هاوپەیمانی: رێکەوتنمان لەگەڵ یەکیتی لەبەر بژێوی خەڵکە

6 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و رایدەگەیێنێت سەرقاڵی ئەنجامدانی رێککەوتنێکی سیاسین لەگەڵ یەکیتی بە ئامانجی چارەسەرکردنی تەنگژەکان و چاککردنی باری بژێوی خەڵك و رێکخستنەوە و سازدانی تواناکانیان بۆ "خزمەتی بەرژەوەندی گەل".

 

هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری لە راگەیەندراوێکدا کە ئەمشەو بڵاوکردەوە دەڵێت " لەگەڵ یەکێتی سەرقاڵی ئەنجامدانی رێککەوتنێکی سیاسین بە ئامانجی چارەسەرکردنی تەنگژەکان و چاککردنی باری بژێوی خەڵك و رێکخستنەوە و سازدانی تواناکانمان بۆ خزمەتی بەرژەوەندی گەل. کە چاوەڕوان دەکرێت دوای هەڵبژاردنەکان فراوان بکرێت بەڕووی هێزە سیاسییەکانی دیکەدا. هەرکەسیش بەهەر مەبەستێك هەوڵی شێواندنی ئەم راستییانە بدات، ئەوا درۆیەکی گەورەیە و هەوڵێکە بۆ خەڵەتاندنی خۆی و خەڵك لەپێناو کۆکردنەوەی چەند دەنگێکی کەمی هەڵبژاردن".

 

دەقی راگەیەندراوەکەی هاوپەیمانی ..

هاوڵاتیانی سەربەرزی کوردستان

خەڵکی هۆشمەند و تێگەیشتوو

 

لای هەمووتان ئاشکرایە هاوپەیمانی بە راستگۆیی و بێ پێچ و پەنا هەڵوێستە سیاسییەکانی خۆی خستووەتەڕوو. لەمڕوەشەوە، بە ئاشکرا داوای دیالۆگی نیشتمانی کرد و هەر زووش لەلایەن سەرجەم هێزە ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵاتدارەکانەوە پێشوازی لێکرا. گوتومانە و بەبێ دوو دڵی دەیڵێینەوە کە ئەگەر و پێشهاتەکانی کوردستان و عیراق دەخوازێ لەم دۆخە سیاسە چەقبەستووە دەربازبین. دواتریش لەم چوارچێوەیدا، هەنگاوی پراکتیکی بۆ نراو زنجیرەیەک کۆبوونەوە بەڕێوەچووە. خۆ ئەگەر بانگەشەی هەڵبژاردن نەبوایە، رەنگە هەنگاوی گەورەتر بۆ رێککەوتنی سیاسی بەرفراوان بنرایە.

 

ئێستاش لەبەرئەوەی هاوپەیمانی بەشداری هەڵبژاردنی نەکردوە، هەربۆیە راستگۆیانە بەردەوامە لە هەنگاوەکانی و سەرقاڵی گفتوگۆیەکی تێروتەسەلی هەمەلایەنەیە لەگەڵ هێزە کوردستانی و عیراقییەکان لەپێناو کۆتاییهێنان بە قەیران و کێشەکان.

 

لەم نێوەندەشدا، لەسەر داوای کەسانی دڵسۆز و خەمخۆر و تیکۆشەرانی  هاوپەیمانی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەرقاڵی ئەنجامدانی رێککەوتنێکی سیاسین بە ئامانجی چارەسەرکردنی تەنگژەکان و چاککردنی باری بژێوی خەڵك و رێکخستنەوە و سازدانی تواناکانمان بۆ خزمەتی بەرژەوەندی گەل. کە چاوەڕوان دەکرێت دوای هەڵبژاردنەکان فراوان بکرێت بەرووی هێزە سیاسییەکانی دیکەدا.

 

هەرکەسیش بەهەر مەبەستێك هەوڵی شێواندنی ئەم راستییانە بدات، ئەوا درۆیەکی گەورەیە و هەوڵێکە بۆ خەڵەتاندنی خۆی و خەڵك لەپێناو کۆکردنەوەی چەند دەنگێکی کەمی هەڵبژاردن.

 

لەکۆتاییدا هاوپەیمانی دڵنیای خەڵك و هاودیدان دەکاتەوە کە پەیام و پرۆژەکەی بەردەوامە و سەرقاڵی خۆسازدان و خۆرێکخستنەوەیە بە ئاراستەی زیاتر بەهێزکردنی پێگەکەی و ئاراستەکردنی هاودیدانمان بەرەو کایەی خزمەتکردن و ریکخستنەوە و یەکخستنەوەی توانای هیزە چاکەخوازەکان. هیچ هەوڵێکی نەزۆکیش ناتوانێت ئامانجەکانی هاوپەیمانی بۆ  دیهینانی لە حوکمرانی باش و دادپەروەر  رابگرێت.

 

سەرکەوتوو سەرفراز بن

وتەبێژی هاوپەیمانی دیموکراسی و دادپەروەری

۱٤ی ئەیلولی ۲٠۱۸

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار