بۆچی قوربانییە کەمەکان بایەخیان زیاتر پێدەدرێت لە قوربانییە گەورەکان؟

6 ساڵ لەمەوپێش



یاد قوربانی

ئەم هەفتەیە چیرۆکی ١٢ کوڕە تایلەندیەکە کە لە ئەشکەوتێکدا لەگەڵ ڕاهێنەرەکەیان گیریان خواردبوو و مەترسی خنکاندنیان هەبوو بە هەڵمەتێکی بەرفراوانی جیهانی ڕزگارکران و بوو بە مانشێتی زۆرێک لە ڕۆژنامەکانی جیهان و سەر شاشە تەلەفزیۆنەکانی بەشێوەیەک داگیرکردبوو کە لە هەشتی تەممووزدا لەسەدا ٣٠ ی پەخشی کەناڵی CNN ی ئەمریکی تایبەتکرا بوو بە بابەتەکە. 


ڕووداوەکە هەموو جیهانی هێنایە دەنگ و چەندین سەرکردە و کەسایەتی جیهان بەشدارییان تێداکرد، بەڵام ئەم گرنگییە زۆرە میدیاییەی درا بە ١٢ منداڵی تایلەندی لە کاتێکدا زیاتر لە ٢٥٧ ملیۆن منداڵ بە پێی داتاکانی منداڵپارێزی جیهانی لە ئێستادا لە ناوچەکانی جەنگدان و زیاتر لە ١٦٥ ملیۆن منداڵ ژیانیان لە مەترسیدایە پرسیاری دروستکرد لەسەر هۆکاری گرنگیدانی میدیاکان بە ڕوداوی بچوکی سەرسوڕهێنەری لەم جۆرە و پشتگوێخستنی بابەتی لەمە گەورەتر.


لە ڕاپۆرتێکی مەڵپەڕی هەواڵی ئەمریکی ‹ڤۆکس›دا هاتوە کە میدیاکان ڕوداوێکی زۆر دڵتەزێنیان کردوە بە بابەتێکی میدیایی کە ٢٤ کاتژمێر لەسەر ڕۆژنامە و شاشەی تەلەفزیۆنەکانە و زیاتر وەک بابەتێکی تەرفیهی پشاندەدرێت بێ گوێدانە بار و فشار و ڕاتەکانی دەروونی منداڵەکان.


ماڵپەڕی ڤۆکس لەم بارەیەوە لەگەڵ تیم ڕیکەربەر، پسپۆڕی کۆمەڵناسی دواوەک تیم دەڵێت "خۆشییەکی تایبەت هەیە لە درووستبونی هەستێک بۆ بەرانبەرەکەت، جا گەر ئەو هەستە دڵتەنگ بوونیشبێت هەر خۆشیەکی تایبەتی هەیە. لە کلتورێکدا کە هەستداری گرنگی پێدەدرێت گەر بڵێیت ئەو ڤیدیۆیەم بینی زۆر بێتاقەتی کردم و خەفەتم بۆ ئەو منداڵانە خوارد، ئەمە تۆ وەک کەسێکی خاوەن هەست و ئەخلاق دەردەخات، ئەمەش لە جیهانی ئەمڕۆدا لای خەڵک گرنگی هەیە کە بڵێن من ئەتوانم ئەو هەستانەم هەبێت."


ڕوداوەکان هەندێک جار پێویستیان بە سومبولێک یاخود هەواڵێک هەیە کە هەستی بینەر بجوڵێنێت تا میدیا و لە بەرانبەردا خەڵکیش گرنگی پێبدەن.
هەندێک جار ئەو روداوانە دەبنە چیرۆکێک و بە خێرایی لەمیدکایان و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بلاودەبنەوە، ئەم حاڵەتەش لە ڕوداوی مردنی ئایلان کوردی بەدیکرا، دوای بڵاوبونەوەی وێنەکەی بە مردوویی لەسەر کەناری دەریای ناوەڕاست.


پێش بڵاوبونەوەی وێنەکەی ئایلان گرنگی میدیایی و خەڵک بە شێوەیەکی کەمتربوو لەسەر قوربانیە منالەکانی سوریا، بەڵام لە دوای بڵاوبونەوەی وێنەکەی ئایلان، هەواڵەکان لەسەر قوربانیەکانی جەنگی سوریا زیادی کرد، تەنانەت ڕێکخراوی خاچی سوری سویدی ڕایگەیاند کە ڕێژەی پارەی بەخشراوە بە قوربانیانی سوریا لە ڕێگای ڕێکخراوەکەیانەوە ١٠٠ ئەوەندە زیادی کردوە! 


هەواڵە سەرنجڕاکێش و هەستبزوێنەکان، ئەوانەی زیاتر تیشک دەخاتە سەر چیرۆکی کەسێک یان چەند کەسێک، زیاتر سەرنجی میدیا و خەڵک ڕادەکێشن وەک لەو بابەتانەی لە جەوهەردا خۆیان گرنگن، بەڵام لێکۆڵینەوەیەکی زانکۆی ئۆریگۆنی ئەمریکی لەسەر بابەتە میدیایی هەستبزوێنەکان دەریخستوە کە ئەم هەواڵانە و هەستی بینەریش بەرانبەر ڕوداوەکە زۆر کورتخایەنە و بابەتەکەی ئایلانیش بە نمونە دانراوە کە لە سەرەتادا ١٠٠ ئەوەندە بەخشینەکان بە خاچی سووری سویدی زیادیکردوە بەڵام دواتر بەخشینە مانگانەکان بون بە ١٠ ئەوەندە و بەرە بەرە گەڕاوەتەوە دۆخی جاران، سەرەڕای ئەوەی بارودۆخی قوربانیانی سوریا وەک خۆی بوە. 


ڕوداوی گیرخواردنی ١٢ منداڵی تایلەندی و ڕاهێنەرەکەیان لە ئەشکەوتێکدا و ترسی خنکاندنیان خێرا لە جیهاندا دەنگی دایەوە، منداڵەکان یاریزانی تیمێکی دوگۆڵی بون و بۆ یادی لە دایکبوونی یەکێکیان ڕوویان کردۆتە ئەشکەوتەکە، بەڵام بە هۆی باران بارینەوە ئەشکەوتەکە پڕبوە لە ئاو و لەوێ گیریان خواردوە و مەترسی خنکاندنیان هەبوە.


 لە دوای گیرخواردنیان، چاوەڕێی یارمەتیبون، چیرۆکی ڕزگارکردنیان چیرۆکێکە چیرۆکی کۆڵنەدان و هێزی یەکگرتوویی مرۆڤ دەگێڕێتەوە. لە ئەنجامی هەوڵی ڕزگارکردنەکەشدا کە هەمویان بە سەرکەوتوویی ڕزگارکران، یەکێک لە ئەندامانی هێزی دەریایی تایلەندی گیانی لەدەستدا. 


ئەم هەفتەیە ئەشکەوتە تایلەندیەکە سەرنجی میدیاکانی تەواو بۆ خۆی بردبوو و تا ئێستاش دوو کۆمپانیای بەرهەمهێنی فیلمی سینەمایی لە هۆڵیود ئامەدەیی خۆیان دەربڕیوە کە چیرۆکە دەگمەنەکەی منداڵە تایلەندیەکان بکەنە فیلمی سینەمایی. 


یەکێک لەو کۆمپانیایانە کۆمپانیای پیور فلیکسە تایبەت بە بەرهەمهێنانی فیلمی خێزانی و دوابەدوای ڕزگارکردنی مندالەکان بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە گەیشتبوە شوێنی ڕوداوەکە و بە کەناڵی دۆچە ڤیلەی ئەڵمانی وتوە «ئێمە لێرەین لە تایلاند، ئەم ڕوداوە دەکرێت بکەینە فیلمێک کە ئیلهامبەخشبێت بۆ ملیۆنان خەڵک لە سەرانسەری جیهان.»


دۆچە ڤیلەی ئەڵمانی لە بارەی ئەگەری کردنی ئەم ڕوداوە بە فیلمی سینەمایی ڕای دکتۆری دەرونی ڕێنات شاپکەری وەرگرتوە کە پێی وایە "لە ئێستادا هیچ باش نیە ئەم ڕوداوە بکرێت بە فیلم بۆ باری دەرونی منداڵەکان، گەر لە داهاتوشدا بکرێت نابێت هیچ کەسێک کە لە ڕوداوەکەدا بەشداربوە ڕۆڵببینێت."


پۆڵ سلۆڤیک بۆ ٦٠ ساڵ دەبێت لێکۆڵینەوە دەکات لەسەر گرنگی دانی خەڵک و میدیا بە ڕوداوەکان و ژیانی مرۆڤ، ئەو بە ماڵپەڕی ڤۆکس دەڵێت "ئێمە لە ٦٠ ساڵی کارکردنماندا بۆمان دەرکەوتوە کە خەڵک گرنگی بە زیابونی قەبارەی ڕوداوەکان دەدات، بەڵام بەشێوەیەک کە گرنگیەکی زۆر بە زیادبوونی ژمارەی کەم دەدات بەڵام کە ژمارەکان زیاتر بون گرنگیەکەش کەمدەبێتەوە."


نمونەیەک دێنێتەوە و دەڵێت "جیاوازی نێوان سفر و ١٠٠ دۆلار زیاتر دیارە وەک لە جیاوازی نێوان ١٠٠ دۆلار و ٢٠٠ دۆلار، گەر بێتە سەر باسی باسی پێنج هەزارو ٨٠٠ دۆلار و پێنج هەزارو ٩٠٠ دۆلار ئەوا جیاوازیەکی زۆر کەم دەبندرێت لە نێوان ئەو دوو ژمارەیەدا، لە کاتێکدا جیاوازیەکە لە هەموو حاڵەتەکاندا هەر  ١٠٠ دۆلار، بەڵام بەهای ١٠٠ دۆلار جیاواز دیارە."


وتیشی "بیرمان کردەوە تۆ بڵێی هەمان شت بۆ ژیانی مرۆڤەکانیش ڕاستبێت؟ ئەندامانی لێکۆڵینەوەکە ئێستا پێمان وایە کە بەڵێ بۆ ژیانی مرۆڤیش وایە. شتێکی ترسناکە، بەهاییەکی جێگیرنیە بۆ ژیانی مرۆڤ و لەگەڵ گەورەبونی تراجیدیاکاندا بەهای ژیانی مرۆڤەکان کەمتر دەبێتەوە."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار