وه‌زیرى ته‌ندروستى بۆ ‌هاوڵاتی: نازانین کۆمپانیاکانى ده‌رمان کێیان له‌پشته‌‌

6 ساڵ لەمەوپێش



سازدانى: ئارا ئیبراهیم

وهزیرى تهندروستى حکومهتى ههرێم ئاماژه بهوهدهدات که 225 کۆمپانیاى دهرمان لهههرێمى کوردستاندا ههیه کهژمارهیان زیاتره لهکۆمپانیاکانى دهرمانى وڵاتانى ئهڵمانیاو تورکیاو وڵاتانى ترو دهڵێت »دهبێت کهمبکرێتهوه«.

رێکهوت حهمه رهشید، وهزیرى تهندروستى حکومهتى ههرێم لهم چاوپێکهوتنهیدا لهگهڵ هاوڵاتی، دهڵێت» نازانین کۆمپانیاکانى هێنانى دهرمان کێیان لەپشتهوهیه که بهناوى دهرمانسازێکهوهیهو ئێمهش تهنها نوسراوه رهسمییهکان دهبینین».

ههروهها باس لهوهشدهکات کهبهرنامهیان ههیه کۆمپانیایهکى نیشتمانى دهرمان دابمهزرێنن و حکومهت خۆى دهرمان و پێداویستى پزیشکى بۆ کهرتى گشتى و تایبهت دابینبکات.

جهخت لهوهشدهکاتهوه که ناتوانن سهدا سهد کۆنترۆڵى هاتنى دهرمان بۆ ناو ههرێم بکهن و دهڵێت دهتوانن لهسهدا 90ى هاتنى دهرمان کۆنترۆڵ بکهن، هۆکارهکهشى بۆ ئهوه دهگهرێنێتهوه که وهزارهتى تهندروستى لهههموو شوێنهکان نیهو بهشێکى دهخاته ئهستۆى لایهنه پهیوهندیدارهکانى وهزارهتى ناوخۆو ئاسایش تا رێگرى لهدهرمانى تهزویرو خراپ بکهن.

 

هاوڵاتی: دهوترێت 175 کۆمپانیاى دهرمان لهههرێمى کوردستاندا ههیه، ئایا تهحهمولى ئهم ههموو کۆمپانیایه دهکهن؟

رێکهوت حهمه رهشید: تائێستا دهرمان وهکو بازاڕێکى ئازاد تهعامولی لهگهڵدا دهکرێت، ههندێک مهرجمان داناوه لهههر کهسێکدا ههبێت ناتوانین بڵێین دهرمان مههێنه، مهسهلهن دهبێت پزیشکى دهرمانسازى ههبێت و رێگهپێدراو بێت لهلایهن وهزارهتى بازرگانیهوهو مهخزهنى دهرمانى ههبێت، له 24/8/2016وه گهشتوینهتە ئهو قهناعهته نوسراومان کردوه لهساڵى 2017 دامهزراندنى دهزگاى گشتى دهرمانى و کۆمپانیاى نیشتمانى دهرمان کهحکومهت خۆى سهرپهرشتى بکات، کهخۆى دهرمان و پێداویستى پزیشکى بهێنێت و بۆ کهرتى گشتى و تایبهت دابینى بکات زهرورهتێکه، بۆ رێگهگرتن لهدهرمانى قاچاغ و دهرمانى تهزویرو  بهرزبونهوهى نرخى دهرمان، بۆ رێگهگرتن له رێکهوتنى پزیشکى دهرمانسازو کۆمپانیاى دهرمان.

ئێمه ریفۆرمى زۆرمان کردووه لهکهرتى تهندروستیدا لهساڵى 2012وه کهچومهته وهزارهت، ریفۆرممان دهستپێکردووه ههر لهپشکنینى دهرمان و کوالێتى کۆنترۆڵ دهرگاکهى له 2012 داخرابوو، دواى ئهوه کوالێتى کۆنترۆڵ مانگانه ههزارو 100 باج پشکنینى بۆ دهکات، لهسهدا 90ى دهرمانهکان کهدێته ههرێمى کوردستانهوه لهتواناماندایه پشکنینى بۆ بکهین، ستێکهرو نرخمان داناوه.

هاوڵاتی: بهڵام کاتى ئهوه نههاتووه کۆمپانیایهکى نیشتمانى کۆنترۆڵى دهرمان بکات لهسهرتاسهرى ههرێمى کوردستاندا تادهرمانى تهزویر کۆتایى پێبهێنرێت؟

رێکهوت حهمه رهشید: بهڵێ له 2017وه کۆمپانیاى نیشتمانى دهرمان دابنرێت وهک باسمکرد، چۆن پێش ساڵى 1990 لهعێراق کۆمپانیایهکى نیشتمانى ههبوو دهرمانى بۆ کهرتى حکومهت و تایبهت دابیندهکرد، ئێمهش دهمانهوێت ئهم دامهزراوهیه دابنێین ههنگاوى باشمان ناوهو  بهم نزیکانه  بانگهوازێک بڵاودهکهینهوه پێوهر دادهنێین کێ بهشدارى بکات لهم دهزگا نیشتمانیهى دهرماندا.

هاوڵاتی: ئهم کۆمپانیاو دهزگا نیشتمانیه چۆن دادهمهزرێنن، کهرتى تایبهت تێیدا بهشدار دهبێت؟

رێکهوت حهمه رهشید: لهسهدا 51ى ئهم کۆمپانیا نیشتمانیه بۆ حکومهت دهبێت و لهسهدا 49ى بۆ کهرتى تایبهت دهبێت.

هاوڵاتی: دواى دامهزراندنى ئهوه نامێنێت ههر کۆمپانیایهکى دهرمان بهئارهزووى خۆى دهرمان بێنێته کوردستانهوه؟

رێکهوت حهمه رهشید: تا ئهوکاتهى ئهو کۆمپانیا نیشتمانیهى دهرمان دادهنێین، بهتهمای چهند رێوشوێنێکى ترین، ئهو مهرجانهى هێنانى دهرمان قورس دهکهین، لهکۆمپانیایهکى دهرمان ئامادهبوین کۆمهڵێک مهخزهنى دروستکردوه بۆ دهرمان که پلهى و رادهى شێى مواسهفات بوو، دهمانهوێت وا بکهین چیتر ههموو کهس نهتوانێت مهخزهنێکى بچوکى ههبێت و دهرمان بهێنێت و مهرجى زیاترو قورستریان بۆ دادهنێین، دهبێت ههندێ رێوشوێن دابنێین دهرمان هێنان ههندێ تایبهتمهندى زیاترى بدرێتێ.

هاوڵاتی: تاچهند گونجاوه بهرپرسانى تهندروستى ههرێم کۆمپانیاو مهدخهلى دهرمانیان ههبێت؟

رێکهوت حهمه رهشید: کۆمپانیاى دهرمان و مهدخهلى دهرمان پزیشکى دهرمانسازه، زۆربهى ئهوانهى لهوهزارهتهکهى مندا ئیش دهکهن دهرمانسازن، پزیشکى دهرمانسازیش بهپێى یاساى سهندیکاکهى خۆى رێپێدراوه یاخود کۆمپانیا یامهدخهل یا سهیدهلییهى بهناوهوه بێت و بهپێى یاسا ئهو حهقهى پێدراوه، چۆن دکتۆر حهقى پێدراوه عیادهى ههبێت، سهیدهلانیش حهقى پێدراوه مهدخهل و سهیدهلهو کۆمپانیاى دهرمانى ههبێت، بهڵام ئهوانهى لهپله باڵاکاندا ئیش دهکهن هیچیان کۆمپانیاى دهرمانیان نیه، ئهوانهى لهکوالێتى کۆنترۆڵ ئیش دهکهن کۆمپانیایان بهناوهوه نیه.

هاوڵاتی: WHO رێکخراوى تهندروستى جیهانى تا چهند رازین لهوهى تهندروستى کوردستان دهگوزهرێت؟

رێکهوت حهمه رهشید: زۆرجار کۆبونهوهمان لهگهڵدا کردوون و زۆرجار ئهوان بهپێچهوانهوه رازین لهوهزارهتى تهندروستى و دهڵێن توانیوتانه ملیۆنێک و 600 ههزار ئاواره بهڕێوهبهرن، کهرتى تهندروستى ئهو ههموو  ئاوارهیهى بۆ هاتووه، جگه لهوهى لهشهڕى تیرۆردا ئێمه زیاتر لهههزارو 100 کیلۆمهتر سنورمان لهگهڵ داعش ههبوو سهرهڕاى قهیرانى دارایى، هیچ گلهییان لهئێمه نهکردوهو دهستخۆشییان کردوه.

هاوڵاتی: دهرمان بهقاچاغ دههێندرێته ههرێمى کوردستانهوه، بۆ ناتوانن رێگرى لێبکهن؟

رێکهوت حهمه رهشید: مهسهلهى دهرمان فره رهههنده، ههر وهزارهتى تهندروستى نیه، ئهوهى پێمانکراوه تیمهکانى ئێمه پزیشکى دهرمانسازمان لهبازگهکان و دهروازه سنوریهکان داناوهو سیستممان داناوه کهدهرمان چۆن دێته ههرێمى کوردستانهوهو چۆن پشکنینى بۆ دهکرێت و نمونهى لێوهردهگیرێت، بهڵام لهپاڵ ئهمهشدا ههردهم داوامان لهبازگهکان و دهروازهکان و دهزگاکانى وهزارهتى ناوخۆو ئاسایش زیاتر بوهستن و رێگرى لههێنانى دهرمانى قاچاغ بگرن، بهرنامهش وایه کهسهرۆکى ئهنجومهنى وهزیران و جێگرى سهرۆکى ئهنجومهنى وهزیران کۆبونهوهیهکى گهوره بۆ ئهم پرسى دهرمانه بکهن که رێگرى لههاتنه ژورهوهى دهرمان بهقاچاغ بکرێت.

ئێمه لهههموو خاڵه سنوریهکان و بازگهکان  وهزارهتى تهندروستى لێ نیه، دهبێت لایهنه پهیوهندیدارهکانى تر چاودێرى بکهن.

هاوڵاتی: ههندێ بهرپرسى ناو حزبه سیاسیهکان بهتایبهت حزبهکانى دهسهڵات بازرگانى بهدهرمانهوه دهکهن و خاوهنى کۆمپانیاى دهرمانن، ئێوه وهکو وهزارهت تۆمهتبار دهکرێن کهناتوانن رێگریان لێبکهن لههێنانى دهرمانى خراپ یا تهزویر یا ههندێ دهرمان دههێندرێت پشکنینى بۆ ناکرێت؟

رێکهوت حهمه رهشید: 225 کۆمپانیاى دهرمان تۆمارکراوه لهلامان، مهسهلهن کۆمپانیاکه بهناوى دهرمانسازێکهوهیه که لهوهزارهتى بازرگانى ناویان ههیه، ئیتر ئێمه خۆ نازانین لهپشتى ئهم کۆمپانیایانهوه کێ ههیه، ئێمه ئهو نوسراوه رهسمیانه دهبینین نازانین کێیه، وهکو وهزارهتى تهندروستى و کوالێتى کۆنتڕۆڵ ههموو ئهوانهى دهرمانیان هێناوه بهپێى یاسا هاوردهى دهرمانیان کردوهو داخڵى ههرێم بوون، ئیجرائاتمان کردوه، بهڵام وهک وتم ههموو شوێنێک ئێمهى وهزارهتى تهندروستى لێنین، داوا دهکهم که مهسهلهى دهرمان موکافهحه بکهن و رێگهنهدهن بهێنردێته ههرێمى کوردستانهوه.

هاوڵاتی: لهوڵاتێکى وهکو ئهڵمانیا کهوڵاتێکى بهناوبانگه لهڕووى تهندروستیهوه بهقهدهر ههرێمى کوردستان کۆمپانیاى دهرمانى نیه، ههرێم ئهم ژماره زۆره کۆمپانیایهى بۆ چیه؟

رێکهوت حهمه رهشید: له 2016 و 2017 من ئهوهم باسکردووه، لهکۆبونهوهى ئهنجومهنى وهزیرانیش وتومه کهکۆمپانیایهکى نیشتمانى دهرمان دابمهزرێت، ئهگهر کۆمپانیاى نیشتمانى دهرمانیشمان بۆ دروستنهبوو، دهبێت ژمارهى ئهو کۆمپانیایانهى لهههرێمدان که 225 کۆمپانیان فیعلهن دهبێت کهمبکرێتهوه، بهراورد بهوڵاتانى تورکیاو ئهڵمانیاو وڵاتانى تریش ژمارهى کۆمپانیاکانى دهرمان زۆرن وهک تۆ وتت پێویستمان بهم ژماره زۆرهى کۆمپانیاى دهرمان نیه.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار