تەیڤوون کووک، پڕۆژه‌ى وڵاته‌که‌ى سه‌باره‌ت به‌خوێندن و گه‌شت و سه‌ردانى فێرخوازانى هه‌رێم و عێراق له‌ ئه‌مریکا

ته‌یڤوون کووک، جێگرى به‌رپرسى کاروبارى گشتى له‌ کۆنسوڵگه‌رى ئه‌مریکا له‌ هه‌رێم

6 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی - هەرێم جەعفەر 

له‌م چاوپێکه‌وتنه‌ى هاوڵاتی-دا، ته‌یڤوون کووک جێگرى به‌رپرسى کاروبارى گشتى له‌ کۆنسوڵگه‌رى ئه‌مریکا له‌هه‌رێم تیشک ده‌کاته‌ سه‌ر به‌رنامه‌ى ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانى ئه‌مریکا که‌ پێشکه‌شى هاوڵاتیان و خوێندکارانى کورد و عێراقى ده‌که‌ن، باس له‌ به‌رنامه‌ى وڵاته‌که‌ى ده‌کات سه‌باره‌ت به‌ پرۆگرامى ئاڵوگۆڕى و ناساندنى کلتورى ئه‌و وڵاته‌ به فێرخوازانی کوردستانی، ‌ عێراقى هەروەها چۆنیه‌تى پڕکردنه‌وى فۆڕم و پێشکەشکردنی داواکاری هاوڵاتیان بۆ پرۆگرامەکانیان دەخاتەڕوو.

هاوڵاتی: حکوومەتی ئەمریکا چ جۆرە پرۆگرامێک پیشکەش بە فێرخوازانی کوردستان و عێراق دەکات؟
تەیڤوون کووک: حکوومەتی ئەمریکا پرۆگرام گەلێکی هەمەچەشن دەربارەی پرۆگرامی ئاڵووگۆڕی و پەروەردەیی پێشکەش دەکات. من بەسەر دوو بەشدا دابەشیان دەکەم. یەکەمجار باس لە پرۆگرامەکانی ئاڵوگۆڕ دەکەم و دواتر دەچمە سەر پرۆگرامەکانی پەروەردەیی.
ئێمە پرۆگرامی ئاڵوگۆڕمان هەیە کە زۆربەی تەمەنەکان دەگرێتەوە. لە تەمەنی ١٣  بۆ ٥٠ ساڵ دەگرێتەوە. پرۆگرامان هەیە کە له‌ ناو عێراق به‌ڕێوه‌ده‌برێت بۆ فێربوونى زمانى ئینگلیزى بۆ خوێندکارانى که‌مده‌رامه‌ت کە تەمەنیان لە نێوان ١٣ بۆ ٢٠ ساڵانە و زانیاری ئەوتۆیان نیە دەربارەی کەلتووری ئەمریکا و ئێمە پێیان دەناسێنین. بۆ ئەوە سێ پرۆگرامى فێربوونى زمانى ئینگلیزیمان هه‌یه‌ لە سێ شوێنی جیاواز، وەک هەولێر و سلێمانی و دهۆک. ساڵانە نزیکەی ٦٠٠ فێرخواز لە تەواوی عێراق  سوودمەند دەبن لەم پرۆگرامە، هەروەها بۆ فێرخوازانی دواناوەندی و زانکۆکان، پرۆگرامی ئاڵۆگۆڕ گەنجانى سەرکردەکانی عێراق ئایلپ. ئێمە چەند فێرخوازێک لە کۆتا قۆناغەکانی دواناوەندی و سەرەتا قۆناغەکانی زانکۆ هەڵدەبژێرین بۆ مانگێک  دەچنە ئەمریکا.  ئەوان دەرفەتیان هەیە کە لەگەڵ خێزانێکی ئەمریکی و خەڵکی لۆکاڵی ئەمریکا بژین کە ئەمەش بۆ زیاتر ناساندنی کەلتووری ئەمریکایە، هەروەها وەک باڵیۆزی وڵاتەکەیان وان بۆ ناساندنى وڵاته‌که‌یان به‌ خه‌ڵکى ئه‌مه‌ریکا، ئەمریکیەکانیش دەتوانن لەم فێرخوانە فێربن ئەگەر ئەمان باس لە کەلتووری وڵاتی خۆیان بکەن.

تەواوی پرۆگرامەکانمان و خزمه‌تگوزارییه‌کانمان بێ بەرامبەرن

هەروەها پڕۆگرامێکی دیکەمان هەیە بۆ خوێندکارانى زانکۆ بەناوی خوێندنی پەیمانگای ئەمریکی سوسی بۆنمونه‌ به‌شێکى ئه‌و پرۆگرامه‌  تایبەتە بە زانیاری دەربارەی هەمەچەشنی ئاینی. با بڵێین کەسێک دەیەوێت زانیاری لەسەر ئاینی جیاواز هەبێت تاکو بتوانێت پردێک لە نێوانیان دروست بکات. هەروەها پڕۆگرامان هەیە بۆ ئەوکەسانەی کە حەز بە شارستانی و تێکەڵبونی کۆمەڵگا جیاوازەکان دەکەن کە تایبەتە بە مامۆستا و فەرمانبەران. پرۆگرامێکی دیکەمان بە ناوی دەستپێشخەری هاوبەشی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە کە ئەگەر ئینگلیزی بزانی دەتنێرین بۆ ئەمریکا و ئەگەر عەرەبی بزانیت دەتنێرین بۆ زانکۆی ئەمریکی لە بەیروت کە زیاتر تەرکیز دەکاتە سەر ڕێکخراوە کۆمەڵاتیەکان و تێکەڵبوونە شارستانییەکان.
پرۆگرامێکی دیکەمان هەیە بە ناوی هەمفرێی، کە تایبەتە بەو کەسانەی کە پێشکەوتوون لە بوارەکانی خۆیاندا. ماوەی ١٠ مانگ لە ئەمریکا دەمێنیتەوە و دەچێتە پۆلەکانی خوێندن و تێکەڵ بە کۆمەڵگا دەکرێیت تاکو ئەو ئەزموون و بەهرەیەی فێربووە بە ئەمریکای نیشان بدات و لە هەمان کاتدا لەگەڵ هاوتا ئەمریکیەکانی پەرەیان پێبدات. ئەمە  پێدواچوونەوەیەکی خێرا بوو لە پڕۆگرامەکانی ئاڵووگۆڕی ئێمە.
لە لایەکی ترەوە ئێمە پڕۆگرامێکمان هەیە کە جەخت لە پەروەردە دەکاتەوە بە ناوی فوول برایت کە ڕێگەت دەدات ماستەر بخوێنی لە ئەمریکا بۆ ماوەی دوو ساڵ و لە لایەن حکوومەتی ئەمریکاوە خەرجیەکانی تەرخان دەکرێت.
بەشێکیشمان هەیە لەناو کونسڵخانە بە ناوى خوێندن له‌ ئەمریکا کە لە من وچەند ڕاوێژکارێک پێکهاتوون و سەردانی دواناوەندی و زانکۆکان دەکەن تاکو زانیاری بدەن بە فێرخوازان لەبارەی چۆنیەتی خوێندن لە ئەمریکا. بۆ نموونە چۆن زانکۆیەک دەدۆزیتەوە، چۆن داوا پێشکەش بکەیت و چۆن یارمەتی دارایی بۆخۆت پەیدا بکەیت. بۆ ئێمە خزمەتگووزاری زۆر پێشکەش دەکەین. که‌واته‌ ئێمه‌ کۆمه‌ڵێک خزمه‌تگوزارى له‌ هه‌ردوو بواره‌که‌دا، بوارى خوێندن هه‌روه‌ها بوارى پرۆگرامه‌کانى ئاڵوگۆڕى پێشکه‌ش ده‌که‌ین.
هاوڵاتی: ئەو کەسەی کە خوێندکاران لە پرۆگرامە جیاوازەکان هەڵدەبژێرێت ئێوەن یاخود دامەزراوەی دیکە هەن لە ئەمریکا؟
تەیڤوون کووک: هه‌ر یه‌کێک له‌م  پرۆگرامانە مه‌رج و داواکاری جیاوازیان هەیە لە فێرخوازان. هەندێکیان  ئێمە هەڵیان دەبژێرین له‌ هەولێر، ئەم پرۆگرامانە له‌سه‌رانسه‌رى عێراق به‌ڕێوه‌ده‌چن، ئێمە داواکارانی هەرێمی کوردستان وەردەگرین. بەغدا (باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا) داواکاری بەشەکانی ناوەڕاست هه‌روه‌ها کونسوڵخانه‌ى بەسرە داواکارانی بەشەکانی خوارووی عێراق وەردەگرن. ئێمە میکانیزمێکمان هەیە کە هەڵبژاردن بکەین لەو سێ گروپە جیایە.  بەڵام دەگەڕێتەوە بۆ پرۆگرامە جیاوازەکان و بە جیاوازی کار دەکەن.
هاوڵاتی: ئەو مەرجانە چین کە دەبێت لە فێرخوازاندا هەبن تاکو پەسەند بکرێن بۆ ئەو پرۆگرامانە؟
تەیڤوون کووک: هەندێک مەرج هەن کە حەتمین و هەندێک مەرجیش هەن کە داواکاران باشتر دەکەن.  مەرجێک کە دەبێت لە گشت فێرخوازا هەبێت ئەوەیە کە خەڵک و دانیشتووی عێراق بێت. پرۆگرامەکانیش مەرجی جیاوازیان هه‌یه‌ لە جیاتی ئەوەی لێرە دانیشین و بێزارت بکەم بە وردەکارییەکان، من دەتنێرم بۆ ماڵپەڕەکەمان و لینکی تایبەتی دواکارییەکان بەڵام جیا لە عێراقی بوون و ئەوەی لە کوێ دادەنیشی، ئەوەی گرنگبێت و زیاتر تەماشان دەکرێن ئەوەیە کە ئایا تۆ که‌سێکى بیر کراوه‌یت؟ ئەو کەسە توانای سەرکردایەتی چەندە؟ تۆ چەند ئامادەیت  کەلتووری خۆت بەو کەسانە بناسێنێ کە لەبارەیەوە نازانن، چەند دەتوانی لە کەلتووری دیەوە فێر بێت، چونکە ئەمان پرۆگرامی ئاڵووگۆڕین  دەبێت هەردوولا زانیاری وەربگرن. بۆیە ئێمە بە دوای ئەوانە دەگەڕێین کە دەتوان زانیاری بدەن و زانیاری وەربگرن

 ئێمە ساڵانە ٤٠٠ فێرخوازی عێراقی دەنێرینە ئەمریکا

هەروەها ئەوەش گرنگە ئەو کەسە چەند لەگەڵ کۆمەڵگاکەی خۆی تێکەڵ بوە و کاری خۆبەخشی کردوە، ئەوانەی جیاوازییان درووستکردووە لە ناوکۆمەڵگاکانیاندا و ئەوانەشی کە دەتوانن جیاوازی دروست بکەن
‌هاوڵاتی: هەر فێرخوازێک پێویستی بە چەند پارەیە تاکو  بتوانێت لەو جۆرە پرۆگرامانە بەشدار بێت؟
تەیڤوون کووک: ، لە ماڵپەڕ و پەڕەی تایبەتی خۆمان لە فەیسبووک  بە تەواوی ئەوەمان ڕوون کردۆتەوە کە چۆن داواکاری پێشکەش بکەیت، هەرکەس  حەز بە پرۆگرامە ئاڵووگۆڕەکان ئێمە دەکات ئێمە هانیان دەدەین کە لە فەیسبووک فۆلۆمان بکە چونکە ئێمە هەر کاتێک پرۆگرامێکیش دەستپێبکات لە فەیسبووک دایدەنێن و تەواوی ڕێکارەکانیشی روون دەکەینەوە کە چۆن فۆرمەکانی داواکاری پڕبکرێنەوە بە بێ بەرامبەر. هه‌مان شت سه‌باره‌ت به‌ خزمەتگوزارى ڕاوێژى خوێندن، من دەچم بۆ دواناوەندی و زانکۆکان لە دەرەوەی و ناوەوەی شار. هەر کاتێکیش زانکۆ یان قوتابخانەیەک پێویستی پێمان بێت و پەیوەندیمان پێوە بکات ئێمە دەچین سیمیناریان بۆ ساز دەکەین.
ئەوەی بەم دواییەش بۆ ئەو مەبەستە زیادمان کردوە بەهۆی هاتنی پشووری هاوینەوە، راستەوخۆ قسەکردنە لە فەیسبووک لە پەڕەی تایبەتی کونسوڵخانە لە فەیسبووک. چەند هەفتەیەک لەمەوبەر من بە لایڤ باسی چۆنیەتی گه‌ڕان و دۆزینه‌وه‌ى شوێنى خوێندن له‌ زانکۆکانی ئەمریکا کرد و هەفتەی داهاتووش دوای بەربانگ و  ئەو کاتەی کە هەمومان تێرمان خواردوە من باس لە پرۆسەی پڕکردنەوەی فۆرى داواکارى پێشکه‌ش کردن  دەکەم و هەنگاو بە هەنگاو روونی  دەکەمەوە کە خەڵک پێویستە چی بکەن بۆ پێشکه‌شکردنى داواکارى و به‌ده‌ستهێنانى قبول له‌ زانکۆکانى ئه‌مه‌ریکا. .ئەمەش بە تەواوی بێ بەرامبەرە تەنها سەردانی فەیسبووکەکەمان بکەن و  لەبەر ئەوەش کە قسەکانم ڕاستەوخۆ دەبن خەڵک دەتوانن پرسیاریەکانیان بکەن
‌هاوڵاتی: تاکو ئێستا چەند کەس  سوودمەند بوون لە پرۆگرامەکانی ئێوە لە کوردستان و عێراق؟
تەیڤوون کووک: ژمارەیەکی یەکجار زۆر. من تەماشای تۆمارەکانم کردووە، چونکە ئێمە هاوبەشێکمان هەیە لە ئەمریکا کە تۆماری فێرخوازە بیانیەکانی لایە، لە دواین ڕاپۆرتیاندا هاتووە ، ١٦٩٨ فێرخوازى عێراقى چوونه‌ته‌ ئه‌مه‌ریکا بۆ خوێندن له‌ دامه‌زراوه‌ى خوێندنى جۆراروجۆر له‌ئه‌مه‌ریکا.. بەڵام وەک ئەوەی ئاماژەم پێدا ئێمە هەندێک کۆرسی دیکەمان  هەیە کە لێرە لە ناو عێراق بەڕێوە دەچن. بۆ ئەوەش ساڵانە ٦٠٠ خوێندکار سوودمەند دەبن. ئێمە ساڵانە  ٤٠٠ فێرخوازی عێراقی دەنێرینە ئەمریکا. کەواتە ژمارەیەکی زۆری خەڵک دەڕۆن بۆ بەشداری کردن لە پرۆگرامەکانی ئاڵووگۆری و هه‌روه‌ها بۆ خوێندن. 
هاوڵاتی: ئایا کونسوڵخانەی ئێوە تەنها  تایبەتە بە فێرخوازە کوردەکان؟
تەیڤوون کووک: کونسوڵخانەی گشتی ئەمریکا لە هەولێر زیاتر تەرکیز دەخاتە سەر هەرێمی کوردستانی عێراق و ئێمە کار بۆ چوار ناوچە دەکەین، هەولێر و سلێمانی و  دهۆک و هەڵەبجە
هاوڵاتی: ئایا ئەگەر فێرخوازێک لەلایەن حکوومەتی ئەمریکاوە سپۆنسەر نەکرێت، هێشتا دەتوانێت وەک فێرخوازێکی عێراق لە ئەمریکا بخوێنێت؟
تەیڤوون کووک: بێ گومان، وەک وتم خەڵکێکی زۆر ئاگادارن لە پرۆگرامەکانی ئێمە وەک ئایلپ و فولبرایت، ئێمە فێرخوازی زۆر باشمان هەیە کە بۆ ئەو جۆرە سپۆنسەریە داوا پێشکەش دەکەن وە ئەوە رکابەری زۆر تێدایە چونکی سوودی زۆر دەبەخشن ، بەڵام شتێک کە ئێمە کاری لەسەر دەکەین ئەوەیە کە خەڵکی بخوێنن بێ ئەوەی لەو پرۆگرامانە بن،  کە بە خەڵک بڵێن جیا لەو پرۆگرامانە ڕێگای دیکە هەیە کە فێرخوازان بتوانن بچنە ئەمریکا و بخوێنن. تۆ پێویستت بە فوولبرایت نیە گەر بتەوێت لە ئەمریکا بخوێنی،  بۆنمونه‌ ئه‌گه‌ر  تۆ خەونت ئەوەبێت لە زانکۆی هارڤەرد یان ستاندفۆرد بخوێنی بەڵام پارەکەت نەبێت. لێرەدا فێرخواز دەبێت فێربکرێت کە چۆن خۆی داوا پێشکەش بکات وه‌ک خوێندکارێکى نێوده‌وڵه‌تى و چۆن دەتوانێت پەیوەندی بە زانکۆکە بکات و خۆی بناسێنێت خۆی فۆرمە تایبەتەکان پڕبکاتەوە. پێویست ناکات بێیتە کونسوڵخانە بۆ ئەوە، وە زۆرێک فێرخواز نایەن کاتێک دەیانەوێت بخوێنن.  ئێمە ئامانجمان ئەوەیە کە بژاردەی دی دروست بکەین کە ئەویش داواکاری پێشکەشکردنە بە راستەوخۆی. 
هاوڵاتی: ئایا ئەو فێرخوازانەی کە خۆیان دەڕۆن بۆ خوێندن کێشەی ڤیزایان بۆ دروست دەکرێت وەک لە وانەی بە پرۆگرامەکانی خۆتان دەڕۆن؟
تەیڤوون کووک: ڤیزا جیاوازە لە سکۆلارشیپەکە، ڤیزا دوای ئەوە دێت کە تۆ قبووڵ دەکرێیت لە زانکۆیەک، ئەوەی یەکەمجار گرنگە ئەوەیە کە چۆن وا لەخۆت دەکەیت کە وەربگیرێت لە زانکۆکە، ئەوانی دیکە دەبێت دواتر دێن. دەبێت بۆ ئەوەش فۆرمەکەت بە باشی پڕبکەیتەوە بۆ ئەوەی ڕەتت نەکەنەوە.
هاوڵاتی: ئەو کەسانەی کە لەپرۆگرامەکان ئێوە بەشداری دەکەن دواتر چیان لێدێت؟
تەیڤوون کووک: ئەو کەسانەی کە سوودمەند بوون لە پڕۆگرامەکانی ئێمە، زۆر چالاکن. من کاتێکی زۆرم تەرخانکردوە بۆ بینینی ئەوان و ئاگاداری چالاکییەکانیانم. بۆ نمونه‌ لێرە(هەولێر) هەندێکیان لە بانکی خواردن چالاکیان هەیە و لە سلێمانی لەگەڵ ڕێکخراوی پارێزگاری ئاژەڵان کار دەکەن بۆ سەگەکان، هەندێکی کەشیان لە بازرگانی جیاواز و کۆمپانیای نەوت  و لە پەیمانگا پەروردەییەکان کاردەکەن. ئەوان هەموو کاری باش بۆ پێشخستنی وڵاتەکەیان دەکەن. من کاتێکی زۆر تەرخان دەکەم بۆ بینینیان و ئاگادار بوون لە کارەکانیان
هاوڵاتی: ئێوە بڕوا دەکەن کە ئامانجی خۆتان پێکابێت لە ناردنی ئەو فێرخوازانە بۆ ئەمریکا؟
تەیڤوون کووک: بەڵێ، وەک دەزانی ئەمریکا پابه‌نده‌ به ‌عێراقێکی یەکگرتوو و فیدراڵ  و خۆشگوزه‌ران، ئه‌مه‌ش له‌ ڕێى پرۆگرامه‌کانى ئاڵوگۆڕییه‌وه‌ دەکەین. پڕۆگرامەکانی ئاڵوگۆڕى ئێمه‌ پردى په‌یوه‌ندى دروست ده‌که‌ن، هانى  په‌یوه‌ندى هاوبەشی دەدەن بۆ درووستکرنی تێگەشتنی هاوبەش، بۆیە ئێمە ئەوە دەبینین کە ئامانجەکانمان بە دەستهێناوە
هاوڵاتی:ئایا ئێوە لێرەش کۆرسی هاوینان بەڕێوەدەبەن؟
تەیڤوون کووک: وەک گووتم ئێمە زنجیرەیەک لە گفتوگۆى ڕاوێژکارى خوێندنمان هه‌یه‌، ئێمە هەفتەی داهاتوو گفتوگۆى دووەمان ئه‌نجام ده‌ده‌ین ئەوانەی کە حەزی پێ دەکەن فۆلۆومان بکەن لە فەیسبووک و ئێمە ئاگادارییەکان بڵاودەکەینەوە.  دواتر دانه‌یکى ترمان له‌ کۆتایى مانگى شه‌ش ده‌بێت و پاشانیش دانه‌یه‌ک له‌ مانگی تەمووز.

پڕۆگرامێکمان هەیە ڕێگەت دەدات ماستەر لە ئەمریکا بخوێنی
 لە لایەن حکوومەتی ئەمریکاوە خەرجییەکانی تەرخان دەکرێت

ئێمە هەروەها بەشێکمان هەیە بە ناوی گۆشەی ئەمریکی لە سلێمانی و دهۆک و هەولێر لە زانکۆی کوردستان. ئێمە زۆر پڕۆگرامان هەیە لە ڕێگای ئەو سێ گۆشەیە وەک نیشاندانی فیلم دەربارەی ژیانی و کەلتووری ئەمریکا و کۆنسێرتی مۆسیقامان هەیە و وۆرک شۆپی جیاوازیشمان هەیە وەک وۆرک شۆپ لەسەر چۆنیەتی نووسینی سی ڤی وە ئێمە هانی خەڵک دەدەین، ئەوانەی حەز بە بەشداری دەکەن لەو چالاکییانە، فۆلۆی فەیسبووکی گۆشەی ئەمریکی(ئەمێریکان کۆرنەر) بکەن چونکە ئەوان چالاکییەکان بڵاودەکەنەوە، هەندێک جار ئێمە لە پەڕەی کوونسوڵخانە چالاکیەکانیان بڵاودەکەیەنەوە 
هاوڵاتی: ئێمە ئێستا دوو زانکۆی ئەمریکیمان هەیە، ئایە ئەو دوو زانکۆیە تا چەند ئەمریکین و لەگەڵ ستاندەری سیستەمی خوێندنی ئەمریکا یەک دەگرنەوە؟
تەیڤوون کووک: ئەوە پرسیارێکی زۆر باشە  و پێویستی بە زانیاری ووردە له‌سه‌ر سیسته‌مى به‌ڕێوه‌بردن و ڕێکخستنى زانکۆکان له‌ئه‌مه‌ریکا. حکوومەتی فیدراڵی ئەمریکا زانکۆکان ڕێکناخات و بەڕێوەیان نابات بۆ ئێمە ناتوانین بڵێین کە ئایا ئەوان لە ئاست زانکۆکانی ئەمریکان یان نا، ئەوانە دامەزراوەی ئەهلین و ئێمە تەداخول ناکەین.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار