فیلمێکى کوردى بۆ 6 خه‌ڵات پاڵێوراوه‌

2018-09-06 09:49:17


هاوڵاتی ڕێكلام

هاوڵاتى  
فیلمى سینه‌مایى (زاگرۆس)، له‌ ده‌رهێنانى ده‌رهێنه‌رى کورد، سه‌هیم عومه‌ر خه‌لیفه‌، کاندیدى شه‌ش خه‌ڵاتى "ئینسۆرس"ـه‌ له‌ فێستیڤاڵى فیلمى ئۆسته‌ندا "Oostende Film Festival" که‌ تایبه‌ته‌ به‌ فیلمه‌ به‌لژیکییه‌کان.
فیلمه‌که‌ کاندیدی، خه‌ڵاتى باشترین فیلم، باشترین ده‌رهێنه‌ر، باشترین سیناریۆ، باشترین ئه‌کته‌رى ژن، باشترین وێنه‌گر و باشترین پرۆده‌کشن دیزاینه‌.
خه‌ڵاتى ئینسۆرس، به‌ خه‌ڵاتى ئۆسکارى سینه‌ماى به‌لژیکا ناسراوه‌ و به‌ دوو قۆناخ له‌لایه‌ن 400 سینه‌ماکار و ره‌خنه‌کاره‌وه‌ ده‌نگ له‌سه‌ر فیلمه‌کان ده‌درێت، ئه‌و فیلمه‌ى زۆرترین ده‌نگى لێژنه‌ى هه‌ڵسه‌نگاندن به‌ده‌ستبهێنێت، ده‌بێته‌ براوه‌ى خه‌ڵاته‌که‌.
چالاکییه‌کانى فێستیڤاڵى فیلمى ئۆستین، له‌ رۆژانى 7-15 ئه‌یلوول/ سێپتێبه‌ر 2018 له‌ به‌لژیکا به‌ڕێوه‌ده‌چێت و له‌ چوارچێوه‌ى فێستیڤاڵه‌که‌دا، خه‌ڵاتى ئینسۆرس دابه‌شده‌کرێت.
"زاگرۆس" که‌ به‌رهه‌مێکى هاوبه‌شى به‌لژیکا، هۆڵه‌ندا و کوردستانه‌، له‌رێگه‌ى فێستیڤاڵى نێوده‌وڵه‌تیى فیلمى دهۆکه‌وه‌ بۆ خه‌ڵاتى ئاسیا پاسفیک سکرین نێردراوه‌ و کاندیدى خه‌ڵاته‌که‌یه‌ که‌ به‌ گرنگترین خه‌ڵاتى سینه‌مایى له‌ ئاسیادا ده‌ناسرێت.
ئه‌مساڵ 12مین خولى دابه‌شکردنى ئه‌و خه‌ڵاته‌ له‌ 29 تشرینى دووه‌م/ نۆڤێمبه‌ر 2018 دابه‌شده‌کرێت که‌ نوێنه‌رى 70 وڵاتى کیشوه‌رى ئاسیا و ئۆقیانۆسى ئارام له‌خۆده‌گرێت و له‌ شارى بریزبن له‌ ئۆسترالیا به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
خه‌ڵاته‌که‌ له‌ ساڵى 2007ـه‌وه‌ به‌هاوکارى رێکخراوى یونسکۆ و یه‌کێتیى نێوده‌وڵه‌تیى بۆ به‌رهه‌مهێنه‌رانى فیلمه‌ سینه‌ماییه‌کان، دابه‌شده‌کرێت. 
"زاگرۆس" براوه‌ى خه‌ڵاتى باشترین فیلمه‌ له‌ 35مین خولى فێستیڤاڵى نێوه‌ده‌وڵه‌تیى فیلمى ئه‌نۆنایه‌ له‌ شارى ئه‌نۆناى له‌ فه‌ڕه‌نسا، هه‌روه‌ها له‌ 44مین خولى فێستیڤاڵى نێوده‌وڵه‌تیى فیلمى گێنت له‌ به‌لجیکا، خه‌ڵاتى گه‌وره‌ى فێستیڤاڵى به‌ده‌ستهێنا که‌ خه‌ڵاتى "Grand Prix" بوو.
ئه‌م به‌رهه‌مه‌ سینه‌ماییه‌ دوو خه‌ڵاتى دیکه‌ى له‌ به‌شى پێشبڕکێى 18یه‌مین خولى فێستیڤاڵى نێوده‌وڵه‌تیى فیلمى ئاڕه‌س له‌ فه‌ڕه‌نسا به‌ده‌ستهێناوه‌.
"زاگرۆس" ئه‌مساڵ به‌شدارى له‌ چه‌ندین فێستیڤاڵى فیلمى سینه‌ماییدا کردووه‌، له‌وانه‌ 47مین خولى فێستیڤاڵى نێوده‌وڵه‌تیى فیلمى رۆتردام له‌ هۆڵه‌ندا و ١٤مین خولى فێستیڤاڵى نێوده‌وڵه‌تیى سینه‌مایى دوبه‌ى که‌ کاندیدى چوار خه‌ڵات بوو.
"زاگرۆس" چیرۆکى شوانێک به‌ناوى زاگرۆس ده‌گێڕێته‌وه‌ که‌ هاوژینى خۆى زۆر خۆشده‌وێت، بۆ ئه‌و کوردستان به‌هه‌شته‌، به‌ڵام هاوژینه‌که‌ى هاڤین و کچه‌که‌ى ره‌یهان، رووده‌که‌نه‌ به‌لجیکا، دواتر زاگرۆزیش بڕیارده‌دات بچێته‌ ئه‌و وه‌ڵاته‌.

سه‌هیم عومه‌ر خه‌لیفه‌، پێشتر له‌رێگه‌ى کورته‌فیلمى "میسى به‌غداد"، "وڵاتى پاڵه‌وانان" و "نێچیرڤانى خراپ"، ٩٨ خه‌ڵاتى له‌ فێستیڤاڵه‌ سینه‌ماییه‌کاندا وه‌رگرتووه‌.

راگه‌یاندنى فیلمى زاگرۆس
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار