پەروەردە وەک شاڕێگەی گۆڕانکاریی

6 ساڵ لەمەوپێش



 وەرزێر ڕێشاوی 

 لەوانەیە هیچ چەمکێک لەم هەرێمەی ئێمەدا هێندەی چەمکی گۆڕان و گۆڕانکاری مێشک و هزری تاکەکانی بەخۆیەوە سەرقاڵ نەکردبێت. گۆڕینی کارمەندێکی گەندەڵ بە یەکێکی باشتر، گۆڕینی سیمای شار بەشێوەیەکی جوانتر، گۆڕینی بەرپرسانی شوێنێک بە کۆمەڵێکی دەستپاک و شارەزاترو لەکۆتاییدا گۆڕینی ژیانی دانیشتوانی بەشێوازە ژیانێکی باشتر. بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجەش هەریەکەو لەئاست خۆیەوە هەر لە هاوڵاتی ئاساییەوە تاکو حزبەکان بڕوایان بە کۆمەڵێک هۆکارو ئامراز هەیەو پەنای بۆ دەبەن، هەندێک بڕوای وایە گۆڕانکاری بەوەرگرتنی چەند وەزارەتێک و گۆڕینی دەمووچاوەکانی ناو ئەو وەزارەتە دروست ئەبێت، هەندێکی تر وابیردەکەوە گۆڕانکاری بەشۆڕش یان مانگرتنی سەرتاسەری دروست ئەبێت، ئەم ئامرازانە پێئەچێت گۆڕانکارییەکی کاتی و بەشی (جزئی) دروستبکات، بەڵام هەرگیز نابێتە هۆی دروستبوونی گۆڕانکاری بنچینەیی. ئەوەی زامنی گۆڕانکاری ڕیشەیی دەکات هەر لەگۆڕێنی بیرکردنەوەی تاکەکانەوە تادەگەتە بەرەوپێشبردنی وڵات تەنهاو تەنها پـــــەروەردەیـــە. هەروەک چۆن ئۆگست کۆنت ئەڵێت: ئێمە پێش هەر شۆڕشێک پێویستمان بەشۆڕشێکی فیکری و پەروەردەیی هەیە. نیلسۆن ماندێلا دەڵێت: پەروەردە بەهێزترین چەکە بۆ گۆڕینی دنیا. پەوەردە ئەوەنیە کە بتوانین تاکێک فێری خوێندن، نوسین و ژماردن بکەین، پەروەردە بریتی نیە لەپێگەیاندنی چەند کەسێکی پسپۆر لەبواری تەکنەلۆژی، کۆمپیوتەر، فەلەکناسی، ئابووری و یاخود دەرمانسازی بەتەنها. پەروەردە واتە دروستکردنی تاکێکی خاوەن ڕەوشت و ئەخلاق و کەخاوەنی هەموو بەها بەرزەکانی مرۆڤبوون بێت هاوکات لەگەڵ زانستێک کە بتوانێت بەکاری بهێنێت بۆ خزمەتی خۆی و گۆمەڵگەکەی و هەموو جیهان. پەروەردەی باش تاکی دڵسۆزو ویژدان زیندوو دروستئەکات، تاکێک نەک تەنها نابێت بە بەشێک لە شکستی ئیداری، گەندەڵی و سوکایەتی بەکەرامەتی مڕۆڤ ناکات بەڵکو ڕێگرە لەکارێکی هاوشێوەو هەوڵی چارەسەرکردنی ئەدات.
بان کی مۆنی سکرتێری گشتی پێشووی نەتەوەیەکگرتووەکان ئەڵێت: خەڵکی زۆرجار پرسیارم لێدەکەن لەهۆکاری ئەو گۆڕانکارییە گەورەیەی کە لەوڵاتەکەمدا ڕوویدا لەهەژارییەوە بۆ خۆشگوزەرانی، من بەبێ دوودڵی ئەڵێم کلیلی ئەم گۆڕانگارییە پەروەردەیە. 
پەروەردە تایبەت نیە بەکاتێک یان تەمەنێکی دیاریکراو پەروەردە پڕۆسەیەکە بەدرێژایی ژیان بەردەوام دەبێت (lifelong process)، هەرلەمنداڵیەوە تا پیربوون، لەپێناو درستکردنی کۆمەڵگەیەکی شارستانی کە  بتوانێت لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی سەردەمدا بەرەوپێشەوە بڕوات.
پەروەردە ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لەدوستکردنی کەسایەتی مرۆڤدا، جۆن واتسنی دەروونناس ئەڵێت کۆمەڵێک منداڵم بدەرێ من کۆمەڵێک کەسایەتی جیاوازت پێشکەش ئەکەم وەک کەسایەتی دینی، بازرگان و دز هتد، بەبێ ڕەچاوکردنی زیرەکی، توانا، ڕەگەزو باوانیان. لەبەرئەوە ئەگەر ئێمە گیرۆدەی دەستی کەسانێکی نابەرپرس و بێویژدان و نائیدارین ئەوە لە ئەنجامی خراپی پڕۆسەی پەروەردە و ژینگەی پەروەردەیە کەکەسانی هاوشێوە بەرهەم دەهێنێت، ئەگەر بمانەوێت گۆڕانکاری جددی و ڕیشەیی بکەین ئەوا ئەبێت بەجددی ئاوڕ لەکەرتی پەروەردەو ژینگەیی پەروەردەیی بدەینەوە. ئەو جیاوازییەی لەنێوان تاک و بەرپرسەکانی ئێرە و تاک بەرپرسی وڵاتێکی پێشکەوتوودا هەیە زیاتر لەهەر شتێکی تر جیاوازییە لەشێوازی پەروەردەکردنیان، ئەنجامی یەکێک لەتوێژینەوەکانی ژان بیاژە ئەمە پشتڕاست ئەکاتەوە.  

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار