکانى ژنان ئهدایان باش بووه بۆ وشیارکردنهوه؟

ئهمهل جهلال: ئهگهر بهراوردێک بکهین لهئێستاو بهر له (10) ساڵ لهمهوبهر بهڕوونى ئهو جیاوازییه بهدیدهکهین، ئهوهش بهههوڵ و خهبات و تێکۆشانى رێکخراوهکانى ژنان و ئافرهتان ئهو گۆڕانکارییانه هاتۆتهپێش و مهسهلهى مافهکانى ژنان رایهکى گشتى دروستکردووهو لهپرسێکى کۆمهڵگهییهوه بووەته پرسێکى دامهزراوهیی و لهتهواوى دهسهڵاتهکانى ههرێم بووهته ئهمرى واقیع.

ئهمهش ئهوه دهگهیهنێت کهکارهکانیان کاریگهرى ههبووه لههۆشیارکردنهوهى کۆمهڵگه، بهڵام ئهگهر پێوانهى بکهین دهتوانین بڵێین هێشتا لهئاستى پێویست نییهو پێویسته ههوڵهکان زیاتر بێت بهشێوهیهکى هاوتهریب لهگهڵ کارهکانى ئهنجومهنى خانمان و دامهزراوه پهیوهندیدارهکان تائاستى هۆشیارى کۆمهڵگه زیاتر بهرزبێتهوهو ببێته بههاو ئاکارى رهوشتى، ئهوکاته پرسى ژن دهبێته ئاکارو رهوشت و بهرپرسیارێتى تاک و کۆمهڵ.

هاوڵاتى : نهتهوهیهکگرتووهکان باسى ئهوهى کردووه کهدهیان ملیۆن کهس مهترسى خهتهنهکردنیان لهسهره؟ چیتان کردووه بۆ رێگری؟ لهبهرنامهتاندایه چی بکهن؟

ئهمهل جهلال: دیاردهى خهتهنهکردنى مێینه بهبهراورد بهساڵانى ههشتاکان و نهوهدهکان  ئهویش بهههوڵى رێکخراوهکانى ژنان و ئافرهتان و کۆمهڵى مهدهنى سهرهتا ههوڵى یهکێتى ژنانى کوردستان و رێکخراوى وادى ئهڵمانى بهههندوهرگرین کهههنگاوێکى بوێرانه بوو لهو سهردهمهدا، دوابهدواى ئهوان ئهم دیاردهیه رایهکى گشتى وهرگرت بۆ بهرهنگاربوونهوهى و رێگریکردن لهئهنجامدانى لهسهر چهندین ئاستى دامهزراوهیى و رێکخراوهیی و میدیایی، دوایین ههنگاو ئهنجومهنى باڵاى کاروبارى خانمان بههاوبهشى و پاڵپشتى رێکخراوى یونسێف و جێبهجێکردنى لهلایهن رێکخراوهکانى هارتلاند ئهنلایس و رێکخراوهکانى کۆمهڵى مهدهنى بۆ دهستنیشانکردنى ئاستى رێژهکه سهرهنجام دهرکهوت که بهئاستێکى بهرچاو دابهزیوه بهجیاوازى ناوچهکان، لهئێستادا پلانێکى ئامادهکردووه بهناوى پلانى (گۆڕینى ههڵسوکهوت) بۆ نههێشتنى دیاردهکهو سفرکردنهوهى کوردستان لهو دیاردهیه بههاوکارى رێکخراوى (سندوقى نهتهوهیهکگرتووهکان بۆ دانیشتوان)، جێبهجێکردنى لهلایهن وهزارهتهکانى حکومهتى ههرێم و رێکخراوهکانى کۆمهڵى مهدهنى و مامۆستایانى ئایینى جێبهجێدهکرێت و لهلایهن ئهنجومهنى باڵاى کاروبارى خانمان سهرپهرشتى دهکرێت و بهدواداچوون دهکات بۆ ئاستى جێبهجێکردن و کاریگهرییهکانى.

هاوڵاتى : ئایا حزبهکان توانیویانه رۆڵ بدهن بهژنان و ئافرهتان و خاوهن بڕیار بن؟

ئهمهل جهلال: بهدڵنیاییهوه ئێستا ژمارهیهکى بهرچاو لهژنان بهڕێژهى جیاواز لهناو پارته سیاسییهکان ههیه، رێژهکهش لهبهرزبوونهوهدایه، بهڵام پرسیارهکه ئهوهیه ئایا تهنها بهگهیشتن بهپێگهى سهرکردایهتى کفایهته بۆ گهیشتن بهمافه مهدهنى و سیاسى و کۆمهڵایهتى و ئابورى و یاسایی و کلتورى و فهرههنگییەکان؟ بهدڵنیاییهوه نهخێر، چونکه پێگهى سهرکردایهتى ئامرازه بۆ گهیشتن بهو مافانه، بۆ ئهوهش کهسایهتى بوێرو لهخۆبردووی دهوێت، ئهویش بهوهى حزبهکهى بهئامراز ببینێت نهک بهئامانج، که پێموایه تائێستا لهو رووهوه زۆر ههژارین لهسهر ئاستى چهند پێوانهیهک.

یهکهمیان: ئهوهیه بهشێک لهو ژنانه پرسى ژن و مافهکانى نهبوورته خهمى که لهکاتێکدا بههۆى سیستمى کۆتاوه ئهو پێگهیهى بهدهستهێناوه، تهنانهت ئهگهر بهدهنگى خۆشى دهرچووبێت.

دووهمیان: بهشێک لهو ژنانه لهبنهڕهتدا باوهڕیان بهپرسى ژن نییهو ههڵگرى ههمان خهسڵهت و ئایدیاى پیاوانهى ههیه بۆ مافهکانى ژنان، بۆیه چاوهڕوانى هیچى لێناکرێت.

سێیهم: بهشێک لهو ژنانه لهترسى پێگهکهی و بۆ رازىکردنى دڵى بهرپرسهکانیان کهخۆیان بهقهرزارباریان دهزانن لهدهرچواندنیان هیچ ههڵوێستێکیان نییه، بوون و نهبوونیان هیچ کاریگهریى نییه، بهداخهوه زۆرجار بهزیانى دۆسیهو پرسهکانى ژنان تهواودهبێت، چونکه زۆرجار دهبێته پرسیار لاى خهڵک کهئهوهتا ژنان لهپێگهکانى دهسهڵاتن، بهڵام ناتوانن وێنایهکى جیاوازو سهرکهوتوو پیشانى کۆمهڵگه بدهن، بهمهش متمانهى کۆمهڵگه لاوازدهبێت بۆ گرنگى بهشداریى ژنان لهپرۆسهى سیاسى، بهڵام ئهمه نابێته ئهوهى ژنى لێهاتوو بهتوانامان نهبێت، بهڵێ جێگهى دهستخۆشییه کهژمارهیهکى بهرچاویش ههیه لهناو پارته سیاسییهکان کهخهبات و تێکۆشانیان جێگهى ستایشهو بهپڕۆژهو بهرنامهکانیان دهیانهویت گۆڕانکارى بکهن و ماف و بهرکهوته یاسایی و سیاسى و ئابورییهکانى ژنان بهدهستبهێنن و ئهو دۆخه تێپهڕێنن.

هاوڵاتى : لهناو حزبه سیاسییهکاندا هیچ دۆسییهیهک ههیه که تهحەڕوشیى سێکسى بهژنان و ئافرهتان کرابێت؟

ئهمهل جهلال: راستییهکى تاڵه دهبێت نهیشارینهوه که بهڵێ بهداخهوه ههیه، بهڵام پهردهپۆش کراوهو کهمترین دهنگى لهسهر بهرزدهبێتهوه، بۆیه بهداخهوه ههندێکجار لهناهۆشیارى سیاسى ژنهکانهوه سهرچاوهدهگرێت و درک بهئاسهوارو مهترسیهکانى و کاریگهرى لهسهر داهاتوى کهسایهتى خۆى ناکات و بهبێ تێگهیشتن دهکهوێته ههڵهى رهوشتییهوه، ههندێک جاریش ئیستیغلال دهکرێن و بهکاردههێنرێن بۆ مهرامى سیاسى، هتد بهڵام ئهوهى گرفته ناتوانى ئهمانه پشتڕاستبکهیتهوه، چونکه هیچ سکاڵاو بهڵگهیهکى سهلمێنراومان لهبهردهستدا نیه، بهڵام بهئاشکرا ههست بهو پێشێلکارییانه دهکهین و بووەته بابهتى هۆشیارى دامهزراوه حزبى و حکومى و رێکخراوهیی و میدیایی، ئهوهش دهیسهلمێنێت کهههیه.

ئهوهی کە روودەدات بە رههایی نیه، بهڵام ژمارهکهشى کهم نییه کههێشتا ههژمونى بیرى دواکهوتویی و وابهستهبوونى بهعورف و عاداته چهقبهسستووهکانى کۆمهڵگه که رێگره لهبهردهم هۆشیارى ژنان لهپهنابردنه بهر رێکخراوهکانى ژنان و ههڵمهتى ههندێک لهپیاوانى ئاینى کهدین ئیستیغلال دهکات بۆ بهلاڕێدابردنى کۆمهڵگهو ههروهک لهئێستادا دهبینین ههڵمهتێکى ناڕهوا دهکرێت بهرامبهر چالاکوانان و دامهزراوهکانى ژنان، ئهمانه ههمووى هۆکارن بۆ لاوازکردنى متمانهو بهداخهوه دهزگای میدیاییش لهو رووهدا رۆڵێکى نێگهتیڤى بینیوه لهڕهخساندنى ئهو فهزایه کهدهبوو بهپێچهوانهوه بوایه.

هاوڵاتى : بۆچى ههندێک ژنان تائێستاش وهک پیاوان متمانهیان بهڕێکخراوى ژنان نیه؟ لهبوونى کێشهیهکدا پهناى بۆ نابهن؟

ئه‌مه‌ل جه‌لال: زۆر شت کراوه‌و هه‌نگاوى کردارى بۆ نراوه‌ به‌ڵام هێشتا له‌ ڕووى به‌رجه‌سته‌ بونى ئه‌و مافانه‌ زۆرى ماوه‌ پێویستى به‌کاتى زۆرو به‌رپرسیارێتیه‌کى فراوانترو فره‌ ڕه‌هه‌ندتر له‌وه‌ى ئێستا به‌رێوه‌ده‌چێت، مافه‌ مه‌ده‌نى و سیاسی و ئابورى و یاساییه‌کانى ژنان پێویستى به‌گۆڕانکارى ریشه‌یی هه‌یه‌ له‌گۆڕینى بیرکردنه‌وه‌ى کۆمه‌ڵ و ئاستى به‌رپرسیاریتیه‌کانى ئه‌ویش به‌ڕه‌خساندنى زه‌مینه‌ى پێویست بۆ فه‌راهه‌مکردنى ئه‌و مافانه‌ که‌ پێویستى به‌کۆمه‌ڵیک گۆڕانکارییه‌ له‌ڕووى هه‌موارى یاسا گشتییه‌کان و یاساکانى تایبه‌ت به‌که‌رتى گشتى و که‌رتى تایبه‌ت و ته‌رخانکردنى بودجه‌ى پێویست و دابینکردن و به‌ تواناکردن و په‌ره‌پێدانى سه‌رچاوه‌ مرۆییه‌کان و به‌هێزکردنى ژینگه‌ى کارو ره‌نگدانه‌وه‌ى له‌ئیراده‌یه‌کى سیاسى باوه‌ڕ به‌پڕه‌نسیبه‌کانى به‌شدارى وه‌ک یه‌کى دوور له‌هه‌ژمونى  ره‌گه‌زى و به‌هێزکردنى ده‌زگاو دامه‌زراوه‌ تایبه‌ته‌کانى ژنان تابتوانن له‌ئاستى پێداویستییه‌کانى مافه‌کانى ژنان بن و به‌به‌رنامه‌و پڕۆژه‌ى ستراتیژى وه‌ڵامى پێداویستییه‌کان بده‌نه‌وه

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار