ئهمریکا و ئێران دیل به دیل دهکهن
"ئێستا نزیکەی 5 ئەمریکی لە ئێران دەستبەسەرن و هەروەها 19 ئێرانیش لە زیندانییەکانی ئەمریکان"
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
ئهمریکا بۆ ئازادکردنى ئهفسهرێکى پێشووى سوپاکهى زانایهکى ئێرانى ئازاددهکات و ئێرانیش رهتى دهکاتهوه ئازادکردنى ئهو زیندانیانه دیل به دیل بێت.
مایکڵ وایت، ئەفسەری پێشووی سوپای ئەمریکا بۆ سویسرا کە لەلایەن ئێرانەوە بۆ ماوەی 683 رۆژ دەستگیرکرابوو ئازادکرا.
مایکڵ وایت لە ساڵی 2018 بەمەبەستی بینینی خۆشەویستەکەی، سەردانی ئێران دەکات، بەڵام لەوێ بە تۆمەتی بێڕێزی بە رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران و هەروەها بڵاوکردنەوەی زانیاری لەبارەی ئێران لە رێگەی ئۆنلاینەوە دەستگیرکرا و سزای دە ساڵ زیندانیکردنی درابوو.
بەوتەی بەرپرسانی ئێران، وایت لە مانگی ئادارەوە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئازادکراوە و رادەستی باڵیۆزخانەی سویسرا لە تاران کراوە کە پارێزگای لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ئێران دەکات.
وایت رۆژی پێنجشەممە گەیشتە سویسرا و لەوێ لەلایەن برایان هووک، بەرپرسی کاروباری ئێران لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پێشوازی لێکرا.
هووک رایگەیاند: "پرۆسەی دانوستاندن لەگەڵ ئێران هیچ کات پرۆسەیەکی راستەهێڵ نەبووە، بەڵکو چەندین وەستان و دەستپێکردنەوەی تێدایە. تۆ دەبێت زۆر پشوودرێژبیت. ئەمە رژێمێکە بۆ ماوەی 41 ساڵە ئەمریکییەکان دەستبەسەردەکات. بەڵام دیپلۆماسییەتی ئێمە سەرکەوتووبووە و لەسەر ئەم دیپلۆماسیەتە بەردەوامدەبین."
سیروس عەسگەری، زانای ئێرانی ئێستا تەمەنی 59 ساڵە، بەمەبەستی خوێندن لە ساڵی 2016 چووبووە ویلایەتی ئۆهایۆ، لەوێ بە تۆمەتی دزینی بەڵگەنامەی زانستی بۆ ئێران لەلایەنFBIیەوە دەستگیرکرابوو، پرۆسەی دادگاییکردنەکەی دوو ساڵ و نیوی خایاند و دوێنێ چوارشهممه ئازادکرا و گهیشتهوه ئێران.
سیروس عەسکەری، دوای گەیشتنەوەی بە میدیاکانی ئێرانی راگەیاند "هەرکە لە 21ی حوزەیرانی 2016 گەیشتمە ئەمریکا لەلایەنFBIیەوە دەستگیرکرام، هۆکاری دەستگیرکردنەکەم بە تۆمەتی دزینی بەڵگەنامەی زانستی بوو، پرۆسەی یاسایی سەبارەت بە کەیسەکەم دوو ساڵ و نیوی خایەند، دواجار دادگای فیدراڵی بڕیاری بێتاوانی منی دا."
ئازادکردنی عەسگەری هاوکات بووە لەگەڵ ئازادکردنی ئەفسەرێکی پێشووی هێزی دەریایی ئەمریکا و میدیاکان وەک ئاڵۆگۆڕی زیندانیان لە نێوان تاران و واشنتن ناوی دەبەن، بەڵام عەباس موسەوی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رەتیدەکاتەوە لەسەر ئەم بنچینەیە ئازادکرابێت و دەڵێت، عەسگەری دەمێکە لە ئەمریکا بێتاوانی سەلمێندراوە، بەڵام درەنگ گەیشتنەوەی بۆ تاران پەیوەندی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و وەستانی گەشتە ئاسمانییەکانەوە هەبووە.
ئێستا نزیکەی 5 ئەمریکی لە ئێران دەستبەسەرن و هەروەها 19 ئێرانیش لە زیندانییەکانی ئەمریکان کە بەتۆمەتی هاوکاریکردنی حکومەتی ئێران دەستگیرکراون و زۆربەشیان هەڵگری پاسپۆرتی ئێرانی و ئەمریکین.
ماوەیەکە گفتوگۆى نێوان ئهمریکا و ئێران بۆ ئاڵوگۆڕی ئەم زیندانیانە دەستیانپێکردووە و هەردوو لا نیازی خۆیان بۆ ئازادکردن و ئاڵوگۆڕپێکردنی زیندانییەکان راگەیاندووە.