ژنان رووبەڕووی سەدر دەبنەوە دوای ناوهێنانیان بە«رووت‌و قوت‌و بێئەخلاق»

ژنانی عێراق لەنەجەف و به‌غدا بەڕێپێوان سەرکۆنەی داواکەی سەدر دەکەن بۆ قەدەغەکردنی تێکەڵبوونی ژن و پیاو لەخۆپیشاندانەکاندا

4 ساڵ لەمەوپێش



 

هاوڵاتى

ژنانی عێراق لەگۆڕهپانی تەحریر لەبەغدا رێپێوانێکیان رێکخست بۆ سەرکۆنەکردنی وتەکانی موقتەدا سەدرو ئهو هەڵمەتانهی سەر ئینتەرنێت کەژنانیان کردۆتە ئامانج بەهۆی بهشداربوونی چالاکانهیان لەخۆپیشاندانەکاندا.

سەدان ژنی عێراقی چوارشەممە (19ی شوبات) لەشاری پیرۆزی نەجەف گردبوونەوە، پێداگرییان لەسەر مافی خۆیان کرد لەهەبوونی رۆڵێکی سەرەکی لەبزووتنەوە خۆپیشاندانییەکە، کە سەرتاسەری وڵاتی گرتۆتەوە.

سەبا، تەمەن 22 ساڵ یەکێک لەو ژنانەی گردبوونەوەکه، وتی «هیچ دەنگێک ناتوانێت دەنگی ژنان کپبکات.» ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ داواکەی هەفتەی رابردووی پیاوی ئاینیی دهسهڵاتداری شیعە، موقتەدا سەدر، لەدژی خۆپیشاندانی تێکەڵاو.

ناوبراو بەئاژانسی فرانس پرێسی وت «ئێمە دەستمانکرد بەخۆپیشاندان بۆ لەسەرکارلابردنی رژێمەکە. ئێستاش رێپێوانێکی تهنها ژنان ئەنجامدەدەین، چونکە سوکایەتییان پێکردووین.»

نەدا قاسم، مامۆستایەکی زانکۆ کە لەتەمەنی پەنجا ساڵیدایە، رووی دەمی لە سەدر کردو رەخنەی لێگرت، کە لەسەرەتادا لەگەڵ خۆپیشاندەرانی سەرشەقام بوو، بەڵام دواتر لەدژیان وەستایەوە، گوایە خۆپیشاندەران ماددهی هۆشبهرو ئەلکهولیان بەکارهێناوە.

نەدا قاسم، کە لەهێرشەکاندا بۆسەر خۆپیشاندەرانی دژ بەحکومەت لەلایەن لایەنگرانی سەدرەوە بریندارکراوە، وتی «ئێمە ئازادین. بەفەرمانی پیاوانی ئایینی ناچینە دەرەوە یان بە فهتوایهک بوەستین».

گردبوونەوەکەی چوارشەممە دوای گردبوونەوەیەکی تری پێنجشەممەی پێشوو هات، کە تێیدا سەدان ژنی عێراقی لەهەموو تەمەنەکان لەگەڵ خۆپیشاندەرانی دیکە رژانە ناوەندی بەغداو دژی بڕیارەکەی سەدر وەستانەوە بۆ جیاکردنەوەی جێندەرەکان لەخۆپیشاندانەکاندا.

سەدر 8ی شوبات لەسهر تویتهر وتی خۆپیشاندەران دەبێت «رێساکانی شەریعەو یاسا کۆمەڵایەتییەکان رەچاوبکەن و لەگەڵ ئەندامانی رهگهزی بهرامبهر لەنێو خێوەتەکاندا تێکەڵ نەبن».

چەند ساتێکیش پێش رێپێوانهکهی ژنان لەپێنجشەممەدا دەستپێبکات، سەدر جارێکی دیکە تویتێکی کرد لەدژی خۆپیشاندانەکان و وتی پڕبووە لە «رووت و قوتی، تێکهڵاوبوون، سەرخۆشی، بێئەخلاقی، خراپەکاری... و بێباوەڕان».

بهجلوبهرگی مۆرو پەمەیی و سورهوه، ژنەکان پۆستەریان بەرزکردبووەوهو بەدەنگی بڵند دروشمیان دەوتەوە بۆ پارێزگاریکردن لە رۆڵ و ئەرکەکانیان لەخۆپیشاندانەکانداو سەرکۆنەکردنی ئەو هەڵمەتە نابەجێیانەی لەدژیان ئەنجامدەدرێن، بەتایبەتی لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا.

چالاکوان بوشرا عوبێدی ئەندامێکی پێشووی کۆمسیۆنی مافی مرۆڤی عێراقە، وتی «خۆپیشاندەرانی ژن پەیامی رەتکردنەوەی ئەو سەرکوتکردن و سوکایەتیپێکردنەیان هەڵگرتبوو کە دووچاری دێن و دووپاتیانکردەوە کە شانبەشانی برا خۆپیشاندەرەکانیان دەوەستن و بەردەوامدەبن لەبەشداریکردن لەخۆپیشاندانەکاندا.»

بوشرا عوبێدی، کە بەشداریی لەخۆپیشاندانەکانی بەغدادا کرد، وتی «ژنان رۆڵێکی بەرچاویان هەبووە لەخۆپیشاندانەکاندا لەڕێی سەرپەرشتیکردنی کۆبوونەوەکانی گەنجان و خۆبەخشیکردن وەک کارمەندی فریاگوزاری و دابینکردنی خواردن و کهلوپهله لۆجیستییهکان بۆ شوێنهکانی خۆپیشاندان.»

بوشرا عوبێدی وتی «بزووتنەوەی خۆپیشاندانی ژنان، بزووتنەوەیەکی دەگمەنە، لەکاتێکدا هەوڵیداوە هەموو بەربەستەکانی دواکەوتوویی و نەزانی بشکێنێت. ژنان توانیویانە دەنگیان بەرزبکەنەوەو بوونی خۆیان بسەلمێنن و شەڕ بۆ یەکسانی و دادپەروەری بکەن.»

هەروەها وتی «ئەم بزووتنەوەیە دووچاری هەڵمەتی بەدو نیازخراپ بووەتەوە بەئامانجی دەرکردنی ژنان لەخۆپیشاندانەکان بەگوشارخستنە سەریان و رووشاندنی ئابڕوویان و هاندانی دەنگی ناڕازیی خەڵک لەدژیان».

بوشرا عوبێدی ژنان لەبەغداو پارێزگاکانی تر بەپاسەوانیی خۆپیشاندەرە پیاوەکان رێپێوانیان کرد، کە پشتێنەیهکی پارێزگارییان لەدەوریان دروستکردبوو.

چالاکوان لەیلا بەرزنجی بەڕێوەبەری رێکخراوی جود، کەڕێکخراوێکی مرۆییە لەموسڵ، وتی  «ژنان ئامادەییەکی بەهێزیان هەبوو لەتەواوی خۆپیشاندانەکانداو ئازایەتییەکی زۆریان پیشانداوە لەبەرگریرکردن لەدۆزی وڵاتەکەو داواکردنی مافی گشتییدا.»

وتیشی «رێپێوانهکانی ئهمدواییهی ژنان ئەوە دەردەخات کە ژنان ناگەڕێنەوە سەر رێگەکانی رابردوو، بەهیچ شێوەیەکیش پێگە نیشتمانییەکانیان ناگۆڕدرێت لەژێر هەر گوشارو زۆرملێییهکدا... ئەوان وەک داینهمۆی سەرەکیی خۆپیشاندانەکان دەمێننەوە.»

لەیلا بەرزنجی وتی «ژنانی عێراق دووچاری هەڵمەتی سوکایەتیپێکردن بوونەتەوە بەئامانجی پەراوێزخستنی رۆڵیان، که دواهەمینیان ئەو هەڵمەته بوو بۆ بەدناوکردنی کانیدە ژنەکان لەدوایین هەڵبژاردنەکانی پەرلەماندا.»

وتشی «بەڵام ژنان لەڕێی خۆپیشاندانەکانەوە بڕوابەخۆبوونیان و توانایان بەدەستهێناوە تابەشداربن لەبونیادنانی داهاتوویەکی نوێدا بۆ وڵاتەکەیان».

ئەسەد نزیک

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار