ئەردۆغان دەتوانێت لیرەی تورکیا ڕزگاربکات

«دەبێت بۆردێکی دراو دامەزرێنێت، سیستەمێکی ڕیفۆرمی دارایی کەزیاد لە ٧٠ جار تاقیکراوەتەوەو هەرگیز شکستی نەهێناوە».

6 ساڵ لەمەوپێش



نوسینی: ستیڤ هانک-واڵ ستریت جۆرناڵ

وەرگێڕان لەئینگلیزیەوە: یاد قوربانی

لیرەی تورکیا سەرئاو کەوتووە، بەڵام لەدەریایەکی ئارامدا نا. لەو کاتەوە کە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بوە بەسەرۆک کۆمار لەمانگی ئابی ٢٠١٤وە لیرەی تورکی بەهای بەرانبەر بەدۆلاری ئەمریکی بەڕێژەی ٦٦% دابەزیوە. لە ١٤ی ئازارەوە کاتێک ئەردۆغان ڕایگەیاند کە کاروباری دراو دەخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە، لیرە ٣١% ی بەهای لەدەستداوە.

لەبارەی هەڵئاوسانی ئابوریشەوە، هەینی پێشوو ڕێژەی هەڵئاوسانی لیرەی تورکی گەیشتە ٨٥% کە بەپێی داتای وردی گۆڕینی نرخی کاڵاو پشک و خزمەتگوزاری دیاریکراوە. بەڵام ئەمە دیاردەیەکی نوێ نیە لەتورکیا، هەڵئاوسانی دارایی چەندین دەیەیە ئەو وڵاتەی گرتۆتەوە. هەڵئاوسانی ئابوری ساڵانە لەساڵانی حەفتاکان و هەشتاکان و نەوەتەکان و دووهەزارەکاندا بەڕێژەی ٢٢.٤% و ٤٩.٦% و ٧٦.٧% و ٢٢.٣% زیادیکردوە.

ئەم ژمارە خراپانەی هەڵئاوسانی ئابوریی تورکیا و دابەزینی بەهای لیرە بەشێوەیەکی بەرچاو لەساڵەکانی ١٩٩٤ و ٢٠٠٠و چەند مانگی پێشوودا بینراوە کە لیرە بەتەواوی نرخەکانی هاڕەی کرد. لە ٢٨ی ئازاردا کە یەک لیرەی تورکی بەرانبەر بە ٤.٥٨ دۆلاربوو، ئەوکات پێشبینیم کرد کە زیاتر دادەبەزێت و دەگاتە حەوت لیرە بەرانبەر بە یەک دۆلار، وەک پێشبینی دەکرا هەینی پێشوو گەیشتە ٦.٤٣

هەرچەندە ڕەنگە سەیربێت، بەڵام ڕێگاچارەیەک هەیە بۆ ڕزگارکردنی لیرە لەم دابەزینە مەرگاویەی ڕووبەڕووی بۆتەوەو هەڵئاوسانی ئابوری ڕێی لێبگیرێت. ڕێگەچارەکە دامەزراندنی بۆردێکی دراوە لەلایەن تورکیاوە.

بۆردی دراو دەتوانێت بەپێی ویست دراو چاپبکات بەرانبەری دراوێکی تر کەوەک لەنگەرێکی دارایی بەکاردێت بەڕێژەیەکی ئاڵوگۆڕی جێگیر. دەبێت تورکیا یەدەگی دراوی ١٠٠%ی هەبێت بەرانبەر بەدراوەکەی تر کەوەک لەنگەری دارایی بەکاریدێنن. بەم شێوەیە وڵاتەکە دەتوانێت خێر لە بڕی سوودی سەر پارە یەدەگەکەی وەربگرێت و لەهەمانکاتدا پارەی هێشتنەوەی لەنگەرە داراییەکەی بدات.

بۆردی دراو دەسەڵاتی سەربەخۆی نیە لەچاپکردنی دراو و تەنها لەسەر ڕێژەیەکی ئاڵوگۆڕی جێگیر بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی کاردەکات. شێوازی کارکردنی بۆردی دراو بەم چەشنەیە: دراوی لیرەی تورکی بەڕێژەیەکی ئاڵوگۆڕی جێگیر دەگۆڕدرێتەوە بەرانبەر بە دراوێکی بیانی کە وەک لەنگەرێکی دارایی بەکاردەهێندرێت. دواتر بڕی خستنەبازاڕی دراوی ناوخۆیی (لیرە) تەنها لەسەر خواستی دراو دەبێت لەناوخۆدا و بەپێی ویستی بازاڕ دەبێت. لەبەرئەوەی دراوە ناوخۆییەکە بەرانبەرە لەگەڵ ئەو دراوە دەرەکیەی وەک لەنگەری دارایی بەکاردەهێندرێت، بۆردی دراو کارکردنی دەکەوێتەوە سەر باری دارایی وڵاتەکەی تر کە وەک لەنگەر بەکارهێندراوە.

دامەزراندنی بۆردی دراو پێویستی بەهیچ پێشهاتێک نیەو دەکرێت دەستبەجێ دابمەزرێندرێت. وەزارەتی دارایی و کۆمپانیاو بازرگانیە حکومیەکان پێویستیان بەهیچ ڕیفۆرمێک نیە تابۆردی دراو دەستبکات بەچاپکردنی دراو.

بۆردی دراو لەزیاد لە ٧٠ وڵاتدا تائێستا بەکارهێندراوە. بۆ یەکەم جار لەوڵاتی ماوریتیۆس کەئەوکات ناوچەیەکی ژێرچەپۆکەی بەریتانیابوو لەزەریای هیندیدا لەساڵی ١٨٤٩ تاقیکراوەتەوە. هیچ بۆردێکی دراو تائێستا نەبوە سەرکەوتوو نەبوبێت. لەکاتێکدا کەشەڕی ناوخۆ لەڕوسیا سەریهەڵدا لە ١٩١٨دا ناوچەی کایسی لەباکوری ڕوسیا بۆردێکی دراوی دامەزراندو دراوی «ڕوبڵی بەریتانی» چاپکرد کە پاوەنی ئیستەرلینی وەک لەنگەرێکی دارایی بەکارهێناو بەڕێژەیەکی ئاڵوگۆڕی جێگیر ئاڵوگۆڕی بەو دراوە دەکرد، دامەزرێنەری ئەم دراوەش جۆن ماینارد کەینس بوو کە لەوکاتدا بەرپرسێکی وەزارەتی دارایی بەڕیتانیا بوو.

سەرەڕای شەڕە ناوخۆکە، ڕوبڵی بەریتانی هەرگیز لەڕێژە ئاڵوگۆڕەکە لاینەدا کەبۆی دانرابوو بەرانبەر بەپاوەن. جیاواز لەهەموو دراوەکانی تر لەڕوسیا ڕوبڵی بەریتانی لەنگەرەکەی بەهێزبوو بەهای بەبەرزی مایەوە و توانی دوای ماوەیەک جێی دراوەکانی تر لەڕوسیا بگرێتەوە. بەڵام بەداخەوە دوای کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لەڕوسیا لە ١٩٢٠دا ئەم دراوەو چیرۆکی سەرکەوتنی کۆتایی پێهات.

تورکیا لەئێستادا دەتوانێت تەماشای سەرکەوتنی ئەم سیستەمە بکات لەوڵاتی بولغاریای دراوسێیانداو سود لەئەزمونی ئەوان وەربگرێت. لەساڵی ١٩٩٧ کاتێک ڕێژەی هەڵئاوسانی ئابوری بۆ لەسەدا ٢٤٢ بەرزبوەوە و دراوی (لێڤ)ی ئەو وڵاتە بەتەواوی شکستیهێنا لەو کاتەدا من ڕاوێژکاری ئابوریی سەرۆکی بولگاریابوم و پێشنیاری دامەزراندنی بۆردێکی دراوم بۆیکردو لە ١/٧/١٩٩٧ دا بۆردەکە دەستی بەکارکردن کردو دراوی مارکی ئەڵمانی وەک لەنگەری دارایی بەرانبەر بەلێڤ بەکارهێندرا. دەستبەجێ ڕێژەی هەڵئاوسانی ئابوری دابەزی و سودی سەر دراوی لێڤ ڕووی لەهەڵکشان کردو ئابوری بولغاریا بوژایەوە. لەوکاتەوە کەمهێنانی دارایی ئەو وڵاتە بەباشی کۆنترۆڵکراوە و قەرزەکانی سەر بولغاریا بەڕێژەیەکی بەرچاو دابەزیوە بەشێوەیەک کەئێستا ئەو وڵاتە یەکێکە لەئابوریە بەهێزەکانی یەکێتی ئەوروپا.

گەر تورکیا بیەوێت بەهای لیرە بەرزبکاتەوە ئەوا دەبێت لەنگەرێکی دارایی دابنێت وەک دۆلار یاخود یۆرۆ، ئەردۆغان دەبێت ڕایبگەیەنێت کە لە ٣٠ ڕۆژی داهاتوودا بۆردێکی دراو دادەمەزرێنێت. تاوادەی دامەزراندنی بۆردەکەش دەبێت ڕایبگەیەنێت کە لیرەی تورکی بەئازادی ئاڵوگۆڕی پێدەکرێت و لەکۆتایی ٣٠ ڕۆژەکەدا لیرە بەرانبەر لەنگەرێکی دارایی بەڕێژەیەکی ئاڵوگۆڕی جێگیر دابندرێت. ئەمە ئەو سیستەمە بوو کە لەبولغاریا پەیڕەو کراو بۆ تورکیاش سەرکەوتوو دەبێت.

*هانک لەئێستادا پڕۆفیسۆری ئابوریی کردارەکییە لەزانکۆی جۆنس هۆپکینز لەئەمریکا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار