چۆن خوێندنەوە بكەین بە كەلتور؟

2018-09-09 19:16:03



 نەجات نوری
 ئەم نمونەیە بۆ ساڵانێكی زۆر زوتر لەم شارەدا بخوێننەوە: لە رۆژنامەی ژین ژمارە 1288 رۆژی 15/3/1956 نوسراوە ژمارەی خوێندەوارانی كتێبخانەی گشتی بۆ مانگی شوبات (842) كەس بوون، لەمانە زۆرترین كتێبی كوردی‌و ئینجا عەرەبی‌و ئینجا ئینگلیزی‌و فارسی‌و توركی‌و مجلاتیان خوێندۆتەوە، لەوانە (60)یان كچ بوون.

 ئەمە بۆ ئەو كاتانە كە كتێب لەو رۆژگارەدا بۆ كۆمەڵگا سەرچاوەی عەقڵ‌و گەڕانبووە بەشوێن ناسینی مرۆڤ خۆیدا، ئەمە بۆ ئێستا دەبێتە بنەمایەكی كوشندە‌و بچنە كتێبخانەی گشتی بزانن چەند كەس دەخوێننەوە؟

 ئەركی سەرەكی نوسەران‌و رۆشنبیران هەر لە سەرەتاوە لەسەر ئەو مانایە كاریانكردووە كە كۆمەڵگا لەرێگەی نوسین‌و كتێبەكانیانەوە بە راستی‌و درككردن بە حەقیقەتەكان بگەیەنن، ئەمە ئەو پرۆسە گرنگ‌و هەستیارەبووە كە نوسەران تاكو ئێستا كردویانە بە پیشەی خۆیان‌و لەمەش زیاتر هیچ وەزیفەیەكی تریان نیە بۆ كۆمەڵگا. 

ئیتر لەدەرەوەی كاری نوسەران، كتێب ‌و خوێندنەوە دەبێتە بەشێكی تر لە تێڕامان لەلای كۆمەڵگا. تۆ بپرسە جارێ خوێندنەوە بۆخۆی چی یە؟ لە كوێدا خوێندنەوە بۆ كۆمەڵگا دەبێتە خاڵی گرنگ؟ ئەگەر تاكی كورد لەم پرسیارەوە دركی بە ئەوەكرد كە خوێندنەوەی كتێب گرنگە ئەی بۆچی تاكوئێستا كتێب نەبۆتە بنەمانی عەقڵ‌و وشیاری لەناوماندا؟ 
لەمەدا ئێمە وەكو كۆمەڵگا گرفتی هێجگار گەورەمان هەیە لەگەڵ كتێب دا، تا بەئێستا دەگات كتێب ئەو مانا گەورەیەیی نیە بۆ خۆناسین‌و گەیشتن بە ناسینی مرۆڤ ‌و ژیان‌و شارستانیەكان.


لە كۆی كۆمەڵگای ئێمە خاڵێكی گەورە لە كەموكوڕی هەیە بۆ خوێندنەوە، ئاخر ئەوانەشی دەخوێننەوە زۆریان وەكو خوێنەری جدی نەیانتوانیوە لە رێگەی كتێبەوە ببنە مرۆڤی راستەقینە‌و بتوانن درك بە كەمووكوڕیە گەورەكان بكەن‌و بتوانن كاریگەری گەورە بكەنە سەر خاڵە لاوازو خراپەكانی كەسانی تر، لە ناو ئەم كایەیشدا زۆری نوسەرەكان خۆیان گرفتی گەورەیان هەیە لەگەڵ خوێندنەوەدا‌و هیچ لە كتێب خوێندنەوە نازانن، ئەو مەعریفە گرنگەیان نیە كە بتوانن كتێب بخوێننەوە. ئەمەیە دیوە كوشندەكەی ناو كایە شپرزەو وێرانەكەی ئێمەیە. 
لەناو كۆی چین‌و توێژەكانی كۆمەڵگاكەی ئێمەدا كەوتووینەتە ناو كایەیەكی كوشندەوە كە كتێب نەبۆتە بنەمایەك بۆ گەیشتن بە خۆناسین‌و وشیاریەكی ئەو تۆ تا لە رێگەی ئەوانەوە كۆمەڵگا بە نوسین‌و كتێب ئاشنابكرێت. كە ئەمە حاڵی كتێب‌و كۆمەڵگابێت من نازانم لەكوێوە خوێندنەوە بكەین بە كلتور، ئەمە لە دەست نوسەران‌و رۆشنبیرانی ئێمە دەرچووە تا بتوانن وا لە بەشێكی زۆری كۆمەڵگا بكەن لەرێگەی كتێبەوە بە حەقیقەتەكان بكەن، بۆشاییەكی هێجگار گەورە هەیە كە كۆمەڵگای پێدا گوزەردەكات، بۆشاییەك كە بە تەنیا بە هەندێك نوسەرو خوێنەر پڕناكرێتەوە..

 تۆ ببینن بەشێكی زۆری كۆمەڵگا كە زۆریشیان خوێندەوار و دەرچوی زانكۆ ‌و بەشەكانی تری خوێندنن، هیچ دەربارەی كتێب‌ و خوێندنەوە نازانن ‌و لە خاڵی سفردان... بۆیە دەبێت سەر لەنوێ لەرێگەی دەسەڵاتێكی خوێندەوار و دامودەزگایەكی بەهرەمەندەوە كار بۆ دووبارە ئاشناكردنەوەی كۆمەڵگا بە خوێندنەوە بكەین.  ئیتر دەبێ بڵێم خوێندنەوەی كتێب لەوەدا دەبێتە مانای حەقیقەتێكی گرنگ‌و تەواو كە خوێنەر لەرێگەی دەقەكانەوە خۆی پێ بخوێندرێتەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار