سلێمانی: ٦٠ کەس بە تۆمەتی قومارکردن دەستگیرکران

2018-08-10 08:43:19



پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند، لە هەڵمەتێکی گەڕان و پشکنیندا بۆ گازینۆ و كافتریاكان٦٠ کەس بە تۆمەتی قومارکردن دەستگیرکران.

پۆلیسی سلێمانی لە ڕاگەیاندراوێکدا دەڵێت دوای چاودێریكردنی گازینۆكان و كافتریاكانی شاری سلێمانی لەلایەن هێزەكانیانەوە، زانرا لەبەشێك لە گازینۆ و کافتریاکان قومار دەکرێت.

هەروەها دەڵێت "لە هەڵمەتێکی پشکنیندا لەلایەن بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان و بنكەی پۆلیسی سەرا توانیومانە ٦٠ کەس دەستگیر بکەین کە قوماریان کردووە".

پۆلیس ڕاشیگەیاندووە، لەئێستاشدا تۆمەتباران بەپێی ماددەی ٣٨٩ لەیاسای سزادانی عێراقی و بە فەرمانی دادوەر ڕاگیراون و لەلایەن بنكەی پۆلیسی سەراوە پەڕاوی لێكۆڵینەوە كراوەتەوە .

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئاماژەی بە ئەوەش کرد، كە هەڵمەتەكانی بۆ گەڕان و پشكنین لە تەواوی گازینۆ و كافتریاكانی شاری سلێمانی بەردەوامییان دەبێت و سەرجەم تۆمەتباران ڕوبەڕوی یاسا دەكرێنەوە .

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار