حزبە کوردییەکان لەبەغدا شەڕی خۆیان دەکەن

هاوڵاتى زانیارى له‌سه‌ر کۆبوونه‌وه‌که‌ى (کورد، سوننه‌، شیعه‌)ى دوێنێ شه‌وى ماڵى محه‌مه‌د حه‌لوبسى ئاشکرا ده‌کات

4 ساڵ لەمەوپێش



ئارا ئیبراهیم

کابینه نوێیهکهى محهمهد تۆفیق عهلاوى ههموو سیاسییهکانى عێراقى سهرقاڵ کردووه بهوپێیهى کهسانى سهبهخۆو ناحزبى لهپۆسته وهزارییهکاندا دیارى کردووهو بهشێک لهلایهنهکانى کوردو سوننه نیگهرانن لهپرۆسهکه و دهیانهوێت رۆڵیان ههبێت لهدانانیدا.

دوێنێ شهو لهنێوان بهشێک لهلایهنهکانى (کورد، سوننه، شیعه) لهماڵى محهمهد حهلبوسى، سهرۆکى پهرلهمانى عێراق کۆبوونهتهوه بۆ تاووتوێکردنى کابینه نوێیهکهى محهمهد تۆفیق عهلاوى که بهشێک لهلایهنهکانى نیگهران کردووه.

وهفدێکى کورد بهبهشدارى لایهنهکانى (پارتى، یهکێتى، گۆڕان، کۆمهڵ، یهکگرتوو) بهشداربوون لهکۆبوونەوەکە بۆ گفتوگۆکردن لهسهر پێکهێنانى حکومهته نوێیهکهى عهلاوى کهبڕیاره ههفتهى ئاینده رابگهیهندرێت کهپێکهاتبوون لە( لاهور شێخ جهنگى نوێنهرى یهکێتى، وشیار زێبارى نوێنهرى پارتى، دهرباز محهمهد نوێنهرى گۆڕان، سهلیم شوشکهیى نوێنهرى کۆمهڵ، خهلیل ئیبراهیم نوێنهرى یهکگرتوو).

نوێنهرى کۆمهڵى ئیسلامى و سهرۆکى فراکسیۆنى کۆمهڵ و بهشداربووى کۆبوونهوهکهى ماڵى حهلبوسى زانیارى وردى بۆ هاوڵاتى ئاشکراکرد کهکۆبوونهوهکه سێ کاتژمێرى خایاندووه له 9ى شهوهوه بۆ 12ى شهو.

بڕیارە ئهمڕۆش چوارشهممه لهگهڵ محهمهد تۆفیق عهلاوى راسپێردراو بۆ کابینهى نوێى حکومهتى عێراق کۆببنەوە.

سهلیم شوشکهیى، به‌‌ هاوڵاتى وت «بهشیعهکانمان وتووه کهکورد دهبێت چوار وهزارهتى ههبێت نهک سێ دانه، دهبێت خۆمان رهزامهندى لهسهر بدهین، ئهمهش تائێستا بهههڵواسراوى ماوهتهوه«.

ههروهها شوشکهیى ئهوهشى روونکردهوه لهماڵى حهلبوسى باسى ئهوه کراوه کورد دهیهوێت وهزارهتى دارایى لابمێنێتهوه بهو پێیهى پرسى دارایى کێشهیه لهنێوان ههرێم بهغداو دهیانهوێت وهزیرهکهى کورد رۆڵى ههبێت لهچارهسهرکردنیداو وهزارهتى دهرهوهیان ناوێت.

راوێژکارێکى محهمهد حهلبوسى سهرۆکى پهرلهمانى عێراق ئاماژه بهوهدهدات، عهلاوى بۆ کورد سێ وهزارهتى دیارى کردووهو لهنێو وهزارهته سیادییهکاندا کورد دارایى یان دهرهوهى پێدهدرێت.

ئهمین بهکر، راوێژکارى محهمهد حهلبوسى، سهرۆکى پهرلهمانى عێراق لهلێدوانێکدا به هاوڵاتى وت «عهلاوى لهکابینه نوێیهکهیدا سێ وهزارهتى بۆ کورد دیاریکردووه، یهکێکیان ژن دهبێت».

ههروهها وتیشى «لهنێو وهزارهته سیادییهکاندا کورد وهزارهتێکى بهرکهوتووه، یا دارایى دهبێت یا وهزارهتى دهرهوه... کوردو بهتایبهتى پارتى فریوى خواردووه، چونکه عهلاوى کهسانى سهربهخۆو تهکنۆترات دادهنێت و پشتیوانى لێکراوه«.

ناوبراو جهختى لهوهشکردهوه کهفراکسیۆنهکانى فهتح و سائیرون کهزیاتر له (100) کورسى پهرلهمانیان ههیهو لهلایهن هادى عامرى و موقتهدا سهدرهوه سهرۆکایهتى دهکرێت پاڵپشتى محهمهد تۆفیق عهلاوییان کردووه بۆ ئهوهى کهسانى بێلایهن و سهربهخۆ دابنێت.

 حکومهتهکهى عهلاوى حکومهتى راگوزهر دهبێت و رهنگه بۆ ساڵێک بهردهوام بێت و دواتر بڕیارە ههڵبژاردنى پێشوهخته ئهنجامبدرێت، بهڵام بهشێک لهلایهنهکان لهناو کورددا بەتایبەتی پارتى دهیانهوێت دهستیان ههبێت لهدانانى وهزیرهکاندا، بهڵام عهلاوى ئهوهى رهتکردووهتهوه.

راوێژکارهکهى محهمهد حهلبوسى، جهختى لهوهشکردهوه بێجگه کورد بهشێک له سوننهش ئهوه رهتدهکهنهوه کهکهسانى بێلایهن و سهربهخۆ دابنرێت.

تیمێک کهسانى بێلایهن و ناحزبى شارهزایان ههڵسهنگاندووه، کابینهکهى عهلاوى 1/4ى ژن دهبێت، پێنج لهوهزیرهکانى ئهوانهن که لهئهوروپاو وڵاتانى دیکه بوون و ئهزموونیان ههیهو شارهزان و هێنراونهتهوه بۆ عێراق.

ئەمین بەکر وتی «وهزیرهکانى پێشوو هیچیان بۆ کورد نهکردووهو تهنها بهرگرییان لهبهرژهوهندییهکانى حزب و دهستکهوتهکانیان کردووه، کهسانى شارهزاو بێلایهن کهفشارى حزبى لهسهر نهبێت دهتوانێت زیاتر خزمهتى نهتهوهى کورد بکات لهناو عێراقى فیدراڵدا».

هاوکات، پهرلهمانتارێکى فراکسیۆنى گۆڕان پێیوابوو ههموو هێزه شیعهکان بهحکومهتى بێلایهنى عهلاوى رازیین، ناکرێت بهشێک لهکوردو سوننه رازى نهبن.

کاوه محهمهد، ئهندامى فراکسیۆنى گۆڕان لهپهرلهمانى عێراق لهلێدوانێکدا به ‌‌هاوڵاتى وت «عهلاوى سهر بههیچ حزبێک نییهو با وهک کورد فرسهتێکى پێبدهین، بهشێک لهخۆپیشاندهران داوایان کردووه، ههموو هێزه سیاسییه شیعهکان رازیین بێلایهن بێت حکومهتهکهى، تهنها بهشێک لهسوننهو کورد رازیى نین».

وتیشى « پارتى شهڕ بۆ بهرگرى لهدهستکهوتى حزبى و بنهماڵهى خۆى دهکات لهپۆستهکانى بهغدا، بۆیه پێداگیرى دهکهن لهسهر مانهوهى فوئاد حوسێن  وهزیرى دارایى».

کاوه محهمهد ئهوهشى روونکردهوه کهحکومهتهکهى عهلاوى کاتییهو درێژخایهن نابێت، چونکه زهمینه خۆشدهکرێت بۆ ههڵبژاردنى پێشوهخته لهعێراقدا.

سکرتێرى مهکتهبى سیاسى پارتى دهڵێت دهیانهوێت یارمهتى عهلاوى بدهن کهئیستحقاقى کورد لهکابینهکهى ناوى وهزیره کوردهکان لهلایهن سهرۆکایهتى ههرێمهوه بۆى رهوانه بکرێت.

فازڵ میرانى، سکرتێرى مه‌کته‌بى سیاسى پارتى دوێنێ له‌کۆنگره‌یه‌کى رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند  «ئێمه‌ له‌گه‌ڵ مافى میلله‌تى خۆمانین، نامانه‌وێت پاش ئه‌م هه‌موو خه‌بات و ماندوبوونانه‌ کە دنیایه‌ک شه‌هیدمان داوه‌ نه‌توانین وه‌زیرێک بۆ خۆمان دابنێین، واتا هیچ«.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار