سەرۆکی‌ پەرلەمان: به‌پێى یاسا له‌پێنج ملیار زیاتر قه‌رزکرابێت سەرپێچی یاسایە و دەبێت سەرپێچیکاران روبەڕوی یاسا بکرێنەوە

"تا کۆتایی کارەکانی کابینەی حەوتەمی حکومەتی هەرێم، هەرێم هیچ بڕە پارەیەک قەرزار نەبووە"

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

سەرۆکی‌ پەرلەمانی‌ کوردستان رایگەیاند تا کۆتایی کارەکانی کابینەی حەوتەمی حکومەتی هەرێم، هەرێم هیچ بڕە پارەیەک قەرزار نەبووە، چونکە لە یاسای بودجەی گشتی هەرێم بۆ ساڵی‌ 2013 هیچ گوژمەیەک، چ بۆ دانەوەی قەرز و چ بۆ دانەوەی سوودی قەرز، دانەنراوە.

رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە پەیجی‌ تایبەتی‌ خۆی‌ لە فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە رایگەیاند "بەپێی یاسای ژمارە حەوتی ساڵی 2015، یاسای ڕاکێشانی مایە لەڕێگای قەرزکردن لە هەرێم لە هیچ بارێکدا نابێت سەرجەمی ئەو قەرزانەی حکومەت وەریدەگرێت لە پێنج ملیار دۆلار زیاتر بێت، کەواتە هەر بڕێک بەهەر بەهایەک لەدەرەوەی ئەم بڕە ڕێپێدراوە قەرزکرابێت، سەرپێچی یاسایە و دەبێت پێش هەمووشت سەرپێچیکاران رووبەڕووی یاسا بکرێنەوە".

رێواز فایەق ئاماژەی‌ بۆ ئەوەشکردووە، لە ساڵی 2014 حکومەتی هەرێم هیچ پرۆژە یاسایەکی بودجەی گشتی نەناردووەتە پەرلەمان بۆیە هەر گوژمە پارەیەک بۆ هەر بوارێک ئاڕاستە کرابێت و بە هەر شێوەیەک داهاتی داپۆشەری ئەو خەرجیانە وەدەستهاتبن، بنەمای یاسایی دروستیان نییە.

سەرۆکی‌ پەرلەمان راشیگەیاندووە، ئەگەر حکومەتی هەرێم لە ماوەی پێنج ساڵ، بەدەر لەئاگاداری پەرلەمان، بەبێ جەدوەلی قەرزەکان و لە تاریکیدا مانەوەی قەرزدەرەکان و بڕی قەرزەکان و نرخی سوودی سەر قەرزەکان و کاتی دیاریکراوی دانەوەیان، بڕی 27 ملیار دۆلاری تەنها بۆ بودجەی بەکاربردن و بە دیاریکراوی بۆ مووچە قەرز کردبێت، ئەوا بە پێوەری کاری دەوڵەتداریی و جێبەجێکردنی دەسەڵاتەکان حکومەتی هەرێم، یەک دۆلار قەرزار نییە جگە لە مووچەی پاشەکەوتکراوی مووچەخۆران و شایستە داراییەکانی‌ بەڵێندەران و سەرمایەداران.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە 22ی ئەم مانگەدا، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، حکومەتی هەرێم بڕی 27 ملیار دۆلار قەرزارە، بەشێکی زۆری ئەو قەرزانەش لە ئەستۆی حکومەتی فیدراڵە، بە هۆی نەناردنی بودجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتەکانی پێشووی عیراق، هەربۆیەشە بەداخەوە حکومەتی هەرێم خاوەنی هیچ یەدەگ و پاشەکەوتێکی دارایی نییە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار