پرۆسەی سیاسی و داهاتوی عێراق دوای هەڵبژاردنەکانی ١٢ ئایار بەرەو کوێ؟

6 ساڵ لەمەوپێش



کەمال محەمەد

 

هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی عێراق داهێنانێکی مەترسیداری دەستی وڵاتانی وەک ئێران و تورکیایە، لە رێگەی سەرەکیترین پرەنسیبی چارەسەری دیموکراتیانە کەهەڵبژاردن بوو ئەنجامیاندا، بۆیە لەسەرەتای سەرهەڵدانیەوەو بەشێوەیەکی دۆگماتیکی پێشوازییەکی گەورە لەو مەترسییەکراوە، لەلایەن چەن هێزێکی سیاسی عێراقەوە، بەرامبەر بە مانەوەی هێزی سیاسییان لە قۆناغەکانی داهاتودا، کە بەپێی خزمەتکردنی ئەم دەستە دەرەکییە، ئەتوانن بونی خۆیان بپارێزن و پەرەی پێبدەن کە ئەمەش لە چوارچێوەی فکری سیاسییە شکستخواردووە دۆگماتیکراوەکان زیاترهیچ واتایەکی دیکە ناگەیەنێت ! 
ئامانجی سەرەکی سەرجەم سیاستە دەرەکییەکان، وابەستەبونی پرۆسەی سیاسی عێراقە بەو هێڵە سورەوە کە دونیای ئابوری و سیاسی خۆیانی تێدا پێشبخەن. بۆیە پلانی دوو وڵاتی وەک تورکیاو ئێران کە بەدەستخستنە نێو هەڵبژاردنەکان و تەنانەت گرتنەوەی ئاوی روبارەکان، ئەیانەوێ ئەوە بسەلمێنن کە هێزە عێراقییەکان ئەگەر ملکەچی باڵادەستی سیاسییان نەبن، ئەکرێ نکوڵیشی لێ نەکەن و نەبنە ئامرازێک بۆ رزگاربوونی عێراق لەو تەنگەژە سیاسییەی تێیکەوتوە.
بەشێوەیەکی بەرجەستە، ئەتوانین دۆخی ئەمڕۆی عێراق تاوتوێ بکەین و زیاتر درک بە راستییەکان بکەین کە لەکاتی سەروبەندی هەڵبژاردنەکانەوە  ئێران و  تورکیا بەشێوەیەکی بەرنامە بۆداڕێژراو کەوتونەتە دژایەتی سەرەوەری خاکی عێراق و دەستخستنە نێو سیستەمە سیاسییەکەی. بەتێڕوانین لەم دەرەنجامانەی هاتووەتە ئاراوە، ویستی ئافراندنی شەڕێکی ناوخۆییە بۆ ئەوەی ناوچەکە تەواوی وزەی سیاسی و ئابوری خۆی بەفیڕۆبدات و ئەوانیش ئەنجامێکی ئەرێنی بەدەستبهێنن کە کورد بەشێکی هەرە گەورە و سەرەکی سوتەمەنی ئەم شەڕە ئەبێت و نەتەوەی کوردی بەرەو سستی ولاوازبون ئەبات.
تێڕوانین لە عێراقی ئێستا، سەرەتایەکە بۆ دەستپێکردنی ململانێکانی ئەمریکاو ئێران و هەریەکەیان ئەیانەوێ سیستەمی باڵای سیاسی خۆیان ئەنجامگیر بکەن و ئەم ئەرکەشیان خستۆتە سەر تەواوی هێزە پێشەنگەکانی عێراق کە ئەمەش سیستەمێکی توانەوەی زۆرەملێیی ئەهێنێتە کایەوە لەسەر حسابی دیموکراسی و یاساو مافەکانی مرۆڤ و بەمەش عێراق ئەبێتە پارچەیەکی جیانەکراوە لەم شەڕە !
روانین لە ئێستای عێراق، تاڕادەیەکی مەزن بەرنامەی سیاسی و ستراتیژی خۆی لەدەست داوە بەهۆی دەستوەردانی دەرەکییەوە کە ئێران ویستی ئەوەی هەیە خاکی عێراق بکاتە ناچارییەک بۆ پەڕینەوەی تەواوی ئەو قەیرانانەی کە چاوەڕوان ئەکرێ روو بکاتە وڵاتەکەی خۆی !
تەنها چارەسەر پاراستنی رەوای عێراقێکی ئارام و دوور لە دەستی دەرەکی پێڕەوکردنی یاساو بەندە دەستورییەکانی عێراقە، لەلایەن تەواوی هێزە پێشەنگەکانەوە لەمیانەی هەڵوێستێکی دیموکراسیدانەو ئەخلاقی سیاسییان کە ئەمەش تاڕادەیەک قورسە بەپێی ئەو هەژمونەی کە هێز و فشارێکی زۆری لەسەرهێزە ناوخۆییەکان درووستکردوە لەم ساتە وەختەی گۆڕەپانی سیاسیدا، بەیارمەتی هێزە دۆگماتیک کراوەکانی دەستیان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار