دەربارەی هیگڵ‌و فینۆمینۆلۆژی هۆش، گفتوگۆیەکی فەلسەفی لەگەڵ د.محەمەد کەمال

4 ساڵ لەمەوپێش



سازدانی: شوان ئەحمەد

بەشی یەکەم

سەرەتا:

تاکوتەرا نەبێت تابەراییەکانی ئەم سەدەیەش، کتێبخانەی کوردی لەمیراتی فەلسەفەی مرۆڤایەتی و لەسەرچاوە فیکریە گرنگەکان بێبەش بوو.. ئێمە تەنها ناوی فەیلەسوف و فێرگە فەلسەفیەکانمان دەبیست و هیچی تر. وەکو ئەوەی زمانی کوردی دەرەقەتی بواری فەلسەفە نەیەت و لەکتێبخانەی کوردیشدا، جێگەی ئەو تێکستە فکریانە نەبێتەوە.

بەڵام بەهەوڵ و کۆشش و ماندووبونی چەند کەسانێک (کە ئەڵبەت د.محەمد کەمال) یەکێکە لەوانە، کۆتایی بەو قۆناغە هات و لەئێستادا خوێنەرانی ئێمە، دەتوانن بەزمانی کوردی دەستیان بەچەند تێکستێکی فەلسەفی گرنگ رابگات و بەقەڵەمی ئەکادیمیست و نوسەران و توێژەرانی بواری فەلسەفە، بەکوردی لەسەر چەندین بیرمەندو قوتابخانەی فەلسەفی بخوێننەوە.

لەم چارەکە سەدەیەی رابردودا (د.محەمەد کەمال)، وەک نووسەرو ئەکادیمست و توێژەرێکی بواری فەلسەفە (بەنووسین و وەرگێڕان)، زیاتر لەبیست بەرهەمی پێشکەش بەکتێبخانەی کوردی کردووە،(کەلێرەدا ئاماژەمان پێداون).

بۆ ئێمە گەڕانەوەی ئەمجارەی (د.محەمەد کەمال) لەوڵاتی ئوسترالیاوە بۆ کوردستان، دەرفەتێک بوو تاگفتوگۆیەکی چڕو پڕو هەمەلایەنی لەگەڵدا سازبکەین، دەربارەی(فەلسەفەی هیگڵ و فینۆمینۆلۆژی هۆش)، بەو پێیەی بەڕێزیان دوو کتێبیان لەبارەی هیگڵەوە نووسیوە (هیگڵ، لۆجیکی هیگڵ)، لەگەڵ وەرگێڕانی(فینۆ مینۆلۆژی هۆش) لەزمانی ئینگلیزیەوە. هاوکات لەبەرنامەیدایە لەداهاتودا کار لەسەر وەرگێڕانی (فەلسەفەی ماف)یش بکات.

هەڵبەتە بەوپێیەی ئێمە لەبەردەم یەکێک لەمەزنە فەیلەسوفەکانی مێژووداین و (فینۆمینۆلۆژی هۆش)یش یەکێکە لەتێکستە فەلسەفیە گرنگ و ئاڵۆزەکان، ئەوا بەوریاییەوە هەندێ پرسیاری سەرەتاییمان وروژاندووەو ئامانجمان لەمەش ئەوەبووە، خوێنەری کورد کەمێک روونتر لەفەلسەفەی هیگڵ و تێکستە گرنگەکەی تێبگات.

 

دەقی گفتوگۆکە:

هاوڵاتى: زۆرجار لێرەو لەوێ لەڕێی مێژوونووسانی فەلسەفەو فەلسەفەکارو ئەکادیمیستەکانەوە، گوێبیستی ئەوە دەبین کەباس لەگەورەیی و کاریگەرێتی فەیلەسوفێکی وەک هیگڵ دەکەن.

ئەڵبەتە ئێوەش وەک نووسەرو ئەکادیمیست و فەلسەفەکارێک کەسەروکارتان لەگەڵ فەلسەفەی هیگڵ و بەرهەمەکانیدا هەیەو لەبارەیەوە نووسیوتانەو یەکێک لەتێکستە گەورەو گرنگەکانیشتان کردووە بەکوردی (فینۆمینۆلۆژیی هۆش-2016)، لەو حاڵەتە بەدەرنین و وەک زۆرێکی تر جەخت لەبەهاو گەورەیی و گرنگی ئەو دەکەنەوە.

ئەوەتا لەپێشەکی کتێبەکەتاندا (فەلسەفەی هیگڵ- چاپی دووەم، 2009-ل 9بۆ12)، دەنووسن:(هیگڵ لەمێژووی فەلسەفەدا، جێگای تایبەت و گرنگی خۆی هەیە. باوەڕناکەم فەیلەسوفێک هەبێت پاش ئەریستۆ هێندەی ئەم زانایە، کاری کردبێتە سەر بیرکردنەوەی فەلسەفیانەی پاش سەردەمەکەی. کەم فێرگەی فەلسەفیش هەن بەباش و خراپ، سودیان لەبیروڕاکانی هیگڵ وەرنەگرتبێت).

ئێوە لێرەدا دەوەستن و هەرئەوەندەمان پێدەڵێن.. دەی ئەگەر لەکۆڕێکدا یان کڵاسێکدا لەگەڵ چەند گوێگرو خوێندکارێکدا کۆبیتەوە، لەسەر بەهاو گەورەیی و گرنگی هیگڵ و فەلسەفەکەی چییان پێ دەڵێیت؟

-ئەڵبەتە هیگڵ وەک فەیلەسوفێک کاریگەری گەورەی لەسەر ڕەوتی فەلسەفەی پاش خۆی جێهێشتووەو ڕۆڵی ئەو لەفەلسەفەی نوێدا، وەک ڕۆڵی ئەریستۆیە لەپێش خۆیدا. کاریگەری هیگڵ و ئەریستۆش لەهۆکار بەدەر نییە. وەکو دەزانین ئەریستۆ بەدرێژایی مێژووی فەلسەفە (بەسەدەکانی ناوەڕاست و فەلسەفەی ئیسلامی و تەنانەت فەلسەفەی تازەگەریش)، چونکە دێکارتیش بەشێکە لەنەریتی ئەریستۆیی، بە ئەریستۆ کاریگەر بووە. هیگڵیش بەهەمان شێوە، کاریگەرێتیەکی گەورەی لەسەر سەردەم و قۆناغی خۆی بەجێ هێشتووەو تەنانەت ئەو کاریگەرێتیەی، لەسەر بیریارانی پاش سەردەمەکەی خۆشی هەبووە. جگە لەوەی دوای مردنی هیگڵیەکان بوون بەدوو بەشەوە (هیگلیە راستڕەوەکان و هیگلیە چەپڕەوەکان) کە فەیلەسوفانی گەورەی وەک فیۆرباخ و مارکسی تێدا هەڵکەوتووە.

لەلایەکی دیکەوە کاریگەرێتی لەسەر فەلسەفەی بوونخوازیش هەبووە. بۆ نمونە رەخنەکانی کیرکیگارد لەسەر هیگڵ و فەلسەفەکەی، یاخود خوێندنەوەی ژان پۆل سارتەرو مارتن هایدیگەریش بۆ هیگڵ. تەنانەت لەسەردەمی ئێستاشماندا ناتوانین بەبێ هیگڵ، لەفەلسەفەی رۆژئاوا تێبگەین. ئەو بزاوتە مارکسیەشی کەدروست بوو (وەک دەزانین نیوەی جیهان کەوتە نێو بلۆکی سۆشیالیزمەوە)، مارکسیش لەژێر کاریگەرێتی هیگڵ دا بیری کردۆتەوە..

لەبەرئەوە دەتوانین بڵێین هیگڵ توانیویەتی کاریگەرێتیەکی گەورە، لەدوای خۆی جێ بهێڵێت. تاکو خۆی هەندێ جار، بیرم نایەت لەچ کتێبێکدا بەتەواوەتی دەڵێت: (پاش من فەلسەفەی نوێ دروست نابێت. هەرکەسێک دێت و بەناوی فەلسەفەوە شتێکی نوێ بهێنێتە ئارا، ئەوە وەچەی منە). ئەمەش نیشانەی ئەوەیە هیگڵ وەک فەیلەسوفێک، رۆحیەتی فیزو لوت بەرزی و خۆبەشت زانی تێدابووە، وەک کەسێک کە توانیویەتی سیستەمێکی تۆکمەی فەلسەفی دابڕێژێت و جیهانبینیەکی تەواو دروستبکات.

هاوڵاتى: لەگفتوگۆیەکی دا لەگەڵ ئانجا ستێنباوەر، فەیلەسوفی سلۆڤینی سلاڤۆی ژیژەک دەڵێت:(من گومان لەخوێنەرانی هیگڵ دەکەم و پێم وانیە ئەوانە کتێبەکانی ئەویان خوێندبێتەوە، بەتایبەتی کتێبەکانی لەبارەی لۆژیکەوە. من گومان دەکەم خەڵکی لۆژیکی هیگڵیان خوێندبێتەوە. ئەویش لەبەر یەک هۆکار: بەبڕوای من گەر نەشیان خوێندبێتەوە، هیچ شتێکی گرنگیان لەدەست نەچووە).

هەر بەڕاست خوێندنەوەو نەخوێندنەوەی بەرهەمەکانی هیگڵ، وەک یەک وایە؟

د.محەمەد کەمال: ئەڵبەت من لەگەڵ ئەو بۆچوونەدا نیم و ئەوە باوەڕی ژیژەک خۆیەتی. یەکەم/ ئێمە ناتوانین حوکم بەسەر خوێنەری فەلسەفەدا بدەین و بڵێین:(کتێبی هیگڵیان نەخوێندۆتەوە). ئەوە بۆخۆی حوکمدانێکی سەختە، چونکە ئەوانەی فەلسەفە دەخوێننەوەو دەیانەوێت لەهیگڵ تێبگەن، دەبێت لۆژیکەکەشی بخوێننەوە. پاشان خوێنەر چەند تێدەگات یان تێناگات، ئەوە دەکەوێتە سەر توانای خوێنەر خۆی و شارەزابوونی لەپاشخانی فەلسەفەی هیگڵ.

دووەم/لۆژیکی هیگڵ کە لۆژیکی دیالەکتیکە، دواتریش مارکس سودی لەو لۆژیکە وەرگرت، یاخود لۆژیکەکەی خۆی دیالێکتیانە لەسەر سیستمەکەی هیگڵ دایمەزراند بوو بەتەنیا ئامرازێک یاخود تەنیا لۆژیکێک بۆ راڤەکردنی مێژوو.

ئێمە تائەمڕۆش کە باسی مێژووی چینایەتی دەکەین یاخود باسی خەباتی چینایەتی دەکەین (کە خەباتی چینایەتی هەتا ئێستاش لەکۆمەڵگەی سەرمایەداریدا بەردەوامە)، گەرچی بزوتنەوەی مارکسیزم لەزۆر شوێندا کۆتایی پێ هاتووە، بەڵام ئەو ڕاڤەکردنەی مارکس بۆ مێژووی کردووە لەسەر بنەمای لۆژیکی هیگڵ، تاکو ئێستا راڤەکردنێکی راست و دروستە بۆ مێژوو.

لەبەرئەوە تۆ ناتوانیت بڵێیت، خوێندنەوەو نەخوێندنەوەی لۆژیکی هیگڵ وەک یەک وایە، چونکە لەڕاستیدا لۆژیکی هیگڵ زۆر گرنگە بۆ تێگەیشتن لەبزاوتی مێژوو، لەجوڵەی قۆناغەکانی مێژوو و گۆڕانکاریەکانی ناوی کەماوەیەکی زۆر مارکسیستەکانیش خۆیان پێیەوە ماندوو کردووە. لەبەرئەوە من باوەڕم بەوە نییە بڵێیت ئەو ڕاڤەکردنانەی مارکس و هیگڵ بۆ مێژوویان کردووە بەسەرچووە، چونکە جیهانی سۆشیالیزم کۆتایی پێهاتووەو داڕماوە.

ئاخر داڕمانی ئەو ئەزمونە، ناکاتە داڕمانی فەلسەفە.. وەک خۆت دەزانیت فەلسەفە بیرکردنەوەیە، راڤەکردن و تێگەیشتنە لەواقیعی دەرەکی. بیرکردنەوەش کۆتایی پێ نایەت و ناڕوخێت، بەردەوام دەمێنێتەوە.

هاوڵاتى: بێگومان بۆ تێگەیشتن لەخۆمان و لەدنیاو لەدەوروبەرمان، هەندێک کتێب هەن ناچارین بەخوێندنەوەیان. پێتان وایە (زانستی لۆژیک و فینۆمینۆلۆژی هۆش)، لەو کتێبانە بن کەناچار بین بەخوێندنەوەیان؟

د.محەمەد کەمال: پێم خۆشە جیاوازیەکی سەرەکی لەنێوان دوو جۆر خوێندنەوەدا دیاری بکەین:

یەکەم خوێندنەوەی دەقە فەلسەفیەکان کە ئەمەش هەموو کەسێک قەرەیان ناکەوێت. دووەمیش خوێندنەوە بەگشتی، چونکە هەموو ئەوانەی خوێندەوارن لەژیانی رۆژانەیاندا چەند کتێبێکیان خوێندۆتەوە. رۆژانە گۆڤارو رۆژنامەکان دەخوێننەوە، کتێبی شیعرو رۆمان دەخوێننەوە. ئەمە جۆرێکە لەخوێنەری گشتی کەهەمانە.

بەڵام خوێنەری تایبەتیشمان هەیە، لەبوارێکدا دەخوێننەوەو دەیانەوێت لەو بوارەدا قوڵ ببنەوە. یەکێک لەو بوارانە فەلسەفەیە. بەبۆچونی من دەبێت خوێنەری فەلسەفە، ئاوڕێکی جدی لەهیگڵ بداتەوە. نەک لەبەرئەوەی هیگڵ تاکو ئێستا زیندوەو فەیلەسوفێکە ئێمە ناتوانین تێیپەڕێنین، بەڵکو لەبەرئەوەی کاریگەرێتی هەبووە بەسەر بیرکردنەوەی فەلسەفیەوەو کاریگەرێتی هەبووە بەسەر مێژووی فەلسەفەشەوە.

من شتێکی خۆمت بۆ دەگێڕمەوە. کە ماستەرەکەم تەواوکرد لەفەلسەفەدا، ویستم دکتۆرا بخوێنم. چووم بۆ لای یەکێک لەمامۆستاکانم (پڕۆفیسۆر مەنزور ئەحمەد)، ئەوکاتە سەرۆکی بەشی فەلسەفە بوو لەزانکۆی کاراتشی و راگری کۆلێژی ئادابیش بوو. پێمووت:(دەمەوێت دکتۆرا بکەم لەسەر فەلسەفەی هیگڵ)، لەوەڵامدا وتی:(نا، تۆ دەبێت دکتۆرا بکەیت لەسەر فەلسەفەی ئیسلامی، چونکە تۆ عەرەبیەکەت زۆر باشە، دەتوانیت شتێکی چاک بنووسیت). ئەڵبەت منیش رازی نەبووم بەپێشنیارەکەی ئەوو وتم:(من دەمەوێت لەسەر فەلسەفەی هیگڵ بنووسم و نامەی دکتۆراکەم لەسەر فەلسەفەی هیگڵ بێت). نەک لەبەرئەوەی هیگڵیانە بیرم دەکردەوە، بەڵکو بەپێویستم دەزانی.

مامۆستاکەم وتی: (یەک تاکە هۆکارم پێ بڵێ کە من قەناعەتی پێ بکەم، ئەوسا بچۆ لەسەر هیگڵ بنووسە). منیش وتم:(تەنیا هۆکار ئەوەیە کەمن وەک خوێندکارێکی فەلسەفە، گەرچی ماستەریشم تەواوکردوەو نامەی ماستەرەکەشم لەسەر هیگڵە، نەمتوانیوە لەو فەیلەسوفە بەچاکی تێبگەم، بۆیە ئەمە تاکە ڕێگایەکە بۆ من، تاسێ چوار ساڵ ئیش لەسەر هیگڵ بکەم، بۆ ئەوەی بەقووڵی و بەجدی لە هیگڵ و فەلسەفەکەی حاڵی ببم).

دواجار مامۆستاکەم رازی بوو، بۆیە دەستم بەخوێندنەوەی هیگڵ کردو دکتۆراکەم لەسەر لۆژیکی هیگڵ نووسی. ئەمانەم بۆ ئەوە باسکرد تابڵێم، تێگەیشتن و تێنەگەیشتن دەکەوێتە سەر خوێنەر خۆی. ئەگەر یەکێک خوێنەری فەلسەفە بێت، خوێنەری تێکستە قوڵ و جدییەکان بێت، پێویستە ئاوڕ لەهیگڵ بداتەوەو ناتوانێت فەرامۆشی بکات.

 

بەرهەمە چاپکراوەکانی ((د.محەمەد کەمال)):

١-بوون و داهێنان (نووسین)- چاپی یەکەم، 2004-(241)لاپەڕە.

٢-گفتوگۆیەک لەگەڵ هایدیگەردا (وەرگێڕان)- چاپی یەکەم، 2005-(82)لاپەڕە .

٣-هایدیگەرو شۆڕشێکی فەلسەفی (نووسین)- چاپی یەکەم، 2007-(377)لاپەڕە.

٤-مێتافیزیک، ئەریستۆ (وەرگێڕان)-چاپی یەکەم، 2008-(321)لاپەڕە.

٥-کاتیگۆرییەکان، ئەریستۆ (وەرگێڕان) چاپی یەکەم، 2009-(54)لاپەڕە.

٦-فەلسەفەی هیگڵ (نوسین)-چاپی دووەم،2009-(88)لاپەڕە.

٧-نیتشەو پاش تازەگەری (وەرگێڕان)-چاپی دووەم، 2009 -(270)لاپەڕە.

٨-کۆمار، ئەفلاتۆن (وەرگێڕان)-چاپی یەکەم، 2009 - (355)لاپەڕە.

٩-فەلسەفەی ئەفلاتۆن (نووسین)-چاپی یەکەم، 2010 -(350)لاپەڕە.

١٠-فەلسەفەی سارتەر، خوێندنەوەیەکی نوێ (نووسین)-چاپی دووەم، 2011-(205)لاپەڕە.

١١-بوون و نەبوون، ژان پۆل سارتەر (وەرگێڕان)-چاپی یەکەم، 2011-(625)لاپەڕە.

١٢-فینۆمینۆلۆژی (نووسین)- چاپی یەکەم، 2012- (157) لاپەڕە.

١٣-بوون و کات، مارتن هایدیگەر (وەرگێڕان)-چاپی یەکەم، 2013- (553) لاپەڕە.

١٤-فەلسەفەی بوون، لێکۆڵینەوەیەک لەسەر هزری پاش میتافیزیک (نووسین)- چاپی یەکەم، 2014- (319) لاپەڕە.

١٥-مێتافیزیکی ئەریستۆ (نووسین)- چاپی یەکەم، 2016-(186)لاپەڕە.

١٦-فینۆمینۆلۆژیی هۆش، هیگڵ (وەرگێڕان)- چاپی یەکەم،2016-(874)لاپەڕە.

١٧-لۆژیکی هیگڵ (نووسین)-چاپی یەکەم، 2016-(409)لاپەڕە.

١٨-فەلسەفەی هونەر (نووسین)-چاپی یەکەم، 2017- (250) لاپەڕە.

١٩-فەلسەفەی کانت (نووسین)- چاپی یەکەم، 2017-(365) لاپەڕە.

٢٠-فەلسەفەی سپینۆزاو جەوهەر (نووسین) -چاپی یەکەم، 2018- (239) لاپەڕە.

٢١-ئەفلاتۆنیزمی نوێ (نووسین)- چاپی یەکەم، 2019- (287) لاپەڕە.

٢٢-مارکس وەکو فەیلوسوف (نووسین)-چاپی یەکەم، 2019- (349) لاپەڕە

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار