حەقیقەتی گەڕانەوە بۆ کەرکوک

2018-07-04 08:56:50


هاوڵاتی ڕێكلام

ئاسۆ حاجی

 

گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ کەرکوک لە باسەوە خەریکە دەبێتە کردار و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان، خەریکە لەو بارەیەوە لێک نزیک دەبنەوە و ئەوەی دەگووترێ تەنها میکانیزمی گەڕانەوە و مانەوەیانە لە ناوچە جێ ناکۆکەکان کە شاری کەرکوک دیارترینیانە.
باسکردنی گەڕانەوەی پێشمەرگە کە دەبوایە بەر لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێڕاق، بوایە، بە داوای سەرۆک وەزیران، عەبادی دواخرا بۆ ئەوەی ئەمریکا و هاوپەیمانان دەرفەتێکی پێ بدەن و هاوکاری بن بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنەکان سەرکەوتووبێ، لە بەرامبەر ئەوەشدا عەبادی بە گوێرەی بەرژەوەندی ئەمریکا و ڕۆژئاوا ئیدارەی عێراق بکات و لە ئێران دوور بکەوێتەوە.
ئێران کە لە پاشەکشەدایە و دەزانێ ئەمریکا و رۆژئاوا هەوڵی بڕینەوەی دەستەکانی دەدەن لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەموو هەوڵێک دەدا کۆسپیان بۆ دروست بکا لە ڕێگای ڕاگەیاندنی شەڕێکی کراوە کە سەرکردە باڵاکانی زۆر جار ئاماژەی پێدەکەن. سەرەتای ئەو شەڕە کراوەیەش، جگە لە یەمەن و زیادکردنی هێرشەکانیان بە ئاراستەی سعودیە، ئەوە دوو بژاردەی دیکەشی لەبەر دەسەتە، یەکەمیان باشوری سوریا و دووەمین شاری کەرکوک بە ئامانجی لابردنی سەرنج و گرنگیدانی ئەمریکا و رۆژئاوا بە ئێران و ناچارکردنیان لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو پێشهاتانە.
ڕادەستکردنی کەرکوک بە داعش یان هێرشی داعش بۆ سەر کەرکوک و داگیرکردنی، ئەگەری کراوەن و ڕوودانیان زۆرنزیکە. لەوە دەچێ ئەمریکا و هاوپەیمانانیش ئەوە بزانن و لەوەش دڵنیابن کە هێزەکانی حەشدی شەعبی لە هەر کاتێک بێ کەرکوک بۆ داعش جێبێڵن، بۆ زیادکردنی ئاڵۆزییەکان و سەرقاڵکردنی ئەمریکا پێیەوە. بۆیە ئەمریکیەکان و سەرکردایەتی هاوپەیمانان بۆ پرسی گەڕانەوەی پێشمەرگە، خۆیان یەکلا کردووەتەوە و ئەو کارە بە پێویستییەکی هەنوکەیی دادەنێن و لەو ڕووەوە فشار لەسەر حکومەتی عێڕاقی دروست دەکەن، بەڵام حکومەتی عێراقی لە سەر زەوی و لە بەرامبەر هێزەکانی حەشدی شەعبی نە توانای بڕیاڕدان و نە توانای جێبەجێکردنی بڕیارەکانی نیە بۆیە ناتوانێ هیچ شتێک لە سەر زەوی بگۆڕێت.
هاوپەیمانان بۆ ڕزگارکردنی کەرکوک لە کەوتن و داگیرکردنی لەلایەن داعش تەنها ڕێگای گەڕانەوەی پێشمەرگەیان لە پێشە ئەویش نەک بە مەرج و بڕیارەکانی حکومەتی عێڕاقی، بەڵکو بە ڕێکەوتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێڕاق بە سەرپەرشتی هاوپەیمانان واتا گەڕانەوەی دۆخەکە بۆ بەر لە ساڵی 2014 و کەوتنی موسڵ، جگە لەو ڕێگایە چاوەڕوانی زیاتر بەهێزبوونی داعشە لە ناوچە سوونییەکان بە تایبەتی کە ئێستا باسی بە ئاشکرا هەبوونی داعش دەکرێ لە تکریت و ناوچەکانی پارێزگای دیالە و چیای حەمرین کە بەگوێرەی لێدوانی سەرکردەکانی حەشدی شەعبی خۆیان ئێستا داعش زیاتر لە شەش هەزار چەکداری شەڕکەری هەیە و زیاتر لە بیست هەزاری دیکەشی ئامادەیە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار