هاوڵاتى ورده‌کارى هه‌وڵه‌کانى یه‌کگرتنه‌وه‌ى هاوپه‌یمانى و یه‌کێتى بڵاوده‌کاته‌وه‌

2018-09-13 15:02:14


هاوڵاتی ڕێكلام

ئارا ئیبراهیم
ئه‌ندامێکى سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتى ئه‌وه‌ ئاشکرا ده‌کات له‌کۆبونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆى ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تیدا هاوپه‌یمانى په‌یوه‌ندیان کردووه‌ که‌ ئاماده‌ن رێکه‌وتنى ستراتیژى له‌گه‌ڵ یه‌کێتى ئه‌نجام بده‌ن تا ئاستى یه‌کگرتنه‌وه‌ و پێشیوابوو ئه‌م پرسه‌ زۆر زوو یه‌کلا ده‌کرێته‌وه‌و وه‌فدیشى بۆ پێکهێنراوه‌، ئه‌ندامێکى دامه‌زراوه‌ى هاوپه‌یمانیش ئه‌و زانیاریانه‌ پشتراست ده‌کاته‌وه‌.

فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد، ئه‌ندامى سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتى له‌لێدوانێکدا به‌ سایتى هاوڵاتى وت"هاوپه‌یمانى به‌شێوه‌ى نافه‌رمى په‌یوه‌ندیان به‌ یه‌کێتیه‌وه‌ کردبوو دانیشتنیان له‌گه‌ڵ هه‌ندێک له‌ ئه‌ندامانى سه‌رکردایه‌تى و کادره‌کاندا کردبوو، به‌ڵام دوور له‌ چاوى کامێرا بووه‌، ئێمه‌ که‌ له‌کۆبونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى بوون یه‌کێک وتى ئه‌وه‌ ئێستا هاوپه‌یمانى په‌یوه‌ندیان کردووه‌ ئێمه‌ ئاماده‌ین به‌ کۆبونه‌وه‌که‌ش بڵێ به‌مه‌به‌ستى رێکه‌وتنى ستراتیژى تا ئه‌ندازه‌ى یه‌کگرتنه‌وه‌".

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد، بریاره‌که‌ ئه‌وه‌بوو که‌سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتى زۆر پێیباشه‌ له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانى یه‌کبگرینه‌وه‌و شاندێکیش پێکدێت له‌گه‌ڵیان داده‌نیشن له‌ نزیکترینکاتدا" چه‌ند که‌سێک ده‌ستنیشانکرا بۆ ئه‌و وه‌فده‌ تا گفتوگۆکان له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانى ده‌ستپێبکرێت".

ده‌رباره‌ى ئه‌وه‌ى تا چه‌ند پاڤێڵ تاڵه‌بانى، رۆڵى له‌م پرسه‌دا هه‌بووه‌ که‌ پێشتر چه‌ند جارێک گفتوگۆ له‌نێوان به‌رهه‌م ساڵه‌ح و پاڤێڵ تاڵه‌بانیدا هه‌بووه‌، فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد وتى"هه‌موو کۆبونه‌وه‌کان که‌ کراون له‌گه‌ڵ ئه‌و گروپه‌ کۆبونه‌وه‌ى نافه‌رمى بووه‌، به‌ڵام ئه‌نجامه‌که‌ى گه‌یه‌ندراوه‌ به‌ ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى ئه‌مه‌ش رێگه‌ خۆشکه‌ر بووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى هاوپه‌یمانى په‌یام بنێرن بۆ یه‌کێتى، هه‌ر پاڤێڵ نه‌بووه‌ و ئه‌دنامى سه‌رکردایه‌تیش هه‌بووه‌ رۆڵى هه‌بووه‌".

سه‌باره‌ت به‌وه‌ى پرسى وه‌رگرتنى پۆستى سه‌رۆک کۆمار بۆ به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵه‌ح له‌نێ, ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى گفتوگۆى له‌سه‌ر کراوه‌، ئه‌و ئه‌ندامه‌ى سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتى وتى" پێویستى بونى پۆستى سه‌رۆک کۆمار بۆ یه‌کێتى باسى لێوه‌کرا، به‌ڵام ناوى هیچ کاندیدێک نه‌هێنراوه‌ دکتۆر به‌رهه‌م تا ئێستا له‌ده‌ره‌وه‌ى یه‌کێتیه‌، به‌ڵام نازانین ره‌وتى روداوه‌کان له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانى به‌ره‌وچى ده‌چێت، ئه‌م مه‌سه‌له‌ى په‌یوه‌ندى هاوپه‌یمانى و یه‌کلاکردنه‌وه‌ى کاندیدى سه‌رۆک کۆمار ده‌یبَت زوو دیارى بکرێت و خه‌ریکه‌ پرۆسه‌که‌ له‌به‌غدا ده‌ستپێ ده‌کاته‌وه‌ وماوه‌یه‌کى زۆرمان له‌به‌رده‌ماندا نییه‌و ده‌بێت په‌له‌ له‌م مه‌سه‌له‌یه‌ بکرێت".

له‌لایه‌کى تره‌وه‌، نه‌وزاد ساڵح، ئه‌ندامى دامه‌زراوه‌ى هه‌ڵبژاردنى هاوپه‌یمانى بۆ دیموکراسى و دادپه‌روه‌رى  سه‌ره‌راى ئه‌وه‌ى که‌ زانیارییه‌کانى یه‌کگرتنه‌وه‌و گفتوگۆى له‌گه‌ڵ یه‌کێتى پشتراستکرده‌وه‌، جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه‌ که‌ ئه‌مه‌ بۆ یه‌کریزى گه‌لى کورده‌.

نه‌وزاد ساڵح، ئه‌ندامى دامه‌زراوه‌ى هه‌ڵبژاردنى هاوپه‌یمانى بۆ دیموکراسى و دادپه‌روه‌رى له‌لێدوانێ:دا به‌ سایتى هاوڵاتى وت" سه‌رۆکى هاوپه‌یمانى بۆ دیموکراسى و دادپه‌روه‌رى له‌هه‌ناوى یه‌کێتیدا هاتۆته‌ ده‌ره‌وه‌و جێگرى یه‌کێک بووه‌ له‌ جێگرانى سکرتێرى گشتى یه‌کێتى، شتێکى سروشتییه‌ و قسه‌و باسێک کراوه‌ تا قۆناغى یه‌کگرتنه‌وه‌ و جێبه‌جێش ده‌کرێت".

سه‌باره‌ت به‌و خه‌ڵکه‌ رادیکال و ئیسلامیانه‌ى چونه‌ نێو هاوپه‌یمانى، نه‌وزاد ده‌ڵێت ده‌بێت گفتوگۆیان له‌گه‌ڵدا بکرێت، وتیشى" ئه‌م یه‌کگرتنه‌وه‌یه‌ له‌گه‌ڵ یه‌کێتى بۆ یه‌کخستنى تواناکانه‌ به‌تایبه‌ت که‌ هه‌موو کات به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵه‌ح به‌گرنگى زانیوه‌ کورد یه‌ک ریز بێت بۆ ئه‌وه‌ى مافه‌کانى به‌ده‌ست بهێنێت".

به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵه‌ح، له‌ 3ى ئه‌یلول بایکۆتى پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى کوردستانى ئاشکرا کرد ئه‌مه‌ش له‌پێناو گه‌شتن به‌ یه‌کگرتنه‌وه‌ى نێوان هاوپه‌یمانى و یه‌کێتى.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار