ئەمریکا: ئێران لە خاکی عێراقدا موشەکی بالستی بەرهەمدەهێنێت

6 ساڵ لەمەوپێش



یاد قوربانی

نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتوەکان ڕایگەیاند کە ئێران لە خاکی عێراقدا دەستی کردوە بە پڕۆسەی بەرهەمهێنانی موشەکی بالستی، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە لە کۆبونەوەیەی ئەنجومەنی ئاسایشدا نوێنەری ئەمریکا جەختی لەسەر پێقایمکردنی ئێرانیەکان لە عێراقدا کردەوە.

نیکی هەیڵی، نوێنەری ئەمریکا لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشدا لە ویلایەتی مانهاتنی وڵاتەکەی ڕایگەیاند "لە چەند مانگی پێشوودا دەستوەردانەکانی ئێران زیادی کردوە. هێزەکانی سەر بە ئێران بە کراوەیی لە عێراقدا کاردەکەن، پارە و چەک و ڕاهێنانیان لە لایەن ئێرانیەکانەوە لە خاکی عێراقدا بۆ فەراهەم دەکرێت."

هەیڵی سەرنجی ئامادەبوانی کۆبونەوەکەی ڕاکێشا بۆ هەواڵی گواستنەوەی موشەکی بالستی لە لایەن ئێرانەوە بۆ عێراق مانگی پێشووی، وتیشی کە ئێران تەنها لێرەدا نەوەستاوە و کار لەسەر بەرهەمهێنانی موشەکی بالستی لە عێراق دەکات، ئەو دەڵێت "هەواڵمان پێگەیشتوە کە ئێران هێزەکانی ژێر کۆنترۆڵی خۆی لە عێراق بەکاردەهێنێت بۆ دروستکردنی موشەکی بالستی لە ناوخۆی عێراقدا."

بە پێی کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی دوای کۆبونەوەکە، بەشێکی زۆری کۆبونەوەکە لەسەر کێشەی ئیسرائیل و فەڵەستین بووە بەڵام لە کۆتاییدا نوێنەرەکەی ئەمریکا دەڵێت: "گەر یەک وڵات هەبێت سەرچاوەی کێشە و نائارامیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێت، ئەو وڵاتە ئێرانە نەک ئیسڕائیل."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار