تورکیا... هەنگاوێکی‌تر بەرەو سنووردارکردنی زیاتری تۆرە کۆمەڵایەتییەکان‌و ئازادیی رادەربڕین

به‌کر شوانی

4 ساڵ لەمەوپێش



به‌کر شوانی

هەڵکشانی دەسەڵاتی پارتی دادو گەشەپێدان-ئاکەپەو داکشانی ئازادیی راگەیاندن و رادەبڕین لەتورکیا دوو هێڵی هاوتەریبی ئاڕاستە پێچەوانەن. ئەو پەراوێزیی ئازادییەی کە لەمیدیاو رای گشتیی تورکیادا هەبوو، لەماوەی (١٥) ساڵی رابردوودا لەپاشەکشەی بەردەوامدایەو ئەم دۆخە لەدوای هەوڵی کودەتاکەی هاوینی ٢٠١٦وە تۆختر بووەتەوە. لەو ساڵە بەدواوە حکومەت و دادگان زۆر بەتوندی بەرەنگاری رۆژنامەنووسان بوونەتەوە و دەبنەوەو سەدان رۆژنامەنووس بەزیندانیکردن سزا دراون، پرۆسەی دادگاییکردنی سەدانی تریش درێژەی هەیەو بەدەیان رۆژنامەنووس و میدیاکارو کەسانی چالاکیش ناچاربوون لەتورکیا هەڵبێن و لەوڵاتانی ئەوروپا داوای مافی پەنابەری بکەن.

رۆژنامەنووسان و پەیامنێرانی میدیاکانی جیهانیش لەتورکیا تەگەرەی زۆریان بۆ دروستدەکرێت بەوەی کەدرێژکردنەوەی مۆڵەتی مانەوەو کاریان ئاڵۆز دەکرێت و جاری وایش هەیە سنوور بەدەر دەکرێن. بەپێی نوێترین راپۆرتی رێکخراوی ڕۆژنامەنووسانی بێ سنوور، سەرجەم میدیا گەورەکانی تورکیا بەبینراوو نووسراوو بیستراوەوە بەتەواوی لەژێر کۆنترۆڵی حکومەت یان بازرگان و سەرمایەدارەکانی نزیک لەپارتی دەسەڵاتداردان. لەلیستی ئەو رێکخراوەدا بۆ ئازادیی رۆژنامەگەری، تورکیا لەڕیزی (١٥٤)مینی (١٨٠) دەوڵەتدایەو سەرۆک کۆماری تورکیایش لەلیستی «دوژمنانی ئازادیی رۆژنامەگەریدایە.»

وەڵامی جێگری سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ پرسیارێکی یەکێک لەپەرلەمانتارانی پارتی دیموکراتیی گەلان-هەدەپە و ڕاپۆرتی کۆمەڵەی ئازادیی رادەبڕینی تورکیا (ئەنگەلـلی وێب) بۆ ساڵی ٢٠١٩، رەهەندەکانی دۆخی ئاڵۆزی راگەیاندن و ئازادیی رادەربڕین لەتورکیا زیاتر دەخەنە بەرچاوان. نوێنەری پارێزگای وان موعەزەز ئۆرهان مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ پرسیارێکی نووسراوی دەربارەی هەلومەرجی کاری رۆژنامەنووسان و میدیاکاران ئاڕاستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کردبوو. فوئاد ئۆکتای، جێگری سەرۆک کۆمار، دوای شەش مانگ لەو مێژووەو هەفتەی رابردوو لەوەڵامی ئەو پرسیارەدا ژمارەی دەزگا میدیاییە داخراوەکانی دوای هەوڵی کودەتای ٢٠١٦ بەمجۆرە ریز کرد: (٥٣) رۆژنامە، (٢٠) گۆڤار، (١٦) کەناڵی تەلەڤزیۆن، (٢٤) رادیۆو شەش ئاژانسی هەواڵ.

لەپاش داخستنی گشت ئەو دەزگا میدیاییانەو نەمانی دەرفەتی یاسایی بۆ کاری رۆژنامەگەری و راگەیاندنی بێلایەن، دەنگە ناڕازییەکان روویان لەتۆرە کۆمەڵایەتییەکانی ئینتەرنێت کرد

لەڕاپۆرتی کۆمەڵەی ئازادیی رادەبڕینی تورکیایشدا هاتووە کەساڵی ٢٠١٩ لەو وڵاتە (٤٠٨) هەزار و (٤٩٤) ماڵپەڕی ئینتەرنێت و حەوت هەزار ئەکاونتی تویتەر داخراون، (٤٠) هەزار تویت و (١٠) هەزار ڤیدیۆی یوتوب و حەوت هەزار پۆستی فەیسبووک سڕدراونەتەوە.

لەپاش داخستنی گشت ئەو دەزگا میدیاییانەو نەمانی دەرفەتی یاسایی بۆ کاری رۆژنامەگەری و راگەیاندنی بێلایەن، دەنگە ناڕازییەکان روویان لەتۆرە کۆمەڵایەتییەکانی ئینتەرنێت کردو لەو کەناڵانەوە رەخنەی زۆر ئاراستەی سیاسەتەکانی حکومەت دەکرێت لەبوارەکانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناو داتەپینی باری ئابووری و لەشکرکێشی بۆ دەرەوەی سنوورەکان. سوودوەرگرتنی ئۆپۆزسیۆن و هاووڵاتییانی ناڕازی لەتۆرە کۆمەڵایەتییەکان هەر لەسەرەتاوە حکومەت و پارتی دەسەڵاتداری تەنگاو کردو لەبەرەوە دەست کرا بەدەستگیرکردن و دادگاییکردنی ئەو کەسانەی کە لەو ڕێگەیەوە رەخنە لەسەرۆک کۆمار و ئاکەپەو سیاسەتەکانی حکومەت دەگرن.

ئێستا لەگەڵ زیادبوونی ئاستی دەربڕینی ناڕەزایەتییەکان لەتۆرە کۆمەڵایەتییەکاندا، بەتایبەتیش دوای ئەوەی وەزیری دارایی بەرات ئالبایراک و ئەسما ئالکبایراکی هاوسەری (کچی ئەردۆغان) بوون بە بابەتی نوێترین شەپۆلی ڕەخنەگرتن لەئەندامانی ماڵباتی سەرۆک کۆمار، حکومەت بەنیازە سیاسەتێکی توندتر لەدژی رەخنەگران بگرێتەبەرو ئەمەیش رۆژی چوارشەمەی رابردوو (١/٧/٢٠٢٠) لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا هات کاتێک ئەردۆغان رایگەیاند کەحکومەت کار دەکات بۆ کۆنترۆڵکردن یان تەنانەت داخستنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک یوتوب، فەیسبووک، تویتەرو نێتفلیکس.

دوو رۆژ دوای لێدوانەکانی ئەردۆغان، میدیای تورکیا هێڵە گشتییەکانی ئەو یاسایەیان بڵاوکردەوە کەحکومەت لەڕوانگەی خۆیەوە بۆ رێکخستنەوە و کۆنترۆڵکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاری لەسەردەکات. بەو پێیە، کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت ناچار دەکرێن لەتورکیا نوێنەرایەتیی یاسایی و دارایییان هەبێت و هەر تۆڕێکی کۆمەڵایەتی پابەندی ئەو مەرجەی حکومەتی تورکیا نەبێت، خێرایی تۆڕەکەی لەتورکیا بەڕێژەی ٩٥٪ کەمدەکرێتەوە. مەرجێکی تری ئەنقەرە بۆ کۆمپانیاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەوەیە پێویستە لەماوەی (٧٢) سەعاتدا هەر پرسیارێکی تورکیا سەبارەت بەزانیارییەکانی ئەو کەسانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنووسن، وەڵامبدەنەوە، بەپێچەوانەوە کۆمپانیاکان خۆیان تووشی سزای یاسایی و دارایی دەکەن. هاوکات یاسای چاوەڕوانکراو کۆمپانیاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ناچار دەکات هەر بابەتێک لەناو تورکیاوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا پۆست بڵاوبکرێتەوە، پێویستە لەسنووری تورکیادا بمێنێتەوە.

ئەو خاڵەی کە وایکردووە تا ئێستا کۆمپانیاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئینتەرنێت مل بۆ داخوازەکانی حکومەتی ئەنقەرە نەدەن و پێگە و پەیجەکانی کەسانی ئۆپۆزسیۆن و تاراوگەنشینی وەک رۆژنامەنووسی ناسراو جان دویندار و مۆدەکاری بەناوبانگ باربارۆس شانسال دانەخەن، ئەوەیە ئەو کۆمپانیایانە لەتورکیا نووسینگەی یاسایی و دارایییان نییە. بەپێی بۆچوونی شارەزایانی کاروباری تورکیا، ئەگەر کۆمپانیاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دوای پەسەندکردنی پرۆژەیاسای ئاماژە بۆکراو لەپەرلەمانی تورکیا، مل بۆ داخوازەکانی ئەنقەرە بدەن و لەتورکیا نووسینگە بکەنەوە، ئەوا پێویستە دەست بکەن بەجێبەجێکردنی سەدان بڕیاری دادگاکانی تورکیا کە داوای داخستنی دەیان هەزار پەیج و ئەکاونتی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک فەیسبووک و تویتەر و یوتوب و نێتفلیکس دەکەن.

دادگاکانی تورکیا بەگشتی جنێوو سووکایەتیکردن بەکوردو عەلەوی و ئەرمەنی و ژنان و هۆمۆسێکوێلەکان دەخەنە خانەی ئازادیی رادەربڕینەوە، بەڵام رەخنەگرتن لەتورکایەتی و سوننەگەری و لێپرسراوان و دامودەزگاکانی حکومەت و دەوڵەت بەتاوان دادەنێن و سزایان بۆ دەبڕنەوە

وەک لەمیدیاکانی تورکیادا هاتووە، حکومەتی تورکیا بەنیازە لەڕێکخستنەوەی کاری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەشوێنپێی ئەڵمانیاو فەرەنسادا بڕوات. ئەو دوو وڵاتە ساڵی ٢٠١٧ هەریەکەیان یاسایەکی بۆ ڕێکخستنەوەی کارو وەشانی تۆڕە کۆمەڵاتییەکان دەرکردو بەوپێیە ئەگەر بابەت و پۆستی تاوانئامێز لەفەیسبووک و تویتەر و یوتوب بڵاوبکرێتەوە و لەماوەی (٢٤) سەعاتدا نەسڕدرێتەوە، ئەوا ئەو تۆڕانە بە پێنج تا (٥٠) ملیۆن یۆرۆ سزا دەدرێن. بەڵام وەک دەزانرێت، ئەو دوو وڵاتە خاوەن پێگەی پتەوی دیموکراسی و سیستەمی دادوەریی بێلایەنن و ئەوانەیش دوو خەسڵەتن کە لەتورکیا گومانی زۆر لەسەر هەبوونیان هەیە. بۆ نموونە؛ کاتێک بابەتی دادگاییکردن دێتە سەر ناوەڕۆکی پۆست و بڵاوکراوەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، دادگاکانی تورکیا بەگشتی جنێوو سووکایەتیکردن بەکوردو عەلەوی و ئەرمەنی و ژنان و هۆمۆسێکوێلەکان دەخەنە خانەی ئازادیی رادەربڕینەوە، بەڵام رەخنەگرتن لەتورکایەتی و سوننەگەری و لێپرسراوان و دامودەزگاکانی حکومەت و دەوڵەت بەتاوان دادەنێن و سزایان بۆ دەبڕنەوە.

لەم کاتە هەستیارەی تورکیادا نیگاکان لەسەر ئەو پرۆژە یاسایەن کە ئاکەپە کاری تێدادەکات و بڕیار وایە لەداهاتوویەکی نزیکدا لەپەرلەمان بیخاتە دەنگدانەوە. بەو پێیەی ئاکەپەو مەهەپەی هاوپەیمانی زۆرینەی پەرلەمان پێکدەهێنن، چاوەڕێ دەکرێت یاساکە بەئاسانی پەسەند بکرێت و لەگەڵ جێبەجێکردنیدا سانسۆری سەر راگەیاندن و ئازادیی دەربڕین توندتر بکرێتەوە و بەوەیش تورکیا هەنگاوێکی تر دەخزێتە ناو پەشێوی و گێرمە و کێشەی ناوخۆیییەوە. لەهەفتەو مانگەکانی داهاتوویشدا زیاتر روون دەبێتەوە داخۆ کاردانەوەی ئۆپۆزسیۆن و رای گشتیی ناوخۆی تورکیاو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر بەهەوڵەکانی ئاکەپە بۆ کپکردن و بێدەنگکردنی رای ئۆپۆزسیۆن و تووێژی هاووڵاتییانی ناڕازی چۆن دەبێت و بەچی ئاقارێکدا دەڕوات!

*بەکالۆریۆسی ڕۆژهەڵاتناسی، بازنەی تورکیاناسی، زانکۆی بۆن، ئەڵمانیا

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار