یەکەم هەنگاوی کردەیی ئەمەریکا بەرامبەر سعودیە دوای کوژرانی خاشقچی

6 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ستیڤن منشن وەزیری خەزێنەی ئەمریکا چووە لیستی ئەو کەسایەتییە باڵایانەی جیهان کە پاشگەزبوونەوە لە بەشداریکردن لە کۆنگرەیەکی وەبەرهێنانی گرنگ لە سعودییە، دوای روداوی دیارنەمانی جەمال خاشقچی ڕۆژنامەنووسی سعودی، کە لە سەرەتای ئەم مانگەوە لە کونسوڵخانەی وڵاتەکەی بێسەروشوێنکراوە.

لە توێتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، منشن ڕایگەیاندوو، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوە، بڕیاریداوە بەشداری کۆنگرەکەی ڕیاز نەکات.

پاشگەزبوونەوەی وەزیری خەزێنەی ئەمریکا بۆ بەشدارینەکردن لە کۆنگرەکەی سعودییەدا لەکاتێکدایە، پێشتریش ولیام فۆکس وەزیری بازرگانی بەریتانیا پاشگەزبوونەوەی خۆی بۆ بەشداریکردن لە کۆنگرەکە ڕاگەیاند.

پێشتریش هەریەکە لە وەزیرانی دارایی فەڕەنسا و هۆڵەندا بڕیاریاندا بەشداری کۆنگرەی وەبەرهێنانی سعودییە نەکەن.

هاوکات سەرۆکی ژمارەیەک لە کۆمپانیا بازرگانی و تەکنەلۆژییەکان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن کشانەوەی خۆیان لە بەشداریکردن لە کۆنگرەکەدا ڕاگەیاند.

کۆنگرەی وەبەرهێنانی سعودییە لەژێر ناوی "داڤۆسی بیابان" لەسەر پێشنیاری محەمەد بن سەلمان جێنشینی پادشای سعودییە بەڕێوەدەچێت، بەڵام دۆسیەی دیارنەمانی خاشقچی کاریگەریی گەورەی لەسەر کۆنگرەکە دروستکردووە، دوای ئەوەی ژمارەیەک لە لێپرسراوە باڵاکانی وڵاتانی جیهان بڕیاریاندا بەشداریی کۆنگرەکە نەکەن.

لەلایەکی ترەوە مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند، چەند ڕۆژێکی تر مۆڵەتیان داوە بە دەسەڵاتدارانی سعودی بۆئەوەی لێکۆڵینەوەی خێرا بکەن لە رووداوی دیارنەمانی جەمال خاشقچی.

پۆمپیۆ بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، بۆ دەسەڵاتدارانی سعودییەیان ڕوونکردووەتەوە، ئەوان بە بایەخێکی زۆرەوە مامەڵە لەگەڵ دۆسیەی خاشقچیدا دەکەن.

ئاماژەی بەوەش کرد، لێپرسراوانی سعودی بەڵێنیان پێداوە کە لێکۆڵینەوەیەکی هەمەلایەنە و قوڵ لە بابەتەکە دەکەن لە نزیکترین کاتدا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار