ئێران چەکێکی پێنج ملیار دۆلاری دروستدەکات دژ بەئابڵوقە ئابورییەکانی سەری

6 ساڵ لەمەوپێش



واڵستریت جۆرناڵ – ‌

یاد قوربانی

لەم رۆژانەدا ئاشکرابوو کەزانایەکی فەڕەنسی بەڕەچەڵەک ئێرانی پلانێکی سێ ملیۆن دۆلاری هەیە بۆ کڕینەوەی کارگەیەکی لەکارکەوتووی دروستکردنی دەرمان کە تادووبارە بیخاتەوەگەڕ، سەرچاوەی پارەی زاناکەش دەرکەوت کەحکومەتی ئێرانە.

ئەمە نمونەی دوایین هەوڵەکانی ئێرانە تا لەڕێگای کۆمپانیا وەبەرهێنانە بیانیەکانەوە کەحکومەتی ئێران خاوەنداری دەکات گرێی ئابڵۆقە ئابوریەکانی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا شلبکاتەوەو ئابوریی وڵاتەکەی لەم قەیرانە ڕزگاربکات. ئەو پارەیەی ئێران بردوویەتیە دەرەوەی وڵات و لەکڕینی پشکی کۆمپانیا نێودەوڵەتیەکاندا خەرجیکردوە بە پێنج ملیار دۆلار مەزەندە کراوەو لەحسابی بانکی جیاوازدا لە ٢٢ وڵاتی جیاواز دانراوە، ئەو کۆمپانیایانەش تایبەتمەندن بەبوارەکانی خزمەتگوزاری و شتومەک و تەکنەلۆجیا کەزۆرێکیان لەلایەن حکومەتی ئەمریکاوە چاودێری خراوەتەسەر و ئێران وەک هەلێک بۆ دەربازبون لەچاودێری و ئابڵۆقەی ئابوری ئەمریکا بەکاری دێنێت. حکومەتی ئێران هەوڵدەدات لەڕێی ئەم کۆمپانیایانەوە پەیوەندیەکانی باشتر بکات لەگەڵ وڵاتانداو هاوکات سەرچاوەیەکی دارایی بۆ خۆی فەراهەم بکات.

بەپێی وتەی چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم پلانەی ئێران بۆ ڕۆژنامەی (واڵستریت جۆرناڵ)ی ئەمریکی، کڕینەوەی کارگەیەکی بەرهەمهێنانی دەرمان لەفەڕەنسا کە لەمانگی حوزەیراندا ئێران هەوڵی کڕینەوەی داوە هەڵمەتێکە تا ئەو دەرمانانەی وڵاتەکە پێویستی بەهەناردەکردنی هەیەو بەهۆی ئابڵۆقەکانی ئەمریکاوە ناتوانن بیهێننە ئێران وەک دەرمانی سیل و شێرپەنجەی میزەڵدان و چەند نەخۆشیەکی تر لەڕێگای ئەم کارگەیەوە کەخۆیان خاوەنداری دەکەن بەرهەمبهێندرێت و هەناردەی ئێران بکرێت. یەکێک لەڕاوێژکارەکانی پلانەکە دەڵێت «ئامانجی پلانەکە سەربەخۆترکردنی ئابوری ئێرانە».

بەهۆی ئابڵۆقە ئابوریەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران دوای کشانەوەی ئەمریکا لەڕێکەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، دراوی تمەنی ئێرانی ژمارەیەکی پێوانەیی نزمی تۆمارکردو ڕێژەی هەڵئاوسانی ئابوری لەئێراندا پەرەیسەند. بڕیارە قۆناغی دووەمی ئابڵۆقەکان ڕۆژی پێنجی مانگی تشرینی یەکەم بەسەر ئێراندا بسەپێندرێت کەکەرتی نەوت دەکاتە ئامانج و بەتەواوی مامەڵەکردنی کۆمپانیاکان لەگەڵ ئێران و مامەڵەکردنی ئەو وڵاتە بەدراوی دۆلاری ئەمریکیەوە قەدەغە دەکات.

کڕینی پشکی کۆمپانیا بیانیەکان یەکێکە لەچەند هەوڵێکی ئێران بۆ قوتاربون لەئابڵوقەکانی ئەمریکا. هاوکات ئێران هەوڵدەدات سیستەمێکی نەوت بەرانبەر شتومەک دابمەزرێنێت کەتێیدا بتوانێت نەوت بفرۆشێت و شتومەک و بەرهەمە ناوخۆییەکان لەجیاتی پارەی کاش بدات بەکڕیارەکانی نەوتی وڵاتەکەی و لەهەوڵیشدایە تا چەند کۆمپانیایەکی ئاسیایی بدۆزێتەوە لەجێی کۆمپانیا ئەوروپیەکانی ئەو وڵاتەیان جێهێشتوە.

(فەرهاد زەرگاری) لێپرسراوی پلانی وەبەرهێنانی نێودەوڵەتیی حکومەتی ئێرانەو لەچاوپێکەوتنێکیدا مانگی کانونی دوەمی ئەمساڵ لەگەڵ مەڵپەڕی دەزگای (The Oil & Gas Year)ی تایبەت بەبازرگانی، دەڵێت «وەبەرهێنانی نێودەوڵەتی پردێک دروستدەکات تاتەکنەلۆجیا و سەڕچاوەو پێداویستیەکان بگەنە ناو ئێران» بواری دەرمانیش وەک نمونە دێنێتەوەو دەڵێت کە بازرگانی و خزمەتگوزاریە نێودەوڵەتیەکان ڕێگاخۆشدەکەن تائێران لەسەر ئاستی جیهان بازرگانی بکات.

وەبەرهێنانی نێودەوڵەتیی ئێران بەگشتی بەدۆلاری ئەمریکی نیەو بەیۆرۆ ئەنجامدەدرێت و ئەمەش وادەکات ئێران خۆی دەربازبکات لەبەشێک لەمەرجەکانی ئابڵۆقە ئابوریەکەی سەری کەقەدەغەی کردوە ئێران دراوی دۆلاری ئەمریکی بەکاربهێنێت. بەپێی داتاکانی دەست ڕۆژنامە ئەمریکیەکە کەوتوە لەئێستادا حکومەتی ئێران ٢٤٠ ملیۆن یۆرۆی لەکۆی لەسەدا ٤.١ی پشکەکانی (تایسن کروپ)ی کۆمپانیای زەبەلاحی ئەندازیاری ئەڵمانیدایە، ١٢٨ ملیۆن یۆرۆی لەکۆمپانیایەکی تایبەت بەپارچەی ئوتومبێلدایە لەبەڕازیل کە خاوەنی لەسەدا ٤٠ی پشکەکانیەتی، هاوکات بەسەدان ملیۆن یۆرۆی تری لەکۆمپانیاکانی ئەوروپاو عومان و سعودیەو ئیماراتدایە. هەندێک لەو پشکانەیان خێرێکی بەرچاوی کردوەو پشکەکانیان لەکۆمپانیا ئەڵمانیەکە لەئێستادا نرخی ٧٠٤ ملیۆن یۆرۆیە دوای ئەوەی چەند ساڵێک بەڕێژەی لەسەدا ١٦ بەبەردەوامی بەرزدەبوەوە.

لەم نزیکانەدا لێپرسراوانی وەبەرهێنانی نێودەوڵەتی ئێران بیریان لەفرۆشتنی بەشێک لەپشکەکانی کۆمپانیا ئەڵمانیەکە کردەوە بەڵام لەترسی ڕاگرتنی حسابە بانکیەکانیان لەلایەن ئەمریکاوە کشانەوە.

یەکێک لەکۆمپانیا نێودەوڵەتیەکان، کۆمپانیای (ڕیۆ تینتۆ)ی ئانگلۆ-ئوستراڵی کەتایبەتمەندن بەدۆزینەوەو بەرهەمهێنانی کانزاو توخمە کیمیاییەکان، پێشتر پشکەکانی ئێرانی لەکێڵگەیەکی دۆزینەوەی یۆرانیۆمدا لەوڵاتی نامیبیا ڕاگرت کە سەر بەکۆمپانیاکە بوو، ئەوان خاوەنی زۆرترین پشکبون تیایدا لەترسی بەکارهێنانی ئەو یۆرانیۆمە بەرهەمهێندراوە لەپرۆگرامی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێراندا.

وەبەرهێنانە نێودەوڵەتیەکانی ئێران تابکرێت بەشێوەیەکی شاردراوەو لەژێرەوە بەڕێوە دەچێت تا دوربن لەچاودێری ئابڵۆقە ئابوریەکانی ئەمریکا. بۆ نموونە کارگە دەرمانەکەی ئێران لەڕێگای زانایەکی فەڕەنسی-ئێرانیەوە بەناوی (ڕایمۆند عەبدولحەسەن) کڕیویەتی لەفەڕەنسا لەناوچەیەکی دورەدەستەو لەسەدا ٦٠ی لەلایەن کۆمپانیایەکی پاریسیەوە خاوەنداری دەکرێت و لەسەدا ٤٠ی لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە لەڕێگەی زانا فەڕەنسی-ئێرانیەکەوە خاوەنداری دەکرێت.

کلۆد شاپێل، کەپارێزگاری ئەو شارەیە کەکارگەکەی لێ دامەزراوەو بەوتەی خۆی هاوکاریی زانا فەڕەنسی-ئێرانیەکەی داوە تاپشکی کارگەکە بکڕێت، بەڕۆژنامە ئەمریکیەکەی ڕایگەیاندوە کە ئەم مانگە دەست بە نۆژەنکردنەوەی کارگەی دەرمانەکە دەکرێت و ساڵی داهاتوو دەرمانەکانیان لەسەرانسەری جیهان دەفرۆشرێت، بەڵام ڕایمۆندی عەبدولحەسەن ئامادەنەبوە لێدوان بۆ ڕۆژنامە ئەمریکیەکە بدات.

بەرپرسێکی فەڕەنسی بەڕۆژنامەکە دەڵێت: «ئێرانیەکان دەیانەوێت وەبەرهێنانەکانیان بشارنەوە تاپەیوەندیەکان بەئاسانی نەدۆزرێنەوە و هەڵبوەشێندرێنەوە».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار