كۆمسیۆن: گۆڕانكاری لە ئەنجامەكان پەیوەندی بە چۆنیەتی بڕیاردانەوە هەیە لەسەر سكاڵاكان

6 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێم كارەكانی داخڵكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی تەواوكرد و وتەبێژی كۆمسیۆنیش دەڵێت گۆڕانكاری لە دەنگەكان وەستاوەتە سەر چۆنیەتی بڕیاردان لەسەر سكاڵاكان.

شیروان زرار بە سایتی هاوڵاتی ڕاگەیاند "جارێ نازانین گۆڕانكاریی لە ئەنجامەكان دروستدەبێت یان نا، ئەوەش دەكەوێتە سەر بڕیاری ئەنجومەن لەسەر سكاڵاكان و شێوازی بڕیاردان لەسەر ئەو سكاڵایانە، كە ئایا بە چ بڕیارێك یەكلایی دەكرێتەوە".

رونیشیكردەوە "بۆ نمونە ئەگەر بڕیارەكان بەشێوەیەك بێت تەنها دەنگی ئەو لایەنە بسوتێنرێت كە ساختەكاریی كردووە، ئەوكاتە دەنگی لایەنەكانی دیكە زیاد دەبێت، بەڵام ئەگەر دەنگی سەرجەم لایەنەكان لەو سندوقانە بسوتێنرێت كە سكاڵای لەسەرە، ئەوكاتە دەنگی سەرجەم لایەنەكان كەمدەكات".

شیروان زرار باسی لەوەكرد، یەكلاییكردنەوەی ئەو بڕیارانە پێویستیان بە بڕیاری ئەنجومەنی كۆمسیاران هەیە و ئەنجومەن كۆدەبێتەوە بۆ بڕیاردان لەسەریان، پێش ئەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن ڕابگەیەنرێت.

ماوەی 20 رۆژە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەچووە، بەڵام تا ئێستا كۆمسیۆن ئەنجامی بەرایی لەسەدا 85ی دەنگەكانی ڕاگەیاندووەو چاوەڕواندەكرێت لە هەفتەی داهاتوودا ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن ڕابگەیەنێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار