لە دوکانی فیتەریەکەیەوە بۆ بەر پەتی سێدارە

١٠٠ زیندانیی کورد چاوەڕێی پەتی سێدارەی کۆماری ئیسلامی ئێرانن

6 ساڵ لەمەوپێش



یاد قوربانی

دادگای باڵای ئێران بڕیاری لەسێدارەدانی بەسەر کوردێکی ڕۆژهەڵاتی دانیشتووی شاری شنۆدا دا کەنزیکەی دوو ساڵە بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ حزبی  دیموکراتی ئێرانداو بەشداریکردن لەئۆپەراسیۆنێکیاندا دژی سوپای پاسداران دەستگیرکراوەو ئەشکەنجەدراوە. بڕیاری لەسێدارەدانەکەشی لەکاتێکدا دێت کەپارێزەرەکەی بۆ دادگای وڵاتەکەی سەلماندوە کە لەکاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا بریگرتەکەی نەک تەنها بەشدار نەبوە بەڵکو لەسەر دوکانی فیتەریەکەی بووە و سەرقاڵی کارکردن بووە.

هیدایەت عەبدوڵا پوری تەمەن ٢٥ ساڵ لەشاری شنۆ کاری فیتەری دەکات، ئەو لەڕۆژی ١٥/٦/٢٠١٦ دا لەشاری شنۆ دەستگیرکرا دوای پێکدادانێکی نێوان سوپای پاسداران و پێشمەرگەکانی دیموکراتدا. بەڵام بە پێی وتەی شایەتحاڵان پێش دەستپێکردنی پشێویەکان هیدایەت لەدوکانەکەی بووەو سەرقاڵی چاککردنەوەی سەیارەیەک بووەو ئاگاداری پێکدادانەکە نەبووە.

ئەو دوای دەستگیرکردنی بڕیاری لەسێدارەدانی بەسەردا درا، بەڵام لەبەر هەبوونی شایەتحاڵی ئامادەنەبونی هیدایەت لە کاتی پێدکادانەکەدا و نەبوونی بەڵگەی پێویست بڕیارەکە نەسەپێندرا، بەڵام لە دانیشتنێکی تری دادگادا ئەمساڵ و لە ١٨/١/٢٠١٨دا هیدایەت فەرمانەکەی بەسەردا سەپێندرایەوە بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ حزبی دیموکراتی ئێران و لە ٧/١٠دا هەفتەی پێشوو خرایە لیستی لەسێدارەدانەوە.

حوسەین ئەحمەدی نیاز پارێزەری کوردە ڕۆژهەڵاتیەکەیە و پڕۆسەی دادگاییکردنەکەی بە «پڕۆسەیەکی یاسایی نادادپەروەر» لەقەڵەمدا. لە لێدوانێکدا بۆ ڕادیۆ فەردای سەر بە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا، ئەحمەدی نیازی پارێزەر دەڵێت: «ئەو هەرچەندە لەپێکدادانەکەدا لەوێ نەبوە و هیچ ڕۆڵێکی نەبووە بەڵام بڕیاری لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە. یەکێک لە دادوەرەکانی دادگای باڵا بەڕاشکاوانە بە من و باوکی هیدایەتی وت کە هیدایەت بێتاوانە و هیچ پەیوەندیەکی بەپێکدادانەکە و ڕوداوەکانی دواترەوە نەبوە و بڕیاری لەسێدارەدانەکەی بەهۆی فشاری سوپاو دەزگا هەواڵگریەکانەوە بووە.»

بەم بڕیاری لەسێدارەدانەی هیدایەت ژمارەی لیستی زیندانیکراوە کوردەکانی چاوەڕوانی لەسێدارەدان دەکەن  گەیشتە ١٠٠ زیندانیکراو. پارێزەرەکەی هیدایەت کەیسەکەی بریگرتەکەی لەگەڵ (سەنتەری مافەکانی مرۆڤ لەئێران) باسکردوە کە بارەگای سەرەکیان لە شاری نیویۆرکە و ناحەقیەکانی گەیاندۆتە ئەوان کە بەرانبەر کوردە ڕۆژهەڵاتیەکە کراوە و هەروەها ئەوەشی پێ ڕاگەیاندون کە هیدایەت لەدوو ساڵی زیندانیکردنیدا ڕووبەڕووی ئەشکەنجەی جەستەی و دەروونی بوەتەوە لە لایەن دەزگا ئەمنیەکانی ئێرانەوە.

هەروەها باوکی هیدایەت بەسەنتەرە ئەمریکیەکەی وتوە: «کوڕەکەمان بێتاوانە، ئەو هەرگیز لەگەڵ حزبی دیموکراتدا کاری نەکردووە.»

بە وتەی پارێزەرەکەی هیدایەت، لەئێستادا ١٠٠ زیندانیکراوی سیاسی کورد چاوەڕێی لە سێدارەدان دەکەن لەوانەش ئیبراهیم عیساپور، حەبیبوڵا لەتیفی، هۆشەنگ ڕەزایی، ئانڤار ڕۆستەمی، و موستەفا سەلیمی.

لەم نزیکانەشدا سێ زیندانی سیاسیی کوردی ڕۆژهەڵات لە لایەن ڕژێمی ئیسلامی ئێرانەوە لەسێدارەدران  و هەرسێکیان (ڕامین حوسەین پەناهی، لوقمان مورادی و ئامۆزایەکی بە ناوی زانیارەوە) لەسێدارەدران بە هۆی پاڵپشتیکردنی شۆڕشی چەکداری کوردەکان لە دژی ڕژێمی ئیسلامی ئێران.

بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی کە بارەگای  سەرەکیان لەلەندەنی پایتەختی بەریتانیایە لە ساڵی ٢٠١٧دا بەلایەنی کەمەوە ٥٠٧ زیندانی لەئێران لەسێدارەدراون. ئەمەش ئێران دەکات بەدووەم وڵات لەسەر ئاستی جیهان بۆ لەسێدارەدان لەدوای وڵاتی چینەوە.

بەپێی دواین ئاماری سەرژمێری کە لەساڵی ٢٠٠٦ دا ئەنجامدراوە لە ئێران چوار پارێزگا سەرەکیەکەی ئێران کەکوردەکان لێی نیشتەجێن: پارێزگای کرماشان، پارێزگای کوردستان، پارێزگای ئیلام و ئازەربایجانی ڕۆژئاوا بەتێکڕا ٦ ملیۆن و ٧٣٠ هەزار دانیشتوانیان هەیە کە زۆرێکیان کوردن. هاوکات پشێویەکانی نێوان هێزە کوردیەکان و جومگە چەکدارەکانیان لەگەڵ حکومەتی ڕژێمی ئیسلامی ئێراندا لەبەردەوامیدایە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار