ئایندەی هەرێمی کوردستان لەنێوان ململانێکانی ئەمریکاو ئێران

2018-09-13 06:39:24



شێرزاد خدر

   دوای ئاڵۆزبوونی زیاتری پەیوەندیەکانی ئەمریکاو ئێران، دوابەدوای کشانەوەی ویلایەتەیەگرتووەکانی ئەمریکا لەڕێککەونتنامەی ئەتۆمی ئێران  و گەڕانەوەی سزا ئابوریەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئەو وڵاتە، هەروەها ویستی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بەدەستوەردانی ئێران لەوڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بێگومان پەیوەندیەکانی ئەو دوو وڵاتە تائاستێکی مەترسیدار هەنگاوی ناوە، کە دوورنیە بەردەوامی ئەم بارودۆخ و ئاڵۆزییە سەربکێشێت بۆ جەنگ یاخود ئاڵۆزیەکی هەرێمایەتی گەورە لەم ناوچەیە، لەم سۆنگەیەوە چەند پرسیارێک دێتەپێشەوە، کەئایا ململانێکانی ئەمریکاو ئێران چ کاریگەریەکیان لەسەر رەوشی ناوخۆی عێراق  بەگشتی و ڕەوشی هەرێمی کوردستان بەتایبەت دەبێت؟ ئایا ئایندەی هەرێمی کوردستان بەکوێ دەگات لەنێوان بەرداشی ئەو دوو وڵاتە؟ ئایا دەکرێت بەسیاسەتێکی ژیرانە کورد لەعێراق خۆی بەدوور بگرێت لە بوون بە بەشێک لەقوربانی ململانێکانی ئەمریکاو ئێران یاخود نا؟
   روونە عێڕاق وەک یەکێک لەوڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هاوشێوە لەگەڵ چەند وڵاتێکی تری ناوچە، لەمێژووی سەدساڵەی دروستبوونیەوە بووەتە جێی خاڵیکردنەوەی ململانێ جیهانی و ناوچەییەکان، ئەمەش بەهۆی ئەو ژینگە سیاسی و کۆمەڵایەتیەی ساڵانیکی زۆرە باڵی کێشاوە بەسەر گۆمەڵگەی عێراقی، کەجگە لەزیان و وێرانکاری سودگەلێکی بۆ عێراق و دانیشتوانەکەی پێنەبووە.
    بێگومان هەرێمی کوردستانیش وەک بەشێک لەدەوڵەتی عێراق بێبەش نەبووە لەم ململانێ جیهانی و ناوچەییەدا، ئەگەر پێشووتر جەمسەربەندی تورکیاو ئێران لەنێوان هێزە سیاسیەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان کاریگەری تەواوی بەسەر گۆڕانکاریە ناوخۆیەکانی هەرێمی کوردستانەوە هەبووبێت،  ئەوا لەم ساڵانەی دوایی بەتایبەتی دوای ساڵی 2003 لەداگیرکردنی عێڕاق لەلایەن ئەمریکاو واڵابوونی گۆڕەپانی سیاسی ناوخۆیی عێڕاق بۆ ئێران، ململانێکانی ئەمریکاو ئێرانیش کاریگەری تەواوی هەبوو لەسەر کۆی کایەکانی ژیان لەهەرێمی کوردستان و عێڕاق، کە مەخابن لەتەواوی دەرنجامی ئەو ململانێیانە کۆتا زەردمەند خودی هاوڵاتی بووە. دوای هاتنە سەرکاری “دۆناڵدترەمپ”و هەڵوەشاندنەوەی ڕێکەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران وایکردووە کاریگەری نێگەتیڤی زیاتری هەبێت بۆ سەر هەرێمی کوردستان و عێراق، کە لەم ڕۆژانە بەوردی ئەو کاریگەریە نەرێینایە لەئاڵۆزی لەڕێکنەکەوتن بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێڕاق لەدابەشبوونی هێزە سیاسیەکانی عێڕاق بۆ دوو بەرەی ئەمریکی و ئێرانی و تێکچوونی ڕوشی پارێزگای بەسرەی باشوری عێراق و سوتاندنی کونسوڵخانەی ئێران لەو شارە، هەروەها موشەکبارانکردنی هێزە نەیارە کوردەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە خاکی هەرێمی کوردستان لەلایەن ئێرانەوە، ئەو پێشهاتە نوێیانەن کەدەکرێت بڵێین گڕدراوی ئەو ئاڵۆزیەن کە لەئێستا لەپەیوەندی ئەمریکاو ئێراندا هەیە، کە بێگومان لە ئەگەری دێژەکێشانی ئەم باردۆخە دەرئەنجامی مەترسیدار ڕوبەڕووی عێڕاق و هەرێمی کوردستان دەبێتەوە.
  لەگەڵ ئەوەی  کورد لەعێراق ساڵانێکی زۆرە وەک هاوپەیمانێکی گرنگی  ئەمریکا لەعێراق و ناوچەکە بینراوە، بەڵام بێگومان دەبێت درک بەگرنگی ڕۆڵ و پێگەی ئێران بکات لەناوچەکە وەک دەوڵەتێکی خاوەن بڕیاربەدەست لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەعێراق، بەتایبەت کەئەو وڵاتە لەئێستادا لەهەریەک لەوڵاتانی (یەمەن و لوبنان و سوریا و عێراق) لەململانێیەکی قوڵدایە لەگەڵ بەرەی ئەمریکاو وڵاتانی کەنداو، بۆیە بۆ هەرێمی کوردستان و هێزە سیاسیەکانی زۆر گرنگە، مامەڵەیەکی ژیرانە لەگەڵ ئەو بارودۆخەی هاتووەتە ئاراوە بکەن، بەپێچەوانەوە لەئەگەری بوون بەبەشێک لەو ئاڵۆزیە، ئەوا دوورنیە هاوشێوەی ئەو بارودۆخەی ئێستا لەوڵاتی یەمەن یان سوریا دەگوزەرێت هەمان بارودۆخ دووچاری هەرێمی کوردستانیش ببێتەوەو کۆی ئەزموونی هەریمی کوردستان ڕووبەڕووی لەناوچوون و خاکی هەرێمیش ببێت بەگۆڕەپانی یەکلاییکردنەوەی ململانێکانی ئەمریکاو ئێران.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار